هەرچەندە کە بەرێوەبەرانی رۆژئاوای کوردستان لە ئێستا لە شۆک و فشار دان، بەڵام بۆ کوردەکان بە گشتی ئێستا وەختی هەستانەوە، بەخۆداچوونەوە و خۆرێکخستنەوە بۆ کوردستانێکی ئازاد و دێموکڕات لە سەردەمێکدا کە پەیمانی سایکسپیکۆ نەماوە.
دڵخۆش بووم بەوەی لە سوریادا کورد رۆژهەڵاتی فوڕات ئیدارە دەکات و بیرم دەکردەوە لە هەنگاوی داهاتوو کورد یەکگرتووانە لە شەنگالەوە بەرەو کەرکوک، خانقین و بە رووخانی ئێران بەرەو ئیلام و کرماشان دەڕوات. دەشکرا ئەم هێڵە نەوت و گازە بەرەو ئیسرائیل بڕوات، بەڵام داڕمانی ئەم قەوارەیەی رۆژئاوای کوردستان هەموو هاوکێشەکانی گۆڕی.
جۆلانی لە بڕواری ٤ی ٢/ی ٢٠٢٦، لێکتێگەییشتنی نەوت و وزەی ناودەریای لەگەڵ کۆمپانیای نێودەوڵەتی “شێڤڕون”ی ئەمریکی و کۆمپانیای نێودەوڵەتی پاوەڕی قەتەری لە کۆشکی گەلی شام واژۆ کرد. دەکرێت پلانی ئێراقی یەکدەستیش بۆ هەرێمی کوردستان لە ئارادابێت کە نەوت و گاز و دەروازە و فڕۆکەخانەکانی بە تەواوی لەژێر دەست دەرهێنن. دواجار نەوت و گازەکەی لە رێگەی بەغداوە ببەن، بۆ ئەمە دەبێت دیپلۆماسی کورد و گەلەکەی ئامادە بێ، کە نە تەنها قەوارەکەی لەدەست نەدا، بەڵکو ناوچەدابڕاوەکان بگەڕێنێتەوە، ئەمە بە جۆرێک شکەست هێنان بە دەوڵەتی ئێراق و شامە کە ئێستا فۆڕمی خۆی گۆڕیوە.
زۆرترین نەوت و گاز لە خاکی داگیرکراوی کوردستان دایە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کورد بە پلانی ستراتیژی، دیپلۆماسی دروست ناکات. کوردستان هەم وزەی ئەوروپا دەتوانێ دابین بکات و هەم فەرهەنگەکەی ئازادیخوازە و لەگەڵ ئیسلامگەرایی یەک ناگرێتەوە. بۆیە گونجاوترین گەل و خاکە کە سەربەست بێت و بۆ ئەمەش هاوپەیمانی ستراتیژی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەوروپا ببەسێت. تا ئەمڕۆ هێڵێکی دژە ئیسرائیلی و دژە سەرمایەداری لە بەردەم پێوەندییەکان دودڵ و بەربەست بووە.
هێلێکی بەربەست دۆخی زیندانیکراوی ئۆجەلان خوڵخاندوویەتی و لەمپەرێکی دیکە سوسیالیستەکانن. ئۆجەلان پڕۆژەی کۆنفیدرالیزمی دێموکڕاتیکی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مێشکدا بووە و دەیگوت من تورکیا، ئێران، ئیراق و سووریا دێموکراتیزە دەکەم. دینی ئیسلام دێموکراتیزە دەکەم. سنووری دەوڵەتەکان دواجار کاڵ دەکەمەوە و بەم شێوەیە کوردەکان ئازادانە دەژین و بۆ ئەمەش چەمکی برایەتی گەلان بە بنەما دەگرم. ئەمە لە هەلومەرجی زینداندا دەکات تا دەوڵەتەکان بە جوداییخوار لەقەڵەمی نەدەن، هەمیش هیچ رێگایەکی دیکەی نییە بۆ کۆنفیدالیزمی دێموکڕاتیک. بەڵام بۆ نمونە یاسای ئێران دێموکراتیزە ناکرێت و بە بەندی قورئان و حەدیس و پێغەمبەر قوفڵ کراوە.
راستی ئەوەیە دەوڵەتانی ئیسلامی بێدینەکان و سوسیالیستەکان هەڵداوەسن، بەڵام سەرمایەداری بە جۆرێک رێگە دەدات، مرۆڤ رای خۆی دەربڕێ و تێکۆشانی فکری بکات، بۆیە دژمنی بزوتنەوەی ئازادیخوازی کورد ئیسلامگەرایی ڕادیکاڵە کە بنچینەی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستانی پێک هێناوە و بە پلە یەکەم دەبێ کورد تێکۆشانی جیهانی و ناوخۆیی بۆ بنبرکردنی بکات، نەک بێت دژی سەرمایەداری هەڵوێست بگرێت.
کوردەکان و هێڵی سێییەم کە ئاپۆییەکانن، خۆیان لەوە مات دابوو کە سوریا بەرەو دێموکڕاتیک بچێ یان تورکیا هەنگاوێک بنێ، بەڵام پێچەوانەی لێکەوتەوە. دەبوو گۆڕانکاری دێموکڕاتیک لە تورکیا پێش لە سوریا کرابایە، بەڵام تورکیا نایکات و گەورەترین ترسی لە ئازادبوونی کوردەکانی رۆژهەڵاتی کورددستان بوو، بۆیە هەر زوو بە لۆبی و پلانی هەرێمی و ناودەوڵەتی پێگەی کوردیان لە سووریا نەهێشت، هەڵبەت لە ئێستا پلان و ستراتیژی هەرێمی و ناودەوڵەتیشیان بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان داناوە کە چۆن دەستی بەسەردا بگرن کە خاوەن ستاتۆ نەبێ.
هەرچەندە کە بەرێوەبەرانی رۆژئاوای کوردستان لە ئێستا لە شۆک و فشار دان، بەڵام بۆ کوردەکان بە گشتی ئێستا وەختی هەستانەوە، بەخۆداچوونەوە و خۆرێکخستنەوە بۆ کوردستانێکی ئازاد و دێموکڕات لە سەردەمێکدا کە پەیمانی سایکسپیکۆ نەماوە.
یەکەم ئەزموونی رۆژئاوا دەریخست کە سوریا، تورکیا، ئێران و ئێراقیش دیکتاتۆڕتر دەبن، بەڵام دێموکراتیزە نابن. ئیسلامیش توندەوتر دەبێ بەڵام دێموکراتیزە نابێ. بۆیە کار و تاکتیکی ئۆجەلان لە زینداندا تەواو بووە و هیچ هێز و ترسی ئیسرائیل و فشارێکی ناودەوڵەتیش بۆ دێموکراتیزەکردنی تورکیا وەک جاران لەگۆڕێ نەماوە. ئەنتێگراسیۆنی کوردەکانی رۆژئاوا لە تیۆریەکانی ئۆجەلان وەک نمونە هاوسەرۆکیش ناچێ، بەڵکو مەحکوم بە سوریای عەڕەبی بە زهنیەتی فاشیستی و ئایینی کراون کە دەوڵەت هەنگاو بە هەنگاو یاساکانی خۆی دەسەپێنێت، من بە پێویستی نازانم کوردەکانی رۆژئاوا هێزی خۆیان بۆ ئەوە تەرخان بکەن کە سووریا بەرەو دێکتاتۆڕی نەڕوا.
کوردەکان و رێکخستنەکانی ئاپۆیی دەبێت، تیۆریەکەی ئۆجەلان بخەنە خزمەت کوردستانێکی دێموکڕاتیک و ئازاد و بۆ ئەمەش هێزی رزگاریخوازی گەل لەناوخۆ و دەرەوە ئامادە بکرێت، دیپلۆماسی جیهانی کارا بکرێت، کە ئێستا زۆر کەس ئەوە بە دروست دەزانن. پێویستە لەگەڵ ئیسرائیل بۆ لەناوچوونی ئێران و سەرکوتی هیزە ئیسلامیە ڕادیکاڵەکان پێوەندی درێژخایەن رێک خرێت کە لەگەڵ ویستی خەڵکی شەقام کە دەڵێت “یەکە یەکە یەکە، گەلی کورد یەکە” یان “دوو کۆ دوو دەبێتە یەک”، یەک دەگرنەوە و بۆ ئەمەش دەکرێت رێکخستنە کوردیەکان ڕەنگ و شێوەی خۆیان بە پێی پێویستی بگۆڕن.
کوردەکانی باشووری کورستان پێویستە تەواو هێزی رێکخستن و چەکداری خۆیان بخەنە خزمەت ناوچە دابڕاوەکان، تا ئەو خاکە لەدەست نەچێ، چۆن ئەگەری شەڕی شیعە و سوننە لەئارا دایە کە چاویان لە نەوتی کەرکوک بڕیوە.
هێز و پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێویستە دەستەی دیپلۆماسی هاوبەش و هێزی پاراستنی هاوبەشی خۆیان بە دزی یا ئاشکرا هەبێت. کۆنگرەی نەتەوەیی پێویستە کارا بکرێت و کارەکانی لەو چوارچێوەیەدا رێک بخاتەوە.
خەڵکی رۆژئاوای کوردستان پێویستە چاویان لەسەر پڕۆژە ئابووریەکانی خۆیان بێت، پلە و پۆستەکانی بەغدا و دیمەشق و تاران و ئانکارا دادی کورد نادەن، و ئەم وڵاتانەش سیستمی پەروەردەی خۆیان نادەن بە دەست کورد تا گۆڕانکاری هزری و دێموکڕاتیک بێنێتە ئاراوە، ڕاستییەکی تاڵ ئەوەیە وڵاتانی زڵهێز رۆژهەڵاتی دواکەوتوویان دەوێ، ئەمجارە ئیتر ناشهێڵن پەنابەر بێنە وەڵاتەکەیان، دەنا دەیانتوانی سیستمی پەروەدەی ئەفغانستان، سوریا، ئێراق و تورکیا دێموکراتیک بکەن.
بەڵام گەر ئێمەی کورد هەمووان بەیەکەوە و یەکگرتووانە لەناوەوە و دەرەوە هەنگاو بنێین، دەتوانین خوڵقکار بین و کوردستانێکی ئازاد و دێموکراتێک بە یەکەوە بونیاد بنێین.














Leave a Reply