ڕێبین خدر…”ئەم دوو ژنە نووسەرە نەک هەر لە نووسینی دوو ژانری ئەدەبییدا بە پێشەنگ دادەنرێن، بەڵکو لە گەڕان بەدوای دەنگی ونبوو و خەفەکراوی تاکیشدا پێشەنگن. بە لێوردبوونەوە لێیان لەوە تێدەگەین ئەدەبیاتی داهێنەرانە و باڵا زۆر کۆنتر و فراوانتر لەوەیە بتوانین لە چەند قۆناغێک و چەند قوتابخانەیەکی ئەدەبییدا قەتیسی بکەین!”
دایکی شاعیران و دایکی ڕۆماننووسان
لەبارەی ئێنهێدوانا و موراساکیی پێشەنگ و بناغەداڕێژ
تابلۆی کلاسیکنووسە ڕیشدرێژەکان
کاتێک باس لە ئەدەبیات دەکرێت، لە مێشکی زۆر کەسدا دەستبەجێ نووسەرانی گەورەی وەک تۆڵستۆی و دۆستۆیێڤسکی، نالی و مەحوی، حافزی شیرازی و موتەنەبی، بە ڕیشە درێژەکانیان، خۆیان قوت دەکەنەوە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە کتێبخانەی کۆنتۆری شاری شتادێ چاوم چووە سەر تابلۆیەک لەژێر ناوی “کلاسیکنووسە مەزنەکان”، دەکرا ناوی “کلاسیکنووسە ڕیشدرێژەکان” بێت، چونکە دەبوو خۆت ماندوو بکەیت و هەوڵبدەیت، تا جەین ئۆستن و خوشکانی برۆنتێ یا سەلما لاگەرلۆف لەناو گەمارۆی نووسەرە ڕیشدرێژەکان بدۆزیتەوە. تا سەرەتاکانی سەدەی بیستەم لە ئەورووپاش دژوار بوو ژنێک بتوانێت خۆی بە تەواوی بۆ نووسین تەرخان بکات و کاری ئەدەبی بکات. ڤێرجینیا وۆڵف، لەبارەی ئەم سەختیی و لەمپەرانە لەبەردەم ژناندا پرسیارێکی بنەڕەتی دەکات: گەر وێنا بکەین شکسپیر خوشکێکی هەبووە بە ناوی جودێس و وەک خۆی بەهرەمەند بووە، ئاخۆ جودێس لەبەر کاروباری ناوماڵ و پاککردنەوە، بەوە ڕادەگەیشت وەک شکسپیری برای فێری لاتینی بێت و سەر بەسەر کتێباندا دابگرێت؟ دەیتوانی سەرەنجام شانۆنامەی چەشنی هاملێت و ڕۆمیۆ و ژولێت بنووسێت؟ بێگومان نا!
وەڵامی ئەم پرسیارە (نا) یە، بەڵام سەرەڕای ئەم کۆسپ و بێکاتییەی ژنان، کاتێک بۆ تاوێک سواری ماکینەی کات دەبین و گەشتێک بەناو مێژووی ئەدەبیاتدا دەکەین و زۆر دەگەڕێیینەوە دواوە، دەبینین لەناو ئەو هەموو ئاستەنگیانەدا، جوداکاری و هەڵاوێریانەدا، پێشەنگ و بناغەداڕێژ ژنان خۆیان بوون. بۆمان ڕوون دەبێتەوە لە کۆن و لە ئێستاشدا ئەدەبیات لەودیوی ڕیشە درێژ و سمێڵە گەورەکان، بەردەوام ڕووخساری ژنانەی خۆی پیشان داوە. جا چ بە گوتنی لایلایە و گێڕانەوەی حیکات بووبێ بۆ منداڵان لە دێرزەماندا، چ بە نووسینی تێکستی ئەدەبی لە ژانری جیاواز لە نەوزەماندا.
من لێرەدا باس لە دوو ژنی پێشەنگی جیهانی ئەدەبیات دەکەم، کە لە زۆربەی لێکۆڵینەوە و بەدواداگەڕانەکاندا لە باسی یەکەمین شیعرەکانی مێژوو و یەکەمین ڕۆمان، ئاماژە بە ناوی ئەوان دەکرێت: ئێنهێدوانا و موراساکی.
١. ئێنهێدوانا – یەکەمین شاژنی شیعر
دەوروبەری 2334 پێش زایین، لەناو دڵی شارستانییەتی میزۆپۆتامیای کۆن، لە ژێر دەسەڵاتی پاشای ئەکەدی، سارگۆنی گەورە، ژنێک بە ناوی ئێنهێدوانا ژیاوە. ئێنهێدوئاننا کچی سارگۆن بووە. بە فەرمانی باوکیشی بووە بە کاهینی پەرستگەی خواوەندی نانا <خوداوەندی مانگ> لە شاری ئور. پێگەکەی هەر ئایینی نەبووە، بەڵکوو هاوکات سیاسی و کولتووریش بووە. سارگۆنی باوکی دەوڵەتشارەکانی خستبووە ژێر ڕکێفی خۆی و لە پێکەوەگرێدانی هەموویان ئیمپراتۆریەتی ئەکەدی ئاوا کردبوو. لەوکاتەدا پێویستی زۆری بەوە بوو ئەم دەوڵەتشارانە لەڕووی سیاسی و کولتوورییەوە یەک بخات. هەر بۆیە کچە زیرەکەکەی خۆی ئێنهێدوانای کردبووە سەرپەرشتیار و کاهینی گەورەی پەرستگەی نانا. بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان ئێنهێدوئانا لەم پۆستە باڵایەیدا ڕۆڵێکی کاریگەری بینیووە لە ڕێکخستن و یەکخستنی یاسا و ڕێسا ئاینییەکان، هەوڵدان بۆ لەیەک نزیککردنەوەی پێکهاتەکان، تا لەم ڕێیەوە یارمەتی باوکی بدا لە پتەوکردنی پایەکانی ئیمپراتۆرییەکەی. “سۆرایا فیڵد فیۆریۆ”ی مێژوونووس دەنووسێت: (ئێنهێدوانا سەرپەرشتی عەمبارەکانی دانەوێڵەی دەکرد و چاودێریش بوو بەسەر کرێکاری پەرستگاکان. هاوکات خەونی لێک دەدایەوە و ڕێکخەری بۆنە ئاینییەکانیش بوو. هەوڵی ئەو ئەوە بوو کولتووری کۆنی سۆمەری لەگەڵ کولتووری نوێی ئەکەدی ئاوێزان بکات). لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی ئێنهێدوانای لە مێژوودا وەک ئەفسانەیەک ناساندووە زیاتر ڕۆڵە ئەدەبییەکەیەتی، تا سیاسیی و ئاینییەکەی.
ئەو یەکەم کەسە لە مێژووی مرۆڤایەتییدا مۆری ناوی خۆی لە نووسینەکانی داوە. هەروەها وەک یەکەم شاعیریش دەناسێنرێت.
ئێنهێدوانا و ستایشی خواژن ئینانا (عەشتار)
وەک گوترا ئێنهێدوانا لە میزۆپۆتامیا ژیاوە. لە مەڵبەندێک بۆ یەکەمجار لە مێژوودا مرۆڤ لە زۆربەی بوارەکانی نووسین، بیرکاری، هونەر، یاسا، کشتوکاڵ، مێژوو دەگاتە قۆناغێک، پێشووتر پێی نەگەیشتووە. یەکەمین جۆری نووسییش (نووسینی بزماری/ خەتی بزماری) لەلایەن سۆمەرییەکانەوە داهێنراوە. خەتی بزماری، کە بە قامیش لەسەر تاتەقوڕ نووسراوە لە سەرەتادا زێدەتر لە کاروباری دەوڵەت و ژمێریارییدا بەکار براوە، بەڵام ئێنهێدوانا شیعر و سروودی پێ دەنووسێت و بۆ یەکەمجاریش ناوی خۆی وەک نووسەرێک لەسەر نووسراوەکان دەنەخشێنێت. هەر لەپێناو ئاوێتەکردنی کولتووری کۆنی سۆمەری و کولتووری ئەکەدیش شیعر دەهۆنێتەوە و زیاد لە ٤٠ سروودی ستایشئامێزانە بۆ خواوەندەکان دەنووسێت. لەناو هەموو خواوەندەکانیش هۆگر و دڵبەندی خواژنە ئینانا (عەشتار) بووە.
خواژنە ئینانا (عەشتار)، خواژنێکی فرەخەسڵەت و زۆر بەدەسەڵات بووە. لە سەرێکەوە بە خواژنی ئەڤین و سێکس ناسراوە، بە خواژنی پیت و فەڕ، لە سەرێکی دیکەوە بە خواژنی تۆڵە و جەنگ. وێنەی خواژنی ئینانا (بە جەستە ڕووت و مەمکە وروژێنەرەکانییەوە) دواتر کاریگەری داناوەتە سەر وێنەی خواژنی ئەفرۆدێت و دیمێتێر و ئەنیتا لە یۆنان و ڤینۆس لە ڕۆما. خەسڵەتی ژنانە و مێیینانەی خواژنە ئینانا بۆ ئێنهێدوئاننای ژن و شاعیر باڵكێش و سرووشبەخش بووە. لە سروودەکانیدا ئاوێتەی ئەم دیوە لە ژنێتیی دەبێت کە ڕەنگڕێژیشە بە جۆرێک لە لاساری و یاخیبوون، هەروا بە ویست و هێزی ژنانە. هەر ئەمەش وادەکات ئێنهێدوانا بۆ یەکەمجار لە مێژوودا زۆر پێش ئەوەی ساڤۆ لە دوورگەی لێسبۆسی گریک شیعرە ئیرۆتیکی و ئەوڤینخوازەکانی بنووسێت، (من) ێکی شیعری و تاکگەرایانە بدۆزێتەوە و بیهێنێتە ناو نووسین. لەپەنا ستایش و سروودەکانی بۆ خواژنی دڵخوازی خۆی، خودی ژنانەی خۆی، حەزە شاراوە و نەگوتراوەکانی پیشان دەدات.
لەدایکبوونی (من) لە نووسیندا
یەکێک لەو کتێبانەی ناونیشانێکی سەرنجڕاکێشیان هەبوو و لەو چەند ساڵەی دوایی دەرچوو (کەسی یەکەمی تاک) ی هاروکی موراکامییە. کتێبەکە کۆمەڵەچیڕۆکێکە هەموویان لە گۆشەنیگای کەسی یەکەمی تاک (من) دەگیڕدرێنەوە. (من) هێشتا لە ئەدەبیاتی نوێ و سەردەمییدا شوێنێکی بنەڕەتی هەیە و زۆربەی جاریش گرێ دەدرێتەوە بە (من) ی خودی نووسەرەکە و بە جۆرێک ڕووێکی بایۆگرافی لە خۆی دەگرێت. توێژەران بەردەوام لەودیو ڕاناوی (من) بەدوای کارەکتەری نووسەرکەوەوەن. کاتێک لە نووسەری ئەڵمانی “ڤیلهێلم گێناتزینۆ” دەپرسن بۆچی هەموو ڕۆمانەکانت بە کەسی یەکەمی تاک دەگێڕیتەوە؟ لە وەڵامدا دەڵێت: (چونکە نازانم جگە لەم ڕاناوە بەهیچ ڕاناوێکی دیکە بگێڕمەوە!). لە ڕووکاردا وا دەردەکەوێت (من) لە نووسیندا نوێ بێت و لەگەڵ سەرهەڵدان و گەشەکردنی تاکگەرایی لە جیهانی مۆدێرندا هاتبێتە ناو نووسین، بەڵام یەکەمجار ئێنهێدوانای شاعیر و سروودخوێنی ئەکەدی هێناویەتییە ناو نووسین. ئەو دەمەی سارگۆنی باوکی دەمرێت و ژەنەڕاڵ “لوگاڵ- ئانێ” کودەتا بەسەر ئیمپراتۆری ئەکەدیدا دەکات، چاوەڕێ دەکات ئێنهێدوانای ڕۆشبیر و شاعیر پشتیوانی لێ بکات، ئێنهێدوانا ڕەتی دەکاتەوە و بەم هۆیە ڕەوانەی بیبابانێک دەکرێت. (من) ی ناو شیعرەکانی ئێنهێدوانا لە تاراوگە تۆختر و پێداگرانەتر خۆی بەیان دەکات، کاتێک دەنووسێت:
ئاخۆ هەر لەبەرئەوەی (من) گۆرانیی
چارەنووسم چڕی، دەبێ بمرم؟
لەپاش کەرنەڤاڵێکی شکۆمەندانە لە پەرستگاکە ڕەمیا کرام
چون چۆلەکەیەکیش لە پەنجەرەکە دوورخرامەوە
(من) بەرەو دڕکوداڵی دوژمنان پەلکێش کرام
تاجەکەمیان لێ دزیم و
چەقۆیەکیان دایە دەستم تا پێم بڵێن:
هانێ ئەوەتا خشڵەکەت!
٢. موراساکی شیکیبو– یەکەمین ڕۆماننووس
زۆر دوای ئێنهێدوانای ئەکەدی و شەش سەدە پێش ئەوەی سێرڤانتێس شاکاری ‘دۆن کیشۆت’ بنووسێت، لە سەدەی یازدە و دەوروبەری ساڵی ١٠٠٨ی زایینی، ژنێک لە ژاپۆن (شاری کیۆتۆی ئەمڕۆ) یەکەمین ڕۆمان لە مێژووی مرۆڤایەتی دەنووسێت. ئەم ژنە ناوی “موراساکی شیکیبو” بوو. موراساکی، لە سەردەمی هێیان (794-1185)ی ژاپۆن لە خێزانێکی خوێندەوار و خانەدان لەدایکبووە. سەردەمێکی زێڕین و درەشاوە لەڕووی بایەخدان بە هونەر و ئەدەب، کولتوور بەگشتی. باوکی موراساکی پێگەی لە دەوڵەتدا هەبووە و شاعیر و زانایاکی دیار بووە. هەر بەو هۆیەشەوە دەرفەتێک زۆربەی ژنانی ئەو دەمە بۆ خۆفێرکرن و نووسین نەیان بووە، موراساکی هەیبووە. هەر زوو باوکی فێری چینی دەکا و ڕێنوێنی دەکات بۆ خوێندنەوەی ئەدەبیاتی چینی.
موراساکی دواتر لە کۆشکی شاژن شۆش دەستبەکار بووە و ژیانی کۆشک بۆتە سەرچاوەی ئیلهامی ڕۆمانەکەی بە ناونیشانی (سەربردەی شازادە گێنجی). سەربردەی شازادە گێنجی بەڕای زۆربەی توێژەران بە یەکەم ڕۆمانی مێژووی مرۆڤایەتی دادەنرێت. ڕۆمانەکە لە ٥٤ بەش و بە دەرکەوتنی زیاتر لە ٥٠٠ کارەکتەر بەدوورودرێژی سەربردەی شازادە گێنجی دەگێڕێتەوە. گێنجی کوڕی ئیمپراتۆرێکە، هەر چونکە دایکی پلەیەکی خێزانی خوارتری هەیە، لە کۆشک دوور دەخرێتەوە و ناچار دەکرێت بەرگی شایانە لە خۆی داماڵێت. بەم ئاوایە دەستەڵاتی لێ دەستێنرێتەوە، بەڵام ئازاد دەبێ و ژیانێکی سەرکێشانە دەستپێدەکات. ڕۆمانەکە وێنەکی ڕوون لە ژیانی سەردەمی هێیان لە ژاپۆن پێشان دەدات و هاوکات بە دەروون و دنیای ناوەوەی کارەکتەرانیشدا ڕۆدەچێت. لەم ڕووەشەوە بە پێشەنگ دادەنرێت. لە دیدی ڕەخنەگری ئەمریکی “هاڕۆڵد بلۆم” لە زۆر جێیان دەکرێت ڕۆمانەکە بە گەڕان بەدوای زەمەنی لەدەستچووی مارسێل پروست بەراورد بکرێت. ئەو پێی وایە سەربردەی گێنجی جیا لە زۆر چیڕۆک و بەسەرهاتی ئەو دەمە، سەربردەی تاسە و هەڵوەدابوونە نەک گەیشتن بە ئارەزوو و ئامانجەکان.
زمانی نووسین، لە پەڕەمووچەوە بۆ پلەیستەیشن
یەکەمین ڕۆماننووسی مێژووی مرۆڤایەتی “موراساکی” بارودۆخی لە زۆر ڕووەوە باشتر بووە لەو جودێسەی “ڤێرجینیا وۆڵف” وەک خوشکی شکسپیر ئەندێشەی کردووە. موراساکی توانیویەتی چینی فێر ببێت و ئەدەبیاتی باڵای ئەوکات بخوێنێتەوە. توانیویەتی لە دەرباری پاشادا کار بکات و لە بازنەی ژنانی خوێندەواردا جێیەک بۆ خۆی بدۆزێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا بە چاوی خۆی جیاوازی نێوان ژیانی ژنانی کۆشک و دەرەوەی کۆشکی دیوە. زەحمەتی و دەردی ژنانی وەک خۆیشی لە کۆشکدا هەست پێ کردووە و لە ڕۆمانەکەیدا کردوونی بە باس و ڕووداو. لەوەش زیاتر دیویەتی پیاوان چۆن لە نووسین و خۆدەربڕینیشدا زیاتر بە پیتی گانجی – چینی نووسیویانە و ژنان بە پیتی هێراگانای ژاپۆنی. شێوازی گانجی چینی بۆ تێکستی فەرمی دەوڵەت و بابەتی زانستی و ئایینی بەکار دەهات، هەرچی شێوازی هێراگانا بوو، شێوازێکی سادەی نووسین بوو بۆ نووسینی نامە، چیڕۆک و سەربردە بەکار دەهات، هەر بۆیە بە پیتی ژنان ناسرا بوو.
موراساکی لە کاتێکدا دەیتوانی بە هەردوو شێوازەکە بنووسێت، بە مەبەست و وەک جۆرێک لە یاخیبوون لەو جیاکارییە، لەسەر شێوازی ژنانەی هێراگانا پێداگر بووە و ڕۆمانەکەی بەم پیتە نووسیوە. نووسین بەو پیتە نەبووە بە ڕێگرێک لەوەی ڕۆمانەکەی ببێتە شاکارێکی ئەدەبی و سەدەکان ببڕێت و نەمر ببێت. جگە لەوەش رۆمانەکەی لە هەموو ئەو تێکستانە بەناوودەنگتر دەبێت کە پیاوان لە سەردەمی ئەودا بە پیتی گانجی چینی دەیاننووسین، هەر بۆ ئەوەی خۆیان لە شێوازی سادە و فیکری سادەی ژنان جیا بکەنەوە!
لە ژاپۆن ڕۆمانەکە بە کتێبی کتێبەکان ناسراوە. بە جۆرێک لە هەندێک قۆناغدا وەک کتێبێکی پیرۆز سەیر کراوە و خوێندراوەتەوە. کاتێکیش دەست کراوە بە ڕاڤەکردنی و بە ڕۆمانە مۆدێرنەکانی ئەورووپا بەراورد کراوە، زۆری نەبردووە چۆتە سەر تەختەی شانۆ و شاشەکانی سینەما. گێنجی وەک کارەکتەرێکی زیندوو لە کولتووری ژاپۆنیدا چۆتە ناو مۆزەخانەکان و لە سەردەمی جیاوازدا لەلایەن نیگارکێشەکانەوە کێشراوەتەوە. ساڵی ٢٠٠٥ سەربردەی شازادەیەک، موراساکی لە دەرباری کۆشکێکی سەددەی یانزەدا نووسی، وەک گەمەیەکی پلەیستەیشن بۆ سەرگەرمیی و زیاتر ناساندنی کارەکتەرەکە بە منداڵان و لاوان، بڵاو کرایەوە.
ئێهێدوئاننا و موراساکی – تاکایەتی
خاڵی هاوبەشی تۆخ و بەرچاو لەنێوان ئێنهێدوانای میزۆپۆتامیا و موراساکیی ژاپۆن بایەخدانی هەردووکیانە بە دەنگی تاک لە دوو قۆناغدا کە مرۆڤ هێشتا زۆری مابووە وەک تاکێکی سەربەخۆ و خودان بڕیار لە خۆی بڕوانێت. ئێنهێدوانا لە سەردەمێکدا ژیاوە خوداکان سێبەریان بەسەر سەری مرۆڤدا زاڵ و مرۆگەل هێشتا هێڵێکی ڕوونی لەنێوان زەوی و ئاسمان دیاری نەکردووە. موراساکیی لە سەردەمێک پاشاکان وەک جێنشینی خوداکان، دیواری جیاکارییان لەنێوان خۆیان و خەڵکی دیکەدا هەڵچنیوە. ئەم دوو ژنە نووسەرە، یەکێکیان بە فۆرمی سروود و شیعر بە دوای دەنگی خۆی و (من)ی ونبوویدا دەگەڕێت و ئەوی دیکە بە فۆرمی ڕۆمان بە دوای دەنگی ژنانەی خۆی و ئارەزووە شاراوەکانیدا.
ئەم بایەخدانە بە تاک و (من) ی ونبوو و خەفەکراوی مرۆڤ تا ئەمڕۆش یەک لە تێما هەرە سەرەکییەکانی ناو ئەدەبیاتە. لە هەر سەردەم و قۆناغێک ئەم تاکایەتییە کەوتبیتە مەترسییەوە و ڕێ لەوە گیرا بێت، منی شیعر و ژانرەکانی دیکە خۆیان نمایش بکەن، ئەدەبیات وەپاشی داەوە و چەقی بەستووە. سەردەمی ستالین لە ڕووسیا و سەردەمی هیتلەر لە ئەڵمانیا دوو نموونەی ڕوونن بۆ داڕزاندنی وشە و لەبارخستنی خودی زمان خۆی. ڕووسیای تۆڵستۆی و چیخەف بەهۆی سانسۆر و ڕاوەدونانی (منەکان) لە سەردەمی ستالیندا بە جۆرێک ئەدەبیاتەکەی وەپاش کەوت، هەرگیز قۆناغی زێرینی وەک ئەوەی سەددەی هەژدە و نۆزدە بە خۆیەوە نەبینێتەوە. ئەدەبیاتی ئەڵمانی لەژێر دەسەڵاتی منکوژی هیتلەردا بە جۆرێک زمانی هەراسان کرد، نووسەرانی دوای جەنگی جیهانیی دووەمی ئەڵمانیا بەر لە هەموو شت لە خۆیان بپرسن: (چۆن ئەو زمانە لەگۆڕنراوە سەرلەنوێ زیندوو بکەینەوە؟).
وێڕای بەربەست و باردۆخی سەردەمی خۆیان، لەمڕووشەوە دەکرێت ئێهێدوانا وەک دایکی شاعیران و موراساکی وەک دایکی ڕۆماننووسان سەیر بکرێن. ئەم دوو ژنە نووسەرە نەک هەر لە نووسینی دوو ژانری ئەدەبییدا بە پێشەنگ دادەنرێن، بەڵکو لە گەڕان بەدوای دەنگی ونبوو و خەفەکراوی تاکیشدا پێشەنگن. بە لێوردبوونەوە لێیان، لەوە تێدەگەین ئەدەبیاتی داهێنەرانە و باڵا زۆر کۆنتر و فراوانتر لەوەیە بتوانین لە چەند قۆناغێک و چەند قوتابخانەیەکی ئەدەبیدا قەتیسی بکەین!
گەڕانەوە بە ماکینەی کات و دوایین دێرەکان
ئەو دەمەی بە ماکینەی کات لە میزۆپۆتامیاوە دەگەڕێینەوە، لەسەر ڕێی خۆمان دەبینین چەند پاشا و شارستانییەت و گرووپ لەناو تۆزی زەمەندا ون بوون و خۆڵی بیرچوونەوە دایپۆشیون، بەڵام هێشتا جریوەی چۆڵەکەی ناو شیعرەکانی ئێنهێدوانا دەژنەوین، هێشتا دەتوانین ئەو (من) ە یاخیی و شاعیرانەیە ببینین بە خەتی وێنەداری بزماری لەسەر تاتەقوڕ نەخشێنرا. (من)ێک ئەمڕۆ من و زۆری دیکە بە لاپتۆپ و ئامێری دیکەی تازەبابەت لەبارەیەوە دەنووسین. دەبینین سەربردەی شازادە گێنجیی سەددەی یانزە نەک هەر دیوارە ئەستوورەکانی کۆشکی شاژنە شۆشیان بڕیوە، بەڵکو جادووگەرانە بەناو چین چینی دیوارە پتەوەکانی زەمەندا ڕۆیشتوون و خۆیان گەیاندۆتە ئێمە. لێرەدایە من پێموایە ئەدەبیات لە چوارچێوەی تابلۆیەکدا نابینرێت و ناتوانین تێکستی ئەدەبی بە ڕەگەزێک، جوگرافیایەک، چەند ڕێبازێکی ئەدەبی بیبەستینەوە، بەڵکوو توند بەستراوە بە ڕەگەزە نەمرەکانی جوانیی و داهێنانەوە.
با دوایین دێرەکان، چەند دێرێکی دیکە لە سروودەکانی “ئێنهێدوانا”ی دایکی شاعیران بن، کە لە ستایشی خواژن ئینانا (عەشتار) نووسیونی:
چەشنی ئەژدیهایەک ژەهراوییت کرد خاکەکە
ئەو دەمەی بەسەر زەویدا نەڕاندت،
لە سایەی هەورتریشقەکەتدا
هیچ شتێکی کەسک نەیدەتوانی سەر دەربێنێت
جا لافاوێک لە چیاکانەوە داڕژایە خوارێ؛
تۆ، تۆ، ئەی ئینانا!
ئەی سەروەری زەمین و ئاسمان
ئەی ئەو خاتوونەی بەسەر پشتی دڕندەیەکەوە بوویت
چۆن ئاگرت پرژاند بەسەر سەری مرۆیاندا!
هێزی خۆتت لە بڵندان وەرگرتووە و
وەدووی فەرمایشتی بڵندنشینان کەوتوویت،
ئەی خاتوونی هەموو ڕێوڕەسمە پرشنگدارەکان
کێ دەتوانێ پەی بەوە ببات هەموو ئەمانە تەنیا لە تۆوە هەڵدەقوڵێن؟
سەرچاوە:
- Heinz Ischreyt. Welt der Literatur. C. Bertelsmann Verlag, Gütersloh. 1961
- Fürstenberg, F. (n.d.). Fembio.org. https://www.fembio.org/biographie.php/frau/biographie/enheduanna/
- BR-alpha. (n.d.). Klassiker der Weltliteratur: Murasaki Shikibu [Video]. YouTube. https://www.youtube.com/watch?v=SaukvdSHTCU
- Die Geschichte vom Prinzen Genji (Deutsche Version) von Murasaki Shikibu – Gratis Zusammenfassung. getAbstract, HYPERLINK “https://www.getabstract.com/de/zusammenfassung/die-geschichte-vom-prinzen-genji/11758?utm_source=chatgpt.com”https://www.getabstract.com/de/zusammenfassung/die-geschichte-vom-prinzen-genji/11758. Accessed 8 Nov. 2025.

















Leave a Reply