شاماران

کولتور و زانست، میدیای نوێ

هەلە زێڕینەکان و تەڵە کوشەندەکانی ئیمڕالی

هەلە زێڕینەکان و تەڵە کوشەندەکانی ئیمڕالی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا

پاش سەردانی پشتپەردەی بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان عەبدوڵا ئۆجەلان، لەناو زیندانی ئیمڕالی، دۆخەکە لە چەقبەستوویی بۆ یاریە سیاسیەکان گۆڕاوە، من لەو وتارەدا بە لەبەرچاوگرتنی رووداوەکانی ناوچەکە باس لە هەلە زێڕینەکان و تەڵە کوشەندەکان دەکەم.

پێش ئەوەی بچمە ناو هەلەکان و تەڵەکان دەمەوێ بڵێم کە ناوچەکە دیزاین دەکرێتەوە، ئەو قالبانەی خۆ نەگۆڕن، دەدۆڕێن. پێشەنگایەتی ئەو دیزاینە ئەمریکا کردوویەتی و رۆڵی جێبەجێکاری بە ئیسرائیل دراوە کە شکاندن و چەمانەوەی دەوڵەتانی لێدەکەوێتەوە.

قسەکردن لەگەڵ ئۆجەلان ئەنجامی دەرهاویشتنی تورکیایە لە لایەن ئەمریکا و ئەوروپاوە، هەرچەندە تا ئێستا تورکیا دەستبەردار نەبووە و دواترین هەوڵەکانی تۆمەتبارکردنی ئێرانە کە پشتیوانی هێزەکانی سوریا دیموکراتە لە رۆژئاوای کوردستان، بەو ئۆمێدەی ئەمریکا پشت لە کورد و ڕوو لە تورکیا بکاتەوە. بە واتایەکی دی لە معامەلە بەردەوامە.

لەسەر پیامەکەی ئۆجەلان دەتوانم بڵێم بە تاکتیکی و زیرەکانە نووسراوە کە مەبەست کردنەوەی دەرگای داخراوە. ئێمەی کورد دەبێ وا تەماشای بکەین کە تەنها ئامرازێکە کە دۆخەکە لە چەقبەستوویی شەڕەوە بۆ دیالۆگی نادیار بگوازێتەوە. هەروەها بەهانەک بێت بۆ شکاندنی گۆشەگیری و هاوکات نیەتپاکی ئۆجەلان بۆ چارەسەری ئاشتیانە لە پیش چاوی دەوڵەت و کۆمەڵگای جیهانی.
بەڵام ئێمە با لە دەریچەیەکی‌تر بڕوانین، گەر پڕۆسەیەکی دیگەی شەڕ بێت. پاش پیامەکە شەڕ و ئۆپەراسیۆن بەدەوام بووە کە نە تەنها هێرش بۆ سەر هێزەکانی پاراستنی گەل دەکرێت، بەڵکو لە بەیاننامەی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان یەکی مانگی مارس ٢٠٢٥دا هاتووە کە ئاسۆس بۆمباران کراوە و هەروەها شەڕ لە رۆژئاوای کوردستان درێژەی هەیە و تەنانەت تورکیا بۆ بەدەستهێناوەی دڵی ئەمریکا لە ئێران توڕەیە. ئەوە لە کاتێک دایە دەوڵەت بە بڕیار دەتوانێ شەڕ ڕاوەستێنی، بەڵام گریلا دەبێ قانع بکرێ.

ئەو پیامە هەم بۆ دەوڵەت و هەم بۆ ئۆجەلان و تەڤگەرەکەی ریسکی گەورەیە. تورکیا چاوەڕوانی ئەوەش دەکات کە دووبەرەکی و خۆخۆری لەنێو گریلادا دروست بێت. گەر دروست بێت لە یەکەم تەڵە کەوتوین.

گەورەترین تەڵە و کوشەندەترین تەڵە ئەوەیە کە عەبدوڵا ئۆجەلان خاوەنداری لە رۆژئاوای کوردستان بکات و مەزلوم عەبدی و خۆبەرێوەبەرایەتی خۆسەر بڵێن با ئێمە لە ژێر فەرمانی ئۆجەلان داین، ئەو کاتە دۆڕاوین کە بە وردی باسی دەکەم.

خۆشبەختانە تا ئێستا مەزلوم عەبدی ئەو تەڵە کوشەندەیەی پوچەڵ کردۆتەوە کە وتوویەتی کە پیامەکەی ئۆجەلان ئێمە ناگرێتەوە.
دوور بێ، گەر دان بەوەدا بنێن، ئەوە زەمینەی یاسایی و حقوقی بۆ تورکیا دەرەخسێ بە بەهانەی رێکخسینی تیرۆریستی باکوری سوریا وێران و داگیربکات و دیسان لەگەڵ ناتۆ پێک بێتەوە و معاملە بکات.

بەستنی کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان و هەڵوەشانەوەی دەرفەتە کە تیایدا ئۆجەلان بەشدار و خاوەن پێشنیار بێت، چونکە ئەم پارتە لە ئاستی خەباتی سیاسی لە ئەوروپا و ئەمریکا بە هۆی ئەوەی لە لیستی تڕۆر دایە، بەربەستی دروست کردووە. گەر بۆ کۆنگرە کۆ ببنەوە و تورکیا بزانێت دوور نییە، لەناویان بەرێت کە ئەوەش دیسان تەلەیە کە دەبێ بە وریایی بێت، لەو تەڵەش نەکەون.

گەر پارتی کریکاران هەڵبوەشێتەوە، ئێراق بە کرداری داوای چوڵکردنی بنکە و باڕەگاکانی تورکیا لەناو خاکی خۆیدا دەکات کە ئەوەش بە زەرەری تورکیا تەواو دەبێت و هەموو لێکتێگەیشتنەکانیان لەسەر بابەتی ئەمنی کۆتایی دێت و خەونی ویلایەتی موسڵ و کەرکوک بە یەکجاری تەواو دەبێت.
لە لایەکیتر ئازادکردنی ١٠٠هەزار گیراوی دۆزی پارتی کرێکاران پێویستە ئازاد بکرێن.

هەنگاوی ئاقلانە بۆ کورد کە هێزیک لە ژێر هەر رەنگێکدا بێت چ پاسەوانی سنووری ئێراق ناویان بێت چ پیشمەگە شوێنی سەنگەرەکانی گریلا بگرنەوە و هاوکات داوا لە تورکیا بکرێت کێشەکانی ناوخۆیی خۆی چارەسەر بکات کە بۆتە هۆی سەرهەڵدانی چەکداری. ئەرکی وڵاتپارێزانی باشوری کوردستانە لە هێزی پاسەوانی سنووری ئێراق جێ بگرن، نەک کەسانێک کە بۆ بەرژەوەندی تورکیا لە ژێرەوە کار بکەن لەو سنورانە لەژێرناوی پاسەوانی سنوری ئێراق جێگر بن.

کورد لە هەڵوەشانەوەی پارتی کرێکاران دەتوانێت بکا بە دەرفەت، ئەو شەڕە سەختەی تۆنێلەکان نەکات و شوێنەکان بە هاوکاری هەرێمی کوردستان و ئێراق بداتەوە و گریلاکانی باشووری کوردستان ئەڕکی وڵاتپارێزی خۆیان ناو پێشمەرگە و بە پڕەنسیپەکانی پێشمەرگە مافی خۆیان وەرگرن و بەرپرسیارێتی خۆیانیش بەجێ بێنن. گریلاکانی رۆژئاوای کوردستانیش بگەرێنەوە رۆژئاوای کوردستان و بە ویست و ئارەزووی خۆیان لە کایەکانی ژیاندا بەشدار بن، گۆیا پارتی کرێکاران نەماوە، کەواتا هاتووینەوە بۆ ماڵێ.

خۆشبەختانە هەبوونی پارتی کوردی لە چوارپارچەی کوردستان بۆتە دەرفەتی زێرین لە هەموویان گرنگتر بوونی پارتی ژیانی ئازادی کوردستانە.
پاش هەڵوەسانەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان بە شەرتێک رۆژئاوا لە تەڵە گەورەکە نەکەوێ، پشتیوانیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە هێزەکانی سوریای دیموکڕاتیک و فراوانکردنی بۆ پشتیوانی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان دەرفەتێکی زێڕینە کە دەبێ برەوی پێ بدرێت و تیمەکانی دیپلۆماسی لە ئەمریکا و ئیسرائیل چالاک بکرین، خۆشبەختانە وەک باس دەکرێت کە وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل کوردە.
ئەم دەرفەتە بە پشتیوانی هەموو پارتەکانی رۆژهەڵات و گریلا بە ئەزموونەکان کە لە بەرەکانی دژ بە تورکیا گەڕاونەوە، کورد لە رۆژهەڵات بەهێز دەکات. هاوکات بە فشاری ئەمریکا یان ئێران بەرەو گۆڕانکاری ریشەیی دەبات یا بەرەو لەناوچوون. بۆ ئەوەش دەبێ بە شێوەی تاکتیکی و رەنگگۆڕین هەموو هێزە کوردیەکانی رۆژهەڵات یەک بگرن.

من پێم وایە تورکیا دوو لایەنە ئەم بابەتەی لێکداوەتەوە کە چۆن دەستی کورد لە ئێران و پشتیوانی بۆ باکور کورت بکات، بڕیاری جارجار بۆمبارانی پژاکی داوە. تورکیا لە ئێستاوە دەیەوێ لە ئەگەری هەڵوەشانی ئێران کوردەکان لە ئێران بەرانبەر ئازەریەکان لاواز بکات، هەمیش هاوکاری پژاک بۆ هێزی پاراستنی گەل کەم دەکاتەوە. پیامیش بە ئەمریکا دەدات کە واز لە پشتیوانی کورد بێنی دەتوانم ئێران بە ئازەریەکان تێک بدەم و بەردەوام تۆمەتی ئەوەی لە لایەن ئێران پشتیوانی دەکرێن زەق دەکاتەوە.

گەر جاران پارتی کرێکاران کوردستان لەگەڵ ئێران بە دیپلۆماسی کاری دەکرد لە ئێستا مۆڕەکانی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران لاواز بوون و لایەنگرانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان سزای سێدارەیان بەسەدا سەپێنراوە. بۆ پشتیوانی ئەوەی کە دیپلۆماسی کەجەکە لەگەڵ ئێران لاواز بووە، پشت بە وتارێکی ئەندامی بەرێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان رێوار ئابدانان دەبەستم کە دەنووسێت: “بەدەنەی ئێران ئالودەی پانتورکیزم بووە”، واتا هەرچەندە لەناوەند بڕیاریش بدرێت لە کرداردا کە بەدەنە جێبەجێی دەکات، جێبەجێ ناکرێت کە ئەوەش لە بەرژەوەندی تورکیا.
گەر لە تەڵە کوشەندەکان نەکەوین بەسەر دەرفەتە زێڕینەکاندا دەکەوین. لە رۆژهەڵاتی کوردستان تەنها بە پشتیوانی زلهێزەکان بەرانبەر هێزی تورک و فارسی فاشیست سەردەکەوین، چۆن ئەوان لە ڕووی ئابوری و تەکنیک و پشتیوانی بەهێزترن.

ئەو دەرفەتە زێڕینەی لە باشوری کوردستان بە بەهانەی داعش بۆ هەرێمی کوردستان دروست بووە و پێشمەگە سەروەری بەسەر موسل و کەرکوکدا هەبووە بە تەڵەی ڕیفراندوم لەناو برا و ٥١% خاکی بەپیت و کانزا و نەوت و ئاو و بەنداو لەدەستچووە کە دەتوانرا بە سیاسەت و تاکتیکیی نەرم تیایدا بەرقەرا بووباین.

لەو پڕۆسەیەدا شایەد کەسانێکی ئایدولوژی چەپ و رادیکال و تەنانەت ئیسلامی یاریکردن لەگەڵ بەرەی ئیسرائیل و ئەمریکایان پێ خۆش نەبێت و پێش لە دەرفەتە مێژوویەکان بگرن و لێمان ببنەوە بە “مەلیک مەحمود”ی سەردەم کە تۆقەی لەگەڵ بریتانیا نەکرد، ئەوانیش تۆقە لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا بە شوم بزانن، ئەوەش لە کاتێک دایە ئیسرائیل تەواوی تەقەمەنی جەولانی لەناو بردووە کە زیاتر لە ئیسرائیل بۆ کورد مەترسی بوون.

گەر لەو تەڵانەی باسم کردن نەکەوین ئەوە تەڤگەری ئازادی کوردستان لەهەر هەر چوارپارچەی کوردستان و مەیدانە ناودەڵەتیەکان هەموو سەرەکانی کراوە دەبێت. ئەگەریش تورکیا هەنگاوی چارەسەری دیموکراتیکی ناویشت ئەوە دیپلۆماسی ئەوروپادا تورکیا زەرەرمەند دەبێت و هەروەها لە هەڵبژاندنی داهاتوودا دەنگەکان بە یەکجاری لەدەست دەدات و رۆڵ دەدرێتەوە پارتە چەپ و دێموکراتیکەکان؛ بەڵام لە لایەکیتر تەڤگەر ئازادی رۆژئاوای کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان مسۆگەر دەکات و لە ئەگەری چارەسەنەبوونی کێشەکە دروستکردنی پارتێکی چەکداری‌تر دیسان لە تورکیا بەهێزتر سەر‌ەهەڵدەدات کە جارێکیتر لە لایەن زلهێزە جیهانیەکان ناخرێتەوە لیستی تیرۆڕەوە. لە ئەگەری چارەسەرنەبوونی کێشەی کورد لە باکور بێگومان قسەی ئۆجەلان وەدی دێت کە دەڵێت رێکخستن و پارتی دیسان دروست دەبنەوە، بۆیە دەسەڵاتدارانی فاشیستی تورکیا دواجار دەبێ پیاڵە ژەهرەکە نۆش کەن و تەڤگەری کوردانیش لەم نەورۆزە هەنگاوی مەحکومین بە سەرکەوتن دەنێت.


Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *