بە هەوڵی راهێنەری ئاواز و موزیک گروپی “هیواژین” لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا دێت گەشە دەکات و لەدوا ویدیۆیەک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاو بۆتەوە لە ئابیدەری سنە سترانی شەهریبان دەڵێنەوە.
ئەم گروپە دوو ساڵە دەستی بە ئاواز وتنەوە کردووە، بەڵام ڕێژەی بەشداری ژنان بۆ گۆرانی وتنەوە هەر دێت و زیاد دەکات. سەبارەت بە راهێنانی ئەم ژنانە فەڕشید حسامی لە پەیجی ئینستاگرامی خۆیدا باس لەوە دەکات کە لە لایەن “خانەی ئۆمیدی بازنشستەگان”ی سنە بۆ کاری هونەری داوای لێکراوە و ناوبراو پەسەندی کردووە و بەشێکی زۆری گروپەکە لە خانمانی خانەنشین پێکدێت.
لە ئێستادا حسامی مامۆستای ئاواز و موسیقی، دەیەوێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ برەو بەو کارەکان بدات و تەنانەت لە تاران دەیەوێ گروپی هونەری بۆ ئەو خانمانە رێک بخات کە دەیانەوێت کاری هونەری بکەن.
کۆڕی مۆسیقای خانمانی هیواژین ئەوەمان بۆ دەردەخات کە خانەنشینی کۆتایی ژیان نییە، بەڵکو دەسپێکردنی هیوا و ژیانێکی تازەیە. دەنگی ئەو ژنانەش زیندوودەکاتەوە کە بە هۆی رێگری لە دابونەریت یا نەرەخسانی هەل کپ کراون و یان خود بە هۆی سانسۆڕی ئایینی پێشیان لێگیراوە. لە ڕاستیدا ئەم شێوازە دۆزێنەوەی دەریچەیەکە تا ژنان دەنگ و ڕەنگی خۆیان تیایدا نمایش بکەن و خزمەت بە کولتور و موسیقای کورد بکەن.
ژنان بە جلوبەرگی کوردی بەشدارن. راهێنەر بە ڕیتمی دەست و گویگرتن و وتنەوەی ئاواز و گۆرانیەکان کۆڕی موسیقا ئامادە دەکات و زۆرجار سروشت و گەشتوگوزار دەبێتە شوێنی پڕۆڤە.
گۆرانیە ڕەسەنەکانی وەک: “شارەکەم سنە”ی شەهێن تاڵەبانی، “خاک”ی ئیسماعیل خورماڵی، “ئەز هاتم”ی شەهریبان بە زاراوەی کرمانجی سەروو لە دیارترینیانن.
چۆپی فەتاح لە کاتی گوتنەوەی یەکێک لە گۆرانیەکانی لە لایەن دایکانی هیواژین دەڵێت: کاتێک بینیم و گوێم لێ بوو، قورگم پڕ بوو لە گریان.
جێی ئاماژەیە شاری سنە لە مێژوودا تا ئەمڕۆش یەکێک لە ناوەندەکانی گرنگی گۆرانی و موسیقا بووە و دەرکەوتنی ئەم گروپەش بۆتە مایەی خۆشحالی خەڵکی کورد.
بۆ بینینی گۆرانی ئەز هاتم کلیک بکە.
.


















Leave a Reply