شاماران

کولتور و زانست، میدیای نوێ

چۆن مرۆڤشۆری (AI) ژاپۆنی دەتشوات و ئارامت دەکاتەوە

ئامێری مرۆڤشۆر بە ژیری دەستکرد

ئۆساکا، ژاپۆن – کۆمپانیای ژاپۆنی Science ئامێرێکی تازەی بە ناوی Mirai Ningen Sentakuki یان « مرۆڤشۆر»  لە پێشانگای ئێکسپۆ ٢٠٢٥ نمایش کرد؛ کەپسولێک بە ژیری‌دەستکرد کە تەنیا لە ماوەی ١٥ خولەکدا کەسەکە دەشوات، وشکی دەکاتەوە و ئارام دەکاتەوە.

ئەم ئامێرە سوود لە جێتەکانی ئاوی گەرم، مایکرۆ-بڵقۆڵەی پێشکەوتوو و سیستەمی ژیری دەستکرد (AI) وەردەگرێت، دۆخی فیسیۆلۆژیی کەسەکە، لەوانە لێدانی دڵ و پلەی گەرمیی لەش، شیدەکاتەوە و ئەزموون و چێژی تایبەت لە گەرماوکردن دەداتە مرۆڤ. ئەم تەکنەلۆژیایە بە ئیلهام وەرگرتن لە کولتووری نەریتیی حەمامی ژاپۆنی داڕێژراوە و ئامانجی ئەوەیە پاکوخاوێنی لەگەڵ ئارامیی دەروونی تێکەڵ بکات، کە دەکرێت هەمان ئامێر بە کلتوورەکانی تریش بەرنامەی پێ بدرێت.

یەکێک لە داهێنەرانی ئامێرەکە باس لەوە دەکات ئەم بەکاردێت بۆ چاودێریکردنی بەساڵاچووان و کەسانی کەمئەندام و فەلەج. لەناو ئامێرەکەدا ئەم تەکنەلۆژیایە دەتوانێت فشارە جەستەییەکان لەسەر پەرستارەکان کەم بکاتەوە و ئاسوودەیی دەروونی و جەستەیی زیاتر بداتە مرۆڤ.

کۆمپانیای Science ڕایگەیاندووە، لە دوای کۆتایی هاتنی پێشانگای ئێکسپۆ، بیر لە بەرهەمهێنانی بۆ خستەبازار دەکرێتەوە.  ئەمە هەنگاوێکی نوێیە لە پەیوەندیی نێوان تەندروستی، خۆشگوزەرانی و ژیری دەستکرد. داهێنانەکە سرنجی فراوانی ڕاگەیاندنەکان و شارەزایانی بواری تەندروستیی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە.


Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *