شاماران

کولتور و زانست، میدیای نوێ

خوێندنەوەیەك بۆ ڕۆمانى “باڵۆنێك لە ئاسمانى سووردا”-ى ڕێبین ئەحمەد خدر

رۆمان

ئادەمی ئاسمانی سووریش ئەوە هاوشێوەی ئادەمی باوک ڕۆلی بنەڕەتی لە ژیاندا دەگێرێ، ڕۆماننووس پێماندەڵێ گەر تۆ ئادەمی باوک بی ئەوە منیش ئادەمێکیترم بە هەمان ناو و دنیای تۆ پەسەند ناکەم
دەریچەیەک بەڕووی ڕۆماندا…

“رۆمان“: لە زمانی ئینگیزیدا پێی دەوترێت نۆڤێل (نۆڤه‌ل)، نۆڤێل لە وشەی ئیتالیایی (نۆڤه‌ڵا) بە واتای کورت و نوێ وەرگیراوە، بەڵام لە زمانەکانی تری ئەوروپا لە جێگەی وشەی نۆڤێڵ، ڕۆمان بەکارهاتووە، کە لە ڕۆمانس وەرگیراوە.

فەڕەنسییەکان پێی دەڵێن: ڕۆمان یان ڕۆمانس. لە زمانی کوردیشدا “ڕۆمان” جێی خۆی کردۆتەوە. ڕۆمان بریتییە لە چیرۆکی درێژ کە بە شێوەی پەخشانی لە سەدەی شانزدەهەمدا لە بریتانیا دەستی پێکرد؛ ئەم ژانرە نزیک بوو لە چیرۆک، بەڵام لە چیرۆک جیاواز بوو. سەرهەڵدانی ئەم ژانرە نوێیە و سەربەخۆیەیی لە ئەدەبدا بۆ چەرخی ڕۆشنگەری ئەوروپا دەگەڕێننەوە کە لە سەدەی شانزدەهەمدا هاوکات لەگەڵ گەشە و گەورەبوونی چینی بورژوازی و فراوانبوونی شار و بایەخدان بە تاک، برەوی زیاتری پەیدا کردووە.

پێناسەکردنی ڕۆمان لە پێناسەکردنی ژانرەکانیتری ئەدەب وەک شیعر و شانۆ سەخترە؛ ڕۆمان بریتییە لە گێڕانەوەی چیرۆک‌ئامێزی دوور و درێژ، کە لە زمانی چیرۆکبێژەوە وێنەی ژیانی کەسایەتییەکان لە چەندین ڕوداو و لە چەندین کات و شوێنی بەریندا دەردەخات. زۆر جار خەیاڵ ڕۆڵی لە داڕشتنی ڕوداوەکاندا هەیە. لە ڕۆماندا چەندین ڕەگەزی گرنگ کۆ دەبنەوە؛ لەوانە: ڕوداو، کەسایەتی سەرەکی، شوێن، کات، چیرۆکبێژ، خەیاڵ، وەسف، دیاڵۆگ، گۆشەنیگا.
لێکۆڵەران لەسەر ئەوە کۆکن کە ڕۆمان بەرهەمی قەیرانەکانی شار و چەرخی مۆدێڕنەیە، ڕۆمان پێ بە پێی فراوانبوون، ئاڵۆزبوون و کێشەکانی شار، قوڵتر بۆتەوە و هەوڵی داوە ئەو کێشانە شی بکاتەوە.

ڕۆمان دەرهاویشتەیەکی ناسروشتی مرۆڤە، وڵامێکە بۆ کێشەکان و تابلۆ تڕاژیدییەکانی مرۆڤ. ڕۆمان دەنگی نادیاری تاکەکانە، تابلۆیەکی دیموکراسییە کە تاک خۆی تێدا دەبینێتەوە، هەڵقوڵاوی واقعە و لە هەمانکاتدا دژی واقعە. جیهانێکی خیاڵئامێزی مرۆییە، گوێ بۆ خۆشی و ناخۆشییەکانی مرۆڤ دەگرێت و مرۆڤ هیوا و ویست و حەزەکانی تیایدا دێنێتە زمان. ئەگەر ڕۆمان لەسەر چەند کۆڵەکەیەک وەستابێت، ئەوە یەکێک لە کۆڵەکەکانی فرەدەنگی و فرەڕەنگییە و لە هەمان کاتدا ململانێی دڵە لەگەڵ ئەقڵی وشک و بەڵگەداتاش، ملمالنێی فانتازی جوانییە لەگەڵ واقعی تراژیدی.

کورتەی ڕۆمانەکە:
ڕۆمانی “باڵۆنێک لە ئاسمانی سوڕدا” باس لە کەسایەتییەکی هونەری و نامۆ بە ناوی ئادەم دەکات کە داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان ڕێگربوون لەوەی بە گیانێکی هونەری لەسەر زەوی بژی؛ بۆ ئەمەش بەردەوام
بە ڕێگەی خیاڵی هونەری لە هەوڵ دایە، کە “تۆپێکی بچکۆلە”ی کە لە منداڵیدا ون کردووە، دوبارە بیدۆزێتەوە. لەو پێناوەشدا لە بەرانبەر هەموو یاسا و قالبەکانی ناو کۆمەڵگا و زهنیەتە کلاسیکەکان سەرکەشی دەکات. ئادەم کە کۆمەڵگا وەخۆی هەڵنەگرتووە لەگەڵ هاوڕێیەکی منداڵی کە سێ کەسیتری فرێدراوی کۆمەڵگا، پەنا دەدرێ. هەرچەندە ئادەم یاساکانی پەناگەکەش ناپارێزێ، بەڵام لەوێش لە پێناو پاراستنی یەکێک کە کەسە جیاوازەکان دەکوژرێ و تووشی “چارەنووسی تایبەت” دەبێت، بە شێوەیەک نە بەر جەهەننەم دەکەوێت و نە بەر بەهەشت. چارەنووسیش ئەوەیە کە بە باڵۆنێک لە ئاسمانی سووردا لە نێوان خەون و واقع و دوان لەگەڵ دەروونی خۆیدا دیسان بۆ جارێکیتر بۆ زەویەکی سەرەتایی دەگەڕێندڕێتەوە و خیاڵی هونەرمەندانەی خۆی دووبارە پێشان دەداتەوە. ئادەم یەک کاتدا لەسەر بەردێک بەرەو ئایندەیەکی نادیار و ڕابردوویەکی ئاڵۆز دەڕوانێ و نێوان خەون و ڕاستیدا نیگار دەکێشێ.
لە دوا دیمەندا ئادەم لەسەر بەردێک ڕادەوەستێ و لە شەوی تاریکدا گوێ بۆ دەنگ هەڵدەخا کە جگە کە عەبدوڵا گۆرانی شاعیر و ژنێک، کەسانیتریش بۆ سەر زەوی گەڕێندرابنەوە بە خەیاڵی ئەوەی کە ئیتر چیتر تەنها نییە…

پێکهاتەی ڕۆمانەکە:
ڕۆمانی “باڵۆنێک لە ئاسمانی سوردا”، لە (٢٣٩) لاپەڕە پێکهاتووە و لە لایەن “رێبین ئەحمەد خدر”ەوە نووسراوە. ڕۆمانەکە دابەشکراوە بەسەر سێ بەشی سەرەکی؛ بەشی یەکەم پێکهاتووە لە زەوی، ماڵی دێوە، ئادەم ئەی یوسفی من !، چیرۆکی سێ کوڕەکان، دێوە لە چاوەڕوانی ئادەمدا، ئاهەنگێک لە ژووری یادەوەریەکان، مارێک لە باخەکەدا، لەژێر وێنەکەی گاندی و تۆپێکی درەخشان لە گۆڕدا، لەخۆ دەگرێت.

بەشی دووەم پێکهاتووە لە تەوەرەکانی: دوای وێرانبوونی زەوی، یەکێک کە تەنها دەنگ بوو، زیندانی ڕووناک، حەوزی ماسی و دیوانی گۆران و لە بەشی سێیەمیش لە چەندین تەوەر وەک: گەڕانەوە، قسەکردن لەگەڵ مێرۆلە، هەموو شتەکان وەک شیعرێک.. و دوا دەنگەکان، پێکهاتووە.

لەو بەرهەمە کوردییەدا چیرۆکبێژی هەمووشتزان ڕووداوەکانمان بۆ دەگێرێتەوە. ئادەم کە پاڵەوانی ڕۆمانەکەیە لە شاردا دەژی و شاریش ئادەمی وەخۆی هەڵنەگرتووە، و بەرەو خەیاڵی دەبات و بەشێکی زۆری ڕوداوەکانیش لە خەیاڵدان، واتا شوێن خیاڵی و ئەفسانەییە. زەمەن لە ڕۆمانەکەدا پێوانەیەکی نییە.
کەسایەتی سەرەکی و پاڵەوانی ڕۆمانەکە ئادەم – دایکی ئادەم د. ڕێزان – باوکی ئادەم د.ئەیوب – برا
گەورەی د.ئەیوب یا خود سەلیمی ئاسنگەر و ژنەکەی ڕۆڵی دڵنەوایی لە ونبوونی ئادەمدا- هاوار یا خود کچۆ وەک کەسی قوربانی ناو کۆمەڵگا و توندوتیژی سەر ژنان – محەمەد سۆفی کەسایەتی ئاینی و بێزار لە واقع – سەفا گاندی کەسایەتییەکی قوربانی شەڕ و توندوتیژی – ئازار یا خود دێوە و یان کاکە خاوەن ماڵ و پەناگە – دایکی ئاراز وەک قوربانی تەکنۆلۆژیا – سەیران خزمەتکاری دایکی ئاراز و کەسایەتی کەڕ و لاڵ و خاوەن هەست – برای هاوار کچۆ بکوژی ئادەم و هاوار کچۆ و هەروەها عەبدواڵا گۆران کە هاوشێوەی ئادەم تووشی “چارەنووسی تایبەت” بووە.
لە ڕۆمانەکەدا جگە لەو کەسایەتیە واقیعیانە، لە ناو خەیاڵیدا هەموو شتەکان زیندون و قسەیان لەگەڵ دەکات، مێرۆلە – باڵندە و هتد…

ئادەم بە خەیاڵ و وەسف و گۆشەنیگای تایبەتی خۆی لەوپەڕی نامۆیی و تەنهایی و بە ڕوحێکی هونەری و کێشانی تابلۆکانی لە ژیان سەرجەم ئەو شتانە مرۆڤ بە دەستکەوتی دەزانێت دەباتە ژێر پرسیار،
تەنانەت هاوکێشەی خواوەندی تێکدەدات و دنیایەکیتر بونیاد دەنێتەوە و لە شەوێکی تاریک لەسەر بەردێک ڕاوەستاو گوێ بۆ دەنگەکان هەڵدەخوات و هیوای وایە ئیدی چیتر تەنها نەبێت…

باڵۆنێک لە ئاسمانی سووردا
باڵۆن و باڵندە، ئەوە هەردووکیان لە فڕین و ئازادبووندا هاوبەشن، دەکرێت باڵۆن لە جێگەی خەیاڵ بەکار هاتبێت و خیاڵیش هیچ سنورێکی نییە… ئەم ئاگرەی کە باڵۆنی پێ بەرز دەبێتە تا بە بۆشایی ئاسماندا بڕوات ڕۆح و هێز و وزەیەک بێت کە بە خەیاڵی دەبەخشرێ و لە خەیاڵ وەردەگیرێ. ئاسمانی سوور وێنەیەکی ناواقعی و هاوشێوەی ئەفسانەیە؛ گەر لە واقعدا ئەوە ئاسمان بە هۆی ئاوی دەریاکان ڕەنگی ئاوی بنوێنێ، ئەوە لەم تابلۆیەدا، سوورە. دەکرێت نووسەری ڕۆمان لە واقع بێزار بێت و خوازیار بێت، هەموو واقع سەرەوبن بکات و ئاسمانێکی سوورمان پێشان بدات. یاخود توندوتیژی و خوێن زەوی و دەریاکانی بەخوێن کردووە و ئەم ئەمەش بووبێتە هۆکارێک تا ئاسمان سوور بێت. لەوانەشە هەر بە شێوەیەکی هەڕەمەکی ئاسمانی بۆ سوور کردبین، لەوانەشە تۆی خوێنەر شتێکیترت بە خەیاڵ بگات. بە گشتی ناونیشانی ڕۆمانەکە تابلۆیەکی سوریالی پێشان دەدات.

ئادەم کەسایەتی سەرەکی ڕۆمانەکە هونەرمەندە، بۆیەش لە واڵمی ئارازی هاوڕێی کە لە لەبارەی ئەو تابلۆیەی کە بەردەوام لە ماڵ و پەناگای دێوەدا کێشاویەتی لە ئاسمانێکی سوردا و چەند باڵندەی لە
دەورەوەن، لەگەڵ دێڕە شیعرەکەی گۆران – سەردەمێک بوو، سەردەمێکی دوور و درێژ بوو – نوێنی ئارام بۆ من لەسەر چەرپایەی لێژ بوو – ئاوا دەڵێت: “هەر یەک لە خەیاڵ و ئازارەکان، خەون و ویستەکان لەسەر تەختەیەک، وێنەیەک، مادەیەک، ئامێرێک باشتر دەردەکەون بەو مەرجەی ئەو تەختە، وێنە، مادەیە، گونجاو بێت بۆ دەرکەوتنیان، زۆر کەس بە هەڵە مادەی خۆی هەڵدەبژێرێت یان ناتوانێت بیدۆزێتەوە. مادە ڕاستەقینەکە وەک مادەیەک وایە لەناو ئێمەدا، تەنها ئەو دەتوانێت، خەون و ئازار و خیاڵەکانمان نیشان بدات. ڕەنگە باڵۆنەکەی منیش ئەو ئاوێنەیە بێت، کەواتە مەرج نییە باڵندە لە تابلۆی هونەرمەندێک هەر ئاماژە بۆ فڕین یا خودی باڵندە خۆیشی بێت… ئازار و خەیاڵی هونەرمەند دەچێتە سەر شێوەی هەزاران شت.”

وشەکان تەنها ئاماژەن و ئێمەی خوێنەر هەر یەکەمان بە خەیاڵی خۆمان، ئەوە دەتوانین واتای بدەینێ، بۆیەش باڵۆنێک لە ئاسمانی سووردا بە گوێرەی خەیاڵی ئێمە واتای جیاواز لەخۆ دەگرێت، ڕۆمانەکە بە شێوەیەک لە شێوەکان باس لە هونەر دەکات و زۆرتر نووسەر وێنەمان بۆ دەکێشیت.

ئادەمی تەنها یان ئادەمی نامۆ
“ئادەم لە کەس نەدەچوو”
ئادەم پاڵەوان و کەسایەتی نامۆ و هونەری ناو ڕۆمانەکەیە، ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ ئادەم پێغەمبەر کە لە لایەن خواوەندەوە لە بەهەشت دەرکرابێت و ڕۆڵی ئاوەدانکردنەوەی زەوی لەسەر شان بێت، ئەوە
ئادەمی ئاسمانی سوور دوو ئەڕکی لەسەر شانە؛ ئەڕکی یەکەم هەڵوەشاندنەوەی جیهانی ئادەم پێغەمبەر و ئەڕکی دووەم کردنەوەی دەرگایەکی ئاواڵایە بۆ خوێنەر تا خۆی دنیای خۆی بونیاد بنێتەوە.
ئەوەی وای لە ئادەم کردووە تەنها بێت، ئەوە واقعی ڕەشی کۆمەڵگایە و ئەوەش کە وایکرد ئادەم زەوی فڕێداتە دەرەوەی خۆی، هەر کۆمەڵگایە. نووسەر لە تەنهایی و نامۆیی خۆی دژی هەموو نەریتە و زهنیەتە ڕەها و قالبەکان دەوەستێتەوە. هەر لە منداڵیدا کە یاری تۆپی پێی لەگەڵ منداڵان کردووە، وەک گۆڵچییەک کە ڕۆڵی پێدەدرێت، سەر گۆڵەکە بەجێ دێڵێ، بە جۆرێک نووسەر ئەوەمان پێ دەڵێ کە هەر لە منداڵیەوە لەو یاسا و ڕێسایانەی ژیان بێزار بووە و وەک کۆت و بەندێکی بێ واتا سەیری کردوون.

ئەو جیاوازبوونەی ئادەم وایکرد کە لە لایەن هاورێیان و منداڵان و خەڵک و تەنانەت قوتابخانەش پەسەند نەکرێت و هەر کەسەو بە جۆرێک لێی تێدەگا؛ هەر وەک باڵۆنەکە کە هەر کەسەو بە جۆرێک خوێندنەوی بۆ دەکات، بەڵام ئادەم بۆ دڵی خەڵک ناژی. بەر لەوەی قوتابخانە بڕیاری دەرکردنی بدات، خۆی مەکتەب بەجێ دێڵێ و هیچ بنەماڵەیشی بۆ گرنگ نییە، نووسەر بۆ ئادەم پەناگەیەک دەکاتەوە، بەڵام پەناگە ئادەم بێدەنگ ناکات و سەر بۆ ڕێساکانی پەناگەش دانانەوێنێ. ئادەم لە ڕێگەی چاو و هەستەوە تێکەڵ بە سەیران -کچە بەهەست و لاڵەکە- دەبێت، ئارازیش کە خاوەن پەناگەیە و لە باوکی بۆی ماوەتەوە و بنەماڵەیەکن کە قوربانی تەکنۆلۆژیان، بە تێکەڵبوونی ئادەم و سەیرانی بۆ تابۆ نییە. تەنها ئەوەی بەلایەوە سەیرە کە چۆنە لە یەکتر تێگەییشتوون! هەر لە پەناگەکەشدا کە پاناگەیەکی دیموکراسییە، و ڕەنگەجیاوازەکانی لەخۆ گرتووە. پاڵەوانی ڕۆمان لەگەڵ محەمەد سۆفی کە کەسێکی خواپەرەستە و پێی وایە زەوی بە خراپەکاری تاریک بووە و ڕوناکی لەسەر زەوی نەماوە و لە خەڵوەتدا خۆی خەریکی خواپەرستی کردۆتەوە، دەدوێت و پێی ناڵێت کە بیروباوەڕت ناراستە، بەڵکو پێی دەڵێت خەڵوەتی تۆ چارەسەر نییە و پێویستە بیر لەم تاریکیە بکرێتەوە و شی بکەیتەوە؛ بە شێوەیەک تێیدەگەیەنێ تۆ نابێت دژایەتی هەڵسوکەوتەکانی هاوار کچۆ بکەی، بەڵکو پێی دەڵێت دەبێت بیر لەوە بکەیتەوە بۆچی هاوار بە شێوازی کچان هەڵسوکەوت دەدا؟! بۆچی خۆشکی کوژرا؟!

ڕۆماننووس لەگەڵ هەر سێ کەسی ناو پەناگەکەوە کە کەوتوونە خەڵوەتەوە دەکەوێتە دیاڵۆگەوە و بە شێوەیەک پێیان دەڵێت کە نە خەڵوەتی و بێدەنگی محەمەد سۆفی و نە هی سەفا گاندی و هاوار کچۆ ئەم واقعە ناگۆڕێ و ئەم واقعە پێویستی بە شیکردنەوە هەیە. ڕۆماننووس لە تەنهایی خۆیدا تێکەڵ بە کێشەکانی کۆمەڵگا دەبێتەوە و هەوڵ دەدات وا لە تاکەکان بکات، بیر بکەنەوە. دیسان لە پەناگەشدا بە گیانی خۆی گیانی کچۆ دەپارێزێ تا بە دەستی براکەی نەکوژرێ، لەو پێناوەشدا بە گوللەی دەستی برای کچۆ کە لە پێناو پاراستن و کەرامەت و نامۆسی دەتەقێندرێت، دەکوژرێت.

هەموو ئەو واقعە تاڵە پاڵی بە ئادەمەوە ناوە کە تێکەڵ بە نەریت و ژیانی دوبارە نەبێت و بچێتە ناو خەونی خۆیەوە، دنیا لە ڕوانگەی نووسەرەوە وەک زیندان وایە و شوێنێک کە ئازادی تێدا نەبوو و سەرکوتی کۆمەڵایەتی تیایدا باڵادەست بوو و ڕەنگە جیاوازەکان پەسەند نەکرد، ئەوە خەون سەرهەڵدەدات، بۆیەش زۆربەی ڕۆمانەکە لە خەوندا باس لە بەراوردکردنی حەز و خولیاکان کراوە.

خەونی نووسەر هەڵوەشانەوەی ئەو نەریتانەیە کە مرۆڤ بە نەریت و یاساوە نەبەسترێتەوە. نووسەر پاڵەوانی ڕۆمانەکە تەواو نامۆ و جیاواز و هونەرمەند پیشان دەدات و هەر بەو تەنهایی و نامۆییەش کە لە
هیچ بەرەیەک نەبووە، نە لە بەرەی خێر بووە و نە شەڕ و لە ملمالنێکاندا جێگەی نەگرتووە، وایکردووە کە دوای مەرگیش گەر وەک شیمانەیەک بەهەشتی و جەهەننەمی دانابێت، ئەوە خۆی ئەم یاسا خواوەندییەش تێک دەدات و دەڵێت مەرج نییە، هەموو مرۆڤەکان بە بەهەشت و جەهەننەم مەحکوم بکرێن. تەنانەت جەهەننەم و بەهەشت نابێ ببێتە پێوانە بۆ مرۆڤەکان، بەڵکو دەکرێت کەسانێک هەبن بەر هیچیان نەکەون و بگەڕێنەوە سەر زەوی، بچنەوە ناو خەونی خۆیان. ئادەم نە تەنها تەسلیمی نەریتە کۆمەڵایەتیەکان نەبووە، بەڵکو یاساکانی خواوەندیشی کە زۆرکەس پێیانەوە پایبەندە دەباتە ژێر پرسیار…
هەموو ئەو واقعە تاڵە پاڵی بە ئادەمەوە ناوە کە نامۆ و تەنها بێت و بچێت لە خەون و خەیاڵی خۆیەوە و لە
رێگەی خەونەوە کار لەسەر ئەم واقعە تاڵە دەکات.

ڕۆمانی “باڵۆنێک لە ئاسمانی سووردا”، لە تەنهایی خۆیدا هەوڵ دەدات وا لە تاکەکان بکات، دیسان بیر لە ژیان بکەنەوە، لە ڕاستیدا کۆمەڵگا ئادەمی وەک خۆی ناوێ و ئادەمیش شەڕی ئەوە دەکات کە کۆمەڵگا پێویستە نامۆیی و جیاوازی و ڕەنگینی پەسەند بکات و ڕێز تیایدا باڵادەست بێت. ڕوماننوس بۆیە سەرگۆڵەکە، مەکتەب، ماڵ، پەناگە، بەهەشت و جەهەننەم و هەموو برەکانی کۆمەڵگا دەباتە ژێر پرسیار تا تاک لە قالبەکاندا نەتوێتەوە.

هەوڵی ڕۆماننووس لە تەنهاییدا هەوڵێکی پڕواتایە، ئەوەی بە شەڕ و کوشتن و حزبایەتی و خوێن و دروشم نەکراوە و تەنانەت سەر لە خەڵکیش شێوێنراوە، ڕۆماننووس بە ڕۆمان باسی دەکات، بۆیە خوێنەر پێویستە درک بە واتای پشت وشەکان بکات. لە پشت وشەکانەوە واتا هەیە و دەبێ خیاڵیان بکەین و بیریان لێ بکەینەوە.

“فەیسبوک”ی باڵۆنێک لە ئاسمانی سووردا
فەیسبوک، تۆرێکی پێوەندییە کە تاکەکان لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە بۆ پێوەندی بەکاری دێنن، ئەگەر خەڵکانیتر فەیسبوک بەکار بێنن و سەدان هاورێێان هەبێ و پۆستەکانیان پڕ بێت لە هەواڵی شەڕ و کوشتن
و بەردەوام ئەم وێنانە دوبارە ببنەوە، ئەوە فەیسبوکی لەم ڕۆمانەدا تەنها باڵۆنێک لە ئاسمانی سووردایە کە گوزارشت لە هونەر دەکات. گەر تاکەکان دیسان لە فەیسبوک باس لە ملمالنێی حزبی و جنێو و بریندارکردنی یەکتر و خوێن بکەن، ئەوە ڕۆماننووس نەکەوتۆتە بەر شەپۆلی ئەم تەوژمە، بەڵکو بە باڵۆنێک گوزارشتی لە دنیا کردووە و لەگەڵ هاورێیەکیش پێوەندی گرتووە، کە گولێکی سوری داناوە.

دیارە دانانی گوڵە سوورەکەش لە پرۆفایلەکە لە جێگەی وێنەی خودی کچەکە ئەوە دەردەخات کە کۆمەڵگاکە داخراوە و پێوەندی و خۆشەویستی لە چاوی خەڵکەوە بە سووک سەیر دەکرێت. ڕوماننووس نە تەنها تەسلیمی ئەو شەپۆلە نەبووە، بەڵکو ڕای خۆی لەسەر تەکنۆلۆژیا دەربڕیوە، دێوە خۆی و باوکی و دایکی هەموویان قوربانی تەکنۆلۆژیان. بنەماڵەی ئاراز یاخود بە زمانی کۆمەڵگا دێوە بە ڕووداوی هاتووچۆ زیانیان بەرکەوتتووە و ڕۆماننوس لە سەر زمانی کەسایەتیەکان باس لەوە دەکات گەر تەکنۆلۆژیا نەبووبا ئەوە مرۆڤ تووشی ئەو بەدبەختیانە نەدەبوو. بە ئاماژەکردن بە سەیارە ئەوە بۆمب و موشەک و تیڤی و ئەو دنیا ڕەق و تەقە ڕەخنە دەکات و لە خەونی خۆیدا باس لە ژیانێکی سروشتی دەکات.

لە نێوان ئادەمی باوک و ئادەمی ئاسمانی سوور
ئادەم، ئادەمی باوک یا خود یەکەمین مرۆڤی سەر زەوی بە گوێرەی میتۆلۆژیاکان یا ئەو کتێبانەی باس لەوە دەکەن کە حەوا لە پەراسوی چەپی ئادەم دروست کراوە، ئادەم ئەوەی لەگەڵ حەوا لەسەر خواردنی سێوێک دەرکران بۆ سەر زەوی و بە پێی ئەم چیرۆکە ئەوە ژیان لەوێوە دەست پێدەکات. ئادەمی باوک ئادەمی دەسی خودا و دروستکراوی خودایە و جیهانی ئادەم بۆ خێر و شەڕ، بەهەشتی جەهەننەم دابەش بووە و بەم پێیە هەموو مرۆڤەکان یا بەر بەهەشت دەکەون یا بەر جەهەننەم. ژیان لە هاوکێشەیەکی دوولایەنەدا بەڕێوە دەچێ و ئەگەرێکیتر و یانیش پێوانەیەکیتر نییە؛ مرۆڤ ناچار بە دوو ڕێگا کراوە.

ئادەمی ئاسمانی سووریش ئەوە هاوشێوەی ئادەمی باوک ڕۆلی بنەڕەتی لە ژیاندا دەگێرێ، ڕۆماننووس پێماندەڵێ گەر تۆ ئادەمی باوک بی ئەوە منیش ئادەمێکیترم بە هەمان ناو و دنیای تۆ پەسەند ناکەم. ئادەمی ئاسمانی سوور بە زەوی و واقع و ژیانی ئەم زەویە ڕازی نییە و دەست دەکا بە هەڵوەشاندنەوەی هەموو بەهاکان، هەموو قالب و بەها و پێکهاتەکانی ئەم زەویە دەباتە ژێر پرسیار، دەچێتە قیامەت، بەڵام وەبەر بەهەشت و جەهەننەم ناکەوێ و دیسان لە ڕێگەی “چارەنووسی تایبەت” کە وەک تەکنیکێک بەکار هاتووە، دەگەرێتەوە سەر زەوی.

ئەو جیهانەی ئادەمی ئاسمانی سوور زۆر سروشتی و هونەرییە و مرۆڤ وەک چۆن بیر دەکاتەوە دەژی. دنیای ململانێ و دژەکان نییە، دنیای قەتڵ و خوێن و شەڕ نییە، دنیای ناموس نییە، دنیایەکی هونەرییە.
نووسەر لە ڕێگەی چارەنووسی تایبەتە پێـمان دەڵێ کە هەموو کەس دوای مەرگ دەچێتەوە خەونی خۆیەوە، هەرچەندە هەموو حەز و هیوای ئادەمی ئاسمانی سوور ئەوە بووە کە تەنها نەژی و واقع بگۆڕێ، بەڵام ئەو بێباکانە ناژی، ئەو محەمەد سۆفی و سەفا گاندی کە دوو کەسی جیاوازی ناو کۆمەڵگان و قوربانی و چوون لەناو خەڵوەتەوە بێ ئەوەی دژایەتیان بکات، پێیان دەڵێت ئەمە چارەسەری ئەم واقعە تاڵە و ئەو دەردە نییە، بەڵکو ئەم دنیایە پێویستی بە شیکردنەوە هەیە و دەبێ ئەوە شی بکەینەوە کە بۆچی هاوار کچۆ، وەک کچان هەڵسوکەوت دەدا.

لە چیرۆکە مێۆلۆژکاندا وا باس کراوە کە یەکەم مڕۆڤەکانی سەر زەوی ئادەم و حەوا ئەندامانی جنسی خۆیان بە پەلکە گەڵا دەشارنەوە و پێیان باشە مرۆڤ ئەندامانی زایەندی خۆی داپۆشێ و ئەوە لە دینەکاندا وەک بەهای ئەخلاقی لێکدراوەتەوە.
هەرچەندە ڕۆماننووس ویستوویەتی خۆی لە باکڕاوەندی ئایینی و چیرۆکە ئایینیەکان داماڵێ و بە بەکارهێنانی ناوی چیرۆکە ئایینەکان دنیای دیکەمان پێشان بدات، ئەم ئادەمی ئاسمانی سوور هەست دەکەم هێند قوڵ بۆتەوە و لە نێوان خەون و خەیاڵ و دنیا و ژیانی سروشتی، تووشی هەڵەیەک دەبێت. دەکرێ ئەو هەڵەیە لە ئەنجامی دنیای سروشتی یا ئەو پەلکەگەڵا سروشتییە، تووشی بووبێت و یەکسەر وێنەی ئادەمی باوکی بە خەیاڵدا هاتبێت بە پەلکە گەڵایەک لەسەر ئەندامانی جنسی. ئادەمی ئاسمانی سووریش هاوشێوەی ئادەمی باوکی دەچێت بە پەلکە گەڵایەک ئەندامی جنسی خۆی دادەپۆشێ کە فکر و بیرکردنەوەیەکی وەها لەگەڵ داپۆشینی ئەندامانی جنسی یەک ناگرێتەوە. ئەم پەلکە گەڵایە لەسەر ئەندامانی جنسی لە بەها و نرخی ڕۆمانەکە، لەو هەموو دنیایەی کە ئادەم دروست کردبوو و مرۆڤی تێدا کۆیلە کردبوو و ئادەمی ئاسمانی سوور هات دەستەکانی مرۆڤی کردەوە و نەیهێشت مەحکوم بە بەهەشت و جەهەننەم بکرێن و هەڵیوەشاندەوە کەم ناکاتەوە. لەوەی کە خەیالێکی نادیار و بێسنوور و کراوەمان لە ژیان پێشان دەدات کەم ناکاتەوە. لەو دنیایەی کە نووسەر پێـمان دەڵێ تەکنۆلۆژیا و نەریت مرۆڤی وێران کردووە، پەلکە گەڵاکە گەر نەبووبا هاوتەریب دەبوو لەگەڵ فکری پاڵەوانی ڕۆمانەکە، بەڵام لە بەهای کەم ناکاتەوە.
لەوەی کە پێمان دەڵێ ئەم واقعە وا لە مرۆڤ دەکات لە پێناو وەدیهێنانی خەون و ئارەزوەکاندا بچێتە خەونەوە و هیچ پێوانەیەک بۆ زەمەن نەبێت. ناچار بە خەیاڵێکی وا بکرێین کە لێمان ڕوون نەبێت کە دنیا خەونە یا واقعە.

ڕۆماننوس دیسان هەر لە ڕێگەی ئایینەوە کە ئادەم لە بنەماڵەیەک ئیسلامی لەدایک بووە و سەرەتا باوکی و دایکی پێیان باش بووە ناوی محەمەد بێ، بەڵام چۆن ئەو ناوە زۆر بووە و کۆمەڵگاکە ئیسلامی بووە،
ناوی ئادەمیان بۆ هەڵبژاردووە. بەڵام ئادەم کە لەم واقیعە بێزار بووە و ماڵ و مەکتەبی جێ هێشتووە و چۆتە لای ئارازی هاورێی، ئەوە باوکی و دایکی هیوایەت دەخوازن کە ناوی یوسف بووبا بە وێنەی یوسف پێغەمبەر کە ئەویش لای باوکی خۆشەویست و ون بووە.

یوسف پێغەمبەر گەر خەونی بەوە دیتبێت کە گوڵە گەنمەکانی دەستی بەرز بووبنەوە و گوڵەگەنمەکانی دەستی براکانی کڕنۆشیان بۆ گوڵەگەنمەکانی ئەو بردبێت، کە ئەم خەونە گوزارشت لەوە دەکات کە دوای باوکی پێغەمبەرایەتی بۆ یوسف دەگەڕێتەوە و بڕاکانی دەبێ کڕنۆشی بۆ بەرن و ئەمەش لە دیمەنێکی ناو خەون و بە شێوەیەکی هونەری دەردەکەوێت. هەر لە خەونێکیتردا ئەوە باوکی و دایکیشی دەبنە مانگ، خۆر و ئەستێرە و کڕنۆش بۆ یوسف دەبەن و لە کۆتاییدا براکانی ئیرەیی پێ دەبەن و کراسێکی بە خوێن بۆ باوکی دێننەوە کە گورک خواردوویەتی.

ئەگەر یوسف خەونی بە دەسەڵات و پیغەمبەرایەتی کە هەموویان پیاون دیتبێت، ئەوە ئادەمی ئاسمانی سوور خەون بەوە دەبینێت کە تاک لە نێوان کۆمەڵگادا ون نەبێت و کۆمەڵگا دەبێت جیاوایەکان پەسەند بکات، کراسی ئادەمی ئاسمانی سوور لە پێناو پاراستنی کەسە جیاوازەکان و قوربانیەکان سوور دەبێت، بەڵام هی یوسف لە پێناو ئەوەیدا خۆی دوای باوکی ببێت بە پێغەمبەر سوور دەبێت، ئێمە کارمان بەوە نییە کە یوسف دواتر چی لێدێ، ئەوە کە لێرەدا مەبەستمانە خەونێکی فەرمانڕەوایانەی بینیوە، بەڵام ئادەم لە پێناو پاراستنی جیاوازیەکان دەبێتە قوربانی گوللەی ناموس و شەڕەف و کراسەکەی سوور دەبێت، بەڵام دوو سووری جیاواز و دوو دنیا و جیهانبینی جیاواز.

خەون
لەسەرەوە باسی هەندێ وێکچوون و جیاوازیمان بە بەراورد لەگەڵ ئایین کرد، بەڵام خەونیش بەدەر لەو وێکچوون و جیاوازیە نییە. لێرەدا باسی خەون بە گشتی لەناو ڕۆمانەکە دەکەین. بە گشتی ڕۆمانی “باڵۆنێک لە ئاسمانی سووردا”، خەونی نووسەرە و بەرهەمەکە خەون لە خەون دایە. نووسەر لە ڕێگەی بەرهەمەکەوە دنیامان بۆ شی دەکاتەوە. دەتوانین بڵێن ڕۆمانێکی دەرونشیکاری و پۆست مۆدێرنە و تێیدا چاومان بە تابلۆ سوریالیەکان دەکەوێت. ڕۆماننوس بە شێوەیەک خەیاڵ دەکات و لەگەڵ ناخی خۆی قسە دەکات، هەندێک جار دەبێتە دوو کەس و هەندێ جار دەنگێک لە خۆی دەداتە دەوروبەر و بە دوو دەنگ لە ناوخۆیدا شڕۆڤەی دەکا و غەڵبە غەڵب دەگاتە گوێی، پیتەکان درێژ دەبنەوە لەوانە پیتی (ۆ)ی نامۆۆۆ…
ناشزانێ کە ئایا ئەم حاڵەتانەی خەونن یان دنیای واقین؟! ئایا سزای هەتاهەتایین یا کاتین؟!
نووسەر لە ڕێگەی خەونەوە هەردەم بۆ ڕابردوو دەگەرێتەوە و لە دۆخی ئێستاییدا لە نێوان خەون و واقع سەرگەردانە و داهاتوویشی هیچ لێ دیار نییە؛ چۆتە ناو خەونی خۆیەوە. “تۆپی درەخشان” بە دوای “تۆپە بچکۆلە”کەی خۆی دایە کە لە منداڵی ونی کردووە.

ئەگەر لە ڕێگەی تیوریەکانی باوکی دەرونشیکاری زیگموند فرۆید لێکدانەوەیەک بۆ خەونەکانی نووسەر بکەین، ئەوە دەبێت باسی ئەفسانەی ئۆدیپ بکەین. فرۆید ئەفسانەی ئۆدیپی بە بنەما گرتبێت کە حەز و خولیاکانی منداڵی لە “نەست”دا دەمێنەوە و دواجار وەک “هەست” خۆیان دەردەخنەوە. گەر فرۆید پێداگری لەسەر غەریزە سەرکوتکراوەکانی جنسی بکاتەوە، ئەوە خەونی نووسەر زیاتر میل و حەزی جنسی سەرکوتکراو نییە، بەڵکو خولیایەکی هونەرییە.

فرۆید بۆ تیوریەکانی خۆی ئەفسانەی ئۆدیپ بە بنەما دەکرێت کە پێشتر (وەخشی) خەونی بە پاشای تەبس بینیبوو کە منداڵێکی دەبێت و دواتر بە دەستی ئەو دەکوژێ، بۆیە (لایۆس پاشا) منداڵەکەی دەداتە دەست
شوانەکان کە لە چیا بەجێی بێڵن، بەڵام دواتر ئۆدیپ دەدرێتە دەست ژنێک و گەورە دەبێت، ئۆدیپ دواتر دەزانێ ئەوە دایکی نییە بۆ تەبس دەگەڕێتەوە و بێ ئەوەی بزانێ لە ڕێگادا لە باوکی (پاشای تەبس) هەڵدەنگووێ و دەیکوژێ و دواتر لەگەڵ شازادەی تەبس بێ ئەوەی بزانێت دایکیەتی، جووت دەبێت.
فرۆید لە ڕێگەی ئەو ئەفسانەوە ئەوەمان بۆ باس دەکات کە مرۆڤ هەر لە منداڵیدا مەیلی گەڕانەوەی بۆ منداڵدانی دایکی هەیە و باوک وەک یاسا ڕێگریەک دەبینێت. ئەوەش دەبێتە گرێ لای ئۆدیپ و لە ڕێگەی
یادەوەری ناهۆشیارەوە ئۆدیپ تۆڵە دەکاتەوە. فرۆید باوەڕی بە نەستی تاکەکەس هەیە و قۆناغی منداڵی دەوری سەرەکی لە پێکهاتەی کەسایەتیدا هەیە، بەڵام فرۆید هۆکارە کۆمەڵایەتیەکانی پشت گوێ خستووە.
لە بەردەوامی ئەم قۆتابخانەی دەرونشیکاریەدا دواتر کارل گۆستاڤ یۆنگ زاراوەی “نەستی کۆ”یشی هێنایە، ئاراوە و باسی لە خەونی گشتی کرد.

ئەگەر خەونی نووسەر لە هاوکێشەی فرۆید هاوێژین ئەوە لە هەندێک شوێن یەک دەگرێتەوە و هەندێ شوێن فراوانتر لە غریزە سەرکوتکراوەکانی جنسی دەڕوات. ڕۆمانەکە هۆنەرییە و ئەوەی ڕۆماننووس لە منداڵیدا “تۆپێکی بچکۆلە”ی ون کردووە و بە دوای ئەو تۆپە بچکۆلەوەیە، کە هەمان هونەرەکەیەتی.

رۆماننووس دایکی لە باوکی ناستێنی، باوکی ناکوژێ، تەنانەت لە ڕێگەی یادەوەریشدا کە لە خەون دایە خەیاڵێکی وای بۆ دایکی ناچێتەوە. لە زەوی دووەمیشدا کە خۆی وا وێنا دەکات کە باڵۆنێک لەدایک بووبێت و یەکجار بیر لەوە دەکاتەوە منداڵدانی دایکی دووەمیەتی بچێتەوە بۆ لای، بەڵام ناچێتەوە. لە ڕاستیدا باوکی کارێکتەری ئادەم، داب و نەریتە کۆمەڵایەتیەکانن کە میل و حەز و هیوا هونەرەکەی لێ سەرکوت کردووە.

رۆماننووس هەموو نەریتە کۆمەڵایەتیەکان و یاسا و ڕێساکان کە دەتوانن ڕۆڵی باوک لە سەرکوتی مەیلەکاندا ببینن، دەکوژێت، بەڵام کوشتنێکی جەستەیی نا، بەڵکو زهنیەتی. لە زەوی دووەم لەگەڵ دایکی – مەبەست هونەرە- کە وەک هونەر دەکرێت گوزارشتی لێ بکەین، جووت دەبێتەوە.

ئەگەر لە ڕووی واقعیش سەیری بکەین، ڕۆماننووس میل و غریزەی جنسیشی هەیە، بەڵام لەگەڵ خۆشەویستەکەی کە لە بەشی “مارێک لە باخچەکەدا” ئەوە نمایان دەبێت و نووسەر لە ڕێگەی پاڵەوانی ڕۆمان لە ڕێگەی چاو و هەستەوە لەگەڵ سەیرانی لاڵ تێکەڵ دەبێت، مارەکە گوزاشتی ئەو میلە جنسیەی کردووە، نووسەر چاو و هەست تێکەڵ بە سەیران دەبێت و دەڵێت خۆشەویستی زمانی پێویست نییە.

فلاشبەگ وەک تەکنیکیلی سینەما، شانۆ و ڕۆمان بە شێوەیەکی فراوان ئامادەیی هەیە و نووسەر لە ڕێگەی ئەم تەکنیکەوە، لە تەنهاییدا لەگەڵ مێرۆلە و باڵندە قسە دەکات و باسی ڕابردووی خۆیانی بۆ دەکات و لە هەمان کاتدا پەیام دەدات و دەڵێت ئێستا نازانم بۆ کوێ دەچم بە زمانێکی دەروونشیکاری دەتوانین بڵێین بەردەوام بۆ یادەوەری گەڕاوەتەوە و داهاتوویشی لێ دیار نییە؛ ئەوەش لەگەڵ تیوریەکانی فرۆید یەک دەگرێتەوە کە مرۆڤ هەمیشە بیر لەو شتانە دەکاتەوە کە سەرکوت کراون و لە نەستدا جێگربوون و هەوڵ دەدەن لە هەستەکاندا خۆیان نمایان بکەنەوە.
دەتوانین بڵێن باوک و دایکی ڕۆماننووس جیاوازە لە دایک و باوکی ئۆدیپ و خەون و خولیای سەرکوتکراوەکەی نووسەر غەریزە نییە و ئەوەی ونی کردووە، دایکی نییە، هونەرە… خەونی نووسەریش وەک یۆنگ باسی کردووە، خەونێکی گشتی نییە، بەڵکو خەونێکی تاکەکەسە، بەڵام تاکەکەسێکی بێ‌خەم و خەڵوەتنشین نییە، بەڵکو تاکێکی چالاکە کە بە هونەرەکەی خۆی وا لە تاکەکان دەکات بیر بکەنەوە و ئەم واقعە پەسەند نەکەن.

نووسەر لە هیچ شوێنێک ئارام و ئۆقرە ناگرێ و تەنها و نامۆ بۆ داهاتوویەکی نادیار دەڕوانێ و نیگار دەکێشێ، ئایا نووسەر هەر تەنها دەمێنێتەوە یا نا دیار نییە…. ڕۆمان بە ئەنجامێکێکی کراوە بۆ خوێنەر بەجێماوە، سەرتاپای ڕۆمانەکە کراوەیە و هێز و ئیرادەی خەیاڵ بەدەست خوێنەرەوەیە و لە سەرتاپای ڕۆمانەکە خوێنەر خەیاڵی خۆی تێدا دەبینێتەوە و ئەنجامەکەشی هەر کەس دەتوانێ بە خەیاڵی خۆی بیر بکاتەوە بۆ بەردەوامی ژیان.

دوو خەونی نووسەر:
باڵۆنێک لە ئاسمانی سووردا
زەوی شەقار شەقار و وێران
یەکێک لە فڕیندا ڕۆچووە و دەگەرێتەوە
باڵندەی ورد ورد، ئەوەندەی سەری پەنجەکان
لەگەڵ “با”ی سارددا
باڵۆنێک بە وێنەی خاڵێکی ڕەش
بە سەر ڕوخسارێکی سووردا،
بە وێنەی کەرتێکی زیندوو
لە مێشکێکی گەورەی مردوودا!
خەونی دووەم:
“باڵندەکان بە باڵێکی زۆر گەورە دەکێشم. ئاسمانەکەیش با سوور بێت… لە ژێرەوەی باڵندەکانیش کەسێک
لەسەر بەردێکی چوارگۆشەیی دانیشتووە… دارستانەکەیش بە تەواوەتی بە ڕەنگی مۆر دەکێشمەوە، لەناو مۆرەکەدا بەشێکی سپی دەهێڵمەوە… دوو کەس هەر وەک دوو تارمایی بەرەو یەکتر ڕۆیشتن.. لە سوچێکدا وێنەی باڵۆنێک دەکێشم وەک ئەوەی زامدار بووبێت کەوتۆتە سەر زەوی.. هەر وەک ئەوەی گیانی تێدابێت… هەر وەک ئەوەی دایکێکی خەمبار بێت و چاوەڕوانی منداڵەکەی بکات.”
هەر دوو خەونەکەی نووسەر لە شێوەی تابلۆ دان، دەتوانین بڵێن ئەوە نووسەر لە ڕێگەی ڕۆمانەکەوە، شیعرە وێنەییەکەی تەفسیر کردووە و لە لە خەونی دووەمدا تابلۆیەکی سوریالی و پۆست مۆدێڕنی کێشاوە.


Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *