شاماران

کولتور و زانست، میدیای نوێ

گزنگ و سروشت … لە دیوانی “زەنگوڵی وتن”دا


گزنگ و سروشت

گزنگ وەرە لەسەر سنگم سەما بکە

دەنکە توو بخۆ

نازانم کە ڕۆژانی منداڵی خۆم بیر دەکەوێتەوە هەموو ئەو شتانەم خۆش دەوێن کە ڕۆژێک لە ڕۆژان چاویشم پێ کەوتوون و هەستم پێ کردوون؛ مەنفا و خەڵوەت هەمیشە پردێک بووە بۆ ئەو ڕۆژانە. بیری ئەو تیۆریەی فڕۆید دەکەومەوە کە دەڵێت: مڕۆڤ بەردەوام مەیلی بۆ گەڕانەوەی منداڵدانی دایکی هەیە. گەڕانەوە بۆ ڕۆژگاری منداڵی و سروشت دەکرێ بە هەنگاوی یەکەمی گەڕانەوە تەعبیر بکرێت. شاعیریش ئەو ڕۆژانەی منداڵی بیر دەکەوێتەوە؛ گەڕانەوە بۆ ناو سروشت. “گزنگ”یش  ئەو ناوەیە کە لە منداڵیدا نەزەندی پێ بانگ کراوە و لە مەنفادا یاریەکانی منداڵی لەگەڵ دارتووەکە بیر دەکەوێتەوە. ژن لە سروشت دانەبڕاوە، شاعیریش لەوپەڕی دڵپاکی، سادەیی و میهرەبانی هەستی خۆی داوەتە دارتووەکە؛ لەوپەڕی تێکەڵاوی و هاوڕێیەتی لەگەڵ دارتووەکە دەڵێت:

گزنگ وەرە لەسەر سنگم سەما بکە

دەنکە توو بخۆ

شاعیر نە تەنها هاوڕێی ئازادی، بەڵکوو هەر لە منداڵیەوە هاوڕێی مانگ و دەریا، ئاسمان‌و خۆر و دەنگە سروشتییەکان بووە. جارێک دەست لە ملی مانگ و جارێک هاوڕێی شەپۆلەکانی دەریایە. جارجاریش لەگەڵ برابچووکەکەی پەلکە گەڵایەک دەکاتە بەلەم، جارجاریش لەسەر سینگی دارتووەکەی شاخی مشکە سەما دەکات و وەکوو مار خۆی لە قەدی دەهالێنی، دەنکە تووش دەخوات و ناوچاوانی دەخاتە سەرقەدی دارتووەکە.

لە ڕێگایەکی سەرەو لێژ

بەرەو ڕووت دێم

تۆ باوەشت کردۆتەوە و

کڕنۆش دەبەیت

بۆ مەوجی بەرائەتم

دەستەکانت درێژ دەکەیت و هەڵم دەگریت

لێوی ونەوشەییت ماچ دەکەم

ئینجا لەسەر گردۆلکەی کەسکاییت دامدەنێت

لە سەر ناوچاوانت دەخەوم

گۆنات دەنێم بە گۆنای ئەرخەوانیت

لەسەر شان و ملت خلیسکانێ دەکەم

کاتێ دەگەمە سەر سنگت

بەرانبەر بە نیگای ئاسمان

بە ئارامی ڕادەکشێم

شنەبا ڕامدەژەنێ و

پەنجەی خۆر دەملاوێنێتەوە

نمەی شێنایی بەسەرمدا دەبارێ

ئیکۆفێمینیستەکان پێیان وایە کە ژن پێوەندی زۆر نزیک و تا ڕادەیەک زۆر دۆستانەی لەگەڵ جیهانی سروشتیدا هەبووە، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدان و گەشەکردنی کلۆنیالیستی ڕۆژاوایی و هاوکات پەرسەندنی تەکنۆلۆژیا پەڕەنسیپی مێیینە تەواو گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە؛ بۆیەش ئیکۆفێمینیستەکان هەوڵ دەدەن بۆ گەڕانەوەی پێوەندی دووبارەی مرۆڤ لەگەڵ ژینگە جیەن فریدمەن لە کتێبەکەیدا بە ناوی “فێمینیزم” دەڵێت: هێزە سروشتییەکان زۆربەی کات بە مێیینە وێنا دەکران، چونکە نیشانەی زاوزێ بوون؛ پەڕەنسیپی مێیینەش کاردانەوە و پێوەندییەکی تایبەتی ژن لەگەڵ سروشتدا بوو.

 

با بای خۆناسینەوە و بای باوکسالار

با لە شیعرەکانی شاعیردا وەک جادووگەرێک هەر جارە بە ڕەنگ و ئاوازێك خۆی دەردەخات، دەڵێت هەر لە منداڵیەوە وانەکانم با بوون. جارجار خۆی دەداتە بەر دەست با، با باوەشێنی دەکات و هەندێ جار هاوڕێ. جارجاریش لەبەری دەپاڕێتەوە و هەندێجار یاخی و سەرکەش سنووی با دەبەزێنێت و بەرەو ئەدیو با هەنگاو دەنێت. شاعیر بەرەو خود دەگەرێتەوە، دوور لە نەریتی بارکراو، خودێکی ئاشقانە.

هێلەکان بان با – ن هێڵەکان

با – ن هێڵەکان

لەگەڵیان بەرەو تۆ هەڵدەکەم

واتا بەرەو خۆم

بەگیخانی لە شیعری “سترانی ژنێکی سەربڕاو”دا – کە پێشکەشی دەکات بە گیانی ئەو ژنانەی بە بەهانەی شەڕەفەوە کووژران- با ڕەنگی خۆی لە هاوڕێیەتی و ڕۆژگاری ئاشتەوایی و شنەی بای بەهاری و ئەشق و باران گۆڕیوە؛ ئەم بایە ڕەنگی شادومانی و پێکەنین دەکات بە پاییز و گوڵی سپی (ئاشتی) دەوەڕێنێت.

ئەمجارە با لە بەرگێکی پیاوانە و بە چڕنووکێکی تیژەوە دێت و ژیان دەکات بە دۆزەخ؛ دۆزەخێک کە بە زهنیەتی دەسەڵاتی پیاوانە دامەزراوە و مێیینەتی لەخۆیدا دەسووتێنێ.

ئەم بایە بای فەرهەنگ و کولتوری باوکسالاریە، بای موڵکی نێر و دەسەڵاتی نێرە. ئەو بایەیە کە ژن دەکات بە موڵکی پیاو و نامووسی خۆی. ئەو بایەیە کە جەستەی ژن بە موڵکی خۆی دەزانێت و وەک ئامرازێک بۆ حەز و ویست و ئارەزوو و هەوەسەکانی خۆی بەکار دێنێت. ئەو بایە هەمان دەسەڵاتە و دەسەڵاتیش زهنیەتی باڵادەستی پیاوە.

هێی هێی هێی هێی ‌هێی

سەگوزەشتەی من

دەشێ سەرگوزەشتەی تۆش بێ

 

سەگوزەشتەی من

سەرگوزەشتەی گوڵێ بوو

لە سووچێکی ئەم سەرزەمینە

دەشنایەوە، پێدەکەنی، لەگەڵ جوانیدا هاودەم بوو

ڕۆژێ بایەک هەڵیکرد

بایەکی بۆر، قورس، چڕنووک درێژ

درێژە درێژە بە قەد بالای تاوانەکان

تاوانی بوون، تاوانی ژن بوون

هێی هێی هێی هێی هێی

گوڵێکی سپی بووم

لەگەڵ با، لەگەڵ باران، لەگەڵ ئەشقدا هاودەم بووم

بای بۆر، قورس، ناگەهان

بە بەرگێکی پیاوانە هات

گرم گرم ئەستێرەکانی شکاند  و

کانیەکانمی هەڵوەراند  و

گرم گرم نزیک بووە

 بای بۆر ، قورس، ناگەهان

بە بەرگێکی پیاوانەوە هات

نزیک بۆوە

نزیک‌تر هات

چڕنووکی چەقۆئاسای لە ڕوومەتەکانم گیر کرد

پەپولەکانمی خنکاند

ڕۆشناییمی سەربڕی

بە خوێنی ئاڵم

مەرگی ژیانی تۆمار کرد

 

هێی هێی هێی هێی ‌هێی

سەگوزەشتەی من

دەشێ سەرگوزەشتەی تۆش بێ

شاعیر لەزەت لە خەوندا دەبینێتەوە، بەڵام هێڵەکان دەبنە لەمپەڕ لەبەردەم سەرگەتنی خەونەکان

 

 

 

 

 

 

 


Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *