شاماران

کولتور و زانست، میدیای نوێ

مارمێلکەی زاگرۆسی یان بووکەبارانەی کوردان


بووکەبارانەکەی کوردان لە نمایشگاکانی ئەوروپا بە مارمێڵکەی زاگرۆسی ناسراوە

مارمێلکەی زاگرۆسی، ناوە زانستییەکەی ( Neurergus kaiseri) یە. لە ساڵی ١٩٥٢ لە لایەن کاڕڵ پاتەرسۆن شمیت تۆمار کراوە کە ناوبراو لە ورمێ دیویەتی. ئەم مارمێلکەیە تەنیا لە ناو کانیاو و جوگەلە ڕوون و پاکەکانی ئاوەکانی زاگروس هەیە و لە ناوەندی زانستیی و بیۆلۆژیدا بەو ناوە دەناسرێ، بەڵام  لە ناوکورداندا بووکەبارانە و ئاوڕوونکەرەوەیشی پێ دەڵێن.

مارمێلکەی زاگرۆس (بووکەبارانە) ١٠ بۆ ١٥ سانتیمەتر درێژە و ڕەشە. لەناو رەشیەکەیدا خاڵی زەرد و سپی بەرچاوی تێدان بە جۆرێک وەک دیمەنێکی هونەریە و لە هەمانکاتدا دڵکەرەوەیە. ئەمڕۆ ئەم مارمێلکەی وا تەنیا لە ئاو و رووباری شاخەکانی زاگرۆس هەیە و بە سروشت و ژینگەی کوردستانەوە وابەستەیە.

لە نمایشگاکانی ئەوروپا و ناوەندە بیۆلۆژیەکاندا وەک مارمێلکەی زاگرۆس دەناسێنرێت و خەڵکی بە خۆشحاڵییەوە وێنەی لێ دەگرن، بەڵام لە ناوەندەکانی پەروەردە و فێرکاری کوردستاندا و هەروەها لە زانکۆ و سەنتەرەکانی توێژینەوەدا وەک زۆری شتی دیکەی دابڕاو و تاراوگەبوو، هەم وەک کلتوور و هەم هەم لایەنی بیۆلۆژی بوونی نییە .

مارمێلکەکە تەنیا زیندەوەرێک نییە لە ڕووی بایۆلۆژییەوە جێی سەرنج بێت، بەڵکو چۆتە ناو فەرهەنگ و کولتووری کوردانەوە. لە وەرزی بەهاراندا ئەم بووکە خاڵخاڵە لەناو کانیاوەکانی کوردستاندا کە لە دڵی چیاکاندا هەڵدەقوڵێن، ئارام دەڕوات و سەما دەکات. چونکە زۆر بە ئارامی بەناو ئاوەکەدا دەڕوا و خۆی نمایش دەکات، بۆیە خەڵکی زۆرجار پێی دەڵێن “ئاوڕوونکەرەوە”.

کوردەکان لە وشکەساڵیدا لەبەری دەپاڕێنەوە بشکم دەرکەوێ و مژدە بارینی باران بێنێ

لە لایەکی دیکەوە، خەڵکی کورد کاتێک باران نابارێت، بووکێک بە بەرگی گەڵا و گیاوە لەبەر کیژۆڵەیەک دەکەن. جا بە گۆرانیی و تەپڵ سەماوە بۆ بارانبارین پەنا بۆ مارمێلکەی بووکەبارانە دەبەن تا لە ڕێگەی ئەم بووکە مرازی بارینی باران بێتە دی و خۆیشی دیسان دەرکەوی، چونکە ئەم مارمێڵکە پێوەندی پتەوی لەگەڵ ئاو و باراندا هەیە و پێوە گرێدراوە.

لە دێرینەوە لە ناوچەکانی کوردستان (ورمێ، هەورامان، ئیلام و کرماشان و لوڕستان) زۆر ناوچەی‌تر ئەم زیندەوەرە چکۆلەیە وەک سیمبۆڵێک، پردێک بۆ گەیشتن بە مهیرەبانی و هێزی سرووشت و ژیان و باران تەماشا دەکرێت.

مەڕاسیمی بووکەبارانە کوردان ڕەگی لە کۆمەڵگای سروشتی دایە

ڕێوڕەسمی بووکەبارانە، پێوەندی کۆنی کوردمان بە کۆمەڵگەی سروشتییە بۆ بەیان دەکات.  ئەم کلتوورە بۆ بەر لە ئایینی ئیبراهیمی دەگەڕێتەوە واتا کۆمەڵگەی سروشتی. لەناو کورداندا مارمێلکە بە زیندەوەرێکی ناپەسەند و شووم سەیر ناکرێت، بەڵکو ڕوویەکی فانتازی و ستاتیکی هەیە، تەنانەت خەڵکی کاتێک لە ئاواکاندا دەیبینن، دڵیان پێ خۆش دەبێ و دەم‌بەبزە، لێی دەڕوانن.


Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *