شاماران

کولتور و زانست، میدیای نوێ

بە مەرقەدی سیکەنەی!

بە مەرقەدی سیکەنەی!

بە مەرقەدی سیکەنەی!
گۆڕستانێکی دێرین، هەواری کۆچکردووانی پەیڕەوانی چوار دینی جیاواز.
لەبیرمە جاران، لە دانیشتن و کۆڕی پیاوانی گەورەساڵ و ژنانی بەساڵداچووی پشدەر و بیتوێن، سوێندی گەورە مەرقەدی سیکەنە بوو! کە دەیانگووت بە مەرقەدی سیکەنەی، واتە ئەوە سوێندی گەورەیە و ئەوەی دەیڵێم ئەوە ڕاستە. هەندێک جاریش هاوار و ناڵە و نزایان دەبردە بەر مەرقەدی سیکەنە و دەیانگووت “ئۆۆۆ بۆ خاتری مەرقەدی سیکەنەی …….”.
گۆڕستانی سیکەنە و سەرخان، گۆڕستانێکی دێرینی کوردستانە و دەکەوێتە سەر سنوری نێوان ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان و لە سنوری قەزای پشدەرە. تا ئێستا توێژینەوەیەکی زانستی بۆ دیاریکردنی تەواوەتی مێژووەکەی و واڵاکردنی توربێنی چیرۆکەکانی ناوی نەکراوە. ئەوەی لەسەری دەگوترێت تەنیا گۆتە بووە و نوسین و پێوابوونەکانیش هەر بەر ئەنجامی قسە و باس و چیرۆکی سنگا و سنگی خەڵکی ناوچەکەن، نەک بەرئەنجامی توێژینەوە و باسی زانستی.
شێوازی جیاوازی هەڵبەستنی گۆڕەکان ئاماژەن بۆ جیاوازی چەندین سەردەمی جیاوازی حکومڕانی و چوار باوەڕی ئایینی “زەردەشتی، ئیسلامی، مەسیحی و جولەکە” لە ناوچەکەدا. بەردەنووسی گۆڕەکانیش جیاوازن و هێما و نیشانە و ئامراز و گیانلەبەر و ئەندامی جیاوازی جەستەی مرۆڤی لەسەر هەڵکەندراوە.
هەندێک لە کێلەکان، نیشانی خاچی مەسیحییان لەسەر هەڵکۆڵدراوە، هەندێکی تریان خانەی لاکێشەیی و سێ گۆشەیی “وەک ئاماژەیەک بۆ تەمەنی کۆچکردوو”. هەندێکی تریان شمشێر و خەنجەر، بەشێکی تریان ئەستێرە و مانگ و ڕۆژ. زۆرێک لە کێلەکان کونی گەورەیان تێدا هەڵکۆڵدراوە “وەک ئاماژەیەک کە کۆچکردوو لە کاتی شەڕدا پێکراوە”. بەشێکی تری کێلەکان، مت و مورو و ملوانکە و مەمکیان لەسەر نەخشێندراوە “وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە ڕەگەزی کۆچکردوو مێیە”. هەندێک کێلەبەردی تر، حاجی لەق لەق و باڵندەی گەورە “وەک ئاماژەیەک بۆ ڕاو و شکار”. کێل گەلێکی تر، کەو و کۆتر و چۆلەکە “وەک ئاماژەیەک کە کۆچکردوو منداڵ بووە”.
لەناو گۆڕستانەکە، کێلێک بە بەرزی “سێ مەتر و بیست” سانتیمەتر هەیە. لە کۆنەوە ژنان و پیاوانی ناوچەکە، بۆ بەدیهێنانی ڕاز و نیازیان پەنایان بۆ بردووە. بەردیان لێخشاندووە، ئەگەر بەردەکە بە کێلەکەوە نوسابێت، ئەوا باوەڕی باو ئەوە بووە کە خواستی دڵیان وەڕاست دەگەڕێت.
بەشێکی زۆری نیگاری سەر کێلەکان، لەلایەن بنەماڵەیەکی ناوچەکە لە گوندی سوێسنە بەناوی بنەماڵەی “کێلکەران”ەوە نەخشێندراون. لە سەدەی نۆزدەدا، دەوڵەتی عوسمانی، حەوت بەرەبابی بنەماڵەکە کە وەستای کێلکەری شارەزابوون دەبات بۆ تورکیا و تا ئێستاش ئەو بنەماڵانە نەگەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکە و هیچ هەواڵێکیش نیە دەربارەیان. لەکاتی پێچانەوەی بارگە و بنەی خێزانی ئەو حەوت وەستایە، تەواوی “بڕبەن، کارتیخ، چەکوش و ئامرازە کێلبڕەکانی تر” لە شاخەڵێنی قوڵە ترشەی گوندی سوێسنەی دەشاردرێنەوە و تائێستاش ئەو کەلوپەلانە هەر لەوێدا ماون. لە ئێستادا، بەتەنیا یەک بەرەبابی بنەماڵەی کێلکەران لە ناوچەکەدا ماونەتەوە کە ئەوانیش پیشەکەیان بیرچۆتەوە و چیتر پەیڕەوی ئەو پیشە کۆن و دێرینە ناکەن.
بەشێکی زۆری کێلەکان، دوو جار لە لایەن دەوڵەتی ئێران لە سەردەمی “محەمەد ڕەزا شا”دا دزراون. بەشێکی تریان لە ساڵی ١٩٨٤ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دزراون و گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بە مەرقەدی سیکەنەی، چیا و چۆڵ و گوندەکانی کوردستان مێژووێکی کەونار و پڕ لە ڕاز و نهێنی و سەرگوزەشتەی سەرنجڕاکێشیان هەیە. بەڵام بوخچەی چیرۆک و مێژووی ئەو ناوچانە نەکراونەتەوە و لە بێ خەمی ئێمە و خۆ بەخاوەن نەکردن لەو مێژوو و شوێنەوارانە، خەریکە لەدەستیان دەدەین. ئاخر ئێران پەرژینی دیواربەند بەناو ئەو گۆڕستانەدا بهێنێت و ئەو مۆزەخانە سەر ئاوەڵەیەی ئێمە داگیربکات، کێ هەیە پێشی پێ بگرێت و ئەم گەنجینەیە لە سێرەی بەدکاران بپارێزێت؟!
سەرچاوە: فەیسبوکی نووسەر کامەران عوسمان و بە ڕەزامەندیش

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *