ڕێبین خدر: “بێگومان شیعر دەتوانێت باسی هەموو شتێک بکات، بەڵام پرسیارەکە لەوەدایە: ئایا دەبێت ڕۆڵی دامەزراوەکان ببینێت؟ شاعیر دەبێ ببێت بە پۆستەچی؟ شیعر دەکرێ باسی دەوڵەت بکات، بەڵام دەبێ هەوڵی دامەزراندنی بدات؟ شیعر دەکرێ باسی چەک بکات، بەڵام دەبێ تەقە بکات؟”
حاجی قادری کۆییی باپیرم
سەبارەت بە کڵاشینکۆفێک، خونچەیەک و شیعرێکی سەربەخۆ
ڕێبین خدر
حیکایەتی دۆزینەوەی بولبوولێک
هەبوو نەبوو، منداڵێک هەبوو. ئەو منداڵە من بووم. ئەو «من»ـە لە تەمەنی نۆ یان دە ساڵیدا کتێبێکی خوێندەوە. کتێبەکە (شیعر و ئەدەبیاتی کوردی – بەرگی یەکەم)ی ڕەفیق حیلمی بوو. زۆر کەم لە کتێبەکە حاڵی دەبوو، جارێکی دیکەش خوێندییەوە. دیسانیش هەر کەم. ئەو کەمەی حاڵی دەبوو، لەبارەی شاعیرێک بوو کە ڕەفیق حیلمی بە «بولبوولی نیشتمانپەروەری کورد» وەسفی کردبوو.
منداڵەکە نۆ یا دە ساڵان دەبوو. ماڵی لە کۆمەڵگەیەک بوو بە ناوی «پیرزین». پیرزین دەکەوتە ناوەڕاستی شەڕی ناوخۆ و ئەو منداڵە من بووم. پیرزین لە نزیک هەولێر بوو، هەولێریش هەر لە ناوەڕاستی شەڕی ناوخۆ بوو. ڕەفیق حیلمی وەک ئەوەی ڕۆمانێک بگێڕێتەوە و کۆمەڵێک کارەکتەری هەبن، کتێبە ڕەخنەییەکەی خۆی ڕۆنا بوو. کارەکتەرێکیان ناوی «ئەحمەد بەگ» بوو. ئەحمەد بەگی ساحێبقڕان لە وێنەیەکی ڕەش و سپیدا – کە زیاتر ڕەش بوو – دەستی بە شێوەیەک لەسەر سەری ڕاگرتبوو، وەک ئەوەی بە دەمانچەیەک تەقە لە خۆی بکات، بەڵام تەقەی لە خۆی نەکردبوو، لەباتی ئەوە شیعری نووسیبوو. لە شیعرێکیشیدا ڕەشبینانە درکاندبووی:
دنیا هەناسەیێکە نە چووبێ و، نەهاتبێ
حاڵێکە بۆی ئەچی کە لە عالەم بە حاڵ ئەچێ
منی نۆ یا دە ساڵان لەم دێڕە و هیِ دیکەش باش تێنەگەیشتبووم. گەڕابووم و گەڕابووم، لەناو کتێبەکەی حیلمیدا کارەکتەرێکم دۆزیبووەوە. ئەو دەمە «پیرزین» لەگەڵ «مەلائۆمەر» تۆپیان دەگرتە یەکتر. مەلائۆمەریش هەر کۆمەڵگەیەک بوو لە نزیک پیرزین. لە مەلائۆمەریش بێگومان منداڵ دەژیان، کە تەمەنیان نۆ یا دە ساڵان دەبوو. دەکرێت لە مەلائۆمەریش منداڵێک هەبووبێت ناوی ڕێبین. دەکرێ ئەویش لە ماڵەوە چاوی بە کتێبی (شیعر و ئەدەبیاتی کوردی)ی ڕەفیق حیلمی کەوتبێت. بەهەرحاڵ، با بێمەوە سەر باسی تۆپەکە. تۆپەکە دەیتوانی خەڵک بریندار بکات، بەداخەوە دەیتوانی پارچەپارچەشیان بکات و بیانکوژێت. تۆپێک و دوو نەبوون. شێتوهارانە بەسەر پیرزین و مەلائۆمەر و هەولێر و شوێنی دیکەشدا هەڵدەفڕین. ئەوکات تەواوی کوردستان هەرێمێک بوو دەکەوتە ناوەڕاستی شەڕی ناوخۆ. تۆپەکان باڵندەی دەنووکئاگرین بوون و هیچ قەفەزێک نەیدەتوانی بەندیان بکات. من لەنێو ئەو باڵندە دەنووکئاگرینانەدا شیعر و ئەدەبیاتی کوردیم دەخوێندەوە و سەرەنجام کارەکتەرێکم لەناو کتێبەکەدا دۆزییەوە کە بڕێک لێی حاڵی دەبووم. زمانی لە چاو هەموو شاعیرانی کتێبەکە سادە و ڕوونتر بوو. ڕاستەوخۆ، وەک ئەوەی لات دانیشتبێت، لەگەڵت دەدوا. کارەکتەرەکە لە شیعرێکیدا نووسیبووی:
هەتا وەک ئاگری بن کان لەگەڵ یەک
ئەگەر تۆفان بێ، لەشکرتان بە پووشەک
ڕەفیق حیلمی بە «بولبوولی نیشتمانپەروەر» وەسفی ئەم شاعیرەی کردبوو. هەوڵم دا لە بولبوولەکە حاڵی ببم، گەرچی لە هەموو لایەکەوە باڵندەکانی دیکە (تۆپە هاروهاجەکان) بەسەر سەرماندا دەفڕین و لەناوماندا بەردەبوونەوە. بەداخەوە تۆپەکان دەیانتوانی خەڵک بریندار بکەن، دەیانتوانی دوای منداڵان بکەون. ڕەنگە ئەو منداڵەی وەک من نۆ یا دە ساڵ بوو و لە کۆمەڵگەی مەلائۆمەر دەژیا — و ئەویش لە ماڵەوە چاوی بە کتێبی شیعر و ئەدەبیاتی کوردی کەوتبوو، ڕەنگە ئەو منداڵە تۆپێک دوای کەوتبێت.
حاجی قادری کۆیی (بولبوولی نیشتمانپەروەری کورد) لەناو شەڕەکەدا لەگەڵمدا بوو. ئەو دەمەی لەژێر تۆپباراندا دەچوومە قوتابخانە، جارجار وەک ئەوەی باپیرم بێت، میهرەبانانە جانتای کتێبەکانیشی بۆ هەڵدەگرتم. ناوەناوەش هاواری لە هەردوو بەرەی تۆپهاوێژ دەکرد:
یەک بە یەک بوونە خائینی دەوڵەت
خائینی موڵک و دوژمنی میللەت
کتێبەکەی حیلمی بۆ ئەوکاتی من لە زۆر جێیان ناڕوون بوو، بەڵام بەهیچ جۆرێک وشک نەبوو. تا ئەمڕۆ لەو کتێبانەیە هەموو چەند ساڵ جارێک دەیخوێنمەوە. لەگەڵیدا منداڵیی خۆم و سەردەمی شەڕ دەخوێنمەوە. ئەوکاتەم بیر دێتەوە کە «کڵاشینکۆف» لەگەڵ ئێمەی منداڵ لە پۆلەکەدا دادەنیشت و لە هەمووشمان زیرەکتر بوو. کڵاشینکۆف لە مەیدانی قوتابخانە سروودی هەردوو بەرەی تۆپهاوێژی بە دەنگی بەرز دەگوتەوە. کڵاشینکۆف لەگەڵ ئێمە لە قوتابخانە دەهاتە دەرەوە و لەگەڵ ئێمەش لە پێش دەرگا ئایسکرێمی دەکڕی و دەیخوارد. حاجی قادری کۆییی باپیرم، لە تاکچاوە تیژەکەی کڵاشینکۆف ڕادەما و هەوڵی دەدا دێرەشیعرێکی خۆی قووت بداتەوە و- نەیدەتوانی:
سەلاحی ئێوە ئێستا سیلاحە
تەماعی گەورەیی بێچەک نەکەن نەک
جارجاریش دەمدی، ئەو کاتەی تۆپباران بوو، دایکم ڕووی لە گۆشەیەک دەکرد و دەیقیژاند: «هەمووتان وەرنە ئێرە، با بەیەکەوە بمرین!»، لەو کاتانەدا حاجی قادری کۆیی (بە گوتەی ڕەفیق حیلمی: بولبوولی نیشتمانپەروەری کورد) لەگەڵ ئێمە خۆی دەخزاندە گۆشەکە و بۆی هەبوو، لەسەر حەقیش بوو، بڵێت:
فەلەک بە تیر و کەمانی لە ئێمە چۆتە کەمین
شکارگاهی زەمینە، لە چنگی کێوە دەچین!
حیکایەتی مامۆستایەکی بێ قوتابخانە
هەبوو نەبوو، هاینریش هاینە (١٧٩٧-١٨٥٦) هەبوو. هاینە، شاعیر و نووسەرێکی ئەڵمانی بوو. لە سەردەمی زێڕینی چاپ و بڵاوکردنەوە لە ئەڵمانیا و فەرەنسا دەژیا؛ سەردەمێک ڕۆژنامە و گۆڤار لە برەودا بوون، قاوەخانە و کۆڕە ئەدەبییەکان قەرەباڵغ بوون. لە هەڕەتی لاویی لە زانکۆ گوێی بۆ هەردوو فەیلەسووف، شلێگل و هیگڵ ڕاداشتووە، دواتریش بووەتە هاوڕێی کارڵ مارکس. هاینە لەپاڵ ڕۆمان و شانۆنامە، وتار و سەفەرنامە و ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانیشی نووسیون. ئەوەی نەیدەویست بە شیعر بیڵێت، دەیکرد بە وتار، بە وتار نا، بە ڕۆمان، بە ڕۆمان نا، بە ڕاپۆرت و سەفەرنامە. زمان و هزری هاینە فرەشێوە خۆی ڕەنگ کردووە. بەهۆی دیدی سیاسی و ڕای جیاوازەوە، پەڕاگەندەی فەرەنسا بووە و نیوەی دووەمی ژیانی لە پاریس بەسەر بردووە.
هاینە هاوچاخی حاجی قادری کۆیی بوو.
هەردووکیان لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەدا ژیاون، هەردووکیشیان ئاوارە بوون، هاینە ئاوارەی پاریس و حاجی قادر ئاوارەی ئەستەمبووڵ. بەڵام – ئەم «بەڵام»ـە زۆر گرنگ و پێویستە، وادەکات بەراوردەکەم ئەوەندەش سەیروسەمەرە و ناماقوڵ دەرنەکەوێت – بەڵام حاجی لە کوردستانێکدا ژیاوە نە زانکۆی تێدا بووە، نە چاپخانە، نە گۆڤار و ڕۆژنامە. نە لە ژینگەیەکیشدا ژیاوە قاوەخانەکان ڕۆڵێکی گەورەی تێدا بگێڕن بۆ گفتوگۆ و دروستکردنی ڕای گشتی. حاجی، لەباتی ئەوەی بچێتە زانکۆ و پێشەنگەکانی، زانا و فەیلەسووفی بوارە جیاوازەکان بن، لە حوجرە خوێندوویەتی و هەموو میراتییەکەی تەنیا کۆمەڵێک دەفتەری شیعری شاعیرانی پێش خۆی و ئەدەبی زارەکی بووە. حاجی تەنیا و تەنیا شیعری هەبووە، لەگەڵ برینێکی گەورە: [برینی کورد].
حاجی ڕێک وەک مامۆستایەک وابووە ناچار بێت هەموو وانەکانی قوتابخانە بەتەنیا بڵێتەوە. وەک مامۆستایەک خۆی پسپۆڕی وێژە و شیعر بێت، کەچی لەپاڵیدا وانەی جوگرافیا، پەروەردەی نیشتمانی، مێژوو، زمان، ڕامیاری، ئایین و فەلسەفە و زیاتریش بڵێتەوە. لە دۆخی حاجیدا، دەبێ لەمەش زیاتر بڕۆین: لەڕاستیدا ئەو نە قوتابخانەیەکی وای هەبوو، نە پۆلێکیش. ئەو دەبوو هەموو ئەوانە لەناو شیعرەکانیدا دابمەزرێنێت. بۆ ئەوەی قوتابخانەیەکی وا لەناو ماڵی شیعری خۆی ئاوا بکات، ناچار بوو دەستکاری ڕووبەری زمان، دیوارەکانی بکات. بۆ داڵدەدانی ئەو هەموو وانە و بوارە لێک جیاوازانە، ماڵی شیعری خۆی تەفروتوونا دەکات و- خۆی تا ئەوپەڕی سادە دەکاتەوە. ئاوها ڕوو لە شیعری زوڵفدۆست و ئەبرۆدۆستی پێش خۆی وەردەگێڕێت:
باسی زولفی درێژ و چاوی بەخەو
نەبڕاوە بووە تڕی خوسرەو
حاجی قادر لە دۆخێکی ناچارانە و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتییەکی گەورە، نەک هەر پشت لە زوڵف و ڕووخسار دەکات، بەڵکوو شیعر دەکات بە چەکێک (ئامرازێک) بۆ گەیاندنی پەیامەکانی. ئەو خۆ وەک «هاینریش هاینە» نەبوو، لە ژینگەیەک بژیت، پێویست نەکات هەموو قوڕساییەکە بخاتە سەر شانی شیعرەکانی. هەر بۆیە ماڵئاوایی لە هونەر و فێڵەشیعرییەکان دەکات، دەست لە جادووی سەرسوڕمێن و هەژێنەری زمانی شیعریی بەر دەدات. بە خواستێکی ڕۆشنگەرانە لە ماڵی مێتافۆر و سیمبوڵ دێتە دەرەوە، پێ دەنێتە ماڵی هۆشیارکردنەوە و پەیامگەیاندن. لەمڕووەوە ڕەنگە هیچ شاعیرێکی دیکەی کورد ئەوەندەی ئەو شیعرەکانی خۆی نەکردبن بە قوربانی پەیامەکانی. گەر لە دیدێکی جوانیناسانەوە سەرنج بدەین، وەک ئەوە وایە بە دەستی خۆی کوڕەکانی خۆی کردبنە قوربانی، چونکە خۆی دەڵێت خۆ:
ئەوی شاعیر نەبێ، کویرە وەچاغی
لە سایەی شیعرەکان بابی کوڕانم
کۆتایی حیکایەتەکان، میراتی باپیرم بۆ من
پەیوەندیی من لەگەڵ حاجی قادری کۆیی دوای کتێبی (شیعروئەدەبیاتی کوردی)ی “ڕەفیق حیلمی” یش درێژەی کێشا. لە قۆناغی ناوەندی بۆ یەکەمجار دیوانی حاجی قادری کۆییم خوێندەوە. چاوم بە هەندێک شیعری کەوت، جیا لەو شیعرە سادە و پەیامگۆیانەی لە کتێبەکەی حیلمیدا هەبوون، شیعرگەلێک بوون لە ئاستێکی بەرزی شیعریی. لە ئامادەیی کوردستان (هەولێر) چەند کتێبێکم لەبارەی حاجی قادری کۆیی لە کتێبخانە خواستن. ئەمجارەیان زیاتر لەو شیعرانەی تیایاندا ڕۆشنگەر و ڕێنوێن بوو، تیایاندا پەروەردەکار و پەیامهێن بوو، دڵم بۆ هەندێک شیعری وەک (گوتم بە بەختی خەواڵوو) و (لە دەوری خاڵەکەی کوڵمی) لێی دا. هەرکەس ئەم شیعرانەی بخوێنێتەوە، تێدەگات “حاجی قادر” چ قوربانییەکی گەورەی بە توانا و هێزی شیعریی خۆی داوە. دوای ئەوە، یەک لە دێرە-شیعرەکانیم لە شیعری (بای وەعدە) لەناو هەموو دیوانەکەی وەک شادێرێک (وەک میراتێک) بۆ خۆم هەڵبژارد و لەسەر دەرگەی دۆڵابی جلەکانم بە گەورەیی نووسیومەوە:
بولبول دەخوێنێ، با لە دەفی بەرگی گوڵ دەدا
خونچە لە باتی گوێ بگرێ، دەم دەکاتەوە
لەوساوە تا ئەمڕۆ، جوانیی ئەم دێرە شیعرە لای من کاڵ نەبۆتەوە. بۆ من ئەوسا و ئێستاش ئەم دێرە وانەیەکی ئەدەبییە. لێرەدا حاجی ئامۆژگاری ناکات و سەرکۆنەکار نییە، بانگخواز نییە، بەڵکوو ئەندازیاری جوانییە. لێرە پێویست ناکات بیر لە (ئاگری بن کا) زۆربەی کات ئامادە لە شیعرەکانی بکەینەوە، خۆی ئاگرێکی هونەرییە و کوانووی چێژ و جوانی دەگڕێنێت. سەرنج بدەین: (با) بەرگی توخمێکی ناو سرووشت دادەکەنێت و دەبێتە دەفژەنێک، بەرگی گوڵ (دەف) دەژەنێت.
بولبوول دەخوێنێ، با لە دەفی بەرگی گوڵ دەدا
دەفەکە بەرگی گوڵەکەیە. کۆڕی سرووشت و گوڵزار، کۆڕێکی مۆسیقییە، کۆنسێرتێکە. (پەڕەی ناسکی گوڵ) دەگۆڕێت بۆ پێستی دەفێک. سیحر و جۆشدانەکە لە دێری دووەمدایە کاتێک خونچەکە گوێ لەم کۆنسێرتەی بولبوول ناگرێت، بەڵکوو دەم دەکاتەوە. گەمە شیعرییەکە لێرەوە دەستپێدەکات. حاجی «خونچە» لە حاڵەتی سرووشتیی خۆی دەردێنێت و دەیکات بە کەسێک، دەیکات بە مرۆڤێک (Personifikation). لەم ڕێیەوە سرووشتێکی دیکە خەڵق دەکات و کۆپی ئەوە ناکات، کە هەیە. لەم دووبارە درووستکردنەوەی سرووشتەدا پارادۆکسێکی هونەریی وا ساز دەکات بۆ خوێنەریش سەیر بێت؛ بۆچی «خونچە» لەباتی ئەوەی گوێ بگرێت، دەم دەکاتەوە و دەپشکووێت؟ ڕەنگە خونچە بیەوێت لە دۆخی پاسیڤی گوێگرانەی خۆی دەربچێت و لەگەڵ بولبوول گۆرانی بڵێت، هەر بۆیەش دەم دەکاتەوە! نامۆ-نیشاندانی حاڵەتێکی ئاسایی و سرووشتی، کاری هەرە لەپێش و بنەڕەتی شیعرە. یەک لە ناوکە زێڕینەکانی شیعریش هەر ئەوەیە ئیدی: تەفروتووناکردنی ڕاستەهێڵەکان و نامۆکردنی ئاساییترین شتەکان، تا ناچار بین یا هێزی ئەوەمان هەبێت بە چاوێکی دیکە لە دەوروبەر ڕابمێنین…
وەک گوترا سەردەم و دۆخی حاجی جیاواز بوو لە ئێستای لێوان لە کامێرا، تەلەڤزیۆن، چاپخانە، قاوەخانە، دامودەزگا، بڵاوکراوە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. ئەو، ناچارانە شیعری کرد بە قوتابخانەیەکی پەروەردەیی و سیاسی، کردی بە کەناڵێک بۆ پەخشکردنەوەی ڕوانینی خۆی لەبارەی کورد و دەردەکانی. بەڵام ئەوەی سەیرە لێرەولەوێ هێشتا کەسانێک (لەناویاندا شاعیر و ڕەخنەگریش) هەن، بانگەوازی ئەوە دەکەن کە دەبێت شیعر هەم سادە و ساکار، هەم پەیامگۆ و لەپێناو ئامانجێکدا بێت. پێیان وایە دەبێت شیعر وەک پۆستەچی پۆستێک بگەیەنێت یا ئامرازی گەیاندن بێت. بەلایانەوە کەموکوڕی و زۆر عەنتیکەیە شیعر سەربەخۆ بێت و ڕۆڵی پاشکۆ نەبینێت. ئەم دەستەیە لە شاعیر و ڕەخنەگر شیعر وەک توورەکەیەک دەبینن بۆ تێئاخنینی ئەوەی دەیانەوێت بیگەیەنن. بۆ ئەوان شیعر بەرنامەیەکی هەواڵییە لە تەلەڤزیۆن و پێویستە ئەوەی لە دنیا ڕوودەدات بیگوازێتەوە، ئاگادارینامەیەکە و ئاراستەی خەڵک دەکرێت.
کێشەی ئەم تێڕوانینە لە تێکەڵکردنی (ئاماژەدان) و (ئەرکدارکردن)دایە. بێگومان شیعر دەتوانێت باسی هەموو شتێک بکات (یان ئاماژە بە هەموو شتێک بدات)، بەڵام پرسیارەکە لەوەدایە: ئایا دەبێت ڕۆڵی دامەزراوەکان ببینێت؟ شاعیر دەبێ ببێت بە پۆستەچی؟
شیعر دەکرێ باسی دەوڵەت بکات بەڵام بۆ دەبێ هەوڵی دامەزراندنی بدات؟
شیعر دەکرێ باسی نادادی بکات بەڵام بۆ دەبێ ببێتە پارێزەر؟
شیعر دەکرێ باسی دین بکات بەڵام بۆ دەبێ ببێتە مەلا؟
شیعر دەکرێ باسی برین و ئازاری ئەوانی دی بکات بەڵام بۆ دەبێ ببێ بە دەرزی سڕکردن؟
شیعر دەکرێ باسی پەروەردە بکات بەڵام بۆ دەبێ ببێت بە وەزارەتی پەروەردە؟
شیعر دەکرێ باسی چەک بکات بەڵام بۆ دەبێ تەقە بکات؟
شیعر دەکرێ باسی فرمێسک بکات بەڵام بۆ دەبێ ببێتە دەستەسڕ؟
شیعر دەکرێ باسی ئاشتی بکات بەڵام بۆ دەبێ ببێتە ئاڵای سپی؟
شیعر دەکرێ باسی هاوار بکات بەڵام بۆ دەبێ ببێتە بڵندگۆ؟
شیعر دەکرێ باسی ئەخلاق بکات بەڵام بۆ دەبێ ئەخلاقیی بێت؟
ئەی شیعر دەبێ و مەرجە چی بکات؟
شیعر دەبێ بتوانێت بەلایەنی کەمەوە وەک ئەو «خونچە»یەی ناو شیعری حاجی قادری کۆییی باپیرم:
– کاتێک چاوەڕانی لێ دەکرێت گوێ بگرێت، دەم بکاتەوە (توانای لادان و سەرسوڕاندنی هەبێت).
– کاتێک چاوەڕوانی لێ دەکرێت ئاسایی و ڕاستەهێڵی بێت، نائاسایی و سەراوژێر بێت (پارادۆکس، دەرچوون لە سیستمی بینین و درککردنی باو).
– کاتێک چاوەڕوانی لێ دەکرێت لاسایی سرووشت و واقیع بکاتەوە، خۆی سرووشتێکی دیکە بخوڵقێنێت و واقیعێکی نەبینراو بنیات بنێت.
– کاتێک چاوەڕوانی لێ دەکرێت هەر خونچە بێت و بەس، خونچە بتوانێت ببێتە شتێک کە قەت نەبووە.
-کاتێک …
-کات…
-ک..
-.
.
سەرچاوە:
-دیوانی حاجی قادری کۆیی، ڤەژینبوکس
-ڕەفیق حیلمی، شیعر و ئەدەبیاتی کوردی، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ٢٠١٠، هەولێر
– Heinrich-Heine-Portal: Historisch-kritische Gesamtausgabe der Werke. Universität Düsseldorf.

















Leave a Reply