فریدریش ویلهێلم نیچە (١٨٤٤–١٩٠٠) فیلسوفێکی ئەڵمانیە، کە رەخنەی بە چەکوشە. یەکێک لە گەورەترین رەخنەگرانی ئاین و ئەخلاقی کلاسیکە کە زۆرتر بە وتە ناودارەکەی “خوا مردووە “، ناسراوە.
“خودا مردووە! خودا مردوو دەمێنێت! و ئێمە خۆمان کشتووین”.
ئەم وتە بەناوبانگە لە کتێبی “حیکمەتی شادان” دایە.
ئەم وتەیە واتای ئەوە نییە کە خوا زیندوو بووە و مردووە، یان ئێمە بە دەستی خۆمان کوشتوومانە یا ئەو کوشتنە کوشتنێکی فیزیکی بێت.
بەڵکو زانست و زانیاری مڕۆڤ لە سەردەمی مۆدێرندا گەشەی کردووە و ئیتر مرۆڤ ناتوانێ بۆ سەقامگیری ژیانی خۆی لە ئاسمان هەڵەڕوانێ. بۆیە مرۆڤ بە زانست و زانیاری کە خۆی دایهێناوە، چرای رۆشنایی بۆ ژیانی خۆی داگیرساندووە و پێویستی بە خوا نەماوە، بۆیە دەڵێت مردووە و دەمرێت و ئێمەش کوشتوومانە.
نیچە لە کتێبێکی دیکەیدا بە ناوی (Zur Genealogie der Moral) کە دەتوانرێت بە “پێکهاتەکانی ئەخلاق” وەریگێڕین رەخنە لە ئەخلاقی مەسیحی دەگرێت کە لەسەر بنەمای کۆیلایەتی و ترس بونیاد نراوە.
پێی وایە ئاین وا دەکات کە مرۆڤ ملکەچ بێت و هەمیشە لە کڕوزانەوە دایە بۆ پاداشی رۆژی دوای مەرگ. بەم پێیە مرۆڤ تیایدا کۆیلە و سەرشۆڕە، بۆیە نیچە ئەوە بە “ئەخلاقی کۆیلەکان”، بەناو دەکات.
فریدریش دوای ئەوەی مەرگی خوا رادەگەیەنێ، کێشەیەکی دیکە سەرهەڵدەدا کە مرۆڤ تووشی پووچگەرایی دەبێت. پرسیار ئەوەیە کە خوا نەماوە، ژیان چ واتایەکی هەیە؟
ئەم پرسیارەش بە گەورەترین کێشەی سەردەمی خۆی بەناو دەکات کە پێویستی بە وەڵام و لێگەڕینە.
نیچە هەنگاوێکیتر بەرەو پێشەوە دەڕوات و کتێبی وەهای گوت زەردەشت دەنووسێ، لەم کتێبەدا دەڵیت من فێری “مرۆڤی باڵاتان” دەکەم. واتا مرۆڤی بالا لە دیدی نیچەدا ئەوەیە کە خۆی مرۆڤ بەها و واتا بە ژیان بدات، بەغیرەت و بوێر و ئازاد بێت.
بەم شێوەیە نیچە مەرگی خوا رادەگەیەنێ. بۆ پاشەوە هەنگاو نانێت و ئەخلاقی خواوەندی رەتدەکاتەوە.
مرۆڤی بالا واتا خوڵقکار و بوێر کە خۆی واتا بە ژیان بدات، بونیاد دەنێت. ئێستاش ئەم هزرەی نیچە لە ئاڵمانیا بەردەوام بڵاو دەکرێتە بە تایبەتی لە دەستگای راگەیاندنی ئاڵمان (Deutschlandfunk) گرنگی تایبەتی هەیە و ئەڵمانەکان بەو نەفەسەوە لە داهێنان بەردەوامن و چاویان لە ئاسمان نییە.
بەم شێوەیە، نیچە مەرگی خوا بە دەستی زانستی مرۆڤ ڕادەگەیەنی، پووچگەرایی تێپەڕ دەکات و مرۆڤی باڵا دەئافرێنێت.

















Leave a Reply