شاماران

کولتور و زانست، میدیای نوێ

لووتی گۆگۆڵ و مەمکی فیلیپ ڕۆس


ڕێبین خدر… “لە کتێبی ژیانی پێغەمبەراندا دڵبەندی چیڕۆکی پێغەمبەر ساڵح بووم، کاتێک وشترێکی لەناو بەردێک دەهێنایە دەرەوە و دەستەڵاتی خواوەندی پیشانی گەلی سەموود دەدا. لە قورئاندا هەم سەرسام، هەم ترساوی دەستی سورەتی (تەکویر) بووم، ئەو دەمەی ئەستێرەکان چەشنی تۆز دەچوون بە هەوادا.”

لووتی گۆگۆڵ و مەمکی فیلیپ ڕۆس
فانتازیای ژیانی ڕۆژانە لە دنیای گێڕانەوەدا
  ١. جیاواز لە هاتنەدەرەوەی وشترێک لە بەردێک

“هەموومان لە پاڵتۆکەی گۆگۆڵەوە هاتینە دەرەوە” ڕستەیەکی زۆر بەناوبانگی دۆستۆیێڤسکییە و زایەڵەی تا ئیمڕۆ لە باسی ئەدەبیاتی ڕووسی دەبیسترێت. زۆر جاریش لەسەر بەرگی بەرهەمەکانی گۆگۆڵ دادەنرێت، بۆ ستایشکردنی ئەدەبیاتەکەی. دۆستۆیێڤسکی لە زۆر شوێناندا ڕوون و ڕەوان وەک مامۆستایەک لە گۆگۆڵی ڕوانیوە و تایبەتیش لە کارەکانی سەرەتایدا شوێنپێی هەڵگرتووە. بۆ ئەو و نووسەرانی دیکەی ڕووسیش، ئەوە گۆگۆڵ بوو دەروازەی جیهانێکی دیکەی بە ڕووی ئەدەبیاتی گێڕانەوەدا کردەوە. ئەو بوو مرۆڤی پەراوێزخراو و گۆشەنشینکراوی هێنانەوە ناو کتێبەکان و سەرنجی هەمووانی بۆ کارکتەرگەلێک ڕاکێشا زۆر دواتر “ئەنتوان چیخەف” هونەرمەندانە وەقسەیان دەهێنێت و ڕەوانەی سەر تەختەی شانۆیان دەکات.

گۆگۆڵ مرۆڤێکی نوێی هێنایە ناوەوە؛ چیدی شۆڕەسوار و پاڵەوان نەبوو. فەرمانبەرێک بوو، کەسێک بوو ڕۆژانە بەسەر شەقامەکان و پردەکاندا وێڕای خەڵکی دیکە هەنگاوی دەنا. لە ڕووخساردا ئاسایی دەهاتە بەرچاو، بەڵام لە قوڵاییدا ڕووبەڕوو لەگەڵ هەمان ئەو جیهانەی کارەکتەرانی کافکا تێیدا سەرگەردانن: جیهانێکی ئاڵۆز، گەر بە ڕێکەوتیش دەرگایەک هەبێت گاڵە نەدرابێت، دەرگایەکە بەرەو کۆمەڵێک دەرگای گاڵەدراوی دیکە. جگە لەوەش، گۆگۆڵ دیواری نێوان فانتازیا و واقیعی بە جۆرێک هەڵگرت، چیدی فانتازیا هێندە نامۆ دەرنەکەوێت. ئەوەی نامۆتر و پێکەنیناویتر خۆی دەنوێنێت، واقیعەکەیە.

لە چیڕۆکی “پاڵتۆ”دا (بڵاوبوونەوە: ١٨٤٢)، گۆگۆڵ سەربردەی خەمناکی باشماچکین ی گۆشەگیر و فەرمانبەر دەگێڕێتەوە. ئومێد و ئارەزووی باشماچکین ئەوەیە پاڵتۆیەکی نوێی هەبێت. کاتێک بە ئارەزووەکەی دەگات، لێی دەدرزێت. بەم داخەوە سەر دەنێتەوە و دوای مردنی، ڕۆحەکەی مینا تارماییەک دەگەڕێتەوە و پاڵتۆی خەڵکی دەدزێت. گۆگۆڵ هەر لەم چیڕۆکە مامەڵەیەکی تازە و ناباو لەگەڵ کارەکتەرێکی پەراوێزنشین (کەسیک نە خانەدانە، نە سەربازە و نە پلەیەکی کۆمەڵایەتی لەپێشی هەیە) دا دەکات. سەرەڕای ئەوەش دەهێڵێت دوای مەرگی بگەڕێتەوە و بە جۆرێک تۆڵە لە سیستمێک یا جیهانێک بکاتەوە، لێی تێ نەگەیشتووە. چیڕۆکی باشماچکین کۆمێدی – تراژێدییە؛ ساتیرێکی ڕەق و تاڵیشە بۆ نیشاندانی کۆمەڵگەیەک مرۆڤ تێیدا بێدەسەڵات دەکرێت و ئارەزووی بچووکی لا دەکرێت بە ئاواتی گەورە و مەحاڵ.

