شاماران

کولتور و زانست، میدیای نوێ

موعتادەکان هامبۆرگ دەکەنە زبڵدان

هامبۆرگ لە جوانیەوە بۆ زبڵدان

هامبۆرگ لە شارە جوانەکانی سەر زەوییە، بەڵام ئێستا تووشبووانی ماددەی هۆشبەر، ئاسایش، پاکی و جوانیی شاریان خستووەتە مەترسییەوە.

لە سیستمی چاودێری و سەلامەتیدا ناوی ١٥,١٧٤ ئالوودەبوو بۆ یارمەتیدان تۆمارکراوە، بەڵام ئاماری بەکارهێنان بە ١٩٣ هەزار کەس لەقەڵەم دەدرێت و ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو زیادبوون دەچێت. بە پێی ئامارەکان ساڵی ڕابردوو ١٠٢ کەس لەو کەسانە مردوون.

لە شارەکەدا ٣٠ سەنتەری چاودێری، ڕاوێژ، سەلامەتی و تەرککردن بۆ یارمەتیی جۆراوجۆر هەن، بەڵام شارەوانی بە هەموو هەوڵەکانییەوە نە نەیانتوانیوە چاکیان بکەنەوە و نە دەشتوانن لە کۆڵ خۆیانیان بکەنەوە.

ئالوودەبووەکان لە هەموو گۆشە و کەنارەکانی جیهانەوە هاتوون، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵات و باشووری ئەوروپاوە. شەڕی نێوان فرۆشیارانی ماددەی هۆشبەر و پۆلیسیش وەک شەڕی فیلمی کارتۆنیی مشک و پشیلەی لێهاتووە.

سەنتەری شەمەندەفەرەکانی هامبۆرگ، شتایندام و ڕیپەربان، ئەو شوێنانەن کە زۆرترین ئالوودەبووی ماددەی هۆشبەری دانیشتووی تێدایە. زۆربەیان گیرۆدەی کۆکائین، کڕاک، هێرۆین و ماریجوانان.

ماددە هۆشبەرەکان هەستەکان و سیگناڵی تووشبووەکانیان تێکداوە؛ کردەوەی توندوتیژی دەکەن و ١٨,٠٧٤ دۆسیە لای پۆلیس لە ساڵێکدا تۆمارکراوە. جگە لە تێکچوونی باری دەروونی، هەندێکیان شەل بوون و باڵانسی جەستەیان تێکچووە. تیمەکانی شارەوانی بە خاوێنکردنەوەی ئەو شوێنانە ڕانادەگەن، زۆربەی هەرە زۆریان بۆنیان دێت. خەڵکی ئاسایی لە شەمەندەفەر و شەقامەکاندا بەدەستیانەوە ئازار دەچێژن. بەردەوام وەک کەلاکێکی بۆگەن داوای وردەپووڵ دەکەن. لەسەر شەقامەکان سەرئاو (توالێت) دەکەن. لە دوکانەکان شت دەدزن و بە هەرزان دەیفرۆشنەوە.

خەڵکی نزیک ئەم ناوچانە گلەیییان هەیە و داوای ئاسایش لە بەرپرسانی شار دەکەن، بەڵام دەوڵەت و شارەوانیی کانتۆنی هامبۆرگ بە گشت کەرتەکانیەوە بەدەستیانەوە گرفتار بووە و نەشیانتوانیوە هێنانی ماددەی هۆشبەر بنبڕ بکەن. ئیستا روخساری جوانی هامبۆڕگ بۆ هەزاران زبڵدانی بۆگەن لە گۆشە و کەنارەکاندا گۆڕاوە.

کلیک بکە بۆ بینینی ویدیۆ لە ئینستاگرام


Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *