خواردنی سێوە قەدەغەکراوەکە کردنەوەی دەریچەیەکە بۆ فرەڕەنگی ژیان، لە کاتێکدا تاکڕەنگی ڕەنگاوڕەنگی ژیان دادەپۆشێ. ئەگەر باخچەی عەدەن پڕواپڕ لە خۆشی بێت، ئەوە ژیان بێواتا دەبێت.
تامی سێو لە “زەنگوڵی وتن”دا
شاعیر لەزەت لە خەوندا دەبینێتەوە، بەڵام هێڵەکان دەبنە لەمپەڕ لە بەردەم وەدیهێنانی خەونەکان، ئەم هێڵانە هێڵی خواوەندی سەرزەمینن کە کێشاویانن و هەردەم پاسەوانانی ئەم زهنیەتە بە ئامادەباشی ڕاوەستاون. پاسەوانەکان ڕەنگی ئاڵی ژیان و سەرجەم خەونەکان تێک دەدەن و زەمین بە پاوانی خۆیان دەزانن. دەستبردن بۆ ئەم سنوورانە دەرچوونە لە یاسا، یاسای نێر و زاڵەکان. تاوانی ئەم خراوەتە سەر ئەستۆی ژن و ژن ناچار کراوە تاوانەکە بکێشێت. شاعیر باس لە دابونەریتە کۆمەڵایەتیەکان دەکات کە کچان لە تەمەنی بچووک بە زۆر و بێئیرادە لە پیاوانی بەتەمەن مارە دەکەن؛ دینیش لە رێگەی سوننەتە پاڵپشتی ئەم نەریتەی کردووە.
دواتر سەبازێک هاتە ناو باخچەکەم
گوڵە بەیبۆنە سپیەکانمی برد و
وەرزەکانمی هەڵوەڕاند
ئینجا ئەوان هاتنە گۆ و وتیان
ئەمە تاوانی خۆی بوو
منیان خستە ناو دەستی پیرەمێردێک
چنگێ تاریکی ڕژاندە سەر گەنجیەتیم
ئۆقیانووسێکی سوور سەری کرد بە باکوورمدا
لە ١٢ ساڵی کرام بە بێوەژن
شاعیر لە کۆپلەی کۆتایی شیعری “جەستەم هی من نییە”، لە هەراشیدا بە گەوهەری ڕاستەقینەی خۆی ئاشنا دەبێتەوە و وەک کەسێکی خاوەن ئیرادە بەرگری لە جەستەی خۆی دەکات و خودی خۆی بونیاد دەنێت.
دووبارە با زیندوویی دەداتەوە وەرزی پاییزی و دەبێتە خاوەن جەستەی خۆی. شاعیر بە هەستی خۆی هەموو ئەو ژنانەی بوونەتە قوربانی ئەم زهنیەتە وەک کەسێکی ئازاد، ئازادانە هەنگاو بۆ ئازادی دەنێت، بە تەنها لەگەڵ گشت ئەقڵیەتی دەسەڵاتدا و پاوانخواز لە ململانێ دایە.
لە هەراشیمدا فێربووم لەگەڵ خود ئاشت ببمەوە پانتاییەکی پاییزی پڕبوو لە هێڵی با جەستەم بوو بە هی خۆم ئینجا لە ناوەڕاستدا نەمامێکم ناشت نەمامی ئازادی بەڵام من یەک بووم و ئەوانیش گشت
ئەمجارە شاعیر یاخی بەرانبەر بە هەموو ئەو ئازادیانەی کە دنیای ژنان بەرەو تاریکی دەبەن و ئازادیەکانیان پێشێل دەکەن. لە شیعری “خواوەندی گوناهبار”، وێنەی ڕاستەقینەی تێڕوانینی کۆمەڵگامان بەرانبەر بە بوونی ژن بۆ دەکێشێ. ئەو شوناسەمان پێشان دەدات کە کۆمەڵگا بە ژنی دەدات. خۆی بە تاوانباری ئەم بوونە نازانێ و پرسیار دەکات.
تاوانی کێیە من هەم؟ تاوانی کێیە من بووم؟ هەست بە ئازار دەکات کە بووەتە مایەی دڵناخۆشی و تووڕەیی باوکی کە فرمێسکی لە چاوەکانی دایکی زاندووە. هەموو ئەو شتانە ڕەتدەکاتەوە کە ژن لە بوونی ڕاستەقینەی خۆی دوور دەخاتەوە و ئاماژە بۆ بەرابەری و میهرەبانی قۆناغی دایکایەتی دەکات و دەڵێت پیاوانیش لە سروشتی خۆیان دوور کەوتوونەتەوە.
پەنجە لەسەر ئەم تێڕوانینانە دادەنێت کە ئایینی ئیسلام بە تایبەتی لە ئایەتە پیرۆزەکاندا پێشانمان دەدات و پرسیاریان لەسەر دەکات. پیاو نموونەیەکی کۆپیکراو لە خواوەند نییە و ژنیش لە پەراسووی پیاو نییە، بەڵکو ئەمە ئەفسانەیەکی بەپیرۆزکراوە کە بنچینەی بۆ هزر و فکری مێخواوەند و نێرخواوەند دەگەڕێتەوە.
باوک نیشانەی هێز و دەسەڵاتە و لە کۆمەڵگاشدا لە نووکی سیستمەکە دایە، سیستم سیستمێکی هیرارشیکە بەم شێوەیە خوارەوە:
خوا
│
پێغەمبەر
│
باوک
│
کوڕ
│
ژن
شێوازی نووسینی ئەم کۆپلە شیعرەش هەمان سیستم پێشان دەدات:
ئەی پیاو تۆ بۆ من باوکی برای کوڕی کەچی من بۆ تۆ تەنها شوڕەییم ئەی خواوەندی گوناهبار کەی بە حەقیقەتی خۆت ئاشنا دەبی
باوک خاوەن پارە و خەزێنەیە و دەسەڵاتی خۆی لە خاوەنداری و پارەکاندا دەبینێتەوە. باوک نمونەی کۆپیکراوە لە خواوەندە فیزیکیەکانی سەر زەوی، دەتوانین بڵێن کە خوا هەمان ئەو پیاوەیە کە لە نووکی هەرەمی سیستم دایە. سیستمی هیرارشی بەرەو ئاسمانەکان هەڵکشاوە و دووبارە مرۆڤ دەچێتەوە ژێر دەسەڵاتیەوە. ئەو کۆیلاتەتیە کە مرۆڤ بۆ خۆی دروستی کردووە تیایدا دەسووتێت و بێئەوەی بزانێت دەچێت ژێرباڵ و کاریگەری ئەو هێزە دروستکراوە. ئەگەر پێڕەوی یاسا و مەرجەکانی بێت ئەوە پاداشی دەداتێ، ئەگەریش لە ژێر فەرمانی دەرچوو سزای دەدات و غەزەبی بەسەردا دەبارێنێت.
ئەریک فڕۆم لەبارەی خۆشەویستی باوکەوە دەڵێت: گەوهەری ئەشقی باوکانە ئەوەیە کە ئەمر دەکات، یاسا و دەستوور دابڕێژێت و ئەشقی باوک بەرانبەر بە منداڵەکەی بەوە وابەستەیە کە تا چەند پێڕەوی لە یاساکانی باوکی دەکات. ئەشقی خواوەندیش هاوشێوەی باوکە و لە یەک سەرچاوە هزریەوە دێن.
باوک_م لە چایخانەی سەر سوچ چاوەڕێی دەکرد کە هەواڵی بوون _ می بیست چەند لۆچێک لە ناوچاوانی ڕووا، پێڵووەکانی داخست و ئاهێکی هەڵکێشا
نەزەند خواوەندی هێز و دەسەڵات دەخاتە ژێر پرسیار؛ تاوانم چییە کە من بووم و هیچ ئیرادەم نییە، مادام گشت شتەکان لەژێر دەسەڵاتی تۆ دایە؟ بۆچی غەزەب دەبارێنی؟
تاوانم چییە کە من هەم ؟ تاوانم چییە کە من بووم ؟
بوونی شاعیر بوونێکی ئازادانە نییە، بەڵکوو بوون یا شوناسێکە کە کۆمەڵگا بۆ ڕەگەزی مێیینەی دیاری کردووە. زهنیەتی کۆمەڵگاش هەڵقوڵاوی ئەو زهنیەت و کلتورەیە کە لە قۆناغی موڵکداری و داڕمانی قۆناغی دایکسالاری چەکەرەی کردووە و تا ئەمڕۆش لە زهنیەتی تاکەکانی کۆمەڵگا ئامادەیە. باوکم هەردەم لە بوونی ژن نائۆمێدە و بە بیستنی ئەمەش زۆر تووڕە دەبێت و غەزەب بەسەر کۆیلەکانیدا دەبارێنێت لە سەرووی هەمووشیانەوە ژن.
کە من بووم دایکم گریا گریا منی لە ئامێز نا باوک_م شەقازیلەیەکی لێدا و هاواری دەکرد: "فڕێیدە، خواوەندەکەم بۆ بێنە" ڕێچکۆڵەی خوێن گەواهی ستەمی ڕەها بوو
زهنیەتی پیاوی دەسەڵاتدار هەندێکجار ژن دەکاتە داردەستێک بۆ کۆیلەکردنی کچەکان، ئەو بیرۆکەیە ئامادەیە کە شوێنی شیاوی ژن ناوماڵە و پێویستە خواردن بۆ پیاو ئامادە بکات. شێزاد حەسەن نووسەر و خاوەن ڕۆمانی (حەسار و سەگەکانی باوکم) لەبارەی ماڵەوە دەڵێت: سەبارەت بە ئێمەی کورد ماڵ/خێزان هێشتا پێکهاتەی هیرارشیکی (قوچکەیی / هەرەمی) هەیە و بەرهەمی دەرەبەگی و شوانکارییە و تا ئەمڕۆش ئەم بونیادە تەقلیدیە گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە کە لە سەرەوە باوک سەردارە و دایک ماڵدار و کوڕ و کچەکانیش لە پاڵ دایکەکەی ماڵدار، هەر ماڵدار و کۆیلەن. ماڵ هەڵگری هەمان روحیەتی کۆنەپارێزە و کولتوری زاڵی سەدان ساڵی نێرینەیە وای نەکردووە ئەم پێکهاتە (هیراشیکییە-هەرەمەکییە- قوچکەییە) هەڵبوەشێتەوە و تێکبچێت.
دایک نمادی ئەشق و بەرابەری، سۆز و میهرەبانیە. ئەریک فڕۆم لەبارەی ئەشقی دایکانەوە دەدوێت و دەڵێت: بنەمای ئەشقی دایک بەرابەرییە، چونکە دایک منداڵەکان بە منداڵی خۆی دەزانێت، لە بەر ئەوەی خۆشی ناوێن کە پێڕەوی لە یاسا و داخوازیەکانی دایک دەکەن، بەڵکو بە بێ چاوەڕوانی خۆشی دەوێن.
دایکم داوەرییە باوک-م تۆفانە
کە باوکم مرد بە پەنجە نێرگزیەکانم گۆڕی تۆفانم هەڵنا بە چڵێ خۆر تابلۆی پێکەنینیم کێشا براکەم گۆلمێک تاریکی پڕژاندە سەر و قیژاندی: "مەملەکەتی چێژ موڵکی نێرە و تەنها بۆ ئەو دەگەڕێتەوە پیرۆزی پێکەنین" من چاوم بڕیە چاوی دایکم سەڵەواتی لێدا
براکەم کوڕی باوک – مە کوڕی هێز کوڕی مێژووی نێرە، مێژووی دادوەری
بەگیخانی هەستی ئەو ژنانەمان بۆ دەردەبڕێ کە بە بیانۆی نامووسەوە کوژراون، یان ئەو دایکانەی کە جگەرگۆشەکانیان لە شاڵاوی ئەنفالدا لەدەست داون و لە چاوەڕوانی منداڵەکانیان دان، بەو هیوایەی کە بایەک بێت و گوڵی هیوا ببارینێ:
فانووسی چاوەڕوانی لەناو کۆڵانەکانی هیوا لە دەستی پەنجا هەزار بێوەژنی ئەسحابەئاسا شینشین دەسووتێ فانووسی چاوەڕوانی
شاعیر هەندێجار لە پانتایی با ڕادەکشێت و ئارام بە باڵی بادا دەفڕێت و جارجار شێتانە و سەرخۆش، جارجار ڕەشەبایەک یاری پێدەکات، هەندێجار هاوڕێی بایە و دەست لە ملی دەکات، هەندێ جاریش بەرەو ئەودیو با هەنگاو دەنێت. بەرەو دنیای بێسنوری خەون دەفڕێت، ئەمەش خەونێک لە خەونەکانی شاعیرە:
خەون هەمیشە خەون من حەز دەکەم شوێن پێی خەونەکانم کەوم من لە خەوندا لە باخچەی عەدەن سێو دەخۆم دەبم بە فرشتە و مار و خودا ئاشت دەکەمەوە من لە خەوندا گوناهی حەوا دەسڕمەوە ئادەم بۆ بەهەشت دەزفرێنمەوە
شیعری “خەون” دنیای بێسنووری خەونە، هیوا و حەزی وەدینەهاتووەکانن. دنیای خەون دنیایەکی نادیارە و جوانیش لەم نادیارییە دایە، مەدلولەکانی دیاریکراو نین، بەڵام دەکرێت بە شێوەیەک لێیان نزیک ببینەوە. خەون گوزاشت لە دۆخی نادیاری تاکەکەس دەکات کە راستی خەیاڵ خۆی تیایدا دەنوێنێتەوە بە واتایەکی دی گەوهەری ڕاستەقینەی مرۆڤ لە خەوندا وەدەر دەکەوێ. ڕۆیشتن بە دنیای خەوندا و فڕینی مەلی خەیاڵ جۆرێک لە گەڕانە بە دوای ڕاستیدا.
لە ڕاستیدا شاعیر دەیەوێت، هەردەم بە وێنەی حەوا یاساشکێن بێت، بۆیەش تابۆکان دەشکێنێت، ئەمەش شۆڕشێکە بەسەر چینی بالا و دیکتاتۆڕەکاندا، هەر بۆیەش یاخی و سەرکەشانە سنوورەکان دەشکێنێت.
خواردنی سێوە قەدەغەکراوەکە کردنەوەی دەریچەیەکە بۆ فرەڕەنگی ژیان، لە کاتێکدا تاکڕەنگی ڕەنگاوڕەنگی ژیان دادەپۆشێ. ئەگەر باخچەی عەدەن پڕواپڕ لە خۆشی بێت، ئەوە ژیان بێواتا دەبێت.
ژیان دوالیزمێکی تێدایە و پێویستی بە لایەنێکی دیکە هەیە واتادار بێت، بۆ نمونە لە بەرانبەر خۆشیدا ناخۆشی. ژیان بە هاوشێوەی حەوا کە سێوەکە دەخوات دیسان ژیان واتادار دەکات و خواردنی سێو جێگەی پەشیمانی نییە، ژیان ململانێیەکە لە نێوان خۆشی و ناخۆشیدا.
بە ڕوویەکی دیکە سێو مانای خۆشەویستی دەگەیەنێت و خواردنیشی لە باخچەی پاشا زۆر جێگەی شانازیە و هاودەمیشە لەگەڵ خۆشەویستی.
دنیای ملائیکە و فریشتەکان دنیایەکی سادە و پاکە، دەکرێ شاعیریش بەم وێنەیە ببێتە فریشتەیەک، بەڵام نەک فرشتەیەکی خواوەندی. مار دەکرێ وەک مەیل بە ژیان و خۆشەویستی و ژنیش لە خۆشەویستیدا واتا لەخۆ بگرێت.
بەرەی خودایی بەرەی دەسەڵاتدار و ئەفەندیەکانە، لایەنەکە کە حاکم بەسەر شتەکاندا زاڵە، ئەم فرشتەیە دەیەوێت ئەم دوو لایەنیە کۆتایی پێ بێنێت و هاوسەنگی و ئاشتەواییەک لە نێوانیاندا بەرقەرار بێت، لەوانەیە لەم نێوانەدا تووڕەیی خواوەندیش دامرکێتەوە.
سڕێنەوەی گوناهی حەوا لەگەڵ ئادەم کە یەکەمین مرۆڤ لەسەر زەوی بە پێی ئایینە ئاسمانیەکان ئەژمار دەکرێن لە بەهەشت دەرکراون و گوناهی ئەمەش دەخرێتە سەر ئەستۆی حەوا. شاعیر لەو خەونەدا خوازیارە گوناهی حەوا بسڕێتەوە کە بووەتە هۆی ئەوەی ئادەمیش لە بەهەشت دەربکرێ، بەڵکو خۆیشی بە تەنها ئامادەیە لە باخچەی عەدەن دیسان سێو بخوات. لە ڕاستیدا نەزەند بەگیخانی ئیشی بە بەهەشت نییە و حەزی پێناکات. بەهەشتیش هەڵقوڵاوی مێتۆلۆژی سەردەمی سۆمەڕە، شوێنی چینی باڵایە، زهنیەتی ئەم بەهەشتە یۆتۆپیاییە لەسەر دەستی ئەڕبابەکان دروست بووە، شاعیر پێشکەشی دەکاتەوە بە خۆیان.
سەرچاوەکان و شوناسی ژن لە مێژوودا تا بە ئەمڕۆ…

















Leave a Reply