لەپاڵ “پاڵتۆ”دا، گۆگۆڵ چیڕۆکێکی دیکەی سەرسوڕهێنی هەیە، هەر لە زنجیرەی کورتەڕۆمان و چیڕۆکەکانی پیتەرزبۆرگ، ئەویش چیڕۆکی “لووت”ە.

سیانزە یان چواردە ساڵ دەبووم، لە بن دیواری قەڵاتی هەولێر چیڕۆکی “لووت” م کڕی. کتێبەکە هەر “لووت” نا، بەڵکو “کڕێوە”ی پووشکینیشی لە خۆگرتبوو. ئەوڕەحمانی حاجی مارف وەریگێڕا بوو. بۆ من “لووت” ئەوکات جۆرێکی دیکەی چیڕۆکی فانتازی بوو یا هەر جۆرێکی دیکە بوو لە فانتازیا. نە لە “کتێبی ژیانی پێغەمبەران”، نە لە “قورئان”دا، نە لە کتێبی “شیعر و ئەدەبیاتی کوردی” و ڕۆمانی “ژانی گەل”، “غەوارە” و کتێبی دیکە ئەم جۆرە لە فانتازیایەم بەدی نەکردبوو. لە کتێبی ژیانی پێغەمبەراندا دڵبەندی چیڕۆکی پێغەمبەر ساڵح بووم، کاتێک وشترێکی لەناو بەردێک دەهێنایە دەرەوە و دەستەڵاتی خواوەندی پیشانی گەلی سەموود دەدا. لە قورئاندا هەم سەرسام، هەم ترساوی دەستی سورەتی “تەکویر” بووم، ئەو دەمەی ئەستێرەکان چەشنی تۆز دەچوون بە هەوادا. لە شیعر و ئەدەبیاتی کوردی ئەڤینداری شیعرەکانی حاجی بووم، کە بە دەستی ئەنقەست هەرچی فانتازیا هەبوو لێیان داماڵرا بوو، تا بەشکو پەیامەکان کورد بە چارەیەک بگەیەنن.

چیڕۆکی “لووت” دەرکەوتنی فانتازیا بوو لە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤێکی ئاسایی دا. بە شێوەیەک لۆژیک و بەرپرسی تۆماری فانتازیام قبووڵیان نەدەکرد. چۆن دەکرێت مرۆڤێک لەپڕ لووتی نەمێنێت، یا چۆن دەکرێت لووتێک لە خاوەنەکەی ڕەها بێت و بچێت ژیانی خۆی بژی؟

٢. چیڕۆکی لووت، مەتەڵێکی قورس
و فانتازیایەکی نوێ

کۆڤالیۆڤی فەرمانبەر بەیانییەک لە خەو ڕادەبێت و دەسبەجێ ئاوێنەیەکی بچکۆلە بە دەستەوە دەگرێت، تا لە زیپکەی سەر لووتی بڕوانێت کە ڕۆژی پێشوو لێی دیار دابوو. دەبینێت لووتی پێوە نەماوە. سەرەتا وادەزانێت خەون دەبینێت، بەڵام خەون نییە و ڕاستییە. بڕیار دەدات بڕواتە لای پۆلیس بەڵکو لووتەکەی بدۆزێتەوە، لەسەر شەقامێک لووتی خۆی لە جلوبەرگێکی خانەدانانەدا دەبینێت. هەر جۆرێک بێت دەوێرێت قسە لەگەڵ لووتیدا بکات، کەچی لووتی یاخی، خۆی لێ نەبان دەکات و پێی دەڵێت: “من ژیانی خۆمم هەیە و سەربەستم. بە قۆپچەی قاتەکت ڕا دیارە تۆ سەر بە چینێکی دیکەی…”.

کۆڤالیۆڤی بێ لووت لە جیهانێکی وا فانتازی و نالۆژیکیدا کۆڵ نادات و سەرگەردانانە ڕاکەڕاکیەتی. لە شوێنێکیش هەڵناکوڕمێت، تا مەتەڵی ئەم شتە سەیروسەمەرە هەڵبێنێت، بەڵکو لە هەوڵدایە لووتەکەی بەدەست بێنێتەوە. پۆلیس خەمساردە و ڕۆژنامە پێی وایە بڵاوکردنەوەی هەواڵێکی وا دەبێتە هۆی لەکەدارکردنی بەڕێوبەرایەتی پۆلیس. کۆڤالیۆڤ خۆیشی زیاتر لە خەمی پێگە کۆمەڵایەتییەکەیدایە. ئەو دەتوانێت بەرگەی ئەوە بگرێت لووتی خۆی ببینێت سواری گالیسکە بێت و قسە بکات، بەڵام ناتوانێت بێنێتە پێش چاوی بەبێ ئەو لووتە لەمەودوا چۆن کارەکەی دەکات و چۆن بەو کیژە دەگات، حەزی لێیەتی. “فلادیمێر نابۆکۆڤ” ناو لەم مامەڵەیە لەگەڵ فانتازیا دەنێت: (لوژیکی گۆگۆڵی). لۆژیکی گۆگۆڵی نالۆژیکییە و خوێنەر ناچار دەکات باوەڕی پێ بکات. ئەوەی بەسەر کۆڤالیۆڤ دێت لە جیهانێکدایە جیاواز لە جیهانی ناو چیڕۆکی پێغەمبەر ساڵح و وشترەکەی. فانتازیای هێنانەدەرەوەی وشترێک لە بەردێک دەسەڵاتێکی سەرووسرووشتی لە پشتییەوە، کە خودایە. ئەوەی باوەڕ بەم چیڕۆکە بکات، پێویستە لەپێشدا باوەڕی بە خوای پێغەمبەر ساڵح هێنابێت. لێرەدا هێزەکە لەسەر باوەڕە تاوەکو فانتازیا. فۆکسەکە لەسەر مۆڕاڵی پشت موعجیزەکەیە. هەر بۆیە فانتازیا و لایەنی هونەرییەکە لە خۆیدا دەتوێنێتەوە. لە جیهانێکی ئاوادا پێویستمان بە فانتازیا و هێزی وێناکردنی خۆمان نییە. خوا خۆی ئاشی خەیاڵی مرۆڤ دەگێڕێت.

لە دنیای ناڕێک و ناماقووڵی گۆگۆڵدا جوانی و هونەری داڕشتن شوێنی (باوەڕ) ی ناو چیڕۆکە ئاینییەکان دەگرنەوە. پێکەنین شوێنی ترس، چێژ شوێنی پەیامی ئەخلاقی (ڕێی ڕاست بگرە بەر!) دەگرێتەوە. بەم ئاوایە خوێنەر دەستەڵاتی خەیاڵکردنی بۆ دەگەڕێتەوە. جیهان بە ناڕێکییەکانی و پارچە لێک دابڕاوەکانی وەک مەتەڵێک دەمێنێتەوە. ئەوەی لووتێک دەتوانێت قسە بکات و سواری گالیسکە بێت، چیتر موعجیزەیەک نییە خوا لە پشتییەوە بێت، موعجیزەیەکی ئەدەبییە، فانتازیای چیڕۆکنووسێک لە پشتییەوەیەتی.

ئەدی خوێنەر چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم مەتەڵەدا بکات؟ گۆگۆڵ وەڵامی ئەمە ناداتەوە و جیهانەکەی بە کراوەیی جێدەهێڵێت، وەک ڕازێک بەردەوام پێویستی بەوە بێت بە جۆرێکی دیکە ئاشکرا بکرێت. لێرەدا فانتازیا بەسەر دەستەڵاتێکی بانسرووشتیدا سەر دەکەوێت و تێکستیش بە کراوەیی دەمێنێتەوە. فانتازیایەک لەگەڵ واقیع و لۆژیک یەک ناگرێتەوە، چیدی موعجیزەی دەست پێغەمبەرێک نییە، بەڵکو فانتازیایەکی نوێیە پێویستی بە  خوێنەرێکی بوێرهەیە. بوێر تا ئەو ڕادەی بکارێت جڵەوی ئەندێشەی خۆی بگرێتە دەست.

گۆگۆڵ بە چیڕۆکی لووت بووە بە پێشنموونە بۆ زۆر لە نووسەرانی ڕووس و ناڕووس. دۆستۆیێڤسکی، ، چیخەف، بولگاکۆف، ئەندرێ برێتۆن و لە هەمووشیان زیاتر کافکا.

کۆڤالیۆڤی گۆگۆڵ هاوڕێیەکی نزیکی گریگۆر زامزای کافکایە. زامزای کافکا لە بوونی بە مێرووێک (قالۆنچەیەک) لە واقیعێکی ئاسایی و نافانتازیدا، لە ڕەنگی هەمان ئەو کارەکتەر و فانتازیایە گۆگۆڵ بەرهەمی دێنێت. زمزا هەر بەڕاست بۆتە قالۆنچە یا خۆی وا هەست دەکات بۆتە قالۆنچە؟ زامزا دەرگیری ناو سیستمێکی ئاڵۆزە و ڕەخنەیەکە لە کاپیتالیزم و ژیانی مۆدێرن؟ ڕاڤەی جۆراوجۆر و بێکۆتا دێنە گۆڕێ بۆ تێکستێک، تا زیاتر لێک بدرێتەوە، زیاتر خۆی دەکاتەوە. سەرەڕای ئەوە، شێوازی گاڵتەئامێزانەی گۆگۆڵ و زمانە ساتیرەکەی دووبارە کاریگەریان لەسەر کافکا و نووسەرانی دوای خۆی هەبووە. ئەمە یەکێکە لەو توخمانەی دیوە فانتازیەکەیان سەنگین کردووە و هارمۆنییەکی هونەریی بەخشیوە بە تێکستەکانی. کارەکتەران خۆیان خەمگینن، بەڵام ژینگەکە پێکەنیناوی دێتە بەرچاو. وێنە بچووکەکان خەمناک دەردەکەون و وێنە گەورەکە قاقا پێدەکەنێت. هەر لێرەشەوەیە زمانی ساتیری گۆگۆڵ بێهودەییەکی قێزەون و هەمانکات پڕ لە بزەش خەڵق دەکات. چیڕۆکی لووت لە هەموو ڕووێکەوە لە نوکتەیەک دەچێت. ئەوەی لووتێک دەتوانێت قسە بکات و لە شێوەی مرۆڤێک دەرکەوێت، دواتر پۆلیسێک بیدۆزێتەوە، جۆرێکە لە گاڵتەجاڕی، بەڵام گاڵتەجاڕییەکی ڕەخنەگرانە و هەژێنەر. گەر فانتازیاکە دەرچوونێک بێت نالۆژیکی، ئەوا کۆمێدیاکە تەواو تەبا و کۆکە لەگەڵ واقیعەکە. گۆگۆڵ توێكڵ لە دوای توێكڵ فڕێ دەدات، تا دەگاتە کرۆکەکەی، کرۆکەکە مایەی گاڵتەپێکردن و پلار لێدانە.

ئەم زمانە ساتیرئامێز و ڕەخنەییە لە چیڕۆک و گێڕانەوەی کوردی سەددەی بیستیش بەدی دەکرێت. کارەکتەری هاوکات خەمگین و پێکەنیناوی لای ئەحمەد موختار جاف، محەمەد مەولود مەم، حەسەنی قزڵجی، محمەد فەریق حەسەن، عەبدوڵڵا سەراج و هی دیکەش دەردەکەون دواتر وردە وردە کەم دەبنەوە. لە نەوەدەکانەوە لە چیڕۆک و گێڕانەوەی کوردی زمانی ساتیر زۆر کەم دەبێتەوە. لە کاتێکدا لە ئەدەبیاتی ئەمریکی و ئەورووپی هێشتا لە برەودایە و وەک لایەنێکی ئەرێنی سەیر دەکرێت.

٣. مەمکی فیلیپ ڕۆس، دەنگی گۆگۆڵ
لە دنیای‌ پۆستمۆدێرنەدا

گۆگۆڵ لە “لووت” دا پۆرترێت نا، بەڵکو کاریکاتێری کۆڤالیۆڤ دەکێشێت. زیادەڕۆیی و لادانی ڕادیکاڵانە لە ڕووخساردا، مێتامۆرفۆسێکی تازەباو دادەڕێژن، سێبەرەکەی بەناو کاتدا هەڵبفڕێت و کاریگەری درێژخایەن بەسەر نووسەران بەجێبهێڵێت. هەفتەی ڕابردوو کاتێک کورتەرۆمانی “مەمک” ی فیلیپ ڕۆسم خوێندەوە، لووتی گوگۆڵم لەناو مەمکەکەدا بەدی کرد؛ هەمان زمانی ساتیر و ڕەخنەگرانە و هەمان فانتازیای ناو ژیانی ڕۆژانە.

فیلیپ ڕۆس (١٩٣٣ – ٢٠١٨) نووسەرێکی ئەمریکییە. لەگەڵ سۆل بێلۆ و بێرنارد مالاموددا، وەک سێکچوچکەی گەورەی ئەدەبی ئەمەریکی و نووسەرانی بە ڕەچەڵەک جووی دوای جەنگی جیهانیی سەیر دەکرێن. زۆربەی کارەکانی ڕۆس دەخرێنە بازنەی ئەدەبی پۆستمۆدێرنەوە. لە بەرهەمەکانی سەرەتایەوە وەک “ماڵئاوا کۆڵۆمبۆس” (١٩٥٩) و “گازاندەکانی پۆرتنۆی” (١٩٦٩)، ڕۆس وەک گۆگۆڵ زمانێکی ئایرۆنی، گاڵتەجاڕانە بەکاردێنێت، بەڵام تاریکتر و بە دەروونیشدا ڕۆچوو. لە پیشاندانی دنیای ناوەوەی کارەکتەرانی و کۆتۆبەندە دەروونییەکانیان، زۆربەی کات بە دۆستۆیێڤسکی بەراورد دەکرێت. کاتێک باس لە جیهانی تاریک و بێهوودەی دەکرێت، ناوی کافکا دەبرێت. لە کورتەڕۆمانی “مەمک” (١٩٧٢)یشدا تارمایی کافکا ئامادەیی هەیە و لە ڕواڵەتدا چیرۆکی گریگۆر زامزایە بە شێوازێکی دیکە، کەچی گەر زیاتر ورد دەبینەوە دەبینین، “مەمک” لە هەموو تێکستێک زیاتر دەکرێت بە لووتی گۆگۆڵ بەراورد بکرێت. مەمکی ڕۆس دیالۆگێکە لەگەڵ لووتی گۆگۆڵ لە دنیای پۆستمۆدێرن و ژینگەیەکی سەردەمییانەدا.

دەیڤد ئالان کەپێش پرۆفیسۆری ئەدەبی بەراورد و مامۆستای زانکۆیە. بەهۆی خوگیری زۆر و نەبڕاوەی بۆ سێکس (وەک زۆربەی کارەکتەرانی فیلیپ ڕۆس هەر لە گازاندەکانی پۆرتنییەوە) نیگەرانە و دڕدۆنگ. بەرەبەیانێک لە جێدا هەست بەوە دەکات بووە بە مەمکێکی ژنانەی حەفتا کیلۆ گرامی. “کەپێش” ی پرۆفیسۆر بە درێژایی کورتەڕۆمانەکە لە نەخۆشخانە لەسەر تەختەخەوەکە ڕاکشاوە و لەڕێی مۆنۆلۆگەوە دەمانباتە ناو بیرکردنەوە و خەیاڵەکانی. بووە بە مەمک، بەڵام وەک زامزا کە دەبێتە قالۆنچە لە ناوەوەیڕا هێشتا دەنگی مرۆڤێک دەبیستین. هێشتاش ئارەزووی بەتینی ئەوەیە لەگەڵ دۆستەکەیدا سێکس بکات. ئەمە ناوەڕۆکی کورتەڕۆمانی مەمکی فیلیپ ڕۆسە و لەوەش زیاتر ڕوونادات.

کورتەڕۆمانەکە بە جۆرێک دژەڕۆمانە. بە پێچەوانەی لووتی گۆگۆڵ شاكەس بەردەوام بیر لە گۆڕانە جەستەییەکەی دەکاتەوە و دەیەوێت پاساوێکی بۆ بدۆزێتەوە. بەو هۆیەش مامۆستای ئەدەبیاتە، حاڵەتی خۆی بەراورد دەکات بە لووتی گۆگۆڵ و قالۆنچەی کافکا. پڕۆفیسۆر کەپێش دەیەوێت لەو مۆتەکەیە ڕابێت و هاوکات دڵخۆشیشە توانیویەتی زیاتر لە قالۆنچە و لووت بڕوات و ببێت بە مەمکێکی زەبەلاح. سەرەرای دیوە دەروونییەکەی، تێکشکانی سنوورەکانی نێوان خەون و واقیع، گۆڕانی ئەو لەناو زمان و ئەدەبیاتدا ڕوودەدات. کەپێش خۆی وەک بوونەوەرێکی زمانی وێنا دەکات و پێی وایە گۆڕانی ئەو گۆڕانێکە لە مرۆڤەوە بۆ وشە. هەر بۆیە دکتۆرەکان ناتوانن چارەسەری بکەن و کەسیش لەو بوونگۆڕکێیەی ئەو تێناگات. لێرەدایە تێکستەکەی ڕۆس لە گێڕانەوەی نەریتی و چیڕۆکێکی کلاسیکی فانتازی دەردەچێت و دەبێتە چیڕۆکێکی فانتازی لەسەر خودی فانتازیا خۆی. فانتازیا چۆن کار دەکات و چۆن مرۆڤ دەتوانێت خەون لە ڕاستی، خەیاڵێکی ئەدەبی لە واقیع جیا بکاتەوە، دەبنە کەڵکەڵەی کەپێشی پرۆفیسۆر.

