شاماران

کولتور و زانست، میدیای نوێ

ئایا ژیان لە ئادەمەوە دەست پێدەکات؟

ئایا ژیان لە ئادەمەوە دەست پێدەکات؟ salah hosseinpour

بەشی ٣ …
لە بەردەوامی ئایینە ئیبراهیمیەکان بە پێوانەی هزر و زانست، باسی تەمەنی زەوی و هەروەها گەردون دەکەین، لەم بەشەدا دەمانەوێ بزانین ئایینە ئیبراهیمیەکان (تەوڕات، ئینجیل و قورئان) لەمبارەوە چ دەڵێن و زانست باسی چی دەکا و لە کۆتاییدا خۆمان چۆن بیر بکەینەوە.
گرنگی ئەم باسانە لەوە دایە کە هەر یەکێك لە ئێمە دەمانەوێت بزانین ئایا ئایین لەگەڵ زانست یەک دەگرێتەوە و بە گوێرەی ئەوە ژیانی خۆمان داڕێژین تا لە ژیاندا ئاسودە بژین، ئاسودەیی دەروون هەموومان دەگرێتەوە، بۆیە بیرکردنەوە لەوبارەوە زۆر گرنگە.
لە تەورات و ئینجیل و قورئان، باس لەوە کراوە کە خوا بەر لە خوڵقاندن هەبووە. بۆ نمونە لە ئایەی سێی سورەی حەدی لە قورئاندا هاتوو:
“هُوَ الْأَوَّلُ وَالْآخِرُ وَالظَّاهِرُ وَالْبَاطِنُ وَهُوَ بِكُلِّ شَيْءٍ عَلِيمٌ”
ئەوی کە بە جێناوی نێر هاتووە، سەرەتا و کۆتاییە و رو و دەروونە و ئاگای لە هەموو شتێکە.
لە ئینجیل‌ی یوحەنادا هاتووە: لە سەرەتادا وشە، (کلمە) بوو، وشە لای خوا بوو، وشەش خوا بوو. لێرەدا مەبەست لە وشە (Logos) حکمەت و ئیرادەی خوایە.
شڕۆڤەکارانی دینی بوونی خوا دەبەنە دەرەوەی کات و شوێنەوە بە جۆرێک کە مێشکی مرۆڤ ناتوانی درکی بکات.
لە شوێنێکیتردا لە قورئان‌دا باس کراوە، شوێنی خوا (عرش)ی خوا لە سەر ئاوە، بەڵام شڕۆڤەکارانی دینی ئاوەکە بە هێمای خوڵقاندنی سەرەتایی دەزانن. ئێمە خۆمان لە لێکدانەوەی وشەکان نادەین، چۆن دیندارەکان دەیانەوێ واتای فەلسەفی بە وشەکان بدەن بە جۆڕێک نزیک ببنەوە لە لۆژیک؛ ئەگەرنا ئەقڵ ئەوە پەسەند ناکات کە بەر لەوەی خوا دنیا دروست بکات، شوێنی لەسەر ئاو بێت و لە لایەکیتر ئاو دروست نەکرا بێت و خواش لەدەرەوەی کات و شوێن بێت.
إِنَّ رَبَّكُمُ ٱللَّهُ ٱلَّذِى خَلَقَ ٱلسَّمَـٰوَٰتِ وَٱلْأَرْضَ فِى سِتَّةِ أَيَّامٍۢ ثُمَّ ٱسْتَوَىٰ عَلَى ٱلْعَرْشِ يُغْشِى ٱلَّيْلَ ٱلنَّهَارَ يَطْلُبُهُۥ حَثِيثًۭا وَٱلشَّمْسَ وَٱلْقَمَرَ وَٱلنُّجُومَ مُسَخَّرَٰتٍۭ بِأَمْرِهِۦٓ أَلَا لَهُ ٱلْخَلْقُ وَٱلْأَمْرُ تَبَارَكَ ٱللَّهُ رَبُّ ٱلْعَـٰلَمِينَ
ئەوە ئایەی ٥٤ی سورەی ئەعراف‌ە کە خوا لە شەش ڕۆژ دنیای خوڵقاندووە و تاریکی شەوی بە ڕۆژ داپۆشێوە. ئەو شەش رۆژە لە لای خوا بە گوێرەی قورئان لە سوڕەی حەج دەکرێ هەر رۆژێک بە هەزار ساڵ لێکدرێتەوە.
لە راستیدا ئەوەی لە دینەکان دەگوترێت، ناتوانرێ بۆمان بسەلمێنێ، بەڵام ئەوەی زانست باسی دەکات، سەڵماندنە.
خوا وەک یەکەم مڕۆڤ و پێغەمبەر ئادەمی لە خۆڵ دروست کرد و لە باغی عەدەن داوێت و چۆن لەوێ تەنها دەبێ حەوا لە پەراسووی چەپی دروست دەکات، بەڵام چۆن حەوا نافەرمانی کردووە و میوەی قەدەغەکراوی خواردووە، وەک سزا دەیانهێنێتەوە سەر زەوی.
واتا عەدەن بەهەشت بووە و ئادام و حەوای لێ دەرکراون. بە پێی لێکدانەوەی دینە ئیبراهیمیەکان هەر سێکیان لەسەر ئەوە کۆکن کە ئادام ٩٣٠ ساڵ ژیاوە. هەر لە ئادەمەوە تا کۆتا پێغەمبەری دینە ئیبراهیمیەکان تەمەنی ژیان لەسەر زەوی بە ٦هەزار و ئەوپەڕی ١٠هەزار ساڵ مەزەندە کراوە. هەرچەندە ژینی مرۆڤ تا تەمەنی ٩٣٠ ساڵی لۆژیکی نییە، گریمان هەزار ساڵ ژیاوە، ئەوەش هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێ.
زانست و ژیانی سەر زەوی
سەبارەت بە ئادەم وەک یەک مرۆڤی سەر زەوی هیچ بەڵگەیەک لەبەر دەست نییە و تەمەنی گەردوون بە گوێرەی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەسەر زەوی کراوە، بۆ ٤،٥میلیارد ساڵ پیش ئێستا مەزەندە کراوە و شێوەی گەشەی مرۆڤ بۆ ٣٠٠هەزار ساڵ دەگەڕێننەوە.
بە پێی تیۆری زانستی داروین، مرۆڤ دەرئەنجامی زیندەوەڕان و گیاندارانی بەرلە خۆیەتی. ئەوە بەو واتایە دێت کە مرۆڤ لەنەکاو دروست نەبووە، بەڵکو بە پڕۆسەیەکی گەشەسەندندا تێپەڕیوە. زانست دروستبوونی حەوا لە دەندەی چەپی ئادەم پەسەند ناکات و هیچ بەڵگەیەکی زانستی لەبەر دەست نییە کە باسی یەکەم ئادەم یا یەکەم مرۆڤ بکات.
زانست لە رێگەی دۆزینەوەی ئاسەوار، ژنێتیک و DNA هەروەها زانستی مێژووی زەویناسی و لێکۆڵینەوە لە چینەکانی زەوی و زانستی تیۆری داروین لە ژیان لەسەر زەوی دەکۆڵێتەوە. لێکۆڵینەوە زانستیەکانی ئاسەوار و ژنێتیک تیۆری داروینیان تابەئەمڕۆ پشتڕاست کردۆتەوە.
زانست، گەشەسەندنی ژیانی لەسەر زەوی بەسەر ٩ قۆناغ دابەش کردووە کە بریتین لە:
١. جولبەکی ناو ئاوەکان بۆ ٤،٥میلیارد ساڵی پێش
٢. میکرۆبە تەکخانەییەکان ٣،٥میلیارد
٣. میکڕۆبی چەندخانەیی، ٦٠٠میلیۆن ساڵ پێش
٤. قۆناغی کامبرین کە لەناو دەریاکاندا زیندەوەری سەیر پەیدا بوون، ٥٤٠ میلیۆن ساڵ پیش
٥. ژیانی گیانداران لە لەسەر وشکانی وەک بۆق و خشوکەکان ٣٥٠میلیۆن ساڵ پیش
٦. ئەوە گیاندارانەی بڕبڕەی پشتیان هەیە و دایناسۆڕەکان ٢٣٠ میلیۆن ساڵ پیش
٧. پەیدابوونی مەمکدارەکان کە زاوزێ دەکەن، ٢١٠ میلیۆن ساڵ پێش.
٨. سەرەتای گەشەی مڕۆڤ، ٧میلیۆن ساڵ پێش
٩. گەشەی مڕۆڤ لە هۆمۆ ساپینس (Homo sapiens) لە ئەفریقاوە ٣٠٠ بۆ ٢٠٠هەزار ساڵ بەرلە ئێستا.
بەم پێی زانست ئێمە دواجار دەرئەنجامی قۆناغی نۆیەمین. ئەم ڕەوڕەوەی ژیانە تا بە ئەمڕۆ هەر درێژەی هەیە و گەشە دەکات، کە لەگەڵ کتێبە ئیبڕاهیمیەکان یەک ناگرێتەوە، بەڵام مڕۆڤ بەردەوام لە لێگەڕین دایە و ئەم لێگەڕینەش واتای بە ژیان داوە.
باسکردن لەو بابەتانە بە چەند پاڕاگراف ناکرێت، بەڵکو ئەم نووسینە تەنها دەریچەیەکە بۆ بیردکردنەوە و لێگەڕین. لە دنیای ئەمڕۆشدا زانستی تەکنۆلۆژیاش هەموو ئامڕازەکانی زانیاری خستۆتە بەر دەستمان و لەو ڕێیەوە دەتوانین دنیابینی خۆمان فراوان بکەین.
لە ڕاستیدا تەمەنی گەردوون دیاری ناکرێ، بەڵام هەسارەکەمان لە ئەنجامی گۆڕانکارییەک بەرهەم هاتووە و ژیانی تێدا پەرە ستاندووە. ڕەنگە زانایان باسی هەندێ گۆڕانکاری لە هەسارەکاندا بکەن، بەڵام بە گشتی نازانرێ ئەم فۆڕمە چی لێدێت.
بە گشتی بە پێی ئەقڵ و ئەزموونی خۆمان و پێکهاتەی میشکمان دەتوانین بڵێین لە خاڵێکدا دەژین کە کات و قەبارە و شوێنی بە گوێرەی بوونی گەردوون دەستنیشان ناکرێت، تەنها زانست وردە وردە تا ڕادەیەک بەرچاومان رۆشن دەکاتەوە. بە واتایەکی دی دەتوانین لەسەر رەوڕەوەی ژیان لەسەر گۆی زەوی و هەندێ هەسارەی تر لە داهاتوو بدوێین، بەڵام باسی گەردون و بوونی گەردون پێوەر ناکرێت و بە کراوەیی ماوەتەوە…

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *