کتێبخانەی هامبۆرگ Hamburger Öffentliche Bücherhallen یەکێکە لە گەورەترین کتێبخانە گشتییەکانی ئەڵمانیا؛ شوێنێکە بۆ خوێندنەوە، فێربوون و ئارامی، کە هەزاران کتێب و زانیاری خزمەت بە هاووڵاتیان دەکات.
ئەم کتێبخانەیە ١٢٦ ساڵە هەیە و ٣٢ لق و دوو بووسی گەڕۆک لە چواردەوری هامبۆرگ هەیە، بە ئەندامبوون لە هەر کامیان دەتوانیت لە گشتیان خزمەتگوزاری وەرگریت. ساڵانە نزیکەی ٤.٥ بۆ ٥ ملیۆن کەس سەردانی دەکەن و کارتی ئەندامێتی بەپێی تەمەن و چین و توێژەکان لە بێبەرامبەر بۆ منداڵان تا کەسانی خاوەن پیشە و سەرووی ٢٧ ساڵ ساڵانە دەگاتە ٥٠ یۆرۆ، بۆ کەسانێک کە لە سۆسیال یارمەتی وەردەگرن ساڵانە ٢٠ یۆرۆیە.
ناوەندی کتێبخانە لە نزیک سەنتەری شەمەندەفەرەکانی هامبۆرگ هەڵکەوتووە، تەنانەت ڕۆژانی یەکشەممەش ١٣ بۆ ١٨ کراوەیە. لە سێ قات و بەشی ژێرزەمین پێکهاتووە، تێیدا ئەمانەتدانی کتێب بە شێوەی ئامێرە ئۆتۆماتیکییەکانەوە و گەڕاندنەوەی بۆ هەر لقێک کە بتەوێت، گونجاوە. تیمەکانی کتێبخانە کتێبەکان بۆ هاووڵاتیان لە لقەکانەوە دێنن و دەبەن. کتێبخانەکە بە دوو ئەپڵیکەیشن و وێبسایت بەستراوەتەوە بۆ خزمەتگوزاری کە تێیدا فیلم و یاری منداڵان و کتێبی دەنگی بەردەستە. ماوەی ئەمانەتدانی کتێب یەک مانگە و دەتوانیت تا دوو جار بە شێوەی ئۆنلاین نوێی بکەیتەوە.
هۆڵی سیمینار و فێرکاری لە بوارە جیاوازەکان هەیە، ڕۆژانە خولی فێربوونی زمانی ئەڵمانی بێبەرامبەر پێشکەش دەکات، ئینتەرنێتی خێرا G6 وایفای بەردەستە. شوێن بۆ لێکۆڵینەوە و دیالۆگ و فێربوونی گرووپی هەیە. کافتیریا و هۆڵی کۆمپیوتەر و مۆسیقای تێدایە. یەک ملیۆن و ٧٠٠ هەزار ناونیشانی کتێب و فیلم و سیدی بە ٣٠ زمان هەیە و ساڵانە ٢٣٥هەزار بابەتی تازەی پێوە زیاد دەکرێت. بەشی کوردی یەکێک لەو زمانانەیە، بەڵام کەمترین کتێبی تێدایە.



















Leave a Reply