شاماران

کولتور و زانست، میدیای نوێ

فاتمە ئایدەمیر دەنگی کوردە لە دنیای رۆمانی ئەڵمانیدا


فاتمە ئایدەمیر، نووسەرێکی بە ڕەچەڵەک کوردی دانیشتووی ئەڵمانیایە.

بە ڕۆمانی [ئەنیشک] دەرکەوت، بە ڕۆمانی [جنۆکەکان یان ڕاستر جنۆکەگەل] بوو بە ناوێکی دیاری ئەدەبی ئەڵمانی. دوای وەرگرتنی چەند خەڵاتێک بۆ هەردوو لە ڕۆمانەکانی، ڕۆمانی [جنۆکەکان]ی ساڵی پار تا کۆتالیستی خەڵاتی کتێبی ئەڵمانی ڕۆیشت. هەردوو ڕۆمانەکەیشی خراونەتە سەر تەختەی شانۆ، ڕۆمانی یەکەمی کراوە بە فیلمیش.

ڕۆمانی [جنۆکەکان] چیڕۆکی خێزانێکی کورد دەگێڕێتەوە، له 1970 لە گوندێکی باکووری کوردستانەوە هاتوونەتە ئەڵمانیا. دوای ساڵانێکی زۆر کارکردن لە ئەڵمانیا، حوسێن بڕیار دەدات بگەڕێتەوە تورکیا و وەک ئارەزووێکی لەمێژینەی لە ئەستەنبووڵ خانووێک بکڕێت، بەڵام هەرکە دەچێتە ناو خانووەکە، جەڵتە لێی دەدات و دەمرێت.

هەر بەشێک لە ڕۆمانەکە تەرخان کراوە بۆ یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکە؛ حوسێن [باوک]، ئومێد، هاکان، سێڤدا، پەری، ئامینە [دایک]. هەریەک لە کارەکتەران ڕووبەڕوون لەگەڵ کێشەیەکی تایبەتی خۆیان و گرێدراویش بە کێشە گەورەکە: کوردبوونیان و ناسنامەیان.

منداڵەکان کاتێک دەگەڕێنەوە ئەستەنبووڵ بۆ ئەوەی بەشداری لە ناشتنی تەرمی باوکیان بکەن، شۆک دەبن کاتێک دەبینن دایکیان دەتوانێت بە کوردی قسە بکات، هەر لەوێ بۆیان دەردەکەوێت ئەوان کوردن. حوسێن لە لاوییدا لە سوپای تورک بووە و لەوێ خراوەتە مێشکی شتێک نییە بە ناوی کورد و زمانی کوردی، لەم سۆنگەیەوە کاتێک دێتە ئەڵمانیا هیچ کاتێک بە زمانی کوردی قسە ناکا و لە هاوسەرەکەشی قەدەغە دەکات بە کوردی بئاخڤێت. حوسێن پەروەردەی دەستی ڕۆژنامەیەکی دەوڵەتی تورکە، کە کوردەکان بە تیرۆرست و خەڵکانی دوواکەوتوو و بەربەری دەناسێنێت.

فاتمە ئایدەمیر، لە ڕۆمانەکەیدا لە لایەک فۆکسی لەسەر توانەوەی کوردەکانە لەژێر زەبروزەنگ و سەرکوتی دەوڵەتی تورکیا [زۆر ڕوونیش زیندانیکردنی لەیلا زانا، عەبدولڵا ئۆجالان، کوشتاری دەوڵەت بەرانبەر سەرهەڵدانی کوردان دێنێتە ناوەوە]، لە لایەکی دیش نامۆیی هەمان خێزان لە تاراوگە، پەرتبوونیان بەهۆی ونبوونی ناسنامە و شووناسیان دێنێتە بەر چاو. بۆیە رۆمانەکانی فاتمە ئایدەمیر بوونە دەنگی کورد لەناو ئەدەبیاتی ڕۆمانی ئەڵمانیدا.


Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *