رێبین خدر : گەلەگورگ و حەسار و سەگەکانی باوکم لە بابەتی پەیوەست بە ئازادی و سێبەرەکانی کۆمەڵگە جێی بەراوردکردنن.
دڕندەکانی دەرەوە و ناوەوە
١. لە کۆنەوە مرۆڤ لەبارەی دڕندەکانی دەرەوەی خۆی گێڕاوەتەوە. ئەژدیهای زەبەلاح، دڕندەکانی ناو دەریا، جنۆکە و هەتا دوایی. ئەم چەشنە بوونەوەرانە لە هەزار و یەک شەوە و ئۆدیسەی هۆمێرۆسیش دەردەکەون. مرۆڤ لە ڕووبەڕوو لەگەڵ هێز و دەسەڵاتی سرووشتدا، دڕندە و زیندەوەری نامۆی خەیاڵی بەرهەمهێناون.
٢.دواتر هەنگاو بە هەنگاو ئەم بوونەوەر و دڕندانە چیدی لە دارستانێکی تاریکدا، چیاوچۆڵ نا، بەڵکو لە ناو مرۆڤ خۆی سەر دەردێنن. ترسی مرۆڤ لە سرووشت و دەرەوە، وەردەسوڕێتەوە بۆ ناوەوە و دەروونی خۆی. لەباتی ڤەمپایەر و دێوی یەکچاو، “ڕۆبەرت لویس ستیڤنسن” لە کورتەڕۆمانی (دکتۆر جێکڵ و بەڕێز هاید) دا دیوی تاریکی مرۆڤ دەکاتە دڕندەیەکی دەروونی، دۆستۆیێڤسکی لە (تاوان و سزا)دا هەستکردن بە گوناهی ڕاسکۆ و ڕاڕاییەکانی دەکات بە زیندەوەرێکی هێندە ترسناک، ترسناکتر لە هەر ئەژدیهایەک و دێوێک.
٣. لە ئەدەبیاتی کوردی/باشووری کوردستان لە چیڕۆک و گێڕانەوەدا، هەرکات باس بێتە سەر چیڕۆک و گێڕانەوەی دەروونی، ئەو چیڕۆکانەی چیدی کارەکتەرانیان خەباتگێڕی بەهێز، مرۆڤی جێگیر و بەهێز نین، ئاماژە بە شێرزاد حەسەن دەکرێت. بەڵام بەر لەویش دەکرێت ئاماژە بە چەند چیڕۆکێکی دیکە بکرێت، لەبارەی دڕندەکانی ناوەوە دەگێڕنەوە. یەک لەو چیڕۆکانەش (گەلەگورگ) ی حسێن عارفە.
چیڕۆکی گەلەگورک
٤. چیڕۆکی بارام و ئایش دەگێڕێتەوە، کە هەشت مانگە لە ئاوایی دوورکەوتوونەتەوە، بەڵکو لەم دوورییە بتوانن خۆشتر و باشتر بژین. خەونی لەمێژینەی بارام بووە لە کۆمەڵێک دوور کەوێتەوە مرۆڤ تێیدا تەڵەکەباز و گەندەڵ بووە. پێچەوانەی وەیسەی هاوڕێشی سیاسەتی بە چارەسەر نەزانیوە. بارام بەو ئاواتە لەناو خەڵک هەڵاتووە تا لەم دوورەدەستە بەهەشتێک بۆ خۆی و ئایش و دوو منداڵەکەی ئاوا بکات.
٥. حسێن عارف چیڕۆکەکەی بە چەند سەرناوی وەک (زریان، بارام، ئایش..شێرەبەفرینە..) دابەش کردۆتە سەر چەند بەشێک. لەم ڕێیەوە دەنگی داوەتە هەردوو کارەکتەرەکەی. هەردووکیان لەڕێی مۆنۆلۆگەوە هەست و بیری خۆیان دەردەبڕن. بارام نیگەرانە هێشتا پەیوەستە بە ئاوایی و نەیتوانیوە لە خانووەقوڕینەیەکی سادە زیاتر بنیات بنێت، کە بەردەوام دەبێت بانەکەی بماڵێت، نەکا بەسەریاندا بڕووخێت. ئایشیش پێویستە ڕۆژانە بەناو ئەو بەفرەدا بڕوات تا بچێتە سەر کانی. هەردووکیان زەحمەتی دەکێشن و لەو کۆشکەدا نین، بارام بە خەیاڵی خۆی درووستی کردبوو.
٦. چیڕۆکەکە بە بەفرێکی تووش دەست پێدەکات. بارام دەبێ بچێت لە ئاوایی نەوت بێنێت. نیگەرانی ئەوەی ناتوانێت بەتەواوی لە خەڵکی ئاوایی و کۆمەڵەکەی دابڕێت، ماندووی کردووە. بەڵام هێشتا کۆڵ نادات و دەیەوێت هەرچۆنێک بێت دژی واقیعەکە بوەستێتەوە. ترس لە خەڵک و ترس لەوەی خەونەکەی نەیەتە دی، سەرگەردانییان کردووە.
ترسناکترین شەو
٧. لەپاڵ ترسی داتەپینی خانووەکە و ترس لە خەڵک، بارام و ئایش ترسێکی دیکەیان بۆ زیاد دەبێت: ترس لە گورگ. حەوت هەشت گورگن؟ هەر بەڕاست گورگن؟ سەرەتای تاریکاییەکە لەوێدا و بەم گومانەوە دەست پێدەکات. زۆر نابا شەوێک گەلەگورگ هێرش دەبەن.
٨. بارام بەردەوام خەڵکی ساختەچی و گەندەڵی ئاوایی بە [گورگ] ناو دەبات. هەروا [گورگی دووپێ]. حسێن عارف واپێدەچێت ویستبێتی سیمبوڵی گورگ و گەلەگورگ بۆ خوێنەر بە جۆرێک بکاتەوە. لە دیدی مندا ئەم ناوهێنانە خالێکی لاوازی چیڕۆکەکەیە. ئەمە وای کردووە کەلێنێکی هونەریی بکەوێتە نێوان گورگە دووپێیەکانی ئاوایی (مرۆڤ) و گورگەکانی دەرەوە (گەلەگورگ). وەک جۆرێک لە ڕوونکردنەوە دەردەکەوێت.
٩. سەرەنجام: شەوە ترسناکەکە و هێرشی گەلەگورگ و بەرگرییەکی زۆری بارام و ئایش، کۆڵ دەدەن. لە کازیوەیەکی دڵنیشین و خەمگیندا بڕیار دەدان بگەڕینەوە ئاوایی. بارام و ئایش لە زێد دوور دەکەونەوە، بەڵام ناتوانن جێی بهێڵن. لە کۆمەڵ هەڵدێن، بەڵام کۆمەڵ گەلێک دامەزراوتر و پتەوتر لە مێشکی خۆیاندا ڕەگی داکوتاوە. تەنانەت بە جۆرێکی وا کە دەکرێت لە ڕێی تارمایی گەلەگورگ و دڕندە هەراسانیان بکات و نەهێڵێت بیر لە یۆتۆپیاکەیان بکەنەوە.
هێڵێک لەنێوان گەلەگورگ و حەساروسەگەکانی باوکم
١٠. چیڕۆکی گەلەگورگ یەکێک لە کێشە هەرە بەتەمەنەکانی ناو ئەدەبی گێڕانەوە و ئەدەبیاتمان بیر دێنێتەوە، ئەویش کێشەی نێوان تاک و کۆمەڵ، سنووری نێوان ئاوەدانیی کۆمەڵ و چۆڵەوانیی تاکە. لەم ڕووەوە دەبێتە هاوڕێ و خزمی ڕۆمانی ڕۆبنسن کرۆسۆی دانیێل دیفۆ، پاشای مێشەکانی ویلیەم گۆڵدینگ و چیڕۆکی دوورەپەرێزی لەڤکرافت و هتد.
١١. بارام گەر دوور لەوانی دیکە بژیت، لە کێشەکانیان دوور دەکەوێتەوە یان ڕوونتر لە کێشەکانی خۆی و کومەڵگەکەی دوور دەکەوێتەوە؟ دەتوانێت لە ڕەگەوە داببڕێت؟ دەتوانێت بەهەشتێک بنیات بنێت خاڵی لەو دیوە تاریکەی لەگەڵ خۆی هێناویەتی؟ پرسیارێکە پەیوەست بە ناسنامەی بارام و ئایش. تاراوگەنشین چەندە زێدی خۆی بە دیوە ڕوون و لێڵەکانی لە خۆیدا هەڵدەگرێت؟ پرسیارێکی دیکەیه.
١٢. لە کورتەڕۆمانی “حەسار و سەگەکانی باوکم ” ی شێرزاد حەسەن (بڵاوبوونەوە 1996)، کاتێک باوکەکە دەکوژرێت و زیندانی حەسار دەشكێت، منداڵەکان ئازاد نابن یا ناتوانن ئازاد بن. تارمایی باوکیان هەمیشە لە شێوەی سەگەکانی بەدوایانەوەیە و ڕاویان دەنێت. لێرەدا زیادەڕۆییەکی ئەدەبی بەدی دەکرێت و دەکرێ بپرسرێت: (بۆچی زیندانیانی ناو حەسار ناتوانن بەرگەی ئازادی بگرن؟)، گەر ئەو دیوە فەرامۆش بکەین زیندانی تەنیا بە شکاندنی دەرگای زیندانەکەی ئازاد نابێت، ئەوەی ئەو هەموو ساڵە لە خۆیدا هەڵی گرتووە، لەناویدا زۆر بەهێز ڕەگی داکوتاوە. هەمانشت لە گەلەگورگدا (بڵاوبوونەوە 1983)، کاتێک بارام و ئایش کۆمەڵ (ئاوایی) جێدەهێڵن و دوور دەکەونەوە، لەو هەموو تەڵەکەبازی و پیسییەی خەڵکی ئەوێ ئازاد نابن. دەتوانن ببنە خاوەنی خانووێکی دیکە و ڕێی چوونە کانییان بگۆڕن، دەتوانن چیدی چارەی مرۆڤە گەندەڵەکان نەبینن، بەڵام ناتوانن هەموو ئەوانە بەئاسانی لە ناوەوە خۆیان دەربێنن. تارمایی ئەو خەڵکە لە شێوەی گەلەگورگ بۆیان دێتەوە و ڕاویان دەنێت. هەر ئەمەشە گەلەگورگ دەکاتە چیڕۆکێک زیاتر لەبارەی دڕندەکانی ناوەوەی مرۆڤ تا دڕندەکانی دەرەوە.
زمان و شێوازی گێڕانەوە
١٣. زمانێکی سادە و ڕوون، بەڵام وێنەیی و سیمبوڵی هەیه. ڕستەکانی کورتن و لەڕێی ئەم وێنەسازی و دووپاتکردنەوەی (بەفر، زریان، شەو، شێرەبەفرینە، لوورە…) ئەتمۆسفێرێکی وا دەخوڵقێنێت بەڕێگاداڕۆیشتی بارام بەنێو بەفردا، بەفرماڵینەکەی و شەوە ترسناکەکە وەک فیلمێک ببینین. هەروا مۆنۆلۆگەکان دیوی ناوەوەیان، کەڵکەڵە و ترسی هەردوو کارەکتەر نیشان دەدەن. بارام و ئایش وەک دوو کارەکتەری زیندوو لەناو جەرگەی ڕووداوەکان بەهۆی کاردانەوە و باری دەروونیان هەست پێدەکەین. جارێک گۆشەنیگا ڕووی لە دەرەوە و تایبەت کەشوهەواکەیە و جارێکیش ڕوو لە ناوەوەی کارەکتەران. وەکچۆن بەفرەکە لێ ناکاتەوە و زریانەکە توند و تووشە، ئاوهاش کارەکتەران لەڕووی دەروونییەوە دەکوڵێن و ناجێگیر و ڕاڕان. سرووشت و دروونی کارەکتەران هاوئاهەنگن.
١٤. یەکێک لە لایەنە سەرنجکێشەکانی ئەم چیڕۆکە لە دیدی مندا، هاوکاتیی هەبوونی مەترسی دەرەکی و ململانێی ناوەکییە. گورگەکان (گەلەگورگ) تەنیا وەک هەڕەشەیەکی تۆقێنەر لە سروشتدا دەرناکەون، بەڵکوو ترس، گومانەکان و ئەندێشەکانی هەردوو کارەکتەری بارام و ئایش پەخش دەکەنەوە. ئەم گرژییە دووسەرە تەزووی زیاتر بە چیرۆکەکە دەبەخشێت: کارەکتەرەکان لەسەرێکەوە لە هەوڵدان بەسەر بەربەست و دڕندەی دەرەوە [گورگ]دا زاڵ بن، تا له سەرێکی دیکەوە گرێیەکانی ناوەوەیان، ترس و بیمیان بە چارەسەرێک بگەیەنن. بەم شێوەیە، هەڕەشەیەکی دووانە دروست دەبێت. لە شەوی هێرشی گەلەگورگیشدا ئەم هەڕەشەیه دەگاتە ترۆپکی خۆی. کاتێک بەیان دادێت و گەلەگورگ ون دەبن، دوایین دیمەنی چیڕۆکەکە ئەنجامی ئەم گرژییە بێ ئەوەی هێشتا بارام گوتبێتی دەگەڕێینەوە ئاوایی، لە شەکەتیی و بێچارەیی هەردووکیاندا (بارام و ئایش) بەڕوونی دەردەخات.
١٥. لایەنی وێنەدار و بەرجەستەیی چیڕۆکەکە وای کردووە هیچ جێی سەرسوڕمان نەبێت “تەیفور بەتحایی” ساڵی 1990 بیکاتە بە فیلم. نیشاندانی گەلەگورگ و هێرشبردنیان هێندە گرنگ نییە، ئەوەندەی ترسی سەر ڕووخساری کارەکتەران و ڕووبەڕوبوونەوەکەیان، کە بەتحایی ئەمەی بەباشی نیشان داوە.
دوایین دیمەن، لە پاڵەوانەوە بۆ مرۆڤێکی ئاسایی
١٦. لە حیکایەتەکاندا به نموونەی (کڵاوسوور) یا (گورگ و حەوت بزنۆکە) و لە حیکایەتی فولکلۆری کوردی (شابزن)، لە کۆتاییدا مرۆڤ یا گیانداری دیکەی قوربانی بەسەر گورگەکەدا سەر دەکەون. لە گەلەگورکدا چاکە و خراپە بەم شێوە سانا و یەکهێڵییە دانەڕێژراوە، بەڵکوو دەگۆڕێت بۆ دۆخێکی دەروونی و کۆمەڵایەتی. پاڵەوانێکمان نییە بەسەر هەموو بەربەستەکاندا سەرکەوێت. بارام خەونبینێکە و هاوکات مرۆڤێکی ئاسایی. لێرەدا وێنەی مرۆڤ لە بەرانبەر گورگی دڕی حیکایەتەکان دەگۆڕێت. پاڵەوان چیدی خواوەندێک یا نیمچەخواوەندێک نییە بە هێز و بازوو هەموو بەربەستەکان ببڕێت. کاتێک درک دەکات کۆمەڵگەیەک هەیه خەونەکان بە مۆتەکە و وەهم دەگۆڕێت، هەڵوەستەیەک دەکات و دەگەڕێتەوە دواوە.
١٧. ئەدەب و چیڕۆکی مۆدێرن بە قووڵی و فراوانی ڕەخنە له یۆتۆپیا و بەهەشتەکان دەگرن. کارەکانی کافکا، کاموو، جۆرج ئۆروێل لە کارە دیار و بەرچاوەکانن. ئەوەی لە شێوەی بەهەشتێک، دەوڵەتێکی پایەدار، ئارامییەکی بێگەرد، کۆشکێک دەردەکەوێت، توێکڵەکەیەتی و لەودیو وێنەکانەوە ئاژاوە و کۆنتڕۆڵکردن و نائارامییەکی بێکۆتا خۆیان حەشار داوە. لە خانووی دوورەئاوایی و ناو بەفری بارامیشدا (بەهەشتی ناو خەونەکانی) ترس و دڵەڕاوکێ، هەڕەشە و ناسەقامگیری خۆیان مەڵاس داوە. پێش ئەوەی گەلەگورگ سەر دەربێنن، گورگ لە ناوەوەی خۆیدا دەلوورێنن. لەمڕووەوە دەکرێت پاڵەوانەکە وەک دژە-پاڵەوان ببینین. بارام وەک پاڵەوانی چیڕۆکە قارەمانییەکان خەونی بنیانتانی بەهەشتێکی هەیە، بەڵام لە جیهانی قارەمانەکان و چارەنووسی دەست خوداوەندەکان نییە. ئەو کەسێک نییە بتوانێت بەگژ دێوەکاندا بچێت و دەستی بە قۆری جادوویی ڕابگات، کەسێکە بۆ دەبەیەک نەوت ناچارە بە ناو بەفر و سەرماوسۆڵدا ڕێگەیەکی دوور بۆ ئاوایی ببڕێت.
١٨. دوایین دیمەنی چیڕۆکەکە لای من کۆتاییەکی دڵدوێن، دەکرێ کراوەش بێت، ئاوایە؛
ئایش نەک لە ترسەوە، بەڵکو وەک دەقی بەو قسەیە گرتبێ، وتی:
– ئێستا وا لەو مۆتەکە سامناکە ڕزگارمان بوو، بەڵام ماوەتەوە سەر پرسیارێک و وەرامەکەی….
بارام سەری لێ نزیکخستەوە، ماچی کرد و وتی:
– پێویست بە کردنی پرسیارەکەت ناکا. جلوبەرگی پێویستی منداڵەکان و خۆم و خۆت، بپێچەرەوە و ئامادە بن. دەچینەوە ناو کۆمەڵگای گورگی دوو پێ.
نووسینی: رێبین خدر

















Leave a Reply