شاماران

کولتور و زانست، میدیای نوێ

چین و ئیسرائیل دەبنە پێشەنگی چەکی لەیزەری


رۆیتەرز لەسەر زاری وەزارەتی بەرگری ئیسڕائیل ڕایگەیاندووە کە سیستەمی بەرگری لەیزەری بەناوی «Iron Beam»  دەخاتە کارەوە، لە لایەکیتر چین بە چەکی لەیزەری دەتوانێ ستەلایتەکانی ئاسمان لەکار بخات.

ئیسڕائیل ئەم چەکە لەیزەریە دژی ئەو دڕۆن و موشەکانە بەکار دێنێت کە ئاراستەی دەکرێن و بەم شێوەیە تێچووی شەڕ کەم دەکاتەوە، ئەوە لە کاتێک دایە ئەم چەکە کە لە ماوەی ١٢ رۆژ شەڕی لەگەڵ ئێران ئامادە نەکرابوو.

ئەم چەکە لەیزەریە بە تەنها ناتوانێت ببێت بە جێگڕەوەی “گۆنبەزی ئاسنین”، چونکە ئەم سیستەمە لە کەشوهەوای تەمومژاویدا ئەنجامی تەواو بە دەستەوە نادات. لە لایەکی‌تر بەرگەی هەزاران موشەک و دڕۆن هاوکات ناگرێت، چۆنکە پێویستی بە کارەبای زۆر  و سیستەمی ساردکەرەوە هەیە.

ئیسڕائیل بۆ ئەم چەکە ١٠٠ میگاوات کارەبای دابین کردووە و لە ئەگەری ئاراستەکردنی هێرش و درۆنی زۆر پێویستە، هەر دوو سیستمەکە هاوکات بخاتە کارەوە.

لە بواری چەکی بەرگری لەیزەری تەنها ئەمریکا و ئیسرائیل دەستپێشخەر نەبوون، بەڵکو چین‌یش لەو بوارەدا دەستی باڵای هەیە. تەنانەت لە ئاسمان و زەوی کاری لەسەر کردووە. لە ڕاگەیاندنەکاندا باس لەوە کراوە کە ئەیلان ماسک نیگەرانە کە ستەلایتی ستارلینک بە چەکی لەیزەری چین کێشەی بۆ دروست بکرێت. هەرچەندە هیچ سەرچاوەیەک باسی هێرشی لەیزەری بۆ سەر ستەلایتەکان نەکردووە، بەڵام توانای خۆی لەو بوارەدا بۆ خەراکردنیان نیشان داوە.

جگە لەو وڵاتانە بەریتانیا و ئەڵمانیاش لەسەر کەشتی و سەیارە لە قەبارەی بچوکتردا چەکی بەرگری لەیزەریان تاقیکردۆتەوە.

ئەم سیستمە خەرجی شەڕ کەم دەکاتەوە، چونکە تەنها پێویستی بە کارەبا هەیە. لەیزەرێک بە خێرایی ڕووناکی خۆر بە وێنە بروسکە  ئاراستەی ئامانجەکە دەکرێت و لەکاری دەخات. بەم شێوەیە چەکی لەیزەری لە فیلمە خەیاڵیەکانەوە دەبێتە واقع.

 

 

 

 


Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *