شاماران

کولتور و زانست، میدیای نوێ

گێڕانەوەی مێتۆلۆژی شاماران


مێتۆلۆژی شاماران لەسەر زمانی گەلی کورد زاربەزار هاتووە و گێردراوەتەوە و باسی شەڕی نێوان خواوەندە نێرەکان و خواوەندی ژنە.

گێڕانەوە…

زانایەک بە ناوی زریال دەبێت و کتێبێت بە ناوی “خۆزای دنیا” دەنووسێ. لە کتێبەکەدا باسی لە شارێكی ماران دەکات کە لەژێر زەوی دایە. دەڵێت ئەو مارانەی لەبەر زوڵم و زۆری بنیادەمەکان هەڵاتوون لەو شارەدا خۆیان شاردۆتەوە.

زریال لە کتێبەکەیدا نووسیویەتی کە مافی هیچ زیندەوەرێک نییە، لەسەر زیندەوەرێکیتر زوڵم و زۆرداری بکات. دەبێ مرۆڤ رێز لەهەموویان بگرێت. کاتێک زریال دەمرێت، کتێبەکە وەک میرات بۆ جاماسپ دەمێنێتەوە. جاماسپ کتێبەکە دەخوێنێتەوە و ئارەزوویەتی رۆژێک ئەم شارە ببینێتەوە و لەگەڵ شامارانی جوان بژیت.

بنەماڵەی جاماسپ هەژارن و رۆژانە دەچێت لە دارستان دار دێنێت و بۆ شار دەیانبات و دەیانفرۆشێ بۆ ئیدارەدانی ژیان. رۆژێك لە رۆژان کە لە دارستان بە دوای داردا دەگەڕا، چاڵێک هەنگوین دەبینێتەوە. بڕیار دەدات بە نهێنی بێڵێتەوە. تەنها بە هاورێیەکی جێی باوەڕی خۆی دەڵێ و وردەوردە هەنگوینەکە دەردێنن و رۆژانە دەیفرۆشن کە ڕوو بە تەواوبوون دەڕوا، هاورێکەی خیانەتی لێ دەکات،
_کە قەرار وابووە پاش تێکردنی هەنگوێنەکە لە چاڵەکە هەڵیکێشێتەوە_،  بەڵام هەڵێناکێشێتەوە و بەجێی دێڵی کە هەموو بەهای هەنگوێنەکە بۆ خۆی بێت.

کاتێک وڵات تارێک دەبێ، جاماسپ لە قوڵایی بیرەکەدا دەبینێ رووناکاییەک هەیە. بەو چەقوەی لەدەستی دایە، کونەکە دەکوڵێ و تێڕا دەڕوا کە دەرگایەکی بەردینە.

جاماسپ خۆی لەناو باخچەیەکی خۆش کە هەموو سەوزی و میوەی تێدایە دەبینێتەوە. لەو کاتەدا بە هەزاران مار لە دەوروبەری پەیدا دەبن و دەیبەنە لای شاماران.

شاماران ئەوەندە جوان و دڵڕفێنە کە جاماسپ لەدەوری دەگەڕێ تا لای خۆی بێڵێتەوە. شاماران دەڵێت باوکی تۆ مرۆڤێکی زانا و دۆستی هەموو زیندەوەران بوو. لەناو نەوەکانی ئادەم‌دا هیچ کات زیانی بە شارستانیەتی ئێمە نەگەیاندووە، بۆیە تۆ میوانی ئێمەی و هەتا پێت خۆش بێ دەتوانی لێرە بمێنیەوە.

دوای ماوەیەک جاماسپ پێی خۆشە لەگەڵ شاماران هاوسەرگیری بکات. وەزیرەکانی شاماران سەرەتا ئەو پێشنیارە پەسەند ناکەن، بەڵام لەبەر پێداگری جاماسپ و شاماران بە مەرج رازی دەبن.

وەزیرەکان سێ رۆژ داوای مۆڵەت دەکەن و دوای سێ رۆژ دەگەڕێنەوە و سێ پرسیار لە جاماسپ دەکەن.

پرسیاری یەکەم:

ژیان چییە؟ مەرگ چییە؟

جاماسپ وەها وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە: ژیانی شتێکی وایە کە تا ئێستا هیچ کەس نهێنی ژیانی درک پێ نەکردووە، بەڵام دەبێ هەر زیندەوەرێك بێ کەموكوڕی خاوەن مافی ژیان بێت. لەناو زیندەوەراندا ئازادی و بەرابەری و پێکەوەژیان هەبێ. هەر زیندەوەرێک دەبێ ئەو مافەی پارێزراو بێت.

لەسەر مردنیش دەتوانم بڵێم کە هەر زیندەوەرێک رۆژێک دەبێ بمرێ. مردنیش شتێکی وەهایە کە تا ئەمڕۆ چ کەس نهێنی مەرگ نازانێ. دەبێژم مردن و ژیان دەستەبرا و خوشکی یەکن.

پرسیاری دووەم:

چ هێزێک دنیای دەگەڕێنێ؟

دەڵێت: پێموایە ئەوەی جیهان  لەسەر هێزی خۆی دەسووڕێنی، ئەوینی ناو دڵی ژیان، خۆیەتی. ژیان بێ‌ئەوین و ئەوینیش بێ ژیان نابێ.

پرسیار سێیەم و مەرج؟

ئەگە ئەو کوڕەی ئادەم لەگەڵ شامارانێ مە زەواج بکات، دەبێ هەتا ئاخری عمری خۆی، لێرە لەگەڵ شاماران بمێنێتەوە، ئایا جەمشید دەتوانی ئەوە بکات و نەگەڕێتەوە ناو بنیادەمەکان و غوربەتی هەڵنەستێ و لەژێر زەویدا بمێنێتەوە؟ نەچیتەوە سەر زەوی؟

وەڵام وەهایە، ئەرێ هەتا دوایی عمری خۆم دەمێنم. لەسەر ئەو سۆزە دەستەی وەزیران زەواجەکە پەسەند دەکات.

دوای تێپەڕینی چەند ساڵ، رۆژێک جاماسپ لە شاماران دەپاڕێتەوە و دەڵێت: پەرۆشی دایکمە و غەریبی گوندەکەم کردووە و دەمەوێ سەردانێک بکەم. هەرچەند شاماران دەڵێت ئێوەی بنیادەم قەت لەسەر پەیمانی خۆتان ڕاناوەستن و جێی باوەڕ نین. گەر رۆژێک بکەونە ژێر رەوشی سەختەوە، ئەوە شوێنی ئێمە ئاشکرا دەکەی و ئەوانیش دێن شارستانیەتی ئێمە تاڵان دەکەن. بەڵام جاماسپ پێداگری دەکات، دواجار شاماران بڕیار دەدات کە ئیزنی بدەن، بگەڕێتەوە سەر زەوی.

لەسەر زەوی شای بنیادەمەکان نەخۆشە. حەکیم لە دەوا دەگەڕێن و دەوایەک بۆ چارەسەری شک نابەن، جگە لە گۆشت و خوێنی شاماران. گەر پیاڵەیەک لە خوێنی شاماران بخواتەوە ئەوە چاک دەبێتەوە. بەڵام کێ دەزانی شاماران لە کوێیە؟!

زانایان بڕیار دەدەن کە هەموو کەس بێتە حمام و خۆی بشوات، پێستی کێ توێژی هاویشت و پوڵەک پوڵەک بوو، ئەوە ئەو شوێنی شاماران دەزانێ و دەتوانی شوێنی شامارانمان پێشان بدات.

دوای هەموان جاماسپ کە دەمێنێتەوە ناچار دەکرێت، بچێتە حمام و ئاشکرا دەبێ. ئەشکەنجە و زیندانی دەکەن، تا شوێنەکە ئاشکرا بکات، تەنانەت جارێک لە زیندان ڕادەکات، بەڵام دەیگرنەوە. پێی دەڵێن خوێنی دەرمانە تا بترسێ و شوێنەکە ئاشکرا بکات، لەترسی کوشتنی خۆی شوێنەکە ئاشکرا دەکات و شاماران دەکاتە قوربانی خۆی.

شاماران دەگرن و دەیبەنە لای شای وڵاتی سەر زەوی. بەرلەوەی نەوەکانی ئادەم سەری ببڕن، شاماران ڕوو لە جاماسپ دەکات و دەڵێت: دەبوو من قەت باوەڕم بە وە  کوڕی ئادەم نەکردبایە، بەڵام شتەکە قەوماوە، ئیتر ناگەڕێتەوە. دەزانم سەرم دەبڕن، قەینا وسیەتی دوایی من جێبەجێ کەن. لە خوێنی من پیاڵەی یەکەم بدەن بە شا، دووەم پیاڵە با وەزیر وەیخوات و سێیەم پیاڵە با جاماسپ وەیخوا.

پاشا پیاڵەی یەکەم دەخواتەوە و پەڵ داوێژێ. پیاڵەی دووەم وەزیر دەخواتەوە و زانا دەبێ. پیاڵەی سێیەم جاماسپ خواردیەوە و پوڵەک لەسەر لەشی نەمان و وەک بنیادەمانی لێ هاتەوە.

شا کە مردووە وەزیر دەبێتە شا، جاماسپیش دەبێتە وەزیر. شای تازەی سەر زەوی دەستور دەدات کە لاشەی شاماران ببرێتەوە ژێر زەوێ و سەری بیری هەنگوێن داپۆشرێت تا نەوەکانی ئادەم زیانیان پێ نەگەیەنن و ئەوانیش نەیەنە سەر زەوی. دوای سێ رۆژان لە لاشەی شاماران کچێکی چاردە ساڵ لەدایک دەبێ، دیسان دەبنەوە خاوەن شاماران و ژیانی خۆیان دوور لە لە بنیادەم لەناو ئاشتی و ئارامیدا بەردەوامی پێ دەدەن…

تێبینی: مێتۆلۆژی شاماران لە هەر چوار پارچەی کوردستان زاربەزار گێڕدراوەتەوە، جاماسپ بە ناوی تەهماسپ و جەمشید و جامیساپ هاتووە، بەڵام یەک ماهیەتی هەیە و یەک کاراکتەرە. لە هەندێک لە گێڕانەوەکاندا شاماران کرا بە سێ پارچە واتا سەر و دل و کلک…. بەڵام هیچ لە گەیاندنی پەیامەکە و کولتورەکە ناگۆڕێ.

پەلهاویشتن  واتا مردن، پاشا پەلی هاویشت. پاشا پەل داوێژێ.

خۆزا واتا ژینگە ژیانی خۆزایی واتا ژیانی سروشتی.

داستانی فولکلوری کوردی زارەکی

شێوازێک‌تر لە مێتۆلۆژیای شاماران لە نووسینی ئەنوەر عەباسی دەنگ و مۆسیقا


Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *