شاماران

کولتور و زانست، میدیای نوێ

مۆنالیزا لەژێر سێبەری تاڵیبان (پێشانگا) +وێنە


ئەگەر لیۆناردۆ داڤینچی لە کابوولی ئەمڕۆدا لەدایک بوایە، لەوانەیە مۆنالیزاکەی لەپشت (بەرچاوکە-بُرْقُع)یەکی شینەوە حەشار بدرایە. ھەمان زەردەخەنەی نھێنی، بەڵام بێ ڕووخسار. ھەمان نیگا، بەڵام لەپشت تۆڕێکی ئاسنینەوە کە ڕێگە نادات ڕۆحی ژنەکە لە چوارچێوەکە بێتە دەرەوە.

مۆنالیزا لەژێر سێبەری تاڵیبان
ھونەر لەتەرازووی ئایین و دەسەڵاتدا

لە پێشانگای «تونستان» لە کتێبخانەی ناوەندیی ھامبۆرگ، ئەم تێگەیشتنە بووەتە واقیع. مۆنالیزای داڤینچی ئەمجارە بە “بُرْقُع” ڕازێنراوەتەوە، و ھەر ئەم تابلۆیە سەرەتای گفتوگۆیەکی تاڵە لەنێوان ھونەر و باوەڕی زۆرەملێدا.

پێشانگای «تونستان» کە لە ٢٣ی ئۆکتۆبەر تا ٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥ لە کتێبخانەی گشتی ھامبۆرگ بەردەوامە، کۆمەڵێک کاریکاتێر و تابلۆی ھونەرمەندانی ئەفغانە؛ ژن و پیاوانێک کە بە گاڵتە، ڕەنگ و ھێما، ڕەخنە لە جیھانی دوای گەڕانەوەی تاڵیبان دەگرن. ئەم کارانە بە زمانی خواست، هاواری خنکاووی ئەو نەوەیەن کە باوەڕی سەپێنراویان ئەزموون کردووە و واتای ئازادییان لەدەست داوە.

لە تابلۆی مۆنالیزای نیقاب‌پۆشدا، باڵندەیەکی سپی لەسەر شانی دانیشتووە. دژایەتییەکە لەنێوان بێدەنگی و فڕین، لەنێوان بەندکردن و ھیوادا. ئەم بەرهەمە، گاڵتەکردن نییە بە باوەڕ، بەڵکوو ڕەخنەگرتنە لە دەسەڵاتی ئایینی بەسەر ژیاندا. کاتێک ئایین دەبێتە یاسا، ھونەر دەگۆڕێت بۆ تاوان. و لە جیھانێکی لەم شێوەیەدا، زەردەخەنەی مۆنالیزا ئیتر نھێنی نییە — بەڵکوو شیوەنە.

لەلای ئەوەشەوە، بەرهەمەکانی تر دەبینرێن کە ھەر یەکەیان گێڕانەوەی خنکاندن و خۆڕاگرین. لە یەکێکیاندا، کچێکی بچووک لە ئاوێنەدا خۆی بە شێوەی پزیشکێک دەبینێت؛ خەونێکی قەدەغەکراو بەڵام زیندوو. لە نەخشێکی تردا، ژنێک بە بەرچاوکەوە خەریکی نەخشاندنی کۆترێکی سپییە، لەکاتێکدا باخچەی دەوروبەری بە دڕک داپۆشراوە. یەکێک لە کاریگەرترین تابلۆکان ژنێک نیشان دەدات کە بە دەست لە ھەموو لایەکەوە «نیشانەی» لێ دەدەن: شووکردن، ماڵەوەبوون، منداڵ — نیشانەیەک کە لە ژن مرۆڤ دروست ناکەن، بەڵکوو زیندانی دروست دەکەن.

لە بەرهەمێکی تردا، کچێکی گەنج بە پۆشاکی سوورەوە، لەتەنیشت جانتا و کتێبەکانی دانیشتووە و بە چاوی گریانەوە سەیری پۆشاکێکی ڕەش دەکات — یەکپۆشیی قوتابخانەیەک کە ئێستا تەنیا لە خەیاڵی ئەودا بوونی ھەیە. ئەم وێنەیەی لە خوێندن بێبەشکراوە، ھێندەی مرۆڤانەیە، ھێندەش سیاسییە. لە کۆمەڵگایەکدا کتێب مەترسی بێت، کچی قوتابخانەیی دوژمنێکی ئەگەرییە.

بەڵام لەوانەیە ھێماییترین بەرهەمی پێشانگاکە، تابلۆی کچێک بێت کە لە ڕێگایەکی سەوز و جواندا ھەنگاو دەنێت، لەکاتێکدا پیاوێکی چەکدار پەتی قەفەسێکی بەدەستەوەیە کە لەسەری نووسراوە: Freedom. ئازادیی داوکراو، و کچێک کە بێ ئاگا لە داوەکە، بەرەو ئەو دەڕوات. وێنەیەک لە ھیوا و فریو، لە سیاسەتێک کە بەڵێنی ئازادی دەدات و زیندان دروست دەکات.

پێشانگای «تونستان» بەرهەمی کاری بەکۆمەڵی ھونەرمەندانی ئەفغانە کە زۆربەیان ئێستا لە دوورخراوەییدا دەژین. عەلی مووسەوی سام، کاریکاتێریست و ڕێکخەری سەرەکی پێشانگاکە، دەڵێت ھونەر لە سەردەمی تاڵیباندا «جۆرێک لە مانەوەیە». ئەو بە پشتگیریی ڕێکخراوی Artist Protection Fund و Studio Marshmallow لە ھامبۆرگ، سەکۆیەکی فەراھەم کردووە تا دەنگی ھونەرمەندە بێدەنگەکانی ئەفغانستان ببیسترێت.

لە جیھانێکدا کە تاڵیبان کتێب دەسووتێنن و ڕووخسار دادەپۆشن، ئەم ھونەرمەندانە بە ڕەنگ و خەت گێڕانەوەیەکی نوێ لە باوەڕ دروست دەکەن: باوەڕێک بە مرۆڤ، نەک بە دادوەر. بەرهەمەکانیان نیشان دەدەن کە چۆن ھونەر دەتوانێت ھاوکات ڕەخنەگر بێت لە ئایین و بیرھێنەرەوەی ڕۆحی مەعنەویی ئەویش بێت — ڕۆحێک کە بەرامبەر نەزانی و دەسەڵات دەوەستێتەوە.

«مۆنالیزا لەژێر سێبەری تاڵیبان» تەنیا تابلۆیەک نییە، بەیاننامەیەکی بینراوییە دژی سانسۆر. زەردەخەنەی ئەو، لەژێر “بُرْقُع”ەوە ، زەردەخەنەی ھەموو ئەو ژنانەیە کە مافی بینین و بینراو بوونیان لێ زەوت کراوە. و باڵندە سپییەکەی سەر شانی، بیرھێنەرەوەی ئەوەیە کە تەنانەت لە تاریکیشدا، فڕین مومکینە.

لە کۆتاییدا، ئەگەر ھونەری داڤینچی ستایشی جوانیی مرۆڤ بوو، ھونەری نەوەی ئەفغانیی ئەمڕۆ ستایشی مافی مرۆڤە — مافێک کە ئایین، سیاسەت و دەسەڵات لێیان قەدەغە کردووە. لێرە، لە دڵی ھامبۆرگ، مۆنالیزایەکی نوێ لەدایک بووە: مۆنالیزایەک کە ئیتر زەردەخەنە ناکات بۆ ئەوەی جوان بێت، بەڵکوو زەردەخەنە دەکات بۆ ئەوەی بژی.


Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *