- زیاتر لە سێ ساڵ و مانگێک بەسەر کوشتنی ژینا کچە کورد لەسەر زوڵفی تێپەڕ دەبێت و ڤیستیڤاڵە باڵاپۆشییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بڕەویان پێدراوە بۆ داپۆشینی زوڵفی ژیناکان، بەڵام لە هەرەمی باڵای دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی مەمک و زوڵفەکانی کچی عەلی شەمخانی و دەوروبەری دەبنە هەواڵی گەرمی میدیاکان و منداڵەکانی خۆیان پێ باڵاپۆش ناکرێن، بەڵام هەڵمەتی باڵاپۆشی بۆ کچە کوردان رێک دەخن، ئەمەش ئەوپەڕی دووڕوویی دەسەڵاتی ئیسلامی دەردەخات.
میدیاکان باس لەوە دەکەن کە ئەم زەماوەندەی ستایش (فاتیمە) کە ناوی خۆی بۆ ستایش گۆڕیوە لە هۆتێلی پێنج ئەستێرەی “ئیسپیناس”ی تاران و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵێک زیاتر پێش ئێستا. ئەوەی بووەتە باس ئەوە نییە کە بنەماڵەی شەمخانی دەوڵەمەندن و زەماوەندەکە شاهانەیە، بەڵکو پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: خەڵک دەپرسن بۆچی ژینا ئەمینی و هەزاران کەسی تریان لەسەر لەچک کوشتووە و یان نابینا و دەستبەسەرتان کردوون و حوکم و ئەشکەنجەتان داون؟
خەڵک دەپرسن بۆچی خۆتان بە سەرڕووتی و سنگی ئاواڵاوە و مەمکی یاخی دوور لە یاسا و شەریعەتی خۆتان کە خۆتان لە هەرەمی دەسەڵات دان، نمایش دەکەن، بەڵام دەرسی باڵاپۆشی و پەروەردەی ئیسلامی بە خەڵک دەڵێنەوە؟ ئەوە لە کاتێک دایە بنەماڵەی خودی شەمخانی و زاواکەی عەڕەبن، جلی عەرەب لەبەر ناکەن، بەڵام هەندێ کورد ساویلکە لە باشوور و ڕۆژهەڵات فریوی شەپۆلە توندڕەوە ئایینیەکان دەخۆن.
ئەم پرسیارانە هەم یاسای کۆماری ئیسلامی و هەم بەرپرسانی ڕژێمی سێدارە و ماهییەت و پەروەردە و ئیرشادی ئیسلامی بردووەتە ژێر پرسیار. پرسیارەکان ئەوەندە حەقن کە کەلێنێکی گەورە لە نێوان دەسەڵات و خەڵکدا دروست بووە. سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادی”، نە تەنها جەماری یاخی کردووە، بەڵکوو وای لە منداڵانی بەرپرسانیش کردووە گوێڕایەل نەبن. شەپۆلی یاخیبووەکان لە ئاستێک دایە کە “پۆلیسی ئەخلاق”، تیایدا پاشەکشەی کردووە. تەنانەت بە ئەپلیکەیشن و دووربینی چاودێری خەڵکەکە کۆنتڕۆل ناکرێ، ژنەکان پۆششی ئیسلامییان لاداوە و هەیبەتی کۆماری ئیسلامییان شکاندووە.
عەلی شەمخانی کێیە؟
شەمخانی عەرەبێکی ئەهوازییە کە دژی ساواکیش کاری کردووە و دواتر فەرماندەی سوپای پاسداران بووە لە شەڕی ئێراق و ئێران، وەزیری دەیەمی بەرگری بووە، فەرماندەی سوپای دەریایی و زەمینی بووە. کاندیدی سەرۆککۆماری بووە و بە فەرمانی خامنەیی ئەندامی حەقیقی بەرژەوەندییە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی بووە. لە شەڕی ئێران و ئیسرائیل فەرماندەی عەمەلیات بووە. بە کورتی بنچینەی ئەسڵی کۆماری ئیسلامی و هاوڕێی موحسن ڕەزایی و دەست بە سنگی عەلی خامنەییە.

عەلی شەمخانی ڕاوێژکاری خامنەیی
بەڵام سەرەڕای ئەمەش فاتمەی کچی پێ پەروەردەی ئیسلامی نەدراوە و فاتمە هەم بە ناوی باوکی ڕازی نییە و دەیکات بە ستایش و هەمیش پۆشاکی ئیسلامی پەسەند نییە و بە پۆشاکی نائیسلامی زەماوەند دەکات و باوکیش دەستی دەگرێت و پێشکەش بە مەهدی عەرەفاتی زاوای دەکات. لە لایەکی دی ئەوەش دەدەخات کە خودی شەمخانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی باوەڕی بە ئیسلام و پۆشاکی ئیسلامی نەماوە و فیلم بازی دەکەن و ئیسلام بۆ دەسەڵات و بازرگانی و بەرژەوەندی خۆیان بەکار دێنن.
پرسیار خەك و بە تایبەتی کوردی ڕەسەن ئەوەیە بۆچی کە کچی خۆتان بە پۆششی ئیسلامی زەماوەند ناگرن و پێتان قایل نابن و بە ناوە پیرۆزەکانی حەدیس ڕازی نین خێرە دێن لە سنە و بانە و سەقز مەراسیمی تاجی زێڕین لەسەر زوڵفی خەڵک دەنێن.
“تاجی زێڕین” دژی فەرهەنگی کوردە
لە ساڵی ٢٠١٢ باڵاپۆشکردن لە هەرێمی کوردستانەوە و هەڵەبجە تا ئێستا بە پێی زانیارییەکان بە دەستی یەکگرتووی ئیسلامی کە کۆپییەکی داد و گەشەپێدانی تورکیا و کۆمەڵی ئیسلامی کە کۆپی سیاسەتەکانی ئێران دەکات تا ساڵی ٢٠٢٤ حەوت ڤیستیڤاڵیان بۆ باڵاپۆشی لە شارەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، شارەزوور، ڕانیە، سەید سادق ئەنجام داوە بەناوی باڵاپۆشی و لەسەرنانی لەچکە لەژێر ناونیشانی تاجی زێڕین.
دوای سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی ئێران بە تۆڵەی ئەوە لە ڕێگەی ئیڕشادی ئیسلامی هاوشێوەی باشوور کە دژی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا دایانڕشتووە. دەستیان بە باڵاپۆشکردنی کچان لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، هەر بە هەمان ناو واتا تاجی زێڕین کە تیایدا تەنها لە یەک ڤیستیڤاڵ پۆششی ئیسلامییان لەسەر ٧٠٠ کچ ناوە، کە بووە هۆی ناڕەزایەتی کوردە ڕەسەنەکان.
کۆماری ئیسلامی بە بەهانەی دامەزراندن (گزینش) لە لایەک و لە لایەکی تر لە ڕێگەی دەمارەی هەژاری و کۆمیتەی ئیمداد ئەم کچانە بۆ ئیڕشادی ئیسلامی ڕێک دەخات تا نمایشی باڵاپۆشی وەک چالاکی ئیڕشاد ئەنجام بدەن کە لە هەردوو حاڵەتەکەدا ناچاری و زۆرلێکردنی تێدایە.
ئێران نەیتوانیوە لە بەرانبەر جلوبەرگی ڕەسەنی کوردی و هەڵپەڕکێ کە لەگەڵ ئیسلام ناکۆکی هەیە، ڕاستەوخۆ بکەوێتەوە جەنگەوە، بۆیە لەو ڕێگەیە دەیەوێت کولتوور و خۆڕاگری و ناسنامەی کورد بسڕێتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا لەناوخۆیاندا ناتوانن کچی خۆیان قایل بکەن بۆ نمونە کە ناوی “فاتیمەی پیرۆز” بێ. ناتوانن ڕێیان لێ بگرن کە پۆشاکی نائیسلامی بەکار نەهێنن.
لەسەر ناچارکردن بە پۆشاکی ئیسلامی ئاماری تەواو ڕانەگەیەندراوە، بەڵام لە هاوینی ٢٠٢٣ وتەبێژی قوەی قەزاییە ڕایگەیاند لە ماوەی ٤ مانگدا ٢٢٥١ کەسیان لەسەر پۆشاک پەروەندە بۆ کردۆتەوە. لەوانە ٨٢٥ کەس حوکم دراوە. ئەوە تەنها ئاماری چوار مانگە.
ئامارەکان ئەوەندە زۆرن کە نە دادگا و نە “پۆلیسی ئەخلاق” دەرەقەت جەماوەری یاخی نایە. بە جۆرێک کچان و ژنان بێسەرپۆش بە سەری ڕووت و سنگی کراوە، هاوشێوەی وڵاتە ئەورووپییەکان لە بازاڕ و شەقامەکاندان.
بە پێی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤی ئێران لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی تا پاییزی ئەمساڵ ئێران ٢٩٠٠ کەسی لە سێدارە داوە، ٥٥٠ نەفەری بە تفەنگ کوشتووە. لەوانە ٦٨یان منداڵ بوون و ٢٢ هەزار کەسی گرتووە. بەڵام ڕاوێژکاری خامنەیی نەیتوانیوە کچەکەی پەروەردەی ئیسلامی پێ بدات، ئەوە جگە لەوەی تۆمەتی گەندەڵی ماڵی و دزی ئاراستەی بنەماڵەی شەمخانی کراوە.
ئەو کارەی کچی شەمخانی بە پێچەوانەی لێدوانەکانی خامنەیی کە لە ڕۆژی چواری ئەپریلی ٢٠٢٣ باس لەوە دەکات کە لابردنی حیجاب حەرامی سیاسی و شەرعییە و زۆرێک لەو کەسانە نازانن، ئەو کارە دەکەن، بەڵام نازانن و مەسەلەی لابردنی پۆششی ئیسلامی بە ئیرادەی خەڵک نازانێت بەڵکو بە فیتنەی دوژمنی دەزانێت.
دەپرسین ئایا دەبێت شەمخانی کە ڕاوێژکاری خۆیەتی هەر نەیزانیوە، ئەگەر نا ئەو کارەی نەدەکرد؟!
ئەنجام
ئێستا ژینا لەسەر زوڵفەکەی لە قەبر دایە و هەزاران وەک ژینا لەسەر ئەو مەسەلەیە کوژراو و سزا دراون. ئێستا دەسەڵات وەک تۆڵەی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی سەدان کەسی بە ناوی ئیرشادی ئیسلامی لە کوردستان ئەڕکدار کردووە و دەستیان بە باڵاپۆشکردنی خەڵک کردووە و نانی لەسەر دەخۆن. بەڵام هەرەمی دەسەڵات لەودیو پەردەی کۆمەڵگا بە پێچەوانەی ئیسلام و یاسا سەرخۆشانە سەما و دەستبازی حەرام بە قەولی خۆیان دەکەن.
ئەی بۆچی بەشی میلەتی کورد کوشتن و توانەوەی فەرهەنگییە، بۆیە کورد پێویستە بە هۆشیارییەوە هەنگاو بنێت و ڕێگە نەدا مەلایە مارموولەکەکان کچانی ئێمە لە خشتە بەرن و فەرهەنگی ئێمە بتوێننەوە.
لە ڕاستیدا شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کە لەسەر بنچینەی فەرهەنگی کورد پەرەی سەند لە ئاستی جەماوەری سەرکەوتنی بەدەست هێناوە و بەرۆکی بنەماڵەکانی دەسەڵاتیشی گرتووە، بە جۆرێک کە ئیرشادی بە تاجی زێڕین و پۆلیسی ئەخلاق بە ئەپلیکەیشنەکان و کامێڕاکاندەرەقەت نایەت. ئەوەش ئاماژەیە بۆ داڕمانی فۆرم و یاسای کۆماری ئیسلامی بەم نزیکانە و دەسەڵاتی ئیسلامی بۆ هەتا هەتایە لەم سەرزەمینە دەبێت بە مێژوو و مەمکە یاخیەکانی ستایش موژدەی داڕمانی یەکجارەکی دەسەڵاتی ئیسلامیان داوە.
















Leave a Reply