لە ئەڵمانیا، ٣١ی ئۆکتۆبەری هەموو ساڵێک بە ناوی ڕۆژی چاکسازیی ئایینی (Reformationstag) یاد دەکرێتەوە و لە هەندێک ئەیالەت پشووی فەرمیە.
ئەم ڕۆژە بیرهێنەرەوەی ئەو ڕووداوەیە کە لە ساڵی ١٥١٧ی زایینی، مارتین لووتەر (Martin Luther)، قەشە و پڕۆفیسۆری ئەڵمانی، ٩٥ خاڵی ڕەخنەیی خۆی لە دەرگای کەنیسەی شاری ڤیتنبێرگ (Wittenberg) هەڵواسی.
ئەم کارەی لووتەر بووە بناغەی جووڵانەوەیەک کە دواتر بووە هۆی جیاکردنەوەی کەنیسەی پرۆتێستانت لە کاتۆلیک و تەنانەت لەدایکبوونی ئازادیی بیرکردنەوە لە سەرتاسەری ئەوروپا.
ڕۆژی چاکسازیی ئایینی لە هەموو ئەڵمانیا پشووی فەرمی نییە. تەنیا لەو ئەیالەتانە (Bundesländer) کە زۆرینەی دانیشتوانیان “پرۆتێستانت”ن لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی وڵات، لەوانە: هامبۆرگ، نیدەرزاکسن، برێمەن، زاکسن، توورینگن، مێکلێنبێرگ-ڤۆرپۆمێرن، زاکسن-ئانهاڵت.
لە ئەیالەتەکانی کاتۆلیکی باشووری ئەڵمانیا، وەک بایرن (Bayern) و بادن-ڤویرتێمبێرگ (Baden-Württemberg)، یەکەمی تشرینی دووەم (Allerheiligen) بە ناوی “ڕۆژی هەموو پیرۆزەکان” پشووی فەرمییە.
ئەم چاکسازیی ئایینی دەکەوێتە هەمان شەوی هالووین.
ئەو شەوەی جیهانەکان تێکەڵ دەبن: لە چەندین کولتووردا، هالووین ئەو شەوەیە کە پێی وایە سنووری نێوان دنیای زیندووان و دنیای مردووان کاڵ دەبێتەوە. لە کاتێکدا گەورەکان لە کەنیسەکان یادی مارتین لووتەر دەکەنەوە، منداڵان بە جلی ترسناکەوە دەچنە سەر دەرگای ماڵان و بە ڕستەی بەناوبانگی: „Süßes oder Saures“ (شیرینی یان ترشی؟) چکلێت کۆ دەکەنەوە.
ئەم دوو بۆنەیە – یەکێکیان ئایینی و ئەوی دیکەیان کولتووری – هەموو ساڵێک لە تەنیشت یەکەوە دوو ڕووی جیاوازی ئەوروپای ئەمڕۆ نیشان دەدەن.
مارتین لووتەر و ٩٥ خاڵی ڕەخنەیی
مارتین لووتەر (١٤٨٣-١٥٤٦) لە خێزانێکی سادە بوو، بەڵام وەک پڕۆفیسۆرێکی ئایینی لە زانکۆی ڤیتنبێرگ، ناڕەزایی دەربڕی بەرامبەر بە ڕەفتاری کەنیسەی کاتۆلیک. گرنگترین ڕەخنەکانی کە لە ٩٥ خاڵەکەیدا خستییە ڕوو:
فرۆشتنی “بەڵگەنامەی لێخۆشبوون لە گوناهـ” و کڕینی بەهەشت بە پارە.
خراپ بەکارهێنانی ئیمانی خەڵک لەلایەن پیاوانی ئایینییەوە.
گۆڕینی ئایین بۆ بازرگانی.
قۆرخکردنی کتێبی پیرۆز بە زمانی لاتینی و نەزانیی خەڵک.
لووتەر دەیویست مرۆڤ ڕاستەوخۆ لەگەڵ خودا بدوێت، بەبێ ناوبژیوانیی کەنیسە. دواتر کتێبی پیرۆزی وەرگێڕایە سەر زمانی ئەڵمانی تا هەموو کەسێک بتوانێت خۆی بیخوێنێتەوە و بیر بکاتەوە.
لە دڵی ئەم جووڵانەوەیەدا، کەنیسەکانی پرۆتێستانت سەریان هەڵدا و وردە وردە بناغەی ئازادیی بیرکردنەوە و خوێندنی گشتی لە ئەوروپا دامەزرا.
ئایا لە ئیسلامیشدا چاکسازی (ڕیفۆرم) دەکرێت؟
لە ئیسلامدا دامەزراوەیەکی وەک کەنیسەی ناوەندی یان پاپا بوونی نییە، بۆیە چاکسازیی ئایینی بەو شێوەیە دروست نەبووە. لەگەڵ ئەوەشدا، لە مێژووی ئیسلامدا کوردەکان بە پێی کلتوری خۆیان گۆڕانیان تێدا کردووە و تەواو تەسلیم نەبوون و هەژار موکریانی قورئانی لە عەرەبیەوە بۆ کردوونە کوردی تا کوردەکان بزانن چی تێدایە واتا چاکسازیی ئایینی لە ئیسلامدا زیاتر بە شێوەی فیکری و تاکەکەسی پێشکەوتووە، نەک دامەزراوەیی و نەبۆتە جۆڵانەوەیەکی هەمەگیر.
سەرەڕای ئەوەش، هەمان ڕۆحی هاوبەش لە هەردووکیاندا هەیە: گەڕانەوە بۆ ژیر، ویژدان و ئازادیی ئیمان لە بەرامبەر دەسەڵاتی ئایینیدا.
ئەنجام
«ڕۆژی چاکسازیی ئایینی» بیرهێنەرەوەی ساتێکە کە تێیدا بیرکردنەوە لە دیواری کەنیسە تێپەڕی و ئیمان لە کۆیلایەتیی دەسەڵات ڕزگاری بوو.
ڕۆژێک کە بووە سەرەتای ڕێگایەک لە تاریکیی نەزانییەوە بۆ ڕووناکیی هۆشیاری – پەیامێک کە ئەمڕۆش، بۆ هەموو کولتوورەکان لە سەر دەستی ماتین لووتەر واتایەکی زیندوو و جیهانی هەیە.

















Leave a Reply