چارلز داروین (١٨٠٩-١٨٨٢) پیاوێک بوو کە بە هێمنی قسەی دەکرد، بەڵام دەنگەکەی جیهانی گۆڕی. ئەو لە ساڵی ١٨٥٩ کتێبی **”سەرچاوەی جۆرەکان”**ی بڵاوکردەوە؛ کتێبێک کە نەک تەنیا زانست، بەڵکو باوەڕە ئایینی و فەلسەفییەکانی سەدەی نۆزدەهەمیشی هەژاند. داروین لەو کتێبەدا نووسی:
“لە شەڕی مانەوەدا، ئەوانەی باشتر خۆیان دەگونجێنن دەمێننەوە، و بەم شێوەیەش جۆرەکان دەگۆڕێن.”
ئەمە هەمان تیۆریی هەڵبژاردنی سروشتییە: زیندەوەران بەردەوام لە گۆڕاندان، ئەوانەی لەگەڵ ژینگەکەیان گونجاوترن، دەژین و بۆماوەکانیان بۆ نەوەکانی دواتر دەگوازنەوە؛ ئەوانی دیکە لەناو دەچن. بە درێژایی ملیۆنان ساڵ، ئەم پڕۆسەیە دەبێتە هۆی پەیدابوونی جۆری نوێ و لەناوچوونی جۆرە کۆنەکان.
تێکشکاندنی ئایین و چیرۆکە ئایینیەکان
ئایینە ئیبراهیمییەکان وێنەیەکی دیکەیان پێشکەش کردبوو: خودا لە چەند ڕۆژێکدا جیهانی دروست کردووە، هەموو زیندەوەران وەک ئەوەی دروستکراون جێگیر ماون، و مرۆڤ شوێنێکی باڵاتری لە ئاژەڵان هەیە. ئەم وێنەیە سادە و دڵخۆشکەر بوو، بەڵام داروین بە بەڵگەی زانستی ئەمەی خستە ژێر پرسیارەوە:
- بەردەبووەکان نیشانیان دا کە جۆرەکان گۆڕاون.
- سروشت پیشانی دا کە ئاژەڵ و ڕووەکەکان خۆیان لەگەڵ ژینگەدا دەگونجێنن.
- و دواتر زانستی بۆماوەزانی (جیناتیک) سەلماندی کە هەموو زیندەوەران، تەنانەت مرۆڤیش، ڕەچەڵەکی هاوبەشیان هەیە.
ئەگەر مرۆڤ دروستکراوێکی تایبەتی خودا بێت، بۆچی DNAی ئێمە ٩٨٪ لەگەڵ مەیمونی جۆری شامپانزە هاوبەشە؟ ئەگەر جیهان لە شەش ڕۆژدا دروست کرابێت، مێژووی ملیۆنەها ساڵەی زەوی چی دەڵێت؟ ئەم پرسیارانە باوەڕی نەریتیی هەژاند و هێشتا وەڵامە زانستییەکانیان لە هێزی ئایین بەهێزترن.
کاریگەریی مێژوویی و ئەمڕۆیی
زۆر کەس وا بیر دەکەنەوە کە تیۆریی داروین تەنها هی ڕابردووە. بەڵام ڕاستی ئەوەیە کە هەڵبژاردنی سروشتی هێشتا لە جیهاندا زیندووە و ئێمە هەموو ڕۆژێک دەیبینین:
پزیشکی: کاتێک میکرۆبەکان بەرگری لە دژی ئەنتیبایۆتیکەکان پەیدا دەکەن، ئەمە هەڵبژاردنی سروشتییە. ئەوانەی بۆماوەی بەرگرییان هەیە دەمێننەوە و ئەوانی دیکە دەمرن.
ڤایرۆسەکان: گۆڕانکارییەکانی کۆرۆنا نیشانی دا کە چۆن هەڵبژاردنی سروشتی لە ماوەیەکی کورتدا ڤایرۆسی نوێ دروست دەکات.
ههڵبژاردنی سروشتی لهسهر ههمان بنهما کار دهکات، بەڵام بۆ ڤایرۆسەکان: ههندێک له ڤایرۆسهکان کاتێک خۆیان دووباره دهکهنهوه، ههڵهیهکی بچووک (جهنسی) دهکهن. زۆربهی ئهم ههڵانه سوودیان نییه یان زیانیان ههیه، بهڵام ههندێک جار ههڵهیهک دهبێته هۆی ئهوهی ڤایرۆسەکە خێراتر بڵاوبێتهوه، به ئاسانی لهناو نهچێت یان به ئاسانی سیستهمی بهرگری لەش فریو بدات.
ئهو ڤایرۆسه نوێیانهی کە خێراتر بڵاودهبنهوه، بهردهوام دهبن. ئهو ڤایرۆسانهی که لاوازترن به تێپهڕبوونی کات نامێنن.
لەکاتێکی کورتدا، نهوهیهکی نوێی ڤایرۆسهکه دروست دهبێت. ههر بۆیه ڤایرۆسهکانی وهک “ئهلفا”، “دێڵتا” و “ئۆمیکرۆن” دهرکه وتیان. ئهوان نهوهی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون که له پرۆسهی ههڵبژاردنی سروشتیدا ماونهتهوه.
ژینگە: گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دەبنە هۆی لەناوچوونی جۆرەکان و گۆڕینی ڕێچکەی گەشەکردن. سروشت هێشتا هەڵدەبژێرێت چی بمێنێتەوە و چی لەناو بچێت.
بۆماوەزانی (جیناتیک): بە لێکۆڵینەوە لە DNA تێدەگەین کە ئێمە لەگەڵ هەموو زیندەوەران خزمان. وەک داروین پێشبینی کرد، هەموو ژیان لەسەر زەوی لە یەک سەرچاوەی هاوبەشەوە دەستی پێکردووە.
ئەمانە موعجیزە نین؛ ئەمانە زانستن، کە دەنگی زیندووی داروین لە جیهانی ئەمڕۆدان.
ئازادی لە ئاسمان
داروین تەنها تیۆرییەکی زانستی نەهێنا؛ ئەو ڕێگەیەکی نوێی بۆ بیرکردنەوە پێ بەخشین. ڕێگەیەک کە دەڵێت: جیهان پێویستی بە ڕوونکردنەوەی سەروو سروشتی نییە. سروشت بە یاساکانی خۆی هەموو شتێک دروست دەکات. ئەو لە کۆتایی **”سەرچاوەی جۆرەکان”**دا نووسی:
“لەو تێڕوانینەدا، شکۆمەندییەک هەیە: کە هەموو زیندەوەرانی سەر زەوی لە یەک سەرچاوەی تاکەوە سەریان هەڵداوە، و هێشتا لە گۆڕاندان.”
ئەم ڕستەیە سادە بەڵام شۆڕشگێڕانەیە. واتە مرۆڤ نە دیاریی ئاسمانە، نە جیاوازە لە دروستکراوەکانی دیکە؛ مرۆڤ ڕۆڵەی هەمان ئەم زەوییەیە، وەک هەموو زیندەوەرانی دیکە.
پەیام بۆ خوێنەری ئەمڕۆ
ئەگەر ئەم ڕاستییە قبووڵ بکەین، مێشکمان ئازاد دەبێت:
ئیتر بۆ تێگەیشتن لە نەخۆشییەکان و جیهان، پێویستیمان بە موعجیزە نییە.
ئیتر مرۆڤ بە ناوەندی جیهان نابینین، بەڵکو بە بەشێک لە تۆڕی گەورەی ژیان.
ئیتر لە ڕابردوویەک کە تێیدا مرۆڤ چاوەڕوانی هێزێکی غەیبی بووە قەتیس نابین، بەڵکو بە چاوی کراوە ئایندە دروست دەکەین.
داروین تەنها زیندەناسێک نەبوو؛ ئەو دەرگایەکی کردەوە بۆ ئەوەی مرۆڤ لە ژێر سێبەری خوداوەند بێتە دەرەوە و لەسەر پێی خۆی بوەستێت. ئەمڕۆ، هەر جارێک سەیری ڤایرۆسەکان، بۆماوەکان یان ژینگە دەکەین، جارێکی دیکە تێدەگەین: هەڵبژاردنی سروشتی هێشتا لە جیهاندا کار دەکات.

















Leave a Reply