شاماران

کولتور و زانست، میدیای نوێ

جیاوازی کولتوری دەسرۆکەی کوردی و شمـشێری عەڕەبی


لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەڵپەڕکێ تەنها دەربڕێنی شادی و خۆشی نییە، بەڵکوو لە هەمان کاتدا زمانێکی جەستەیە کە بە مێژوو، جوگرافیا و بیروباوەڕەوە گرێدراوە. دانیشتوانی زنجیرە چیاکانی زاگرۆس کە فەرهەنگی کوردی لەخۆ گرتووە بە دەسرۆکەی ڕەنگێن و گۆرانی هەستەکانی خۆیان نمایش دەکەن و لە لایەکیتر عەڕەبەکان لە بیابان شمشێربەدەست دەرەقسن، ئەوان بە شیعر و شمشێر هێزی عەشیڕەتی خۆیان نمایش دەکەن.

ئێمە لێرەدا باس لە جیاوازی دوو فەرهەنگ لە رۆژ‌هەڵاتی ناوەڕاست دەکەین کە ئەم دوو فەرهەنگە چی لە رۆژی ئەمڕۆدا بەرهەم هێناوەتەوە و لە هەمان کاتدا واقعی کولتوری باس دەکەین دوور لە دەرماگیری نەتەوایەتی.

وەسفی هەڵپەڕکێی کورد و سەمای شمشێری عەڕەب

هەڵپەڕکێی کوردی دەست‌لەدەستنان و شان‌لەشاندانی ژن و پیاوانی کوردە زیاتر بە شێوەی بازنەیی و هەندێجار کەوانیش دەردەکەوێ و سەرچۆپیکێش بە دەسرۆکەیەکی رەنگینەوە، سەری سەمای گرتۆتە دەست و بە دەنگی مۆسیقا و گۆرانی ریتم بە هەڵپەڕکێ دەدەن.

لەودیو و دوور لە کێوەکانی زاگرۆس، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست  نەتەوەیەک بە بەرگێکی واڵاوە بە ڕەنگی سپی و عەگال بەسەر لە دەشتاییەکی گەرم و کەمباران و بێ‌ئاودا، کە بە خێڵە عەڕەبە بیابان‌نشینەکان بەناو دەکرێن کە سەمای (العرضە) دەکەن. لەم سەمایەدا پیاوانی عەشیڕەتەکان شمشێربەدەست لە خەتێکدا شمشێر بادەدەن و شیعر بەسەر سەرۆک‌ عەشیرە و دەسەڵاتی خۆیاندا هەڵدەدەن و دەسەڵاتی خۆیان نمایش دەکەن کە ئێمە باسی هەر دوو فەرهەنگەکە دەکەین کە چۆنە و چی دەکا و چی بەرهەم دێنێ و پشتی بە چی بەستووە.

خەیاڵی فەرهەنگی نێوان شمشێر و دەسرۆکە

کاتێک دەڵێین شمشێر ئەوە ترس و شەڕ و کوشتن دێتە خەیاڵمان، لەبەر ئەوەی شمشێر ئامرازێکی کۆنی شەڕ و سەربڕینە. بەڵام گەر دەسرۆکە کە هێمای سەرچۆپی هەڵپەڕکێی کورد بێتە خەیاڵمان زیاتر زەردەخەنە و شادی دێتە سەر لێومان. زۆرجار بەندبێژان ئەم دەسرۆکەیان بە وێنەی پەروانە چواندووە کە رۆمانتیکترین و هەستیارترین وشەی ژیانە. “دەسماڵی دەستی سەرچۆپی دەسووڕێ وێنەی پەروانە…”، کە ئەمەش هەمان شایی و هەڵپەڕکەی کوردانە.

دێموکراسی فەرهەنگی لە نێوان سەمای شمشێر و هەڵپەڕکێ‌دا

لە دیمەنی هەڵپەڕکێی کورددا ژن و پیاوان دەست‌لەدەستی یەکتر سەما دەکەن، شان لەشانی‌یەک دەخشێنن و گۆرانیەکان دەڵێنەوە و پێدەکەنن، ژن و پیاو بێ‌جیاوازی پیروکاڵ، کیژولاو و منداڵ بەشدارە. واتا سەرجەم کۆمەڵگا بەشدارە. لە رووی پلەداریەوە هیچ پلەداریەک بوونی نییە و بازنەیی بوونی ئەم پلەداریەی رەتکردۆتەوە.

وێنە/ هەڵپەڕکێی کوردی لە نەورۆزدا

گەر ئەم فەرهەنگە لە ڕووی بنەماکانی دێموکراسی هەڵسەنگێنین دەبینین هاوسەنگی و بەشداری ژن و پیاو بە کولتورکراوە کە ڕەگی لە کۆن دایە، گەر زاراوەی فێمینیستی لە سەدەی ١٩ زایینی سەری هەڵدابێت، ئەوە لە کولتوری کورددا ژن و پیاو لە کایەکانی ژیاندا پێ‌بەپێ بەشدار بوون و هەڵپەڕکێی کورد فاکتێکی بەهێزی ئەم ڕاستییە.  ئەمجارە با چاو لە نمایشی عەڕەبەکانی بیابان بکەین لە چاویلکەی دێموکراسی و بەرابەریدا. سەما بە شمشێر پێی دەگوترێت “العرضە”. کە پیاوەگەورەکان پێی هەڵدەستن، دوورە لە ژن و منداڵ، واتا سەرجەم کۆمەڵگا تیایدا بەشدار نییە و پیاوان لە سەنتەر دان.

وێنە/ نمایشی عەڕەبەکانی سعودیا بە شمشێرەوە بۆ تڕامپ

واتا لەم کلتوورەدا پیاو سەنتەرە کە ئەمەش پێی دەگوترێت کولتوری پاتریارکی یاخود پیاوسالاری لەگەڵ دێموکراسی و بەشداری چین و توێژەکان لە کایەکانی ژیاندا یەک ناگرێتەوە. سەرەڕای ئەمەش پلەداریە واتا شیعرەکان بە پیاوانی پلەدار و سەرۆک‌عەشیرەکاندا هەڵدەڵێن کە ئەمەش جورێکە لە دیکتاتۆری کە لە هەڵپەڕکێی کوردیدا هەر کەسێک داخواز بکات، گۆرانی پێیایدا هەڵدەڵێن. واتا کلتوری سەما بە شمشێری عەڕەب گەوهەری دیکتاتۆری و فەرهەنگی باوکسالاری و پلەداری لەخۆیدا هەڵگرتووە و شمشێر وەک هێز خۆی نمایش دەکات. لەم کولتورەدا دیالۆگ وەک کۆڵەکەی گرنگی دێموکراسی نادیارە.

شمشێر و هەڵپەڕکێ لە تەرازوی ئەدیانی ئیبراهیمی‌دا

کوردەکان لە مەراسیمی نەورۆز، بووکێنی، ڤێستیڤاڵەکان، هەڵگرتنەوەی بەرهەمەکان ژن و پیاو دەستی یەکتر دەگرن و هەڵدەپەڕن. بەڵام لە دینی ئیسلام‌دا کە لە دوای هێرشی بۆ سەر ئیمپڕاتۆڕیەتی ساسانی سەپاوە، دژایەتی هەیە. مەلا و بانگخوازە ئیسلامیەکان ئەمە بە کوفر و جەهل بەناو دەکەن، بەڵام تا ئێستا کولتوری کورد بەرانبەر ئەم هێڵە باوکسالاریە ئیسلامیە خۆڕاگری کردووە. بە واتایەکیتر هەڵپەڕکێ وەک ناسنامەیەکی دیموکراسی و کوردبوون رەگی داکوتاوە  و سەڕەرای هەموو هەوڵەکانی دەوڵەتانی ئیسلامی و شەپۆلی عەرەبی ئیسلامی خۆڕاگرە. ئەوە لە کاتێک دایە کە مۆسیقا و گۆرانییەکانی کوردیش لەبەر ئەوەی باس لە ئەشق و دڵداری و لارولەنجە دەکەن لە لایەن کلتوری ئیسلامیەوە ناپەسەندن.

بەڵام سەمای شمشێری عەڕەب و پیاوسەنتەری و پلەداری و پەراوێزخستنی ژن لەگەڵ ئەدیانی ئیبراهیمی یەک دەگرنەوە و دین خزمەتی بە فەرهەنگی بیابانی عەڕەب کردووە.  تەنانەت لە تەوڕات شمشێر وەک عەداڵەتی خواوەندی و لە مەتای مەسیحیدا پێداگری لەسەر شمشێر کراوە تا ئاشتی و لە ئیسلامدا بە ئاشکرا باس لە ڕۆڵی شمشێر کراوە. («فَضَرْبَ الرِّقَابِ» – محمد:۴؛ «فَاقْتُلُوا الْمُشْرِكِينَ» توبە ٥)

ئەو هێرشانەی عەڕەب بە شمشێر بۆ سەر کوردی کردوووە

یەک

شمشێری عەڕەب لە شەڕی نەهاوەند (٦٤٢ی میلادی) بە پێی سەرچاوەکانی تەبەری و بەلازەری لە دڵی کوردەکان هەمەدان ڕوویداوە کە دەیان هەزارکەس لە سوپای ساسانی تێدا کوشراوە و ئەمەش ڕێی بۆ عەڕەبەکان بەرەو چیاکانی زاگرۆس کردۆتەوە. گوند و ناوەکانی کورد بەڵگەی سەلمێنەری ئەم راستیەن کە عەرەبەکان بە ئەسحابە ناو نراون و پیرۆزکراون و خەڵکە ڕەسەنەکی سەرچۆپیکێش بە کافر بەناو کراون. نمونە خەڵکی “بێژوێ”ی سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ئەسحابەکوژ بەناو دەکرێن، چۆن عەڕەبێکی شمشێربەدەستیان کوشتووە کە نمونەی خۆڕاگری کوردەکان بووە. هەر لە سەردەشت لە دۆڵەگەرم لە ناوچەیەک بەناوی قەڵات شەڕ قەوماوە کە شوێنی عەڕەبەکە کراوە بە ئەسحابە و خەڵکە ڕەسەنەکە بە کافر کە تا ئەم ساڵانەی دوایی لەبەر تێگەیشتنی هەڵە کوردەکان بەردیان داویشتە سەر باوباپیرانی خۆیان و دەیانگوت کافرن.

دوو

شەڕی ماسبەزان کە لە (٦٤٣ی زایینی) لە ئیسلام و بەشێک لە کرماشان ڕووی داوە، کە کوردەکان دوای خۆڕاگری زۆر شکەست دەخۆن و ژمارەیەکی زۆریان قەتڵوعام و ئەسیر دەکرێن.

سێ

شەڕی دینەوەر کە عەڕەبەکان ئەم شەڕانە بە فتوعاتی ئیسلامی بەناو دەکەن لە رۆژهەڵاتی کرماشان رووی داوە، بە پێی “التاریخ یعقوبی و بلاذری”، عەڕەبەکان دوای شەڕێکی سەخت دینەوەر داگیر دەکەن و خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکەیان کوشتووە و ژنەکانیان بە ئەسیر بردووە.

چوار

شەڕی حەلوان کە لەناوەڕاستی ٧ی میلادی قەوماوە. ئەو کات کرماشان و دیالەی ئێراق شارە کوردیە گەورەکان بوون، کە کەوتنە ژێر دەستی عەڕەبە بیابان‌نشینەکان.

پێنج

هێرش بۆ سەر ئازەربایجان کە ئاتەشگای زەردەشتی لێ بووە بە پێی گێڕانەوەی  “ابن‌کثیر ، الکامل فی التاریخ”، کوردەکان چەندین جار دژی ئەم عەرەبە بیابانیە هێرشبەرانە خۆراگریان کردووە و بەڵام هەموو جارێک سەرکوت کراون کە ناوەندی ئەم هێرشانە موکریان و مەهاباد بووە.

بەرهەمی شمشێر  و دەسڕۆکە لە رۆژی ئەمڕۆدا

ئەمڕۆ لە کۆمەڵگای کوردیدا شمشێر تا ڕادەیەک کاریگەری داناوە و شەپۆلێکی رادیکاڵی ئیسلامی لە باشور و رۆژهەڵاتی کوردستان بوونی هەیە کە بە شمشێری عەڕەبی بیابانی سەما دەکەن و شمشێر لە دەسرۆکەی کوردی خۆیان دەسوون و هەندێجار کەوتوونە ناو گروپەکانی داعش و ئەنسارولئیسلام، ئەلقاعیدە و بڕیاری کوشتنی خەڵکی ئازادیخواز دەدەن. لە ئەنجامی فکری سەمای شمشێر ئەمڕۆ چەندین چەندین رێکخراوی تیرۆریستی بە پشتیان بە کوشتن و قەتلوعام بەستووە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست سەریان هەڵداوە و دیسان ئەگەری دەرکەوتنیان هەیە. گەورەترین قەتڵوعام لە رۆژی ئەمڕۆماندا بەرانبەر کوردە ئیزەدیەکان کرا لە هاوینی ٢٠١٤ و گەورەترین خۆڕاگری دیسان لە کوبانی و ڕەقە بە پێشەنگایەتی کلتوری دەسڕۆکە و هەڵپەڕکێ واتا ژن و پیاو هاوشانی یەکتر کرا.

لە کۆتاییدا دەتوانم بڵێم کە کلتوری هەڵپەڕکێی کوردی دیسان بنەماکانی دێموکراسی لە دروشمی ژیان، ژیان، ئازادی لە رۆژی ئەمڕۆدا بەرهەم هێنایەوە و شمشێر یاخود سەمای العرضە لە گروپی تیرۆریستی داعش خۆی نمایش کردەوە و دیسان قەتڵوعامی ئیزەدیەکانی لێکەوتەوە، بەڵام بە خۆڕاگریەکی هەمەڵایەنە دواجار کولتوری دەسرۆکە بە سەر سەمای شمشێردا سەردەکەوێ.


Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *