ئەم ڕاپۆرتە لەسەر بنەمای داتای بەڵگەدار و لێکدانەوەی یاساییی سیاسەتەکانی کۆمپانیای مێتا، مۆڵەتی گشتیی D-2ی نووسینگەی کۆنترۆڵی سەروەت و سامانی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (OFAC)، و چەمکی “گونجاندنی بالا” (Over-Compliance) ی کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکانی ئەمریکا ئامادە کراوە.
هەروەها ڕاپۆرت و بەیاننامە فەرمییەکانی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ وەک **ARTICLE 19، Access Now، و سەنتەری مافی مرۆڤ لە ئێران (CHRI)**ی لەبەرچاو گرتووە. ئەمە جگە لە ئەزموونی کەسیی ڕۆژنامەنووسیی خۆم لە تاراوگە، کە لە نێوان سانسۆری دەوڵەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سنووردارکردنی بازرگانیی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکاندا کە چۆن بەرەوڕوی دوژواری کار بۆمەوە، شیکار کراوە.
ڕیشەی کێشەکە
گونجاندنی دارایی و سیاسەتی فیلتێر و سانسۆڕ
گەمارۆکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەموو جۆرە مامەڵەیەکی دارایی لەگەڵ ئێران قەدەغە دەکات، مەگەر بە ئاشکرا لە چوارچێوەی مۆڵەتێکی گشتی (General License) ڕێگە پێدراوبێت.
لە ئەیلوولی ۲۰۲۲، OFAC مۆڵەتی گشتیی D-2ی درا بۆ ئاسانکاریی دەستگەیشتنی خەڵکی ئێران بە خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندی، لەوانە پلاتفۆرمە کۆمەڵایەتییەکان وەک فەیسبووک و ئینستاگرام، تەنانەت لەو حاڵەتانەشدا کە هەندێ تایبەتمەندی بە پارە چالاک دەکرێن. بۆ نمونە بۆستکردن یاخود بڵاوکردنەوەی بابەتێک بە پارە تا لەو جوگرافیایەی دەتهەوێ بخرێتە بەر چاوی خەڵک.
بەڵام سەرەڕای ئەمەش، کۆمپانیای مێتا لە کردەوەدا هەموو خزمەتگوزارییە پارەدانی بۆ ڕیکلام، لەوانە Boost/Promote، بۆ جوگرافیای ئێران و وڵاتانی دیکەی ژێر گەمارۆ بلۆک کردووە، کە بووەتە هۆی قوربانیکردنی ئازادیی ڕادەربڕین.
کۆمپانیای مێتا کە فەیسبووک، ئینستاگرام، واتسئاپ و Treads لە خۆ دەگرێت بەهانەکەی بۆ ترس لە سزای ئەمریکا گەڕاندۆتەوە. هەمان سیاسەتی “خۆگونجاندنی لەڕادەبەدەر (Over-Compliance)**ە؛ واتە خۆدوورگرتنی تەواو لە مەترسی، تەنانەت گەر بە نرخی پێشێلکردنی ئازادیی بیروڕاش بێت.
بە واتایەکی دیکە، حکوومەتی ئەمریکا دەڵێت پەیوەندیی ئازاد ڕێگەپێدراوە، بەڵام مێتا لە ترسی مامەڵەی دارایی، ئامێری دەستگەیشتن بەو پەیوەندییە دادەخات. لە ئەنجامدا، سنووردارکردنی دارایی دەگۆڕێت بۆ سنووردارکردنی ڕادەربڕین کە بە قازانجی دیکتاتۆڕان و بە زیانی ڕاگەیاندنە ئازادەکان شکاوەتەوە.
سانسۆری دەنگی رۆژنامەگەری ئازاد
ئەم سنووردارکردنانە، ڕاگەیاندنە ئازادەکانی تاراوگەی کردووەتە ئامانج و بە پێچەوانەوە سوودی بە ڕژێمە دیکتاتۆرەکان گەیاندووە لە سەرکوتی ڕاگەیاندنی ئازاد.
من کە تازە بە هەموو سەختییەکەوە وێبسایتێکم لە پێناو بووژانەوەی کەلتووری دامەزراندووە، ناتوانم بابەتەکانم لە ڕێگەی Boost/Promoteەوە ئاراستەی ئەو جوگرافیایە بکەم کە مەبەستمە، و لە زیادکردنی فالوور بێبەش و گۆشەگیر دەکریم.
ئەم سنووردارکردنانە دەنگی ئازادیخوازی گۆشەگیر دەکەن، چونکە ئەلگۆریتمەکان ناسینەوەیەکی نادروستیان لە بەکارهێنەرەکەیان هەیە و دایمە تووشی هەڵە دەبن. بۆ نموونە، من بەڵگەی سڕینەوەی پەیجی فەیسبووکەکەم لە ٤ی نیسانی ٢٠٢٢ بە ناوی “hosseinpour salah” لەبەردەست دایە، کە بەهۆی هەڵەی ناسینەوەی ئەلگۆریتمەکانەوە سڕدرایەوە، لەکاتێکدا ڕۆڵێکی چالاکم لە بزووتنەوەی **”ژن، ژیان، ئازادی”**دا دەگێڕا؛ تەنانەت بە بڵاوکردنەوەی کتێبی ژنناسی (Jinoloji) کە لە خزمەتی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی ژناندا بوو، پیامی سزادانم پێگەیشت.
بەڵام خاڵی گرنگ و ناڕوون ئەوەیە: “بۆچی کۆمپانیای مێتا لەبارەی لابردنی سنووردارکردنەکانەوە بێدەنگ بووە؟”
ئەم سنووردارکردنەی مێتا لە کاتێکدایە کە لە وڵاتە دیکتاتۆرەکان وەک ئێران و تورکیا بەکارهێنەران ناتوانن تەنانەت کۆمێنت بنووسن و لایک بکەن و تەنها لە بێدەنگیدا چاودێریی بابەتەکان دەکەن. بۆ نمونە راگەیاندنە ئازادەکان و خەڵکی تاراوگە بیانتوانیایە بابەت بۆشت بکەم بۆ ناو ئێران و یان هەر وڵاتێکی تر.
ئەم سنووردارکردنە بۆ ڕۆژنامەنووسێکی کورد چەندین جار قورسترە، چۆن گورزە مێژووییەکان لاوازی کردووە. بۆ نمونە ناسنامەی کورد لە ساڵی ٦٥١ی زایینییەوە ڕووبەڕووی جینۆسایدی جەستەیی و کەلتووری لە لایەن عەڕەبە داگیرکەرەکان بووەتەوە، و هەروەها زیاتر لە سەدەیەکە دەوڵەتانی ئێران، تورکیا، سووریا و عێراق بە ئایدیۆلۆژییە ئیسلامگەرا و فاشیستییەکان ناسنامەی کورد دەسڕنەوە. ئەمە وایکردووە کە ئەلگۆریتمەکانی ئەلفوبێی عەرەبی کە بەسەر شێوەزاری کوردیی سۆرانیدا کە سەپێندراون، لەگەڵ ئەلگۆریتمی زۆربەی بەرنامەکاندا نەگونجێن. جگە لەم کۆسپانە و لە هەمووشیان بەئازارتر، سیستەمە ئەلگۆریتمە جیهانییەکان دەنگی ئازادی ئێمەیان کپ کردووە، بۆیە هەوڵی گشتی بۆ لابردنی ئەم سنووردارکردنانە پێویستە.
ڕێکارە پێویستەکان بۆ لابردنی سنووردارکردنی مێتا
- داواکردنی شەفافیەت لە مێتا: دەربارەی هۆکارە ڕاستەقینەکانی بلۆککردنی خزمەتگوزاریی بووست لە ئێران و وڵاتانی تر، و پێداچوونەوە و چاککردنی ئەلگۆریتمەکان و کردنەوەی دەریچەیەکی ئازادی بۆ ڕاگەیاندنەکان.
- داواکاریی فەرمی لە OFAC: بۆ پێداچوونەوە بە مەترسیی مامەڵە داراییە بچووکەکانی ڕیکلام لە چوارچێوەی مۆڵەتی D-2، و هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا بۆ نەهێشتنی بیانووی مەترسیی کۆمپانیای مێتا.
- دروستکردنی ڕێڕەوی “لێخۆشبوونی مرۆیی ڕیکلامی”: بۆ ڕاگەیاندنە سەربەخۆکانی تاراوگە وەک ئێران، تورکیا، سووریا و وڵاتانی دیکە کە ئازادیی ڕادەربڕین تێیدا کراوەتە قوربانی. ئەمە وەک قەرەبووی ئەو سنووردارکردنانە بێت کە ساڵانێکە دروست کراون.
- پێکهێنانی تیمی “چەترئاسا لە گەڵ سەندیکانی رۆژنامەنووسانی ناونەتەوەیی و مافی مرۆڤ بۆ چارەسەکردنی کێشەکە لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەکان.
ئەوەی گرنگە و پێویستە باس بکرێت، دەبێت رێکخراویی (Körber-Stiftung) لە ڕاپۆرتی خۆیدا بە ناوی Exile Media Forum کە لە ٤ و ٥ی نوامبری ٢٠٢٥ بەڕێوەچوو و من تێیدا بەشداربووم، مافی ئەوە بەخۆم دەدەم کە ئەم رێکخراوە سانسۆری مێتا کە ڕێگرە لە دەنگی ئازادیی رۆژنامەنووسانی تاراوگە، بخاتە ڕوو و بە راپۆرت بیگوازێتەوە و هاوئاهەنگیی پێویست لەگەڵ دەزگا و رێکخراوە پەیوەندیدارەکاندا ئەنجام بدات. تەنانەت دەکرێت ڕێپێوانی گشتی و جەماوەری بۆ زەقکردنەوەی ئەم کێشەیە پێک بێت، چونکە لە داهاتووی نزیکدا دوور نییە “زیرەکیی دەستکرد”یش تووشی سانسۆر بێت و ئۆلگۆریتمەکانی بخرێتە بەرژەوەندیی کۆمپانیا و دەوڵەتانەوە . بۆیە، هەوڵ و هۆشیاریی گشتی بۆ لابردنی سنووردارکردنەکان پێویستە تا زانست لە خزمەتی ئازادیی ڕادەربڕین و ویژدانی مرۆڤایەتیدا بێت.













Leave a Reply