شاماران

کولتور و زانست، میدیای نوێ

خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی ” ٧ صور خلیعە لزوجە سیادە الوزیر”


سەلاح حوسێن پور: “ڕۆمانەکە ئەو حەقیقەتەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە فەرهەنگی عەڕەبی بارگاوی بە ئیسلام شایانی ئەشق نییە و جگە لە دنیایەکی مادی و شەهوەت هیچیتر نییە و کۆتاییەکەشی هەر سەرشۆڕیە بۆ پیاوەکانیان”.

کورتەی ڕۆمانەکە…

ڕۆمانی ” ٧ وێنەی ڕووتی ژنی سەرۆک وەزیر” باس لە ژنی سەرۆک وەزیرێکی عەرەب دەکات کە وەزیر لە ڕۆژانی مانگی هەنگوینیشدا خیانەتی لێکردووە، ژنی وەزیریش بە “تۆڵە”ی ئەو خیانەتە چەندین جار لەگەڵ پیاوانی دڵخوازی خۆی تێکەڵ دەبێت، دواجار وەزیر لە تۆڵەی ژنەکەی ئاگادار دەبێتەوە. ئەم ڕووداوە خەونێکی گشتی بەدوی خۆیدا دێنێ؛ وەزیر لەگەڵ شەش پیاوی برادەری خۆی خەونێکی هاوشێوە بە شارێک لە شێوەی بەهەشت و تەنانەت جوانتریشەوە دەبینن؛ هەر هەمووشیان لە خەونەکەدا کچێکی ددان ورد و چاوسەوز سەوزە و قژ مێدۆزایی جوانیان بینیوە. ئەم “٧” پیاوە دەوڵەمەندە بۆ وەدیهێنانی خەونەکەکان “٧” بڕیار بۆ دروستکردنی شارێکی هاوشێوەی خەونەکەکان دەردەکەن. ئەڕکی وەزیر دۆزینەوەی کچەکەیە کە گۆیا بە قسەی خۆی سەخترین ئەڕک بەو سپێردراوە؛ بەو بەهانەوە زۆر وڵاتان دەگەڕێ و ڕادەبوێری. پاڵەوانی ڕۆمانەکەش لە ڕێگەی هەندێ تەکنیکەوە دەبێتە هاوکاری، بەڵام دواجار پاڵەوان خەونی گشتی تێکدەدات و وەزیر “٧” وێنەی ڕووتی ژنەکەی پاش ململانێیەکی سەخت بەڕێدەکاتەوە و خۆیشی دەست لە ملی ئەشقی خۆی مارگرێتی ددان ورد و چاو سەوز سەوزە و قژ مێدۆزایی جوانە…
پێکهاتەی ڕۆمانەکە…
ڕۆمانی ” ٧ وێنەی ڕووتی ژنی سەرۆک وەزیر”، فەرهاد پیرباڵ نووسیویەتی لە ١٢٧ لاپەڕەدا و بە پێێ دەقی نووسراو لە ٧-٧-٢٠١١ لە مۆسکۆ نووسراوە و لە ساڵی ٢٠١٤ لە لایەن چاپخانەی شەهاب – هەولێر چاپ کراوە. من هەوڵ دەدەم باس لە فۆرم و ناوەرۆکی ڕۆمانەکە کە یەکتر تەواو دەکەن، بکەم. ڕۆماننووس لە ڕێگەی چیرۆکگێڕەوەی کەسی یەکەمی تاک، چیرۆکەکەمان بۆ دەگێرێتەوە. چیرۆکبێژ هەموو شتەکان نازانێ، بەڵام بە گریمانەوە باس لە شتەکان دەکات، واتا چیرۆکگێڕەوەی “کەمشتزان”ە. چیرۆکبێژ لە چوار تەوەردا لەوانە: شرکە صدام لتجارە المواد المستهلکە و السلعات “الثمینە”!، ئەو ژنەی ئەڵقەی زێری خۆی لەو کوڕە قۆزانە دەگرت کە شەیدایان دەبوو! Reve collecfif و هەروەها بەشی چوارەم مارگرێت، بە سێ کارێکتەری سەرەکی وەک ئەبو عۆبێیدەی خەددام، فەرهاد و مارگرێت دەدوێت؛ ئەوەی کە ستارتی لە ڕۆمانەکە داوە، ئەوە تۆڵەی ژنی وەزیر “کلسوم”ە لە وەزیرهەر بەشەش بە ژمارە و پراوپڕ لە تەکنیکی وەک ژمارە (٧ و ٦) فلاشبەگ، دیاڵۆگ، و بە زمانێکی پڕاوپڕ لە ئیرادەی پاڵەوان، بە بوێری، ستاتیکیانە و هونەرمەندانەش خەونی گشتی تێک دەدات و ئەشقەکەشی دەپارێزێت و خەونی خۆی وەدی دێنێ، ڕۆمان بە ئەنجامی کراوە بەو وتەی پاڵەوان کۆتایی دێ.
“مارگرێت ئەم ڕاستیانەی نەدەزانی.
نازانم بۆچی گوتی:
– حەقیقەت تا سەری نەبڕدرێت، نابینرێت.”


(٧)ە پیرۆزەکە و (٥)ەکەی پاڵەوان
یەکێک لەو تەکنیکانەی کە نووسەری ڕۆمانەکە بەکاری هێناوە، تەکنیکی ژمارەیە، ئەویش شکاندنی پیرۆزی ژمارەی (٧) و هاوڕاو دڵخوازبوونی نووسەرە بە ژمارەی (٥)، دڵی فەرهاد بە پێنجەکان و هاوشێوەی پێنجەکان لە شێوەی نووسینی عەرەبی دەکرێتەوە. ئەگەر باس لە ژمارەی (٧) بکەین، ئەوە هەر لە سەرەتاوە لە ناو ئەفسانە و دەقە بە پیرۆزکراوەکاندا ئەو ژمارەیە پیرۆز بووە، وەک نمونە حەوت تەبەقەی ئاسمان، حەوت تەبەقەی بەهەشت و جەهەننەم لای بابلیەکان، حەوت گوناهی گەورە، حەوت ڕۆژی هەفتە لای قەومی بنی ئیسرائیل، پاککردنەوەی گڵاوی سەگ بە حەوت ئاو، حەوت مانگای قەڵەو ولاوازەکەی خەونەکەی یوسف، حەوت ڕەنگ، حەوت جار زیندوبوونەوەی ئینسان لە مەزهەبی بەرهمادا، حەوت فرشتەی زردەشتیەکان، حەوت نێر و مێی ناو تەوڕات، سفرەی حەوت سین، حەوت ئەستێرەی پیرۆزی بابلی و میسریەکان، حەوت ئاتەشگای زەردەشتی و تەنانەت حەوت شوێنی سەروسەمەرەی دنیا و … زۆر شتی تریش. نووسەر لەسەر ئەو بنەما فیکریە پیرۆزە هاتووە (٧) کەسایەتی پیرۆزی کە بۆنی ئاینیان لێ دێ هەڵبژاردووە و تەنانەت ناونیشانی ڕۆمانەکەیشی (٧) وێنەی ڕووتە؛ ” ٧ صور خلیعە لزوجە سیادە الوزیر”. تەنانەت لە ٧/ی مانگی (٧) نووسیویەتی و لە لاپەڕە پێکهاتووە. پاڵەوان هەموو حەوتەکان دەشکێنێ و پێنجەکانیش ویستی خۆدی چیرۆکبێژن. کاتژمێر پێنجی ئێوارە، پێنج ساڵ لە مۆسكۆ و یان بۆ هەر تابلۆیەک پێنج ڕۆبڵم وەردەگرت…


تۆڵە…
“تۆ دەزانی… بەترێک! کاتێ ئاشق دەبێ، دەچێ هەرە جوانترین بەردی بچکۆلە
هەڵدەگرێتەوە و دەیگرێتە ئەو بەتریکەی خۆشی دەوێ!
ئەگەر ئەو بەتریکە بەردتێگیراوە چوو بەردەکەی هەڵگرتەوە مانای وایە بە ئەشقی ئەو ڕازییە!
تۆ ئەمە دەزانی؟!
نەمگوت: نا.

چاوم بە دەوری خۆمدا گێڕا، یەکێک لەو دوو “بەردە” بچکۆڵەم دۆزیەوە کە تێمی گرتبوو، هەستامەوە و چووم هەڵمگرتەوە و تەماشام کرد… دیتم یەکێیان “ئەڵقەیەکی زێڕی زۆر جوان”! پێدەچوو ئەڵقەی زێڕی پەنجەی خۆی بێ. “ئەم چەند دێڕە هەوێنی ڕۆمانەکەیە، لە ڕاستیدا ئەم بەتریکە ئاشق نەبووە، ئەو بەردە و یان ئەڵەزێڕەکە، بەردی تۆڵەیە. پاڵەوان لەوە تێدەگات. تۆڵە و گرێی ژنی وەزیرە کە بە فەرهاد بەتاڵی دەکاتەوە، فەرهاد پاڵەوانی ڕۆمانەکەیە کە فەرهاد پیرباڵ وەک کەسایەتی سودی لەناوی خۆی بینیوە.
دێڕەکانی سەرەوە دیاڵۆگی نێوان پاڵەوانی ڕۆمانەکە فەرهادە لەگەڵ ژنی سەرۆک وەزیر لە مانگی هەنگوینیدا، کە ئەبوعبێیدەی خەددام بە بەهانەی مانگی هەنگوینی کلسومی بۆ بەیروت ئەو شارەی فەرهاد لێی دەخوێنێ بردووە، تا کۆنە دۆستەکانی ببینێ. کلسومیش – – لە فێڵی سەرۆک وەزیر تێگەییشتووە، داری تۆڵەی ئەم خیانەتەش لە پشتی فەرهاد دەدات.
حەوت وێنەی ڕووتی ژنی سەرۆک وەزیر بەرهەمی ئەو گرێیەیە و ئاگاداربوونی وەزیریش کە کلسوم تۆڵەی لێ کردۆتەوە گرێی هەمیشەیی سەرۆک وەزیرە. بەڵام دیسان ڕوداوەکان فەرهاد وەشک دەخن کە ئەمجارە ئەبو عوبێیدە تۆڵەی کلسوم لێ بکاتەوە. لە ڕاستیدا ڕۆمانەکە ململانێی دوو فەرهەنگە، فەرهەنگی کورد لە کەسایەتی فەرهاددا بە مێشکی کراوە و فەرهەنگی جیهانی مادی عەرەب و موسلمانان لە کەسایەتی ئەبوعوبێیدەی خەدام. ژنیش بە ناسنامەیەکی لاواز و ناهوشیار و سادە و ساکار کە زیاتر بەکارهاتووە و ئەگەری بەکارهاتن و فریودانی لەئارا دایە، ئامادەیی هەیە. تەنانەت هۆشیارترین ژن کە مارگرێتە لە لێوارێک دایە کە ئاگری هەوا هەوەشی ئەبوعبێدەی وەک لە خەونەکەی فەرهاددا هاتووە، ئاگر گەیشتۆتە نووکی پێکانی. بەڵام بۆ ئەوەی ئەو ئاگرە ئەشقی فەرهاد نەسووتێنی پاش هێنان و بردنێکی زۆر ئەبوعبێیدە لە پێناو (٧) وێنە ڕوتکەکە کە بەهایان بە (٢١) ملیون دۆلار دانراوە، دەستبەرداری مارگرێت دەبێت، بێ ئەوەی ماگرێت ئەو ڕاستیانە بزانێ.
لە نێوان سێ خەوندا… خەونی پاڵەوان
ژنەکە تۆڵەی خۆی لە وەزیر کردۆتەوە، (٧) وێنەی ڕووتیشی لە دەست پاڵەوان دایە. وەزیر خەونی بینیوە. پاڵەوان خەونی بینیوە. مارگرێت خەونی بینیوە. ئەبۆ عۆبێیدەی خەددام وەزیری نەوت و وزەی سعودیا، کارێکتەرێکی ناموسپەرست عەییاش و هەوەسباز خیانەتی لە چاوەجوانەکانی کلسوم کردووە، کلسومیش تۆڵەی خۆی لە وەزیر کردۆتەوە، داری تۆڵەی خۆی لە پشتی داوە. وەزیر لە تۆڵەی ژنەکەی ئاگادار دەبێتەوە و ئەمەش خەونێکی گشتی بەدوای خۆیدا دەهێنێ.
خەونی وەزیر خەونی گشتی:
ئەبو عوبێیدەی خەددام بۆ پاڵەوانی ڕۆمانی گێڕاوەتەوە کە خۆی و شەش پیاوی برادەری هەر حەوتیان یەک خەونیان بینیوە. ڕۆماننووس بە تەکنیک و پیچاوپێچی جیاوازدا (٧) کەسە دەوڵەمەندەکەی ئاشکرا کردوون. کە بریتین لە ئەبوعۆبێیدەی خەددام بە ئەسل سعوودی، بازرگانێکی میلیۆنەری هیندی، کۆنەجاشێکی سەر بە عەشیرەتی چێڵەشەوە، تورکێکی بنەچەی سوڵتانی سەلیمی سێیەمی عوسمانیەکان، پیاوێکی میلیاردێری ئێرانی، مەغریبیەکی عەرەبی پشت مل پان، حوسێنی موقەدەس بە ئەسل میسری. شارێک پڕاوپڕ بورجی جوان، مغازە، هۆتێل، مۆڵ، مەلها، تاڤگە، باغ ، تەلەفریک، فێنکایی، مەل و پاپۆڕ، کور و کچی تورک، (ماسی) و (فستق) شەڕابی تازە و تهور کە مەگەر لە بەهەشت هەبن، هەمووشیان یەک کچی ددان ورد و چاو سەوز سەوز و قژ مێدۆزەیی جوان لە خەونەکەدا بینیوە.
ئەگەر لە ڕوانگەی قۆتابخانەی دەرونشیکاریدا کارل گۆستاڤ یۆنگ باس لەو خەونە بکەین. ئەوە یۆنگ زاراوەی “نەستی کۆ”ی هێنایە ئاراوە و باسی لە خەونی گشتی کرد کە پێشتر فرۆید تەنها باسی لە “نەستی تاک” کردبوو؛ لەو خەونەشدا “نەستی کۆ” ڕەنگی داوەتەوە. دەبینین هاوبەشییەک لە نێوان کەسەکاندا هەیە. هەموویان دەوڵەمەندن. هەموویان هەڵگری شوناسێکی مادیپەرستی موسڵمانن و یان فەرهەنگی عەرەبیان بەسەردا زاڵە. بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەم پیامەش شاراوەیە کە هەر حەوتیان خیانەتیان بە ژنی خۆیان کردووە و هەر هەموویان عەییاش و مێبازن. چۆن خەونیان لە یەک دەچێ دیارە کەسایەتی و ڕابردوشیان لەیەک دەچێ. لە کەسایەتی ژنی وەزیر (کلسوم) بۆمان دەردەکەوێ کە هەموویان گرێیان هەیە و هەموویان داخ لەدڵ و ناموسپەرستن و ئەوەی بۆ خۆیان دەیکەن بۆ ژنی خۆیان قبوڵی ناکەن. هەر یەکەیان نوێنەری وڵاتێکی داخراون.
هەموو ژنەکانیان بۆرقیعیان هەیە و چاوجوانن. هەموویان دەمامکیان هەیە، هەر وەک چۆن خەددام سەرۆکی ڕێکخراوی مافی ژنانە و خاوەن گۆڤاری ژنانی خەلیجیە، ئەوە ئەوانیتریش و گشت کۆمەڵگای عەرەبی لەژێر ناوی کۆمەڵگای مەدەنی و بازرگانی، ڕێکخستنی ژنان و دانس و جاسوسی و بەکارهێنانی ژنانی دڵڕەش خەریکی مێبازی و عەییاشین، خەددام نمونەیەک لە چۆنیەتی ژیانی کەسەکانە، ئەو خەونەش باس لە وەدیهاتنی ئارەزوە هەوەسبازیەکانیان دەکا کە تێر نابێت.

بە دیوێکیتر ڕوماننوس پەیامی ئەوە دەدات کە ئەو خەونە هاوشێوەی بەهەشتی موسلمانانە کە لە قورئاندا وەسف کراوە. بە زمانی دەروونناسی ئەوە دەڵێ کە گرێ و ئارەزوویەکی دنیای عەرەبە لە سەر لم و بیابان کە لە خەوندا بەرجەستە بۆتەوە. دەتوانین بڵێین قورئان و هەموو تابلۆ ڕۆمانسییەکانی ناو بەهەشت، جۆگەلە شیر و شەڕاب و حۆری چاوشین و باغەکانی ناو بەهەشت پێشتر خەونی پێوە بینراوە، کە ئەو خەونەش کە ئەبوخەددام و شەش برادەرەکە بینیویانە دیسان هەمان خەونی قورئانە، بەڵام بە شێوەیەکی سەردەمیانە و لەگەڵ تەکنەلۆژیا.
ئەوە خەونە ئەوەمان بۆ دەردەخوات کە عەرەب لەو دنیایە واقع و جوگرافیایەی تیایدا نیشتەجێیە ڕازی نییە و بۆیەش دنیایەکی خەیاڵاوی و یۆتۆپیایی لە شێوەی بەهەشتی وێنا کردووە. ئەگەر لە ڕابردوودا ئەم خەونە بە واقعی لەسەر بیابان وەدی بێت کارێکی مەحاڵ بوو، بەڵام لە سەدەی بیست و یەکدا کە تەکنۆلۆژیا و عەرەب پارەی هەیە، دەتوانن ئەو خەونە وەدی بێنن. بەڵام پاڵەوان ڕۆمان وردە وردە لە ڕێگەی ململانێوە کە عەرەب و هەڵگرانی فەرهەنگی عەرەب و دنیای موسڵمانان گەر هەموو خەونەکانیان لە ڕێگەی مادیات بێننە دی، ئەوە ناتوانن خاوەن ئەشق بن. (ماسی) و (فستق) کە وەک نیشانەیەک بە کچی جوان بەکارهاتبن کە وەک کاڵا دەتوانن هەبن، بەڵام وەک ئەشق ناتوانن لە دنیابینی و جیهانبینی عەرەبدا هەبن. مارگرێتی چاو سەوز سەوز و قژ مێدۆزایی و ددان وردیلە بۆ عەرەب نابێت و پاڵەوان کە بە کارێکتەری کورد ئامادەیە دەبێتە خاوەن ئەشق.
پێشتریش باسمان کرد پاڵەوانی ڕۆمانەکە بە ناوی خۆدی نووسەر فەرهاد لەناو ڕۆمانەکە ئامادەیی هەیە و پێشتر لەگەڵ مارگرێت لەرێگەی بەهرە هونەری و زمانی و فکرییەکانی ئاشنای پاڵەوان بووە و لە مۆسکۆ یەکتر دەبیننەوە. ماگرێتیش پاڵەوانی وەک ڕزگارکەری خۆی لە خەون هاتووە و ئەم خەونە بۆ فەرهاد دەگێڕێتەوە:
لە خەونمدا (٧) پیاوی سمێڵفش ، کەتە، پان، ڕووت، قووت، تووکن لەو جۆرە پیاوانەی کە لە زەمانی نیاندرتاڵ لە بەردەم ئەشکەوتێکدا بە خۆیان و ڕیشێکی درێژەوە، تەورداسێک بە دەستی چەپیان، بە دەستی ڕاستیشیان ژنێک بە قژ لە دووای خۆیان ڕادەکێشن … هەر یەکەی لە لایەکەوە … تەورداسێک بە دەستی ڕاسیانەوە … بۆم دەهاتن لێم نزیک دەکەوتنەوە … منیش تەنها بووم… بانگی تۆم کرد… تۆ دیار نەبووی
بێی ڕزگارم؛ هاوام کرد!
ئەو (٧) پیاوەی ناو خەونی ماگرێت هەمان ئەبوعوبێیدە و شەش هاورێکەنی، کە فەرهەنگی دواکەوتووی عەرەب نیشان دەدات کە جگە لە کوشت و بڕین و لەناوبردنی جوانیەکان هیچیتر نازانن، تەوەرداس لە ڕاستیدا بۆ بڕینی گەڵاکانی دار بەکار دێ و لێرەدا بۆ بڕینەوەی جوانیەکانی مارگرێت بەکار هاتووە و نووکی هێڕشەکە لە تەورداسەکەدا بەرجەستە دەبێت و زەبروزەنگیش لە ڕاکێشانی پرچەکانی ماگرێتدا خۆی دەنوێنی، هاواری مارگرێتیش بۆ پاڵەوان لە ڕاستیدا هاوارە بۆ پیاوێکی بە ئەزموون و تێگەیشتووی کورد لە ترسی هێرشی فەرهەنگی داگیرکەری عەرەب، لەم خەونەدا مارگڕێت و پاڵەوان بە ڕۆحی ئاشقانە لە بەرانبەر هێرشی ئەو فەرهەنگە دەوەستنەوە.
پاڵەوانیش بۆ وەدەستهێنانی ئەشقی خۆی زۆر ململانێ دەکات. دەڵێت: لەبیرم چووبوو منیش خەونەکەی خۆم بۆ ئەبوو عۆبێیدەی خەددام بگێڕمەوە کە (٨) جێگا لە خەونمدا ئاگریان تێبەرببوو: ماڵەکەی خۆم ڕستوڕانتەکەم تابلۆکانم شۆرتی مردوویەک بانقێک – – – – –
کۆمەڵێک کاغەزی پشت پاسکیلێکی پۆستەچییەکی پاسکیل سوار گردێک زێر ئینجیلێک – لەناو سندوقێکی شووشەیی ئەستووردا کە تا هەشت ساعەتی تریش گڕ نەگاتە پەڕەکانی لەوانە بوو! لەگەڵ کچێکی ددان وردی چاو سەوز سەوزی قژ مێدۆزایی کە ئەو، خۆ، (زۆریش کەم) ئاگرێکی تەنها کەم (لەسەری نووکی پێڵاوەکانی) بەرببوو!
ئەگەر سەیری خەونەکەی فەرهاد بکەین، ئەوە خەونی بە ژیانی خۆی و لەگەڵ مارگرێت و ئەبوو عوبێیدەی خەدامەوە بینیوە و هەر هەموویانی لە مەترسیدا بینیون، ئەو ئاگرەش ئاگری هەوا و هەوەسی ئەبو عۆبێیدەی خەدامە، کە لە نوکی پێیەکانی مارگرێت نزیک بۆتەوە.

مارگرێت خۆیشی خەونی بینوە کە (٧) کەس لە شێوەی مرۆڤی نیاندەرتاڵ تەک و تەنها بۆی هاتوون و هاواری بۆ فەرهاد بردووە.فەرهادیش لە پێناو ڕزگاری ئەو ئەشقەدا زۆر قوربانی داوە و زۆر شتی وەک ماڵ و ئەو ڕستورانەی کە وێنەی لێدەکێشان و لەگەڵ تابلۆکانی و شورتەکە کە بە ناموسی ئەبوعۆبێیدە دەتوانین لێکی بدەینەوە و هەندێک ڕاز و نهێنی و خەونی ئەبوعۆبێدەی خەدام. دوو شتیش لە ئەگەری سوتاندا بوون گردی زێر ئینجیلی کە بە خەونە گشتیەکە دەتوانین گوزارشتی لێبکەین کە هی خەونی جیهانی عەرەبە کە ڕەگی ئەو خەونە لە ئیجیلیش دایە، بۆیەش لە خەونەکە بە گردی زێر ئیجیلی بەناوی کردووە و لە لایەکیتر کچێکی ددان وردی چاو سەوز سەوزی قژ مێدۆزایی کە هەمان مارگرێتە کە ئاگری هەوا و هەوەسی عەرەب گەیشتۆتە سەری پێکانی، بەڵام تا کۆتایی فەرهادی ئاشق لەگەڵ خەونی عەرەب ململانێ دەکات و لە کۆتاییدا هەم بەسەر خەونی عەرەبدا زاڵ دەبێت و هەمیش بە پێچەوانەی خەونەکەی مارگرێت، دەبێتە فریادرەسی مارگرێت و خەونی خۆی وەدی دێنێ و گردی زێر ئینجیلیش لەناو سندوقی شیشەیی کە خەونە عەرەب نایەتەدی.
خەونی پاڵەوان ئاماژەیە بە ململانێیەکی سەخت و قوربانیەکی زۆر تا ئاگر لە ئەشقەکەی بەرنەبێت، ڕەنجەکانی پاڵەوان وێکچوونێکی هاوشێوەی هراکلیتۆسی پاڵەوانە ئەفسانیەکەی یۆنانیان هەیە، کە پاشا سزای داوە تا بەسەر دوازدە قۆناغ سەردەکەوێ.
چیرۆکگێرەوە ئەبوعوبێیدەی وەک حەرقەڵ یان هیراکلیتوس گەورەترین پاڵەوانی ئەفسانەکانی دێتە بەرچاو، مارگرێت لە چاوی ئەبوعوبێیدە هەمان کچە ددان ورد و چاو سەوز سەوز و قژ مێدووزاییەی ئەفسانەی یۆنانە، مێدووزا ئەوەی کچەی پیاوان لێێ دەترسن و بە نیگایەک وشکیان دەکا، ئەو کچەی جیهانی عەرەب خەونی بە جوانیەکەیەوە بینیوە.
“خەددام شێت و شەیدای مێدۆزا، لە حەڕقەڵ زیاتر!”
لە ڕاستیدا پاڵەوانی ڕۆمانەکە ڕۆڵی هیراکلیتۆسی هەیە، بەڵام هەراکلیتوسی سەردەم، دەتوانین بە هەراکلیتوسی کوردی دێموکرات بە ناوی بکەین. ئەبوعوبێیدەی سەرۆک وەزیر هەمان پاشایە کە بە پارە فەرهادی کردووە بە خزمەتکاری ویستەکانی خۆی. بەڵام فەرهاد بۆ خۆی ئەم داوایەی قەبوڵ کردووە و بەسەریدا نەسەپاوە. لە ئەفسانەی یۆنانیدا هیراکلیتوس لەگەڵ ئەشقی خۆی لە پەرستگای ئاسنا تێکەڵ دەبێت و سزا دەدرێت و بۆ ئەوەش دوازدە قۆناغی سەختی لە لایەن پاشاوە سزا دراوە، دەبێ سەرکەوێ و لەو پێناوەشدا بەسەر هەر دوازدە قۆناغەکەدا سەردەکەوێ. مێدۆزاش کچێکی جوانە کە بە چاو لە هەر پیاوێک بکات جەستەی وشک دەکا، هەراکلیتوس دەبێتە خزمەتکاری پاشا و ئەو سزا قورسەی بۆ دادەنرێت و لە پرچەکانی کچەکەش دەبن بە مار.

هەراکلیتىش هیدرای نۆسەر دەکوژی، ئاغەڵی پیسی حەیوانان پاک دەکاتەوە، سەگە دڕندەکەی جیهانی مەرگ (هادیس) کە سێ سەری هەیە دەکوژی.هەروەها شێری نیمیانی کوشت کە پێشتی ئەوەندە قایم بوو نەدەدڕا. ئاسکە کێوی کرینیانی پاش چەند مانگ لە تەڵە هاویشت و بەسەر بەرازە هارەکەی ئەریمەنتۆسدا سەرکەوت. گا هارەکەی کریتی گرت و کوشتی. باڵندە گۆشتخۆرەکانی بە تیر لە ئاسمان بەردانەوە. کەمەربەندی مەلەکەی ئامازۆنیەکانی وەچەنگ خست. پاش ئەوەی هراکلیتۆش هەر دوازدە قۆناغەکە بە دوازدە ساڵ بە سەرکەوتوویی تەواو دەکات دەبێتە مرۆڤێکی ئازاد.
پاڵەوانی ڕۆمان هەر وەک هیراکلیتوس چەندین قۆناغ سەخت دەبڕێ، دەبێتە خزمەتکاری سەرۆک‌وەزیر، وێنەی بۆ دەکێشێ و تەرجومەی ڕووسی – عەڕەبی بۆ دەکات. پاڵەوان لە گشت بوارەکان سەرکەتوانە هەنگاو دەنێت بگرە زیاتر لە سەرۆک‌وەزیریش بە تێگەییشتوویی چێژ دەبینێ لە دژوارترین قۆناغ ئەشقەکەی مارگرێت دەکەوێتە مەترسیەوە، بەڵام ڕزگاری دەکات. پاڵەوان هیکرالیتوس‌ئاسا خەونی سەرکەوتن بەدەست دێنێت و خەونی جیهانی عەڕەب کە لەسەر بنەمای شەهوەت و مادیاتە دادەڕمێنێ و خەونی گشتی ئەبوعۆبێیدە و شەش برادەرەکەی تێکدەدات، بێ ئەوەی مارگرێت هەست بە زەحمەتیەکانی بکات. ململانێی پاڵەوان لەگەڵ سەررۆک‌وەزیر کە بە وێنەی پاشایە شەڕی مان و نەمانە، بەڵام پاڵەوان ٧ وێنەی ڕووتی ژنەکەی لە دەستی داوێت بۆیە لەو معامەڵەیە سەرۆک‌وەزیر کە ژن بە نامووسی خۆی دەزانێت بە سەرشۆڕی کیش و مات دەکرێت و دەست لە ئەشقی فەرهاد بەردەدات. لێرەدا خەونی جیهانی عەرەب کە بنچینەی مادیات و شەهوەتە دادەڕمێ و پاڵەوان لەگەڵ ئەشقی خۆی ماگرێت بە ئازادی دست لە ملانن. ڕۆمان ئەو حەقیقەتەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە فەرهەنگی عەڕەبی بارگاوی بە ئیسلام شایانی ئەشق نییە و جگە لە دنیایەکی مادی و شەهوەت هیچیتر نییە و کۆتاییەکەشی هەر سەرشۆڕیە بۆ پیاوەکانیان.


Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *