سێیەمین ڤێستیڤاڵی هەنار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە تێیدا کوردەکان پاییزیانە دەنگ و ڕەنگ و بەرهەمی هەناری پێگەییشتتوی خۆیانی تێدا نمایش دەکەن، بەڕێوە چوو.
ئەم مەراسیمە ڕۆژی ٢٩ی خەزەڵوەر بەرامبەر بە ٢٠ی نۆڤێمبەر لە گوندی “ساتیاری” پاوەی سەر بە کرماشان، ئەمساڵ درەنگتر لە ساڵانی دیکە دەستی پێکرد و بڕیارە لە چەندین گوند بە شێوەی زنجیرەبەست بەڕێوە بچێت. ڤێستیڤاڵی هەنار ساڵانە لە ناوچەکانی هەورامان بەڕێوە دەچێت؛ تەنانەت لە باشووری کوردستانیش لە پارێزگای هەڵەبجە کە هاوزمان و هاوفەرهەنگ و جوگرافیا لە دوو دەوڵەتدا بەرێوە دەچێت.
بەڕێوەچوونی ڤێستیڤاڵی هەنار لە هەورامانی ڕۆژهەڵات بە هۆی ئەوەی لە ژێر تێپەڕاندنی زۆر سانسۆری ئایینی بەڕێوە دەچێت، جیاوازە لە هەورامانی باشووری کوردستان. بەم هۆیەشەوە زۆر جار بۆتە جێی ڕەخنەی پیاوانی ئایینی کە پاسەوانی دین و دەوڵەتی کۆماری ئیسلامین، بەڵام سەرەڕای ئەمەش ژن و پیاو بەیەکەوە بە دەنگی دەف و موسیقا و جلوبەرگی خۆیان مەراسیمەکەیان ڕازاندۆتەوە کە بۆتە جێی سەرنجی کۆمەڵگەی فارس.
دەنگدانەوەی ئەم مەراسیمانە بۆتە هۆی ئەوەی کە خەڵکێکی زۆر بڕژێنە ناوچەکە کە بە هۆی ئەوەی پێداویستییەکان بە گوێرەی سەردانکەران نەبووە، زۆر ساڵ کێشەی خزمەتگوزاری دروست بووە.
لە ڕاستیدا هەنار بەهانەیەکە کە کوردەکان بوونی خۆیان بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لە بەرامبەر سیاسەتی توانەوەی زمان و فەرهەنگی کۆماری ئیسلامی ئێران پێشان دەدەن. بە واتایەکی دیکە، زیندووکردنەوەی ئەو خوێنەیە کە بۆ ئازادی ڕژاوە و لە هەمان کاتدا پیشاندانی خاک و ناسنامەی فەرهەنگی نەتەوەی کوردە و تێکەڵبوونی ئاواز و دەنگی ژنان و پیاوان و هەڵپەڕکێ بە ناڕاستەوخۆ شکاندنی تابۆ ئیسلامییەکانە کە ئێران خۆی بە پاسەوانیان دەزانێت، بەڵام بە هۆی کاردانەوەی زۆر ناتوانێت پێشیان پێ بگرێت، بەڵام تا بۆی بکرێت ڕەنگی ئایینیان تێهەڵدەسوێت.


















Leave a Reply