شاماران

کولتور و زانست، میدیای نوێ

404 ناسنامەی ئیرۆر… چیرۆک

404 ناسنامەی ئیرۆر

ئیتر ئەو “تاکە شتەم” کە لە ناو گشت شتێکدا ون بووم. تەنیا بۆشاییەکم کە لە ڕووبارەکەدا سەیری خۆی دەکات و دەپرسێت: “ئایا من هەرگیز هەبووم؟”

 

404  ناسنامەی ئیرۆر

چیرۆک … لە نووسینی  مستەفا مۆحسین

بەرەبەیانە. بێدەنگییەکە هێندە قورس دەوروبەری داپۆشیوە، وەک ئەوەی گەردوون کۆتایی هاتبێت. جەستەم لە ژێر پەستانێکی ئەتۆمیدایە. لە ناکاو، هەستم کرد پێستم خەریکە “زمان” پەیدا دەکات؛ هەزاران زمانی بچووک کە دەیانەوێت بقیژێنن. تیشکێکی ئاسۆیی لە سوچی پەنجەرەکەوە دەستی دا لە پەنجەکانم، وەک ئەوەی کبریتێک لە پڵیتەیەک بدەیت، دەستم دەستی کرد بە توانەوە. من مۆمم؟ نا، من “هەستی توانەوەم” لە جەستەیەکدا کە چیتر متمانەی بە ئێسقانەکانی نییە. ئێسقانەکانم لە شێوەی بسکێتێکی بەسەرچووە، کە لە ناو چایەکی گەرمدا، کورت و نەرم دەبێتەوە. خەریک بوو دەبوومە “تەنی شل”.
من ئێستا بەتریقم، لە ژوورێکی گەرمدا. تەنیا جەستەم نەبوو، مێشکیشم ساردییەکی دەویست بۆ ڕەق بوون. ساردکەرەوەی چێشتخانەکە، ئەو کەرستە بێدەنگەی لە گۆشەی ماڵەکەدایە، تاکە نیشتمانە بۆ من. بە سکەخشان، بەناو پاشماوەی توانەوەی خۆم و خەونە شێواوەکانمدا، بەرەو ئەو پەناگەیە خزام. دەرگاکەم کردەوە. هەوایەکی چڕ وەک تەم باوەشی پیاکردم. لە تەنیشت پارچە گۆشتە ساردەکاندا کە پێشتر ژیانیان هەبوو، پالکەوتم. دەمویست ببەسترێم. بەستن یانی مانەوە. بەستن یانی “من” نەگۆڕێم بۆ “ئەوی تر”. لە نێو ساردکەرەوەکە دەنگێک هەبوو؛ دەنگی مەکینەیەک کە دەیگوت: “تۆ لێرەیش هەر نامۆیت.”
دەرگا کرایەوە. دایکم.. ئەو ژنەی تەمەنی لە نێوان نان و نزا و مندا دابەش کردبوو، بە بینینی ئەم بەتریقە گەورەیەی ناو فرێزەرەکە، وەک ئەوەی بینایەکی گەورە لە ناویدا بڕووخێت، قیژەیەکی کرد. وەک دەنگ نەبوو، تەقینەوەی هەموو ئەو بەهایانە بوو کە ژیانی لەسەر بنیاد نابوون. بینیم چۆن ڕەنگی پەڕی و وەک دیوارێکی کۆن کە قڵیش ببات، جەستەی کونکون بوو؛ جەلدە وەک مارێکی ڕەش بە دەمارەکانیدا کشا و لەسەر زەوییەکەدا جێی هێشت. باوکم هات، ئەو پیاوەی هەمیشە دەیگوت “پیاو وەک بەرد ڕەق دەبێت”، ئێستا بە قێزەونییەوە سەیری ئەم “شکستە بایۆلۆژییە”ی دەکرد. بۆکسەکانی وەک تاشەبەردێک بەر سکە نەرمەکەم و پێلەقەکانی بەر پەراسووە ئاڵۆزەکانم دەکەوتن، هەستم کرد گۆشەنیگای ژوورەکە گۆڕا، فڕێی دامە بەردەرگا.
تیشکی خۆر.. ئای لەو بێویژدانە. زێڕینە! وەک چەقۆیەک پێستە بەتریق ئاساکەمی دەبڕی. لەو چرکەساتەدا، هەستم کرد خانەکانم خەریکە یاخی دەبن؛ ملم وەک هێڵێکی کێشراوی بێکۆتا بەرەو ئاسمان کشا. من زەڕافەم، بەڵام چ زەڕافەیەک؟ زەڕافەیەک کە مێشکی لە ناو هەورەکاندایە و قاچەکانی لە ناو زبڵدانی شاردا. لەو بەرزاییەوە بینیم خەڵک وەک مێروولە ڕادەکەن، بێمانایە ئەو هەموو ڕاکردنە. شێرێک لە گۆشەی کۆڵانەکەدا وەستابوو، چاوەکانی زۆر ئاشنا بوون، وەک دراوسێیەکی کۆنمان وابوو کە ساڵانێک پێشتر “مرۆڤ” بوو و ئێستا بەدوای نێچیردا دەگەڕا. بە چنگە کێوییەکانی جەستەمی دادڕی، بەڵام خوێنەکەم سارد بوو، وەک ئاوی فرێزەرەکە. ڕامکرد بۆ نزیک دارستان. لەبەر زامی برینەکانم، خەو بردمیەوە بۆ ناو تەمێکی غەلیز.
ئەمجارە چوارپەل بووم. گورگێکی تەنیا، کە لە جیاتی لوورە، شیعر لە قوڕگمدا قەتیس مابوو. لەسەر چیایەکی بەرز وەستابووم. چ تاقیکردنەوەیەکی سەختە؛ هەڵگری مێشکێکی مرۆیی بیت لە ناو جەستەی دڕندەیەکدا! هەڵخلیسکام، بەردەکان وەک مێژوو ڕەق بوون، کەوتمە ناو ڕووبارێکەوە. شەپۆلەکان منیان کێشا بە تاشەبەردەکان، لەهۆش خۆم چووم و بوومە ماسی. ماسییەک کە ناتوانێت بگری. لەو قووڵاییەدا، بێدەنگییەک هەبوو لە هیچ بێدەنگییەک نەدەچوو.
شەپۆلەکان فڕێیاندامە کەنار ڕووبار. جەستەم ڕەگی داکوتا و بوومە درەخت. سێوەکانم یەک یەک دەکەوتن، توند.. توند. کەسێک نییە بێت و پێم بڵێت بۆچی هیچ یاسایەک نییە بۆ کەوتنی من؟ “هەڵەیەکم لە سیستەمی گەردووندا”. گەڵاکانم وەری و وردە وردە جەستە دارینەکەم هەڵوەشایەوە و بوومە تەمێک و هەموو شتێکم شاردەوە؛ هەتا خۆشاردنەوەی گۆڕاوێکی دیکە. بەڵام نەمتوانی بیرەوەرییەکانی خۆم بشارمەوە. هێشتا کەسێک لە ناو مندا وەک پارچە شووشەیەکی جێماو لە ناو زامێکدا، هەمیشە دەبریسکێتەوە.
لەبەردەم ڕووبارێکم. ڕەنگدانەوەی لە ڕاستەقینە ناچێت، لەوێدا نە خۆم دەبینم و نە ئەو ئاژەڵانەی کە تێیاندا ژیام. تەنیا بۆشاییەک دەبینم؛ بۆشاییەک کە چاوەڕێی هیچ گۆڕانێکی دیکە ناکات. من ڕەنگە ئێستا کات بم، ئەو سزادەرە بێدەنگەی کە هەموو شتێک دەسڕێتەوە. دەترسم کۆتاییم نەیەت، چونکە من بوومەتە “بەردەوامیی ئازار”. لێرەدا دەبمە خەون و لەگەڵ یەکەم چاو هەڵهێنان، دەمرم، بیردەچمەوە. یانیش دەبمە هەموو گەردوون تەنیا بۆ ئەوەی خۆم بپێچمەوە و تێبگەم کە بوونی من، ڕێک ئەو خاڵەیە، کە گەردوون تێیدا کۆتایی دێت.
گەورەترین تراجیدیای من ئەوە نییە کە گۆڕام، یانیش ئەوەی دایکم جەلدە لێیدا و باوکم فڕێی دام بێ ئەوەی بپرسێت منداڵەکەی من نەبوو؟ گەورەترین سزا ئەوەیە، خودا ڕێگە دەدات ببیتە هەموو شتێک، ببیتە خۆڵ، ببیتە ئاو و مێژوو، تەنیا بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا بە دەمگریانەوە بزانیت کە هیچ کامیان “تۆ” نیت. تۆ تەنیا پاشماوەی گۆڕانکارییەکی بێ ئامانجیت لە ناو حەقیقەتێکی پارچەپارچەدا.
ئیتر ئەو “تاکە شتەم” کە لە ناو گشت شتێکدا ون بووم. تەنیا بۆشاییەکم کە لە ڕووبارەکەدا سەیری خۆی دەکات و دەپرسێت: “ئایا من هەرگیز هەبووم؟”


Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *