ڕێبین خدر: «لای من بیرۆکەکان بنەڕەتی نین، بەڵکو وێنەکان گرنگن. هەر شتێک نەبێتە وێنە، ناتوانم بینووسم!»
چاوێکی منداڵانە لە ژێرزەمینی ئەدەبیاتدا
شاماران پرسیار لە ڕێبین خدر دەکات
هاوکات لەگەڵ کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ (ساڵی دامەزراندنی ماڵپەڕی شاماران)، بە پێویستمان زانی ڕوو لە نووسەرێکی هاوکار و چالاکی بەشی ئەدەبیاتی ماڵپەڕەکە بکەین، ئەویش «ڕێبین خدر»ـە. وا بڕیار بوو دیدارێکی فراوانی ڤیدیۆیی بێت، بەڵام لە یەکەم هەنگاودا بەم کورتیە و بە نووسین جێبەجێ کرا و چەند پرسیارێکمان ئاراستەی کرد. پرسیارەکان کۆمەڵێکن لە پرسیاری زیاتر کە بۆ تۆماری ڤیدۆیی ئامادە کراون.
شاماران: ئێمە دەمێکە یەکتر دەناسین. لە سەردەمی زانکۆوە تا ئێستا… ئەوەندەی بیرم بێت، ئەو کاتەش دەتنووسی؛ بەڵام لەچاو ئەوەشدا دەرنەکەوتوویت. هۆکارەکە چییە؟ بۆ خۆت دەشاریتەوە؟
ڕێبین خدر: پێم وایە بیست ساڵ دەبێت یان زیاتر. هۆکارەکە ئەوەیە حەزم کردووە ئەگەر دەریش بکەوم، لە ڕێی هێزی نووسینەکانمەوە بێت (ئەگەر هێزێکیان هەبێت!)، نەک ڕێگەیەکی دیکە.
شاماران: باشە، پێدەچێت ئەم باسە لقوپۆپی لێ ببنەوە ئەگەر لێی بدوێین. حەزت لەو لقوپۆنانە هەیە؟
ڕێبین خدر: نا، سوپاس! ڕەنگە بەمە پێ بنێینە ناو باسێکی دیکە و بەئاسانی لێی نەچینە دەرەوە.
شاماران: دەپرسم: دوایین کتێب لە ساڵی ٢٠٢٥دا خوێندبێتتەوە، کامە بوو؟
ڕێبین خدر: ڕۆمانی «وەسیەتنامە فەرەنسییەکە»ـی ئاندرێی ماکینە.
شاماران: هیچ ڕستەیەکی ڕۆمانەکەت لەبیرە؟
ڕێبین خدر: دوایین ڕستەی ڕۆمانەکە: «هەر تەنیا لە وشەکانم کەم بوو، تا بتوانم چیرۆکەکە بگێڕمەوە.»
شاماران: ئەی تۆ لە چیت کەمە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکێکی خۆت؟ بیرۆکە یان وشە یان چی؟
ڕێبین خدر: ئەگەر بگێڕمەوە، لەپێش هەموو شتێکدا دڵبەندی وێنەکانم؛ نە چەمک، نە بیرۆکە، بەڵکو تەنیا وێنە. وێنەکە بۆ خۆیم کێش دەکات.
شاماران: یان من تێنەگەیشتم، یان تۆ قورسی دەکەیت؟
ڕێبین خدر: ویستم بڵێم بۆ گێڕانەوەی چیرۆکێک (یان هەر ژانرێک)، بیرۆکەکان لای من بنەڕەتی نین، بەڵکو وێنەکان گرنگن. زۆر بیرۆکەی سەرنجڕاکێش لەسەر کاغەز یان شاشە دەتوێنەوە. هەر شتێک لای من نەبێتە وێنە و نەتوانم بیبینم و وێنای بکەم، ناتوانم بینووسم. ڕەنگە سەرەتا ژوورێک بێت و پەرداخەئاوێک، دواتر وردە وردە وێنەکە وێنەی دیکە بۆ خۆی پەیدا دەکات. کاتێک من دەنووسم، پێویستە وێنەکان یەکدی بەدوای خۆیاندا ڕابکێشن، دەنا کارەکە سەر ناگرێت.
شاماران: کەواتە پرۆسەکە زەحمەتی زۆری دەوێت؟
ڕێبین خدر: ئەگەر سەرت ماکینەیەک بێت و بیرۆکە و چەمک و هەر شتێک کە هەیە، بیکاتە وێنە، نووسین ئەوەندەش قورس نییە.
شاماران: با بێمە سەر وتارەکانت لە بەشی ئەدەبیاتی شاماران. من پێم وابوو کەمێک ئاڵۆز دەنووسیت. بە دڵی من بێت، دەتتوانی سادەتر و ڕوونتر بیت، هەندێک جاریش وشە و چەمکە نائاشناکان بناسێنیت. هەڵەم؟
ڕێبین خدر: نا، هەڵە نیت. وتارەکان تا ڕادەیەک لەسەر شێوەی تێکستی ئەدەبی دەنووسم. ئامانجم تەنیا گواستنەوەی زانیارییەکان نییە، بەڵکو مامەڵەیەکی کەسییە لەگەڵ زانیارییەکاندا. لەبارەی حاجی قادری کۆیییەوە نووسین و کتێبی باش هەن، بەڵام پێم خۆش بوو بزانم: بۆچی خونچەگوڵێک، من بە توندی بە حاجی قادرەوە گرێ دەدات!
شاماران: ئەگەر ئەدەبیات ماڵێک بێت، ڕێبین لە کوێی ماڵەکەدا دەژیت؟
ڕێبین خدر: ژێرزەمین!
شاماران: لە سەرەتاوە پێم گوتی حەزت لە خۆشاردنەوەیە!
ڕێبین خدر: ئەگەر ئارام بێت و کەمێک شێی هەبێت، مرۆڤ دەتوانێت بە ئاسوودەیی شیعری تێدا بنووسێت.
شاماران: بۆیە شیعرەکانت تاریکن؟
ڕێبین خدر: ڕەنگە!
شاماران: لە زۆر لە شیعرەکانتدا منداڵێک هەیە. ئەحمەدی مەلا نووسیبووی: « ڕێبین بە چاوێکی منداڵانەوە لە جیهانی گەورەکان دەڕوانێت.» ئەو منداڵە خۆتیت؟
ڕێبین خدر: پێم وایە لە سەرەتادا خۆم بووبم، بەڵام مەرج نییە «من»ـی ناو هەموو شیعرەکانم من بم. لای من، (من)ی شیعری خۆگۆڕکێ دەکات و دەکرێت ببێتە کەسی دیکە یان کەسانی دیکە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم چاوە منداڵانەییە هەیە، نەک هەر لە شیعرەکان، بەڵکو لە ڕۆمان و شانۆنامە و چیرۆکیشمدا. لە کتێبی شیعریی «بە ١٤ ڕێگادا» زیاتر دەبینرێت.
شاماران: شیعرەکانت توند و سارد دەردەکەون، هەموو شتێکیشیان تێدا ڕوو دەدات؛ تەنانەت ئەوەش کە (لەناو جلشۆری ماڵە دراوسێکەتاندا خەون دەبینیت!)، ئەم جیهانە شێواوە واتای چیە؟
ڕێبین خدر: من یەک کتێبی شیعرییم لە ساڵی ٢٠١٢ بڵاو کردووەتەوە و بەم دواییانەش چەند شیعرێک. ڕەنگە هێڵێکی هاوبەش لە نێوان هەموویان بەدی بکرێت، بەڵام هەر لەناو کتێبەکەشدا شیعری لە یەک جودا هەن. لە کتێبەکەدا وەک گوتمان گۆشەی چاوی منداڵ، وێنەی پارچەپارچە، جیهانێکی هەڵگەڕاوە هەیە. زمان، زمانی هەستوسۆز یان ڕۆمانسی نییە. بۆ من شیعر هەر لە سەرەتای سەرەتاوە جۆرێک لەو جیهانە تێکئاڵاو و شێواوە بوو؛ نەک هەر لە ئاستی وشە (ڕەق و توند)، بەڵکو لە ڕووی بیناشەوە لێکترازاو و لەبەریەکهەڵوەشاو. جۆرێک لە جیهانێکی ئەپۆکالیپتی (جیهانێکی قیامەتئاسا) کە خودی زمان و شیعریش لێی دەرباز نابن.
شاماران: ئەم جیهانە قیامەتئاسایە، لە جیهانی ئاڵۆزی مۆدێرن دەچێت. کەواتە دەتەوێ شیعرەکانت لەباتی ئەوەی ڕۆمانسی بن و هەستوسۆز جۆش بدەن، فیکری و فەلسەفی بن ؟
ڕێبین خدر: لەپێش هەموو شتێکدا گرنگە جوان بن. لە ڕووی هونەری شیعرییەوە ئاستێکیان هەبێت؛ ئەمە بۆ من لە هەموو شتێک گرنگترە.
شاماران: تۆ ڕۆمان و شانۆنامەش دەنووسیت. بۆ من ڕۆمانی «باڵۆنێک لە ئاسمانی سووردا» تایبەت بوو. تۆ لەوێدا جیهانی هونەر لە بەرانبەر جیهانێکی داخراوی ئایینی و کۆمەڵایەتی ڕادەگریت؛ ئادەمی کارەکتەر، جیاوازە لە ئادەمی ئایینەکان. لە کاتێکدا ئادەمی پێغەمبەر کەسایەتییەکی ئەخلاقی و پێغەمبەری ڕاست و هەڵەیە، ئادەمی تۆ دژ بە ئەخلاقی سەپاوە و دژ بە شەپۆلەکە هەنگاو هەڵدێنێت.
ڕێبین خدر: ئەوە یەکەم ئەزموونەکانی ڕۆماننووسینم بوو. ئێستا دەڵێم: دەبوو زۆر باشتر بمنووسیایە. بەراوردکردنی دوو ئادەمەکە لە جێی خۆیەتی. گێڕانەوەیەکە لەسەر سنوورەکانی خەون و واقیع دەڕواتە پێش. بۆ من چێژێکی زۆری هەیە کاتێک ئەم سنوورانە تێکەڵ دەبن.
شاماران: ئادەمی پاڵەوان دوای مردنی لەو دنیاش ناحەسێتەوە. وەک بڵێی سیستمی خواوەندان هەڵدەوەشێنێتەوە. نازانن بینێرنە بەهەشتێ یا جەهەننەمێ. دواتر بەناچاری دەیگەڕێننەوە بۆ سەر زەوی، بۆ؟
ڕێبین خدر: ئادەم خەونێکی تاکەکەسیانەی هەیە. نە لە کۆمەڵگەیەکدا کە بە کۆمەڵ خەون دەبینن هەڵ دەکات، نە دادگایەکی یەزدانییش کە ئەم تایبەتمەندییە تاکانەیە نابینێت و پەیڕەوی لە باش و خراپێکی یەکلاکەرەوە دەکات.
شاماران: دواتر شانۆنامەشت نووسی و خەڵاتی دانا ڕەئووفت بۆی وەرگرت. بەڵام من هێشتا نەمخوێندووەتەوە. حەز دەکەیت خۆت باسی بکەیت؟
ڕێبین خدر: ناتوانم باسی بکەم؛ ئەگەر بمتوانیبایە باسی بکەم، نەمدەنووسی. ئەوەندە دەڵێم ناونیشانی شانۆنامەکە «بێژەر»ـە و حەوت پەردەیە. لە یەکێک لە پەردەکاندا کەسێک کرمێک قووت دەدات. لە پەردەیەکی دیکەدا نووسەری کۆڵۆمبی «گابریێل گارسیا مارکیز» دێتە سەر تەختەی شانۆ.
شاماران: بۆچی لەسەر ژانرێک نانیشیتەوە و هەرجارە و جۆرێک دەنووسی؟
ڕێبین خدر: ڕاستت دەوێت، حەزم لە «نێوانژانرەکان»ـیشە. بۆ نموونە تێکست هەیە، شتێکە لەنێوان ڕۆمان و شیعر، یان شانۆنامە و چیرۆک. ئەوەی حەزی لەم نێوانژانرانە بێت، تا هەتایە ناحەسێتەوە؛ لەو ژوور دەچێتە ئەو ژوور. سەرەنجام سەر لە ژێرزەمینەکە دەردێنێت.
شاماران: ئەم ژێرزەمینە یا ئەوەی دنیایەکی دیکە درووست دەکەیت بە جۆرێک هەڵاتن و خۆدزینەوە نیە لە واقیع؟
ڕێبین خدر: پێموایە هەڵاتنە لەو وێنە باوە و زاڵەی ئێمە بۆ واقیع هەمانە. لای ئەوانەی واقیع تەنیا گرێ دەدەنەوە بە چەند شتێکی دیارییکراوی زەق، شتە چکۆله و پەنهانەکان، شتە ڕیشەیی و نەگوتراوەکان فەرامۆش دەکەن، بێگومان هەڵاتننە. کەسانێک هەن خۆیان بە نوێنەری واقیع دەزانن، کەچی تەنیا نوێنەری ڕوانینێکن بۆ واقیع. ئەدەبیات سەروکاری لەگەڵ [واقیعەکان] هەیه، نەک تاکە واقیعێک. ئەوەی تەنیا دەستبەکاربوونی وەزیری ناوخۆی لە پۆستەکەی بە واقیع بزانێت، وەسفکردنی وردی ڕووخساری پەپوولەیەکی لە خەونی منداڵێکدا، پێ هەڵاتنە لە واقیع!
شاماران: ژانری ساڵی ٢٠٢٥ـی تۆ کامە بوو؟
ڕێبین خدر: شیعر و شانۆنامە.
شاماران: ئەوەندەی ئاگاداربم، دەتویست کتێبێک لەسەر ئەدەبیاتی ئەڵمانی بنووسیت؟
ڕێبین خدر: بەڵێ، توێژینەوەیەکە لەبارەی ئەدەبی ئەڵمانیی دوای جەنگ. بۆ من سەرنجڕاکێش بوو بزانم ئەڵمانیا کە دوای جەنگ هەڵسایەوە سەر پێ لە ڕووی ئابووری و سیاسی، چۆن توانی زمان و ئەدەبیاتیشی بخاتەوە سەر پێی خۆی؟ چونکە زمان و ئەدەبیاتی ئەڵمانیا لە سەردەمی هیتلەردا هیلاک کرابوو. دەبوو نووسەرانی دوای جەنگ زیندووی بکەنەوە. چییان کرد؟ ئەمە ئەو پرسیارە بوو منی هاندا لێی بکۆڵمەوە.
شاماران: ڕەنگە ئەم بابەتە پەیوەندیی لەگەڵ کورد و زمانەکەیدا دروست بکات، وایە؟
ڕێبین خدر: بەڵێ. دوو پایەی سەرەکی کە نووسەرانی ئەڵمانیزمان لە دوای جەنگی دووەمی جیهان کاری لەسەر دەکەن، بریتین لە: «زمان» و «یادەوەری». تا ئەمڕۆش لە هەر پێنج کتێبێکی ئەڵمانی، کتێبێکیان پەیوەندیی بە یادەوەرییەوە هەیە. بیرهێنانەوە لقێکی سەرەکیی ئەدەبی ئەڵمانیی دوای جەنگە.
شاماران: بیرهێنانەوەی جەنگ و ماڵوێرانییەکانت مەبەستە؟
ڕێبین خدر: بێگومان. دەسەڵاتی هیتلەر چۆن هات؟ بۆچی هات؟ بۆچی مایەوە؟ جەنگەکە چۆن بوو؟ چ شتێک لەناو چوو؟ ئێمە پێش جەنگ کێ بووین و دوای جەنگ بووین بە کێ؟ پرسیارەکان زۆرن و نابڕێنەوە.
شاماران: ئەوەی لە ڕابردوو نەکۆڵێتەوە، وەپێش ناکەوێت و ئایندەی نابێت؛ شتێکی ئاوا؟
ڕێبین خدر: جوانە. بیرهێنانەوەیەک کە هانمان دەدات بۆ لێکۆڵینەوە و تێگەیشتن، نەک بۆ مانەوە لە حاڵەتی قوربانیبوون و گریاندا؛ ئەمە ئەوەیە کە بۆ ئێمەی کوردیش پێویستە.
شاماران: کەواتە ئەدەبی ئەڵمانی چەند گرنگە بکرێتە کوردی؟
ڕێبین خدر: زۆر، بەڵام زۆر گرنگترە ئەگەر بە پەرشوبڵاوی نەبێت. لە زمانی ئەڵمانیدا کۆمەڵێک نووسەری زۆر گرنگ هەن؛ ئەگەر بە زنجیرە بکرێن و سەرجەمی بەرهەمەکانیان وەربگێڕدرێت، ناوازە دەبێت.
شاماران: بۆ نموونە کێ؟
ڕێبین خدر: بۆ نموونە: زێباڵد، ئینگەبۆرگ باخمان، ڕۆبێرت ڤالسەر و بێگومان تۆماس بێرنارد و تۆماس مان و…
شاماران: پێشنیاری خوێندنەوەی چ کتێبێک دەکەیت خوێنەرانی شاماران لە سەرەتای ٢٠٢٦دا بیخوێننەوە؟
ڕێبین خدر: پێشنیار دەکەم چیرۆکەکانی «ڕیمۆند کارڤەر» بە وەرگێڕانی “ڕاڤین کامەران” بخوێننەوە. چونکە شاماران بایەخ بە زانستیش دەدات، کتێبەکانی «فرانس دێ ڤال»ی ڕەفتارناس و زیندەناس پێشنیار دەکەم.«دێ ڤاڵ» لە ڕێی توێژینەوە لە مەیموون و سەرەتاییەکان، باسی زۆر گرنگی وەک [ئەخلاق] دەخاتەوە ژێر پرسیار و ڕووبەڕووی پێناسە و تێزە فەلسەفییەکان دەبێتەوە.
شاماران: دوایین قسەت لە دەرەوەی باسی ئەدەبیات؟
ڕێبین خدر: سەیرکردنی نمایش و جووڵەکانی «دیگۆ ئارماندۆ مارادۆنا»، چێژێکی هەیە نزیک لە چێژی خوێندنەوەی کورتەڕۆمانەکانی «مۆپاسان» و شانۆنامەکانی «ئێدوارد ئێلبی»!
ڕێبین خدر نووسەرێکی کوردە. ساڵی 1986 لە “پیرزین” (نزیک هەولێر) لەدایکبووە. لە ژانرە جیاوازەکانی ئەدەبیات دەنووسێت. خاوەنی [خەڵاتی دانا ڕەئووف 2023]یە بۆ شانۆنامە و خەڵاتی بۆ شیعر و چیرۆک وەرگرتووە. بژاردەی شیعرەکانی وەرگێڕدراون بۆ ئینگلیزی، ئیسپانی، عەڕەبی، فارسی. چەند چیرۆکێکیشی بە ئەڵمانی بڵاو بوونەتەوە. کتێبە چاپکراوەکانی تا ئەمڕۆ بریتین لە: (بە ١٤ ڕێگادا، کۆمەڵەشیعر ٢٠١٢)، (باڵۆنێک لە ئاسمانی سووردا، ڕۆمان ٢٠١٣)، ( زمان پایسکلێکی شکاو لێدەخوڕێت ٢٠٢٠)، ( بێژەر، شانۆنامە ٢٠٢٣).

















Leave a Reply