شاماران

کولتور و زانست، میدیای نوێ

“سوێدی پیر”؛ کۆنترین كۆچبەری هامبۆرگ!

swed-pir-panabari-bardi-rash

لە کەناری ڕووباری ئەلبە لە ناوچەی ئۆڤێلگۆننەی هامبۆرگ، بەردێکی زەبەلاح هەیە کە خەڵکی شار بە “سوێدی پیر” ناوی دەبەن. ئەم بەردە تەنها بەردێکی ئاسایی نییە، بەڵکو مێژوویەکی سەدان هەزار ساڵی لەخۆگرتووە.

ئەو بەردە لە ناوچەی Småland ـی باشووری سوێد سەرچاوەی گرتووە و زانایانی جیۆلۆجی دەڵێن لە سەردەمی سەهۆڵبەندان، نزیکەی ٤٠٠ هەزار ساڵ پێش ئێستا، لەگەڵ توانەوە و هاتنی کێوە سەهۆڵیەکان بە ڕووبارەکەدا بۆ ئاڵمانیا هاتووە.

“سوێدی پیر” زۆر بە سەنگە:

• کێشەکەی نزیکەی ٢١٧ تۆنە
• بەرزییەکەی ٤.٥ مەترە
• دەوری بەردەکە نزیکەی ٢٠ مەترەیە
• بە یەکێک لە گەورەترین بەردە گوازراوەکانی باکووری ئەڵمانیا دادەنرێت.

ساڵی ١٩٩٩، کاتێک کارەکانی قوڵکردنەوەی ڕێڕەوی کەشتییەکان لە ڕووباری ئیلبە بەردەوام بوو، ئەم بەردە لە قوڵایی نزیکەی ١٥ مەتر لە ژێر ئاو دۆزرایەوە. سەرەتا هەوڵی هەڵگرتنیان سەرکەوتوو نەبوو، چونکە وەزنەکەی هەڵە هەژمار کرابوو. بەڵام لە هەوڵی دووەمدا، بە کرێنی گەورە لە ئاو دەرهێنرا و بۆ کەناری ڕووباری ئێلبە der Fluss Elbe گوازرایەوە.

لە ٦ی گەلاوێژی (juli) ٢٠٠٠، بە فەرمی ناوی “Alter Schwede” یان “سوێدی پیر” یان لێنرا و بە شێوەیەکی سمبولی “هاووڵاتی هامبۆرگ” کرا. خەڵکی شار بە گاڵتە پێی دەڵێن: “کۆنترین كۆچبەری هامبۆرگ”!

ئەم بەردە ئێستا بووەتە یەکێک لە شوێنە ناسراوەکانی گەشتیاری هامبۆرگ. زۆر کەس بۆ وێنەگرتن و بینینی ئەو “میوانە ٤٠٠ هەزار ساڵییە” دەچن بۆ کەناری ئیلبە.

هەندێک لە خەڵکی هامبۆرگ دەڵێن:
“پێش دروستبوونی خودی شار، ئەم بەردە لێرە بووە!”

 


Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *