لە ٢٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥، قوتابخانەی کوڕانەی مەولەوی لە جوانڕۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستی دایە کارێک کە زۆر بە خێرایی هەواڵەکەی لە سەرتاسەری کوردستان بڵاو بۆوە. بە دەسپێشخەریی بەڕێوەبەر، مامۆستایان و بنەماڵەکان، بڕیاردرا قوتابییان بە جلی ڕەسەنی کوردییەوە بێنە قوتابخانە و وەک یەکپۆشیی فەرمیی لەبەری بکەن.
جووڵەیەکی سادە بەڵام پڕ لە واتای قووڵ؛ نەک بە بڕیار و فەرمانی سەرەوە، بەڵکوو بە ویستی خەڵک. منداڵان بە جلی کوردییەوە هاتن، ڕەنگ و سەنگێکی نوێیان بە حەوشەی قوتابخانە بەخشی و هەمووان هەستیان کرد قوتابخانەکەیان، بووەتە ماڵی خۆیان.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لەنێو خەڵکی کورددا، ئەم هەڵمەتە بە «ژیلەمۆی جلی کوردی» ناوبرا، دەکرێ قۆناخێکی تازە بێت بۆ کولتوری کورد. ڤیدیۆ و وێنەکانی بە پێکەنین و زەردەخەنەی منداڵان لەبەر جلە ڕەسەنەکانیان بڵاوکرایەوە و شەپۆلێک لە خۆشی، شانازی و هیوا دروست بوو. زۆر کەس نووسییان: «خۆزگە هەموو قوتابخانەکانمان ئاوا بوونایە؛ هەم فەرهەنگی، هەم یەکسان، هەم ڕیشەدار.»
بە بڕیاری وەها، هەم جیاوازیی چینایەتیی نێوان جلەکان نەما، و هەم جوانی و ڕەسەنایەتیی کەلتووری کوردی دیسانەوە لە تەنیشت وانە و تەختەڕەشدا ژیایەوە.
لە ڕوانگەی یاساوەش هیچ ئاستەنگێک نییە. لە ئەسڵی پازدەیەمی یاسای بنەڕەتیی ئێراندا هاتووە: «زمان و خەتی فەرمی و هاوبەشی خەڵکی ئێران، فارسییە، بەڵام بەکارهێنانی زمانە ناوخۆیی و نەتەوەییەکان لە ڕۆژنامەکان و ڕاگەیاندنە بەکۆمەڵەکان و فێرکردنی ئەدەبیاتیان لە قوتابخانەکاندا، لە تەنیشت زمانی فارسییەوە، ئازادە.» کەواتە، تا ئەو کاتەی جلی کوردی دەربڕی دروشم یان نیشانەی و هەواداری حزبی نەبێت، لەبەری کردنی لە قوتابخانە یان هەر شوێنێکی تردا، مافێکی کەلتووریی خەڵکە.
بەڵام ئەم ئازادییە هەمیشە بوونی نەبووە. لە سەردەمی ڕەزاشا، بە یاسای «یەکشێوەکردنی جلوبەرگ»، خەڵک ناچارکران جلی ڕۆژئاوایی لەبەر بکەن و پۆشاکی ناوخۆیی لە قوتابخانە و فەرمانگەکاندا نەما. ساڵانێکی زۆر تێپەڕی تا خەڵک دیسانەوە بتوانن بە ئازادی بگەڕێنەوە بۆ ڕەگەز و ڕیشەکانیان.
ئێستا پاش نزیکەی سەدەیەک، قوتابخانەیەکی بچووک لە جوانڕۆ پیشانی دا کە دەکرێت کولتوور نەک بە زۆر، بەڵکوو بە هەڵبژاردنی ئازادانە زیندوو بکرێتەوە. ئەم بڕیارە نە سیاسییە، نە نمایشی؛ تەنها یادخستنەوەیەکی ئارامە لەوەی کە کاتێک خەڵک خۆیان بڕیار دەدەن، یاسا و ویژدانی کۆمەڵگا لەگەڵیان دەوەستێت.
جلی کوردی لە جوانڕۆ ئیتر تەنها یەکپۆشی نییە؛ هێمایەکە بۆ ئازادی، ڕەسەنایەتی و پەیوەندیی دیسانەوە بە ڕیشەکانەوە. و ڕەنگە هەر ئەم هەڵسانەوە بچووکە، سەرەتایەک بێت بۆ جووڵەیەکی گەورەتر لە دڵی کوردستاندا — جووڵەیەک بۆ ڕێزگرتن، فرەیی و هەڵبژاردنی ئازادی مرۆڤ و نموونەیەک بێت بۆ سەرجەم خوێندنگاکانی کوردستان.
سەرچاوە: خوێندگەی مەولەوی جوانڕۆ


















Leave a Reply