“ئەم ڕاپۆرتە تەنها بۆ ڕەخنەگرتن لە زانکۆکان نەنووسراوە، بەڵکو بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و چینی ڕۆشنبیریی کوردستانە؛ تا بزانین گۆڕانکاریی پەروەردەیی لەوێوە دەست پێدەکات کە مێشک بەئاگا بێتەوە. دیجیتاڵکردن و تەکنەلۆجیا بەبێ هۆشیاریی گشتی بەدی نایە.”
ئەم ڕاپۆرتە هەوڵێکە بۆ ڕوانینێکی واقیعبینانە لە بارودۆخی پەروەردە لە کوردستان، لە قوتابخانە و زانکۆوە تا پڕۆژەکانی وەک “زانکۆی کوردی لە درێسدن”. ئامانج، تەنها ڕەخنەگرتن نییە، بەڵکو دۆزینەوەی ڕێگەیەکی کردارییە بۆ گەیاندنی پەروەردەی کوردی بە ئاستێک کە بتوانێت لەگەڵ جیهانی دیجیتاڵ و گۆڕانکارییەکانی زیرەکیی دەستکرد (AI) هەنگاو بنێت.
گرفتەکانی پەروەردە لە کوردستان
پەروەردە لە بەشە جیاوازەکانی کوردستان هێشتا بەدەست پێکهاتەیەکی تەقلیدییەوە دەناڵێنێت. پۆلەکان لە شێواز و فێرکاریدا گۆڕانیان بەسەردا نەهاتووە. مەلزەمەکان (جزوەکان) ساڵانێکە نەگۆڕاون/ مامۆستایان زۆرتر ڕۆڵی سەرچاوەی لەبەرکردن دەبینن نەک ڕێبەری لێکۆڵینەوە. لە کاتێکدا جیهان بە تەکنەلۆجیا، داتا و بیرکردنەوەی شیکارییەوە دەجوڵێت، زۆرێک لە ناوەندە پەروەردەییەکانی کوردستان هێشتا لە نێوان گەچ و دەفتەر و فتۆکۆپیدا چەقیان بەستووە.
لە هەرێمی کوردستاندا سیستەمەکانی وەک Moodle و پلاتفۆرمە پەروەردەییەکان هاتوونەتە ناوەوە، بەڵام زۆرتر لە ئاستی تاقیکردنەوەدا ماونەتەوە و عەقڵییەتی پەروەردەیی نەگۆڕاوە. لە ئێراندا، خوێندنی دیجیتاڵ بە بەرنامەکانی ئەپلیکەیشن وەک “شاد” و “نەوید” جێبەجێ کراوە، بەڵام زمانی کوردی لە خوێندنی فەرمی نادیارە و ناوەڕۆکەکە هەروا ناوەندگەرایانە و داخراوە.
لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ نمونە لە لە کۆبانێ سەرەڕای بوونی ئیرادەیەکی فەرهەنگی، نەبوونی ژێرخانێکی دیجیتاڵ، ئینتەرنێت و کتێبخانەی زانستی ڕێگر بووە لە گەشەکردنی خوێندنی نوێ.
ئەنجام ئەوەیە کە لە سەرانسەری کوردستاندا خوێندن هەیە، بەڵام “کولتووری فێربوونی نوێ” هێشتا دروست نەبووە.
پەروەردە لە زانکۆکاندا
زانکۆکانی کوردستان لە ڕواڵەتدا لە ناوەندە زانستییەکان دەچن، بەڵام لە کرداردا هێشتا زیاتر لە قوتابخانە گەورەکان دەچن. شێوازی وانەوتنەوە، پشتی بە دووبارەکردنەوەی مەلزەمە (جزوە) و تاقیکردنەوەی کۆتایی دەبەستێت. لێکۆڵینەوە، شیکاریی داتا و کاری مەیدانی شوێنێکی کەمیان هەیە. تەنانەت لە بوارەکانی زانستە مرۆییەکان و زماندا، سەرچاوەی وانەوتنەوە زۆر جار کۆن و چاپییە، لە کاتێکدا نەوەی نوێی خوێندکاران لە جیهانێکی مەجازیدا دەژین و مێشکیان بە خێرایی، وێنە و پەیوەندی پێک دێت.
ئەگەر پەروەردەی زانکۆیی نەتوانێت لەگەڵ ئەم نەوە و ئەم ئامرازانەدا بگونجێت، لە جیاتی پەروەردەکردنی بیرکردنەوە، تەنها تۆمارکردنی شتە کۆنەکانە. لە دۆخێکی وەهادا، زانکۆ نەک بزوێنەری پێشکەوتن، بەڵکو دەبێتە کۆگای شتە ڕابردووەکان.
ڕێگاکانی پەرەپێدان
پەرەپێدانی پەروەردەی کوردی لە پۆلەوە دەست پێدەکات، نەک لە وەزارەتەکانەوە. دەبێت عەقڵییەتی خوێندن لە “گواستنەوە” بۆ “شیکردنەوە” بگۆڕێت. هەموو زانکۆ و مامۆستایەک دەتوانێت بە چەند هەنگاوێکی سادە بەرەو ئەم گۆڕانکارییە بڕوات:
بەکارهێنانی سیستەمە پەروەردەییە کراوە و بێبەرامبەرەکان وەک Moodle و Nextcloud؛
ڕێکخستنی وۆرکشۆپی فێرکردنی دیجیتاڵ بۆ مامۆستایان؛
دامەزراندنی کتێبخانەی سەرھێڵ (ئۆنڵاین) و وەرگێڕانی سەرچاوە زانستییەکان بۆ سەر زمانی کوردی؛
هاندانی خوێندکاران بۆ کاری لێکۆڵینەوە و پڕۆژە لە جیاتی لەبەرکردن؛
نوێکردنەوەی سەرچاوەکانی خوێندن لە بوارەکانی زانستە مرۆییەکان، تەکنەلۆجیا و زماندا.
گۆڕانکاریی پەروەردەیی، پێش هەموو شتێک، گۆڕانکارییە لە عەقڵییەتی مامۆستایان و پڕۆفیسۆران دایە.
بیرۆکەی زانکۆی درێسدن و پێویستیی سەرچاوەی مادی و دیجیتاڵ
پڕۆژەی دامەزراندنی زانکۆی کوردی لە درێسدنی ئەڵمانیا دەتوانێت ببێتە دەرفەتێک بۆ پەروەردەی کوردی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، بەڵام تا ئێستا ئەم بیرۆکەیە زیاتر لەوەی زانکۆ بێت، پڕۆژەیەکی فەرهەنگییە و بەدوای پێکهاتەدا دەگەڕێت. سەرچاوەی دارایی کە بە دوو میلیۆن یۆرۆ لە ئەژماری بانکیدا هەبێت، نیەتی ئەوە لە کاتێک دایە بە میلیارد دۆلار لە هەرێمی باشووری کوردستان دەستاودەست دەکات کە بەرهەمی خاک و جوگرافیای ژێرزەوی هەرێمی کوردستانە، بەڵام ناخرێتە بوارەکانی خزمەتگوزاری. سەرەڕای بوونی بینایەک و دەستەی دامەزراندن و ژمارەیەک مامۆستا هێشتا زمان و پرۆگرامی خوێندن داڕێژراو نین، و سیستەمێکی دیجیتاڵ یان لێکۆڵینەوە دیاری نەکراوە.
زانکۆی ڕاستەقینە تەنها بینا نییە؛ پێویستی بە تۆڕێک لە مامۆستا، خوێندکار، تەکنەلۆجیا، کتێبخانە و پشتگیری هەیە. ئەگەر دامەزرێنەرانی ئەم پڕۆژەیە بتوانن سەرچاوەی مادی و دیجیتاڵی بەردەوام دابین بکەن، و هەر لە سەرەتاوە سیستەمەکانی وەک Moodle، ILIAS یان BigBlueButton بەکاربهێنن، پڕۆژەکەی درێسدن دەتوانێت ببێتە یەکەم هەنگاوی جیدی بۆ پەروەردەی کوردیی نوێ لە ئەوروپا. بەڵام ئەگەر پێکهاتە و سیستەم پێناسە نەکرێت، مەترسی ئەوە هەیە کە ئەم پڕۆژەیەش لە ئاستی دروشمدا بمێنێتەوە.
ئەزموونی ئەڵمانیا و شێوەی ئەمڕۆی پەروەردەی دیجیتاڵ
ئەزموونی ئەڵمانیا دەریدەخات کە پەروەردەی نوێ لە بیناوە دەست پێناکات، بەڵکو لە بیرکردنەوەی بەڕێوەبردن و متمانەکردن بە مامۆستا و خوێندکار دەست پێدەکات.
لە ئەڵمانیا، خوێندنی دیجیتاڵ بەشێکە لە ژیانی ڕۆژانە. هەموو خوێندکارێک لە سەرەتای وەرزی خوێندن دەچێتە سەر هەژماری تایبەتی خۆی لە سیستەمەکانی Stud.IP، ILIAS یان Moodle؛ هەموو شتێک لەوێیە: پرۆگرامی خوێندن، فایلەکان، پەیامی مامۆستا و ئەرکەکان. پۆل بە لاپتۆپ و تەختەڕەشەی زیرەک دەبەسترێت؛ ئەگەر کەسێک ئامادە نەبێت، لە ماڵەوە لە ڕێگەی BigBlueButton یان Zoom ـەوە بە هەمان دانیشتنەوە دەبەسترێتەوە. دوای پۆل، فایلی وانە و ڤیدیۆکەی لە سیستەمەکەدا دادەنرێت و هەموو شتێک بۆ پێداچوونەوە بەردەستە.
لە کۆتایی وەرزی خوێندن، هێشتا تاقیکردنەوە هەیە، بەڵام بە شێوەی پڕۆژە، لێکۆڵینەوە یان شیکاریی. ئامانج هەڵسەنگاندنی بیرکردنەوەیە، نەک لەبەرکردنی زانیاری. خوێندکاران ئەپەکانی وەک SPSS یان Atlas.ti بۆ شیکردنەوەی داتا و دەق بەکاردەهێنن، و سەرچاوەکانی خۆیان لە بنکە زانستییە کراوەکان وەک SpringerLink و BASE دەدۆزنەوە.
تەکنەلۆجیا لە ئەڵمانیا جێگەی مامۆستای نەگرتووەتەوە، بەڵکو ڕۆڵی فراوان کردووە. مامۆستا ڕێبەرە، نەک وتاربێژ. خوێندکار گەڕۆکە، نەک نووسەر. و زانکۆ بووەتە ژینگەیەک بۆ گفتوگۆ، ئەزموون و بەرهەمهێنانی واتای نوێ.
چارەسەر بۆ پەرەپێدانی پەروەردەی کوردی
داهاتووی پەروەردەی کوردی بە لاساییکردنەوە تێناپەڕێت، بەڵکو بە تێگەیشتن لە ئەزموون تێدەپەڕێت. دەبێت بزانین خوێندنی دیجیتاڵ پێش هەموو شتێک سێ شتی پێویستە: بیری نوێ، ژێرخانی ڕاستەقینە، و زمانی نیشتمانی. بەبێ چاککردنی فەلسەفەی پەروەردە، ئامراز هیچ گۆڕانکارییەک ناهێنێت.
بەبێ ژێرخانی تەکنیکی (ئینتەرنێت، سێرڤەر، ئەپلیکەیشن و بەرنامە و کارەبای بەردەوام)، خوێندنی دیجیتاڵ مەحاڵە. و بەبێ بوونی زمانی کوردی لەم فەزایەدا، زانست هەمیشە نامۆ دەمێنێتەوە.
ڕێگەی پەرەپێدان ئەوەیە کە زانکۆکان و ناوەندە پەروەردەییەکانی کوردی، بە هەر قەبارەیەک بن، هەر لە ئەمڕۆوە کەم کەم سیستەمە کراوەکان بهێننە ناو پێکهاتەی خۆیان، مامۆستایان و پڕۆفیسۆران ڕابهێنن، و کتێبخانەی دیجیتاڵی فرەزمان دروست بکەن. بیرۆکەکان کاتێک گەشە دەکەن کە زەمینەی ڕاستەقینەیان بۆ دابین بکرێت.
دەرەنجام
پەروەردەی کوردی بۆ مانەوە لە سەردەمی زیرەکیی دەستکرددا دەبێت خۆی نوێ بکاتەوە. زانکۆ ناتوانێت چیتر تەنها شوێنی گواستنەوەی زانست بێت؛ دەبێت ببێتە وۆرکشۆپی بیرکردنەوە و لێکۆڵینەوە. ئەڵمانیا نیشانی دا کە دەکرێت نەریت بپارێزرێت و لە هەمان کاتدا سیستەم نوێ بکرێتەوە. ئەگەر پەروەردەی کوردیش بتوانێت لە قالبی مەلزەمە (جزوە) بێتە دەرەوە و بچێتە بازنەی دیجیتاڵەوە، نەک تەنها نوێ دەبێتەوە، بەڵکو دەبێتە بەشێک لە گفتوگۆی جیهانیی زانست.
زانکۆیەک کە دەیەوێت بژی، دەبێت لە کاغەزەوە بۆ داتا، و لە دووبارەکردنەوەوە بۆ داهێنان تێپەڕێت. داهاتووی پەروەردەی کوردی، نەک لە دیوار، بەڵکو لە مێشک و تۆڕدایە.
تێبینی کۆتایی
ئەم ڕاپۆرتە تەنها بۆ ڕەخنەگرتن لە زانکۆکان نەنووسراوە، بەڵکو بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و چینی ڕۆشنبیریی کوردستانە؛ تا بزانین گۆڕانکاریی پەروەردەیی لەوێوە دەست پێدەکات کە مێشک بەئاگا بێتەوە. دیجیتاڵکردن و تەکنەلۆجیا بەبێ هۆشیاریی گشتی بەدی نایەت. ئەگەر ئەمڕۆ مامۆستا، نووسەر، ڕۆژنامەنووس و هونەرمەندی کورد بزانن کە پەروەردەی نوێ بە واتای بیرکردنەوە، گفتوگۆ و بەکارهێنانی بەرپرسیارانەی زانستە، ئەوا یەکەم هەنگاوی گۆڕانکاری نراوە. ئەم نووسینە بەشێکی بچووکە لە هەمان ڕێگە – ڕێگەی هۆشیارکردنەوە، تا کۆمەڵگەکەمان خۆی بیەوێت فێر بێت چۆن داهاتووی خۆی دروست بکات.
سەرچاوە و شێوازی ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکە
ئەم ڕاپۆرتە لەسەر بنەمای ئەزموونی کەسیی نووسەر وەک دەرچووی یەکێک لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و بەدواداچوونی ڕاستەوخۆی سیستەمی پەروەردەی ئەڵمانیا نووسراوە. شیکارییەکان لەسەر بنەمای بینین، گفتوگۆ لەگەڵ مامۆستایان و پشکنینی سیستەمە پەروەردەییە فەرمییەکان وەک Moodle، ILIAS و پرۆگرامی DigitalPakt Schule داڕێژراون.





















Leave a Reply