ڕۆمانەکە باس لە چیرۆکی پیاوێک دەکات کە بۆ نمایشی تیمساح لەگەڵ هاوڕێ و هاوسەری چۆتە گەلەریەک، بەڵام تیمساحەکە پیاوەکە قووت دەدات.
“لە بەرواری سیازدەی مانگی یەکی ئەمساڵدا کە ساڵی ١٨٦٥ ، لە کاتژمێر دوازدە و نیوی ئەو ڕۆژەدا، ئیلینا ئیڤانۆڤیا خێزانی ئیڤان ماتڤیتیچی هاورێی ڕۆشنبیرم مەیلی سەیری تێگەڕابوو، کە هەر ئێستا بۆ بینینی ئەو تیمساحە بچن کە لە گەلەریەک بۆ نمایشکردن دانرابوو؛ ئەمە لە کاتێکدا بوو کە ئیڤان ماتڤیتیچ بڵیتی دەرەوەی وڵاتی لە گیرڤاندا بوو بە نیازی گەشتکردن”. تیمۆڤی سیمیۆنیچ ئەم دێڕانەمان بۆ دەگێڕێتەوە و لەگەڵ خاوەنی تیمساحەکە دانوستان دەکات کە ئیڤان ماتڤیتیچ کە لە زگی تیمساحەکە بە زیندوویی ماوەتەوە، ڕزگار بکەن، بەڵام پارەپەرستی خاوەنی تیمساح ڕێگەیەک بۆ چارەسەری ناهێڵێتەوە.
دۆستۆیۆفسکی جیهانی سەرمایەداری بە “تیمساح” چواندووە و خۆیشی باسی گەوهەری تیمساحی کردووە: “وشەی تیمساح لە بنەڕەتدا ناوێکی ئیتالییە کە لە (Corocodaillo) وەرگیراوە، بە مانای چڵێسی دێت. ئەم وشەیە لە سەردەمی فیرعەونیەکانی میسریش بوونی هەبووە و داڕێژراوە لە وشەی فەڕەنسی (Croquer) کە بە واتای خواردن، قووتدان و مژینی خۆراک دێت”. ئەگەر سەیری ڕۆمانەکەش بکەین ئەوە نووسەر لە ڕێگەی کەسایەتی ناو زگی تیمساح، وەسفی ناو زگی تیمساحەکە دەکات کە زۆر فرەیە و جێگەی هاوڕێکەی و هاوسەرەکەیشی دەبێتەوە. دڵی نییە و لە شێوەی بۆشی ناو لاستێک دەچێت. بەڵام بۆنی لاستیک بێزاری کردووە و لەوەش نیگەرانە کە پۆتین و جلەکانی دروستکراوی ڕوسیان و ئەمەش ڕێگا بۆ ئەگەری هەزمبوون و مردنی دەکاتەوە. ئاواتەخوازە پۆشاکەکەی بریتانی بووبا کە بە درێژایی تەمەنی تیمساح کە سێ هەزار ساڵ مەزەندە کراوە لەناو سکیدا ژیابا. ڕۆشنبیران ڕوسیا هێنانی تیمساح بۆ وڵاتەکەیان وەک گەشەسەندنی ئابووری دەبینن کە موڵکێکی تایبەتییە و ئیشتیراکی نییە.
ئەگەر سەیر بکەین ئەوە جیهانی سەرمایەداریش هەمان تایبەتمەندی تیمساحی هەیە؛ فرعەونئاسا چڵێش و چاوچنۆکە و هیچ بەهای ئەخلاقی و ویژدانی نییە، ژینگەی تێکداوە. بە ڕوونی دیارە بە هیچ شێوەیەک تێر نابێت. پیاوی ئەڵمانی لە پێناو بەدەستهێنانی پارە و نمایشکردنی تیمساحەکە بە هیچ شێوەیەک ئامادە نابێ زگی تیمساحەکەی هەڵدڕن و ئیڤان ماتڤیتیچی بێننە دەرەوە، تەنانەت گەر تیمساحەکەش شتێکی بەسەر بێت دەبێ خەسارەکەی بدەن. چونکە ڕۆژانە پارەیەکی لەڕادەبەدەر لە ڕێگەی هاوڵاتیانی ڕوسیا بەدەست دێنێت، ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەکان ئەمە بە دیاردەیەکی دەگمەن و سەرەتایەکی باش بۆ بووژانەوەی ئابووری وڵاتەکەیان دەزانن، بەڵام هیچ کات بیر لەوە ناکەنەوە کە پارە هەموو ئەم نمایشە پیاوێکی ئەڵمانی دەیباتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی و هیچی بەهای مرۆڤی لای گرنگ نییە. چینێک ڕۆشنبیر لە ئابووری ئیشتراکی ڕوسیا بێزارن و بیر لە ئابووری ئازاد دەکەنەوە. بیر لەهێنانی تیمساحەکان یا خود کۆمپانیاکانی سەرمایەداری کە لە پێناو دەوڵەمەندی تاکێک دایە، دەکەنەوە.
ئیڤان ماتڤیتیچی کە لە کاتی قووتدانی چاویلکەکانی دەکەون، کەوتنی ئەم چاویلکەیە پەیامێکە بۆ توانەوە فکری ئەم پیاوە ڕۆشنبیرە. بەکەوتنی چاوچاویلکەکە پەنجەرەک بەرەو جیهانی وەهمی دەکرێتەوە. ژیانی ئیڤان ماتڤیتیچی لەناو زگی تیمساح جگە لە خەیاڵ و وەهم هیچ شتێکیتر نییە و بەدیلی سیستمی ئیشتراکیش نییە، ئەم کەسایەتییە ئامادەیە وەک کۆیلەیەک کە بە کۆیلایەتی خۆی ڕازییە و ئازادی ناوێ لەناو سکی تیمساحێکدا بژی.
لە دیدی دۆستۆیوسکی هەم جیهانی ناو تیمساح و هەم جیهانە ڕیالیستییەکەی هاوڕێکەی و هاوسەرەکەی دوو جیهانی مادیپەرستن لە شێوەی تیمساحی دوو سەر کە تیایدا بەهای مەعنەوی، ئازادی و ئەخلاق بوونی نییە، بۆیەش نووسەر هەر دوو جیهانەکە ڕەخنە دەکات.
“ئابووری بنچینەی هەموو شتێکە” لەسەر زمانی کەسایەتیەکان دووبارە دەبێتەوە. دۆستۆیۆفسکی هەم بازاری ئازاد – کە تیمساحئاسا هەموو شتێک لە پێناو بەرژەوەندی و چاوچنۆکی تاکێکی هارە- ڕەخنە دەکات؛ هەمیش ئابووری ئیشتراکی کە تەنها بە دیدی مادی سەیری جیهان دەکات و تاک دەتوێنێتەوە، دەباتە ژێر پرسیار.
دۆستۆیوفسکی جیهانی دڕندە و چاوچنۆکی سەرمایەداری کە ئەمڕۆ بە دەمامکی لیبراڵی وڵاتان داگیر دەکات بە تیمساحێکی ئەڵمانی دەچوێنێت و ڕۆژنامەکان و ڕۆشنبیرکان بە چەواشەکار دەزانێت کە ڕۆڵی سەرەکیان لە گەوجاندنی خەڵکدا هەیە و ڕاستییەکان لەپێناو بەدەستهێنانی پارەدا چەواشە دەکەن. نووسەر باس لە دۆخی دەروونی مرۆڤێک لەناو زگی تیمساح دەکات و شەوێلەکانیەوە ڕۆڵی ڕۆشنبیرێکی خەیاڵی پێدەدات و بە دنیای وەهم و ناسەقامگیری دەروونیدا تێپەڕی دەکات، ئەوەش لێهاتوویی و بلیمەتی نووسەر لە دەرونشیکاریدا دەردەخات.
بەم پێیە وادەردەکەوێ کە نووسەر گرنگی بە ژیانێک دەدات کە تیایدا هەم ئازادی تاک پارێزراو بێت و هەمیش ئەو مەیلە چاوچنۆکیە پێشی پێ بگیرێت. نووسەر جیهانی پێشکەوتنی زانستی و پیشەسازی ئەڵمانیا لەگەڵ چاوچنۆکی سیستمەکە تێكەڵ کردووە، کە پێویستە پێش لە چاوچنۆکی تاکی هار و لیبراڵ بگیرێت و زانست بخرێتە خزمەت بەها مەعنەوییەکان ژیان یاخود هاوسەنگییەک لە نێوان مرۆڤ و ژینگەدا پارێزراو بێت.
کوردستان بەم دوایانە پڕ بووە لە تیمساحی ئەمریکی، ئەڵمانی، بریتانی و فەڕەنسی و تورکی … ئەو تیمساحانەی ناوی خۆیان لە “کارڵش”ەوە بۆ “لیبراڵ” گۆڕی. هاڵۆزیەکانی ئەمڕۆش بەرهەمی ململانێی ئەم دوو جیهانەیە کە هەر کامیان بە شێوەیەک تاک لەناو دەبەن و ڕۆڵی ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەکان لەپێناو پارەدا تەنها گەوجاندنی خەڵکە.
دۆستۆیوفسکی بە چەند دێڕێک هاوکێشەکانی جیهانی فیزیا و ماتماتیک دەباتە ژێر پرسیار و بانگەوازی دەکات کە کێشە مرۆییەکان بە زانستی دوگم چارەسەر نابن، کە سەرمایەداری ئایدۆلۆژیای خۆی لەسەر ئەم بنەمایە داناوە. لە دێڕانەی خوارەوەدا پەیامێکی وەها شاراوەیە کە جیهانی مرۆڤاییەتی دڵ، ئەقڵ و ویژدانی هەیە. جیهانێکی وشک نییە یاخود بە هاوکێشە فیزیاییەکان ناپێوەرێ. جیهانی ناو تیمساح نییە کە ئیڤان ماتڤیتیچی قووت داوە و دڵی نییە. ئەڵمانییەکی لیبراڵ، بێ ئەخلاق و چاوچنۆکیشی پێویست نییە. لە قەفەس و قالبی دەوڵەتی سەرمایەداری و ئیشتراکیش جێگەی نابێتەوە. مرۆڤ جیهانی ئەفسوناوی دڵی و کراوەی دەوێت. مرۆڤێکی وا کە لە چاوچنۆکی داماڵرابێت.

















Leave a Reply