شاماران

کولتور و زانست، میدیای نوێ

فیلەکەی ئیسماعیل جزیری


زانایەکی کورد دەبێتە چاوساغی “لیۆناردۆ داڤینشی”

ئیسماعیل جزیری [ئەلجەزەری] لە ساڵی 1136 لە جزیرەی باکووری کوردستان لەدایکبووە. گەر چاوێکی خێرا بە سەرچاوە، دێکۆمێنتارییە ئەوروپییەکاندا بخشێنیت، بۆت دەردەکەوێت چۆن وەک داهێنەر و زانایەکی بناغەداڕێژ، بەشێکی بە [باوکی ڕۆبۆت] یا [ئافرێنەری ئامێری ئۆتۆمات] ناوزەدی دەکەن، تا ئێستا لێکۆڵینەوەیەک، کتێبێک، فیلمێک، پەیکەرێک و سەنتەرێکی زانستی لە کوردستان بە ناوە نییە

جزیری ساڵی 1205 کتێبێک دەنووسێت بە ناونیشانی [پەرتووکی ئامێرە بەهادارە میکانیکییەکان]، کە دواتر دەبێت بە چلچرایەک، ڕێڕۆشنکەرەوەیەک بۆ زاناکانی دوای خۆی و بەتایبەتیش کار لە نیگارکێشی بەناودەنگی ئیتاڵی “لیۆناردۆ داڤینشی” دەکات تا بێت بە کاریگەری “جزیری” وێنا-نیگاری هەندێ ئامێری وەک ئۆتۆمبێل، فڕۆکە و ئامێری دی بکێشێت، کە دواتر دەبنە بنەما بۆ پەیابوونی ئەم ئامێرانە.

“جزیری” لە کتێبەکەی دا نزیک بە پەنجا ئامێری نەدۆزراوە و زادە بە ئەندێشە و بلیمەتی خۆی دەخاتە ڕوو. وێڕای ئەوەش وێنەیان دەکێشێت و چۆنیەتیی بەکارهێنانیان ڕوون دەکاتەوە. لەناو هەموو ئامێرەکانیشدا [کاتژمێری فیل] ەکەی بەناوبانگترینە، کە کاتژمێرێکی ئۆتۆماتە و بەشێوەیەکی سەرسوڕهێن کار دەکات و باڵندەیەکیش لە بان سەری فیلەکە بانگەوازی سات و سەرەساتی نوێ دەکات.

“جزیری” چونکە لە وڵاتانی ڕۆژەڵات زۆر گەڕاوە و لێکۆڵینەوەی کردووە، هەوڵی داوە کاتژمێرە ئۆتۆماتەکەی تێکەڵەیەک بێت لە بیچم و کلتووری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی، لە ناویاندا فیل دەبێت ئاماژێک بێت بە هیندستان. چونکە لەپاڵ کارە زانستییەکانیشی، دڵی بۆ هونەر لێ داوە، وەک لە هێڵکارییەکانی دەردەکەوێت، کاتژمێرەکەی زۆر هونەریی و هونەرمەندانە داڕشتووە.

[فیلەکەی جزیری] ئەمڕۆ لە زۆر شوێنی جیهان، مۆزەخانەکان نموونەی لێ دروست کراوەتەوە و وەک پەرچوو و بلیمەتیی مرۆڤی ڕۆژگاری ڕابردوو پیشان دەدرێت، تەنانەت لەناو مۆڵی ئیبن بەتوتەی دوبەییش پیشانی کڕیار و گەشتیاران دەدرێت.

جزیری لە زۆربەی شوێنان ناوی بە تورک ڕۆیشتووە و لەوڵاتانی عەرەبییش بە زانایەکی ئیسلامیی و کوردبوونەکەی پشتگوێ خراوە. هۆکارێکیشی ئەوەیە کورد خۆیان گرنگی بە وەها بابەت و مێژووێک نادەن. لە جێدابوو کە لەبڕی کاتژمێرە کۆپیکراوەکەی هەولێر لەڕووی کاتژمێرەکەی لەندەن، فیلەکەی جزیری وەک ڕووێکی شارستانییەتیی کورد و مێژووەکەی داندرابا.

داهێنانی جزیری بۆ سەدەی دوازدە دەگەڕێتەوە، بەڵام کورد لەسەر رێکەی جزیری بەردەوام نەبووە و لە سەدەی ٢١ خاوەن داهێنانی زانستی کاریگەر نییە، گەر فرە لایەنە کۆمەڵگای کورد شڕۆڤە بکرێت، دەردەکەوێ کە بۆچی کورد لە ڕەوڕەوەی داهێنانی زانستی دابڕاوە و نەهاتۆتەوە سەر پێ.


Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *