کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ئەزموونی دەسەڵاتی پادشایی و دەسەڵاتداریی ئیسلامییان تاقیکردۆتەوە. ئەمڕۆ بە بیرکردنەوەیەکی نوێوە، لەپێناو ڕووخاندنی سیستمی دیکتاتۆریی دەسەڵاتداریی ئیسلامیدا، خوازیاری دامەزراندنی سیستمی دیموکڕاتین.
دامەزراندنی سیستمی دیموکراسی بەبێ ئازادیی ژن مەحاڵە و تەنها ڕێگای گەیشتن بە ژیان و ئازادی، تەنیا ئازادیی ژنە.
ڕۆحی ژن دوای پێنج هەزار ساڵ لە سەرکوتکردن، دیسان لە هەمان خاکی بەپیت و شوێنی خواوەندی ژن، “میزۆپۆتامیا”، زیندوو دەبێتەوە. ئەم شۆڕشە ڕێنساسی ژنە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەم ژنە هۆشیار بوووەیە دژی هزری تاریکپەرستانەی پیاوسالارە . ئەو پیاوانەی کە خۆیان لە شێوەی دەسەڵاتداریی ئیسلامیدا وەک داعش، ڕژێمی ئێران و تاڵیبان نمایش دەکەن. ئەمڕۆ بە ڕووخانی داعش دەستی پێکردووە و بەرۆکی دەسەڵاتداریی ئیسلامیی ئێران و تاڵیبانیشی گرتووە.
خەڵکی ئێران لە سەردەمی پاشاییدا، قۆناغی شایەتی و داگیرکارییان لە سەردەمی ڕەزا شادا تێپەڕاندووە و قۆناغی دەسەڵاتداری دینیان لە دوای پاشایەتی تاقی کردۆتەوە و بە هەر دوو سیستم نەگەییشتوونە ئازادی خۆیان.
ڕەزا شا ڕێگەی نەدەدا جگە لە زمانی فارسی، هیچ نەتەوەیەکیتر لە ئێراندا قسە، خوێندن و پەروەردەیان بە زمانی خۆیان هەبێ. ڕەزا شا بە هزری فاشیستی جلوبەرگی کوردی و نەتەوەکانی تری قەدەغە کردبوو. ئەم ستەمانە ڕێگەی بۆ جیابوونەوەی ئازەرییەکان بە سەرکردایەتی سەید جەعفەر پێشەوەر و قازی محەممەد کردەوە. بەڵام لە کۆتاییدا، شا جگە لەو ستەمانەی کردبووی، کۆمەڵکوژیی دژی سەربەخۆیی ئەم دوو نەتەوەیە لە ئازەربایجان دەستپێکرد. قازی محەممەد و هاوڕێیانی کە نوێنەری گەلی ستەملێکراوی کورد بوون، لە مەهاباد لەسێدارە دا.
ئەم ڕووداوە مێژووییانە هەرگیز لە یاد و بیرەوەریی گەلی کورد و ئازەری ناچێت. بۆیە خەڵک هەنگاو بۆ دواوە ناوێت، بۆیە قۆناغی نوێ بەڕێوەیە. هیماکانی ئەم قۆناغە دیارن، لەوانە میدیای کەوتۆتە دەست گەل. ئەمڕۆ ئیتر دەسەڵات لە دەستی میدیای تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی دایە. بە واتایەکیتر دەسەڵاتی میدیا دیسانەوە بۆ خودی تاک گەڕاوەتەوە و لە قۆناغی دووەمی ئەم شۆڕشە نوێیەدا، دەسەڵات و ئیرادە وەک میدیا بۆ گەل دەگەڕێتەوە کە ئەمە هەمان دامەزراندنی ستونەکانی سیستمی دیموکراتیکە. خەڵکی ئازادیخواز بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ دەسەڵات لە دەسەڵاتداران دەستێنێتەوە و بۆ خودی خۆی و کۆمەڵگە دەیگێڕێتەوە.
شۆڕشی خەڵک لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا دژی شا سەریگرت، بەڵام ئاییندارە ئیسلامیەکان دزیان. یاسا فاشیستەکانی رژێمی پێشووی خۆیان لەگەڵ دینی دەسەڵاتداری تێکەڵ کرد و بەسەر خەڵکیاندا سەپاند.
ستەمی فاشیستی و ئایینی بەسەر گەلی کورد، بەلوچ، ئازەری و عەرەب و بەتایبەت ژناندا سەپاند. بە واتایەکی تر، تاکەکانی لە دەسەڵات و ئیرادە داماڵی. بە شێوەیەک کە ژنان لە ماڵ و کۆمەڵگەدا سنووردار و زیندانی کران.
بەڵام ئەمڕۆ دەنگدانەوەی هەواڵی قارەمانێتیی ژنان لە بەرامبەر داعش و بڵاوبوونەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سات بە سات بوو بە ئیلهام و ئازایەتی بۆ ژنانی کورد و ئێرانی.
ژنانی ئێستا لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە لە هەموو ڕووداوەکانی جیهان ئاگادارن، بۆیە ژنێک کە لە ڕووی زهنییەوە ئازاد بێت، کۆیلایەتی و سنوورداری و نایەکسانیی ڕەگەزی قبووڵ ناکات و دژی ستەم ڕادەپەڕێت.
پیاوانیش گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە “هەتا ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگە ئازاد نابێت”. بۆیە ژن و پیاو دەست لەناو دەستدا و هەموو پێکەوە دژی ئەم سیستەمە پیاوسالارە کە کۆمەڵگەکانی تووشی هەژاری و بەدبەختی، بێهیوایی و کۆڵبەری کردووە، دەڵێن: “مەرگ بەر دیکتاتۆڕ” و خەڵکی ئازادیخوازی جیهانیش کە هیچ بەرژەوەندییەکیان لەگەڵ ئەم ڕژێمەدا نییە، بە ویژدانێکی ئاگاوە پشتیوانی دەکەن.
ژن دەیانەوێت بە ئازادی و بە ناسنامە و ویستی خۆیان بژین. گەلە ستەملێکراوەکان ستەمی فاشیستی قبووڵ ناکەن. تەنانەت پیاوە فارسەکانیش دژی نەزانین و جەهالەت ڕاپەڕیون و هەموو ئازادیی خۆیان لە ئازادیی ژندا دەبینن. لەبەر ئەم هۆکارەش دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی“ بڵاو بووەوە و بوو بە قسەی سەر زمانی هەمووان. تەنانەت سنووری ئێرانی بڕی و گەیشتە هرات و کابولی ئەفغانستان و ژنانی ئەفغانستان کە ستەملێکراوترین ژنانی جیهانن، بۆ ئازادیی خۆیان لە بەرامبەر تاڵیباندا خۆپیشاندانیان کرد و دروشمیان وتەوە.
ئەمە هەمان پایز و داڕمانی سیستەمی دەسەڵاتداریی ئیسلامی و دروستکردنی سیستەمی دیموکراسییە بە پێشەنگایەتیی ژن.
بۆیە هەردوو سیستەمی فاشیستی و داگیرکەر بە نوێنەرایەتی ڕەزا شا و دەسەڵاتداریی ئیسلامی کە دامەزرێنەرەکەی خومەینییە، چوونەتە زبڵدانی مێژووەوە و ئەمڕۆ ڕژێمی ئیسلامی گیانی لەبەردا نەماوە و فۆڕمەکەیشی لە حاڵی نەمان دایە.
دروشمی “مەرگ بەر ستەمگەر، چ شا باشێ چ رەهبەر” گەوهەری ڕاستی دوو قۆناغی ستەم و زۆرداریی شا و خومەینی بەسەر ژنان و نەتەوەکان دەردەخات. ئەم دروشمە دەرخەری دوو قۆناغی ستەمی دژی خەڵکی ئێران بە نوێنەرایەتی شا، هەروەها دزی و سەرکوتکردن بە نوێنەرایەتی خومەینی و خامنەییە.
دەسەڵاتدارانی ئێران چیتر ناتوانن بە سەرکوتکردن و کوشتار و سانسۆر تەمەنی خۆیان درێژ بکەنەوە، بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانیان، خەڵک تووڕەتر بوون و دژیان وەستاونەتەوە.
ئەوان هەمووان بە گرتن و ئەشکەنجە دەترسێنن، بەڵام ئەمڕۆ شەپۆلی تووڕەیی بەرەو دەرگای زیندانەکان دەجووڵێت و دەرگای ئازادی بەسەر زیندانیانی ئازادیخوازدا دەکاتەوە. دەرگایەک کە بە شکاندنی، گەل دەگاتە ئازادی و ستەمکاران و دەسەڵاتداران بۆ زبڵدانی مێژوو دەچن.
لە پاش ڕووخانی ئەم رژێمەش بنیاتی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی لەسەر بنەمای ئازادیی ڕەگەزی، دیموکراسی و ژینگە کارى خەڵکە. خەڵک و نەتەوەکان دەبێت لە شێوەی دیموکراتیدا و بە ڕەنگ و زمانی خۆیان، خۆیان بەڕێوە ببەن. ئەمە هەمان سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتییە.
لە سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیدا ژن و پیاو تەواوکەری یەکترن. دەسەڵاتداریی ئایینی، فاشیستی و پیاوسالار لەوێدا جێگەیان نییە. تەنانەت ئابووریش لەپێناو پاراستنی ژینگەدا دەسوڕێتەوە.
لەم ڕێنسانسەدا، ژنان بە زانست و فەلسەفەوە، دەسەڵات وەک هێزی میدیا، لە دەسەڵاتدارانەوە بۆ تاک دەگێڕنەوە. بە واتایەکی تر، خۆیان خۆیان بەڕێوە دەبەن. دروشمی “مەرگ بەر ستەمگەر، چ شا باشێ چ رەهبەر” گوزارشتە لە گەوهەری ئەم شۆڕشە ژنانە. ئەمە هەمان ئەو ژیانە بەشەڕەفەیە کە خەڵکی ئەم خاکە پیرۆزە شایەنیەتی.















Leave a Reply