لە حەوتەمین خولی پێشبڕکێی نێودەوڵەتی وێنەگری “نیگای گەنجان بۆ ڕێگاکانی ئاوریشم” کە بە چاودێری یوونێسکو بەڕێوەچوو، فەربەد باوەیی، وێنەگری گەنجی خەڵکی شاری سەقز، توانی پلەی یەکەم لە پۆلی تەمەنی ١٨ تا ٢٥ ساڵ بەدەست بهێنێت.
ئەم پێشبڕکێیە بە ناونیشانی “ژن، پاسەوانی میراتی ڕێگاکانی ئاوریشم” لە نێوان ٢٦ی ئایار تا ٥ی ئابی ٢٠٢٥ بەڕێوەچوو و ژمارەیەکی زۆر وێنە لە ٨٥ وڵاتی جیهانەوە بۆ یوونێسکۆ نێردراون. ئەنجامە کۆتاییەکان و ناساندنی براوەکان لە ڕێوڕەسمێکدا لە ١٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٥ لە شاری پەکین ڕاگەیەندرا.
وێنەی هەڵبژێردراوی فەربەد باوەیی بە ناوی “سواری نەورۆزی لەناو ئاگر” (Horseback Rider at the Nowruz Fire) دیمەنێکی ئاهەنگی نەورۆز لە گوندی چەشمیدەر نزیک شاری سنە دەخاتە ڕوو؛ شوێنێک کە کچێکی گەنج بە ئەسپ بە ناو ئاگری نەورۆزدا تێدەپەڕێت و خەڵکیش بە جۆش و خرۆشەوە تەماشا دەکەن.
ئەم پێشبێڕکێ نێودەوڵەتیەی یوونێسکۆ بە مەبەستی پاراستنی کولتوری پێکهاتووە و ئەم وێنەی باوەیی وێنەیەکی کولتوری کوردە لە ئاهەنگی نەورۆز.
بەپێی پەیڕەوی پێشبڕکێکە، کامێرایەکی وێنەگرتنی پڕۆفیشناڵ وەکوو خەڵات دەدرێتە کەسانی یەکەم هەر یەک گرۆپی تەمەنی پۆلێنکراو. هەروەها کارە هەڵبژێردراوەکان لە ئەلبوومی تایبەتی “Youth Lens on the Silk Roads” بڵاو دەکرێنەوە و لە پێشانگاکانی یوونێسکۆدا نمایش دەکرێن.
داوەرانی هەڵبژاردنی باشترین وێنە بریتی بوون لە: «هانا ڕێیێس مۆڕاڵێس» لە فلیپین، «تاندیوه مووریوو» لە کینیا، «ئێمیلۆ مۆرێناتی» لە ئیسپانیا و «زێنگ یی» لە چین.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویانە: فەربەد باوەیی جگە لە بەدەستهێنانی پلەی یەکەم، کامێرایەکی پڕۆفیشناڵی فۆتۆگرافیشی وەک خەڵاتی تایبەت پێ بەخشراوە.
سەرچاوە:
یوونێسکو – Discover the Winners
UNESCO Silk Roads Photo Contest – Winners


















Leave a Reply