شاماران

کولتور و زانست، میدیای نوێ

پڕۆژە گەورەکانی وزەی خۆر لە ئەڵمانیا


ئەڵمانیا چەندین پڕۆژەی گەورەی وزەی خۆری تا ساڵی ٢٠٣٠ جێبەجێ دەکات. گەورەترینیان پارکی خۆری ڤێربوند ڤیسیۆلار (Verbund Visiolar)ـە کە دەکەوێتە نزیک بەرلین و توانای بەرهەمهێنانی ٢٠٠٠ مێگاوات وزەی هەیە. کاری دروستکردنی ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی ٢٠٢٦ دەستپێدەکات و لە ٢٠٢٨ کۆتایی دێت.

هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا، کۆمپانیای LEAG Holding لە ناوچەی لوساتیا پڕۆژەیەکی ١٠٠٠ مێگاواتی دروست دەکات کە پێشبینی دەکرێت تا ٢٠٢٦ بکەوێتەکار.

سێیەم پڕۆژە، Sunfarmingـە لە ویلایەتی براندنبۆرگ بە توانای ٥٠٠ مێگاوات، کە لە ٢٠٢٧ دەچێتە ناو سیستەمەوە.

پڕۆژەی چوارەم، پارکی خۆری BEE UKAـیە کە بە توانای ٥٠٠ مێگاوات لە ساڵی ٢٠٢٨ تەواو دەبێت و کارەبای نزیکەی ٣٨٠ هەزار ماڵ دابین دەکات و ساڵانە ٢٨٠ هەزار تۆن دووانەئۆکسیدی کاربۆن کەم دەکاتەوە.

پێنجه‌م پڕۆژەش، پارکی خۆری مێڵز (Melz Solar Park)ـی کۆمپانیای N2OFFە بە توانای ٣٠٠ مێگاوات کە لە ٢٠٢٥ەوە گەشەی پێدەدرێت.

جگە لەم پڕۆژانە، شاری بەرلین پڕۆگرامی سۆلەرسیتی (Solarcity) جێبەجێ دەکات. ئامانج ئەوەیە کە تا ساڵی ٢٠٣٥ لانیکەم ٢٥%ـی کارەبای شارەکە لە وزەی خۆرەوە دابین بکرێت. کۆمپانیاکانی Howoge و Berliner Stadtwerke خەریکی دانانی ٥٠ مێگاوات تابلۆی خۆرین لەسەر سەربانی خانووی نیشتەجێبوون.

هەرچەندە تیشکی خۆر لە ئەڵمانیا کەمترە لە وڵاتانی باشووری ئەوروپا، بەڵام ئەم وڵاتە بە بەکارهێنانی تابلۆی خۆری نوێ، سیاسەتی کڕینی مسۆگەری کارەبای خۆر و دانانی بەربڵاو لەسەر ملیۆنەها سەربان، توانیویەتی لە بواری وزەی خۆردا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.

ئەم سیاسەتانە بەشێکن لە پڕۆگرامی “تێپەڕاندنی وزە” (Energiewende)ـی ئەڵمانیا، واتا لە خەلوز و ئەتۆمە بۆ وزەی با و هەتاو. لە چوارچێوەی ئەم پڕۆگرامەدا، وێستگە ئەتۆمییەکانی ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠٢٣ بە تەواوی داخران و وابەستەبوون بە خەڵوزیش، پێویستە لە ساڵانی داهاتوودا بۆ کەمترین ئاست داببەزێنرێت. جێگرەوەی ئەم سەرچاوانەش، وزەی خۆر و با-یە کە وەک بنەمای سەرەکی داهاتووی وزەی ئەڵمانیا دانراون.

 


Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *