کڕۆکی بابەت ئەوەیە چۆن یاسا ئیسلامییەکانی دەوڵەتانی موسڵمان توندوتیژی لەسەر ژنان دەکەنە یاسا و چۆن ئەو کەسانەی لەناو ئەم سیستەمەدا پەروەردە کراون، کاتێک پێ دەنێنە وڵاتە ئازاد و ئەوروپییەکان، کێشە بۆ کۆمەڵگا ئازاد و سروشتییەکەی ئەوروپا و بە تایبەت بۆ ژنان دروست دەکەن و چارەسەری دەخاتەڕو.
لە دنیادا ٥ی سەرماوەز بەرانبەر ٢٥ی نۆڤێمبەر ڕۆژی توندوتیژی دژ بە ژنانە. ژنانی وڵاتانی پێشکەوتوو بۆ ماوەی هەفتەیەک بە چڕی هەوڵ دەدەن هەموو جۆرە جیاوازییەک لە نێوان ژن و پیاو لاببەن و پێگە و هەل بۆ ژن لە هەموو بوارەکاندا هەموار بکەن. ئەوە لە کاتێک دایە کە لە وڵاتە ئیسلامییەکان لە ڕێگەی یاساوە توندوتیژی بەرانبەر ژن دەکرێت.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نموونەی بەرچاو توندوتیژی وڵاتانی وەک ئەفغانستان، ئێران، سوریا و عێراقن. هەروەها ئەو پارت و ڕەوتانەی کە ڕەگی ئیخوان و موسڵمانی تێدایە، وەک پارتی دادوگەشەپێدان، توندوتیژی بە یاسایی دەکەن. ئەم پەروەردە ئیسلامییە تەنها سنووردار نییە بەم وڵاتانە، بەڵکوو سەرجەم ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە ئیسلام تیایاندا باڵادەستە.
توندوتیژی ئیسلامی بە یاسا دژی ژن
لێرەدا باسی ئێران وەک نمونەیەک دەکەین کە زیاتر لە ٤٠ ساڵە توندوتیژی سیستەماتیک دژی ژنان بە ئاشکرا لە یاسادا پەێڕەو و لە کۆمەڵگادا بە کلتوری دەکات. لە لایەک دەنگ و ڕەنگی دەشارنەوە و لە لایەکیتر بە یاساکانی ٢٣ و ٢٤ی بنەڕەتی، بانگەشەی ئازادی بیروباوەڕ و ڕادەربڕین دەکەن.
خوێندنی یەکسان بۆ هەموان باس دەکرێت، بەڵام وەرزشگا بۆ هەموان نییە، گۆرانی بۆ ژنان نییە، بێسەرپەرستی پیاو مافی سەفەری دەرەوەی وڵاتی نییە، مافی پۆشینی ئازادی نییە. ئەمانە نمونەی دەگمەن نین، سەتاپای ژیانی ژنان بەرتەسک کراوەتەوە، تەنانەت لە دادگادا ماڤی ژنکوشتنیش بە پیاو دراوە. ئەمە هەمووی فکری دەسەڵاتداری ئیسلامیە. منداڵەکان لە خوێندندا لێکجیادەکەنەوە و ژیانی ناسروشتی دەخوڵقێنن.
یاسا ئیسلامیەکان
یاسا ئیسلامییەکان کە لە میراتدا، لە دادگاکاندا، لە ڕادەربڕین و کارکردندا وەک یەک مرۆڤ مامەڵەی لەگەڵ ناکەن. بە یەک وشە نیوەبەشەرە. تەنانەت ڕێگە نادەن ژن ببێتە مەلای ژنانیش. ئەمەش لەکاتێکدایە کە جەستەی ژن بە پیس دەزانن و کاتی قاعدەی مانگانە ڕۆژوەکانیشی پەسەند نین و لە نوێژیش دەچێت و ناتوانێت بچێتە بەردەم خواکەشی، چونکە بە پیس دەزاندرێت.
توندوتیژییەکانی پەروەردەی ئیسلامی ئەوەندە زۆرن کە لە بابەتێکدا جێگەی نابێتەوە. بەڵام ئەو جیاوازییە ڕەگەزییە و توندوتیژییە یاسایی و سیستەماتیکە کە لە منداڵییەوە تا قۆناغەکانی دوایی تەمەنی پەیڕەو دەکرێت، ژیانی سروشتی کۆمەڵگای تێک داوە و بووەتە هۆی دروستبوونی کێشەی دەروونی و گرێی سێکسی. مزگەوتیش وەک ناوەندێکی سەربەم ئیدئۆلۆژیە هەفتانە ئەم یاسا و لۆژیکە توندوتیژە لە رێی مەلاکانەوە لە گوێی پیاوان دەچرپێنێ.
پەروەردەی ئیسلامی بۆتە هۆی تێکدانی کۆمەڵگای ئەوروپی
تاکەکانی پەروەردەکراوی ئەم سیستمە ئیسلامییە ناتوانن بە سروشتی تێکەڵ بە کۆمەڵگای ئەوروپی ببن. بۆیە پەنابەران و ئەو کەسانەی بۆ کار پێیان ناوەتە کۆمەڵگای سروشتی ئەوروپا، پیاوەکانیان بۆ ژنانی ئەوروپی بوونەتە دەردەسەر و زۆربەیان بە چاوی سێکسی مامەڵە لەگەڵ ژنان دەکەن و یان بە چاوی سووک تەماشا دەکەن، چۆن لە منداڵیەوە وایان بە گوێدا خوێندن کە ژن نیوە بەشەرە. ژن و پیاو لێک جیاکراونەوە، بە کوردەواری دەڵین نەدی بدین، ئەوە لە کاتێک دایە بابەتی سێکسی لای ئەوروپیەکان چارەسەر کراوە و تینوو و برسی نین.
برسیەتی سێکسی پیاوان بە پەروەردەی ئیسلامی ژنانی ئەوروپا ئازار دەدات، بەڵام ئەمە کێشەی تاکە کەس نییە، بەڵکوو کێشە لە پەروەردەی ئیسلامی دایە. ئەو دەوڵەتانەی ئەوروپا کاتی وەرگرتنی پەنابەران لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ئەم بابەتانەیان لێک نەداوەتەوە و هیچ پەروەردەیەکی دروست نادرێتە پەنابەر بۆ ئەوەی بە ڕێگای دروست تێکەڵ بە کۆمەڵگا بێت. هەڵبەت ئەمە تەنها یەکێک لە کێشەکانە کە پەنابەرە موسڵمانەکان دروستیان کردووە.
زلهێزەکانیش لە پەروەردی ئیسلامیدا تاوانبارن
دەسەڵاتدارانی ئەمریکایی و دەوڵەتانی باڵادەست خوێندنەوەی وردیان بۆ پەروەردەی ئیسلامی وڵاتانی موسڵمان نەکردووە، تەنها بیریان لەوە کردۆتەوە چۆن هوشیار نەبنەوە و چۆن بەکاریان بێنن. بیریان لەوە نەکردۆتەوە پەروەردەی ئیسلامی دواجار کێشەی کۆمەڵایەتی و ئاسایش بۆ خۆیان دروست دەکات، ئەگەرنا چۆن دەبێت ئەمریکا ئەفغانستان ڕادەستی تاڵیبان بکات و ئەحمەد شەرع گەورە تیرۆریست لە ئامێز بگرێت. بۆیە هەمیشە ئەم سیستمانە تیرۆریست بەرهەم دێنن تا ئازادیخواز.
بونیادنانی پەروەردەی تەندروست
ئەم پەروەردە ئیسلامیە توندوتیژە دژە ژنە وایکردووە کە کۆمەڵگای ئەوروپی کاردانەوەی هەبێت و ئەم ئەم کاردانەوە بەرۆکی پەنابەرانی گرتۆتەوە و لە ئاڵمانیا، فەڕانسە و بریتانیا شەپۆلێکی نەتەوەپەرەست لە فراوانبوون دایە کە لە ڕاستیدا بێزاری لە پەروەردەی ئیسلامیە. نەتەوەپەرەستی دەرمان ئەم دەردە نییە، بەڵکو پێویستە بە فشاری کۆمەڵایەتی هەمەلایەن و هاوکات دیپڵۆماسی کار لەسەر ئەوە بکرێت کە ئەوەی ژیانی و ئاسایشی ئەوروپا و وڵاتە ئازادەکانی تێک دایە، کەس نییە، بەڵکو پەروەردەی ئیسلامییە. بۆ ئەمەش ڕاگەیاندن پێویستە ڕۆڵی چالاک بگێڕێت تا دیسان مرۆڤایەتی جیا ئەم دەردە بە دەردی نەتەوەپەرەستیش دیسان گرفتار نەبێت. لە ڕاستیدا ئەوەی چارەسەری دێنێت باراندنی بۆمپ و یان یارمەتی خواردن بۆ فلستین نییە، بەڵکو بونیادنی سیستمی ئازاد و تەندروستە لە وڵاتانی ئیسلامیدا، تا جیهان و بە تایبەت ژنان دوور بن لە توندوتیژی.
















Leave a Reply