لە نێوان “لووتی گۆگۆڵ” و “مەمکی ڕۆس”دا، جێی سەرنج تەنیا دیوە فانتازی و گۆڕانە جەستەییەکە نییە، بەڵکو دیالۆگێکی ئەدەبی قووڵە هەر لە ناونیشانەکانیانەوە دەست پێ دەکات. گۆگۆڵ، بە هەڵبژاردنی “لووت” وەک ناونیشانی چیرۆکەکەی، ئەندامێکی دیاری جەستە هەڵدەبژێرێت، ڕۆڵی لە ناسنامە و دەرکەوتنی کۆمەڵایەتیدا هەیە. ڕۆسیش، بە هەمان شێوە، “مەمک” هەڵدەبژێرێت – ئەندامێک بە سروشت و سێکسێتی ژنانەوە پەیوەستە. ئەم هەڵبژاردنە، لە هەردوو چیڕۆکدا، دەستپێکێکی ئایرۆنییە بۆ ئاماژەدان بە شێواندنی ناسنامە و پێگەی کۆمەڵایەتی. خەمی گەورەی کۆڤالیۆڤ ئەوەیە بە بێ لووت ناتوانێت کچی ژنێکی خانەدان بخوازێت، خەمی گەورەی کەپێشیش ئەوەیە وەک مەمکێک چیدی ناتوانێت درێژە بە ئارەزووە سێکسییەکان بدات.

٤. ئەنجامێک یان گەڕانەوەیەک بۆ وشترەکە

کورتەڕۆمانی “مەمک” ی فیلیپ ڕۆس لە درێژەدان بە ترادیسیۆنی فانتازیای ژیانی ڕۆژانە، خودی فانتازیای ناباو و نالۆژیکی گۆگۆڵ دەکاتە بابەتی چیڕۆکەکەی. بەمەش نەک هەر ددان بە نالۆژیکی فانتازیایەکی ئاوا دادەنێت، بەڵکو هەر لۆژیکێک لە دەرەوەی زمان و ئەدەبیات ڕەت دەکاتەوە. گەر بەپێی “مەمک” بگەڕێینەوە بۆ چیرۆکی پێغەمبەر ساڵح و وشترەکەی (ئەو چیڕۆکەی لە منداڵی پێی سەرسام بووم) و بپرسین: چۆن کەسێک دەتوانێت وشترێک لەناو بەردێک بێنێتە دەرەوە؟

دەتوانین ئاوها وەڵام بدەینەوە: پێویستمان بە خوداوەندێک نییە تا باوەڕ بەمە بێنین، بەڵکو بە هێزێکی ئەدەبی و توانایەکی موعجیزەخوڵقێنە لە هونەری داڕشتن و چۆنیەتی گێڕانەوەدا. بەمجۆرە نە ساڵح پێویستی بەوەیە پێغەمبەر بێ تا بتوانێت وشترێک لە بەردێک بێنێتە دەرەوە و نە گەلی سەموودیش بەهۆی گومڕابوونیان سزا بدرێن. موعجیزەی هەرە گەورە ئەوەیە لەناو زمان و ئەدەبیاتدا ڕوودەدات. 

سەرچاوەکان:
Günther, Johannes von. *Von Russland will ich erzählen.* Südwest Verlag Neumann & Co. K. G., 1986.
Roth, Philip. *Die Brust.* Rowohlt Taschenbuch Verlag GmbH, 1998.
 Gogol, Nikolai. *Petersburger Erzählungen.* Übersetzt von Arthur Luther, Insel Verlag, 2011.
 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *