شاماران

کولتور و زانست، میدیای نوێ

خوا و ئایینەکان بە پێوانەی هزر و زانست


بەشی یەک
بە پێی ئازادی بیروڕاو پێویستی سەردەم، لە چوارچێوەی ڕێز و حورمەت پێمخۆشە ئایینە ئیبراهیمیەکان (تەوڕات، ئینجیل و قورئان) بە پێوانەی زانست و هزر بپێوم. پێوانێکی هزری کە کەس و گروپی تایبەت و نەتەوەیەک نەگرێتەوە. تەنها بوێری هێزی بیرکردنەوە، زانیاری و پرسیار لەخۆکردن… لە مرۆڤدا بخوڵقێنی.
مرۆڤ کە چاو بە دنیا هەڵدێنێ و گەشە دەکات لەگەڵ ژینگە و دەوروبەری خۆی گەشە دەکات و فەرهەنگ و زمان و هزری لێ وەردەگرێ و وردە وردە بە پێی قۆناغەکان بیر لە ژیان دەکاتەوە و پرسیار دەکات.
پرسیارکردن رۆحی زیندووبوون و تێڕامان و دواجار داهێنانی مرۆڤە. ئێمە کە لە کۆمەڵگا ئایینیەکاندا گەورەبووین بابەتی بوونی خوا و جیهانی دوای مەرگ هەمیشە جێگای پرسیار و بیردکردنەوە بووە و هەیە.
هەندێ بە وردی بیردەکەنەوە و بەدواداچوون دەکەن و دەیانەوێ ژیانێکی بەواتا بژین و هەندێک لە هێزی زیندووبوون و تێڕامان و پرسیار ڕادەکەن.
من یەکێک لەو کەسانە بووم کە بەردەوام ویستوومە بزانم کە “ئایا بە ڕاستی خالقێکی گەردوونی هەیە؟”
ئەو پرسیارە منی زۆر ماندوو کرد و زۆر بیربکەمەوە و هەندێ شەو هەر خەوم لێ نەکەوێ، لەبەر ئەوەی بەردەوام لە نێوخۆمدا خەریکی پرسیار و وەڵام بووم و ناچار دەبووم پەنا بەرمە بەر کتێبە دینیەکان و رەخنە دینیەکان، فەلسەفە، فیزیک، فێمینیستەکان بەڕاستی زۆر ماندوو بووم.
هۆکار زۆر بوون کە بوونی خوا پەسەند نەکەم و یاخی بم، بەڵام دەمویست بزانم خەڵکی دی چی گوتووە و چی نووسیوە.
زۆرجار ئەوەی لە میشکی خۆمدا شەن‌وکەوم کردبوو لە کتێبەکاندا دەمبینیەوە. دڵم زۆر خۆش دەبوو، دەمگوت منیش بە ئەنجامە گەییشتبووم.
من ئێستا لێرەم تا هەندێ شتتان بۆ باس بکەم کە منی بەرەو بێ‌خوایی بردووە و ڕەنگە ئێوەش بێنە ئەو دۆخە زهنیەی منەوە بە تایبەت گەنجان و یان ئێوەش ئەزموونێکی نزیک لە منتان هەبووبێت.
خوا ئەو وشەیەی کە واتا و مانای زۆری لەخۆ گرتووە و لە پانتایی میشکی هەمووماندا بە جۆرێک واتای هەیە.
خوا بە پێی ژینگەی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی بۆ من وا پێناسە کرابوو کە خاڵقی هەموو شتێکە و هێزی هەموو شتی هەیە. خوا دنیای لە هیچەوە دروست کردووە و رۆژێک دەیکاتەوە هیچ.
بە زمانێکیتر “creation ex nihilo”، واتا ئافڕاندن لە هیچەوە!
لە کتێبی پیرۆزی یەهودیەکان و مەسیحیەکانیش هەر دەڵێت خوا زەوی و ئاسمانی لە شەش ڕۆژدا دروست کردووە. هەروەها کتێبی پیرۆزی موسڵمانانیشدا هاتووە: خوا لە شەش ڕۆژدا زەوێ و ئاسمانەکانی دروست کردووە.
ئەوەی زیاتر جێی سرنجە خوڵقاندنی خۆر لە ئەم ئاییناندا دەکەوێتە رۆژی چوارەم و ئەوەش وامان لێدەکات لە خۆمان بپرسین، باشە چۆن کاتێک رۆژ دروستنەکراوە، دەتوانین بڵێین رۆژی یەکەم؟ هزری ئێمە دەڵێ دەبێ سەرەتا رۆژ دروست بێت تا بڵێن رۆژی یەکەم، رۆژی دووەم و هتد… ، واتایە سەرەتا پێوانەکەمان دەوێ کە خۆرە تا رۆژەکانی پێ بپێوین، ئەم پرسیارە با لەە میشکی خۆماندا بهێڵینەوە. تا بچینە سەر بوون لە هیچەوە کە بابەتێکی بنەڕەتی ژیان و باوەڕە.
با بوون و نەبوون بە گوێرەی فیزیک لێکدەینەوە. من ئەوەم دەزانی کە یاسایەکی بنچێنەیی فیزیک بوونی هەیە کە خوێندکاران دەیخوێنن. دەڵێت:
“مادە لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکیتر دەگۆڕێ، بەڵام لەناو ناچێ”.
ئەم یاسایە یاسای بنچینەیی فیزیکی کلاسیکە، تەنها لە (زانستی فیزیکی کوانتۆم)دا، وردتر کراوەتەوە، بەڵام لەناوچوون مادە لە هیچ فۆڕمێکدا نییە.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە چۆن ئەقڵ هەڵدەگرێ کە شتێک لە هیچەوە دروست بێت و ببێتەوە بە هیچ؟
هیچ بۆ خۆی چییە، شوێن و مەکانی هەیە؟
دیسان لەوەشدا تووشی پرسیار و تێڕامان دەبین…
کەواتە یان دەبێ فیزیک و زانست هەڵە بێت و یان ئەو دنیایە لە هیچەوە نەخوڵقاوە و نابێتەوە هیچ. ئەوەی زانست پەسەندی دەکات، تەنها مادە وەک باسمان کرد، دۆخی دەگۆڕێ و لەناو ناچێ.
بەردەوامی دەبێ… زۆر
تەنها پرسیار لە خۆمان دەکەین بیر دەکەینەوە…

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *